سەرەکی » راپۆرت » زیادبوونی ململانێکان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا

زیادبوونی ململانێکان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا

له‌پاش لاوازبوون و نه‌مانی حوکمی چه‌ته‌کانی داعش، هیچ هیوایه‌ک نییه‌ که‌ ناوچه‌که‌ به‌ره‌و ئارامی و ئاشتی بڕوات، بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ری دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جه‌نگ و ململانێی توند له‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ هه‌یه‌. زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ سیاسیی و ستراتیژییه‌کانی جیهانیش، باس له‌ به‌هێزبوونی ململانێکان ده‌که‌ن به‌تایبه‌تی له‌نێوان هه‌ردوو جه‌مسه‌ری شیعه‌و سوونه‌ به‌سه‌رۆکایه‌تی ئێران و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌.

به‌هێزبوونی هه‌ژموونی ئێران
دومینیک مویزی سیاسه‌تمه‌داری فه‌ره‌نسی له‌ سه‌نته‌ری بروجیکیت سندیکیت، راپۆرتێکی له‌باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین دوای داعش نووسیوه‌، ئه‌و پسپۆه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌ پێی وایه‌، نه‌مانی داعش به‌ قازانجی ئێران ته‌واو بوو،چونکه‌ له‌ئێستادا هه‌ژمونی ئێران له‌ناوچه‌که‌دا به‌تایبه‌تی له‌ سوریا وعیراق و لوبنان زۆر به‌هێزبووه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ش رووبه‌روی نه‌یارێکی سه‌ر‌سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ که‌ئه‌ویش عه‌ره‌بستانی سعودیه‌یه‌، که‌ده‌یه‌وێت رابه‌رێتی جیهانی سوونی ئیسلامی بکات.

شازاده‌ گه‌نجه‌که‌
دواتر مویزی ده‌ڵێت: شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی مه‌لیکی سعودیه‌، که‌سێکی گه‌نجه‌ و تموحاتێکی گه‌وره‌ی هه‌یه، له‌چه‌ند هه‌فه‌ته‌ی پێشوودا له‌رووی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازیی و دیپلۆماتییه‌وه‌، کۆمه‌ڵێک چالاکی گه‌وره‌ی ئه‌نجامدا. ده‌شڵێت: له‌ئێستادا ریفۆرمه‌ ئیدارییه‌کان له‌هه‌یکه‌لی ده‌وڵه‌تی سعودیه‌دا، نه‌ک گرنگه‌ بگره‌ پێویستیشه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌بوونی به‌رده‌وام بێت.

لوبنان
یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی که‌ بۆته‌ مه‌یدانێکی گه‌وره‌ بۆ ململانێی سعودیه‌ و ئێران، لوبنانه‌. مویزی ده‌ڵێت: ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ئێران توانیویه‌تی له‌رێگه‌ی دروتسکردنی حزبوڵڵا و میلیشیاکه‌یه‌وه‌، ده‌وڵه‌تێک له‌ناو ده‌وڵه‌تدا دروستبکات. له‌ئێستادا سعودیه‌ش ده‌زانێت که‌ ئێران به‌ته‌واوه‌تی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر لوبناندا سه‌پاندووه‌، هه‌ربۆیه‌ پێش ماوه‌یه‌ک داوای له‌سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆک وه‌زیرانی لوبنان کرد، که‌ ده‌ستله‌کاربکشێنێته‌وه‌، حه‌ریریش حزبوڵڵای به‌وه‌ تۆمه‌تبار کرد ، که‌ له‌رێگه‌ی میلیشیاکه‌یه‌وه‌،د ه‌ستی به‌سه‌ر وڵاتدا گرتووه‌.

جه‌نگی داهاتوو
دواتر مۆیزی ده‌ڵێت: له‌پاش ته‌واوبوونی جه‌نگی داعش و به‌هێزبوونی هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌که‌و سه‌رکه‌وتنی له‌ به‌رنامه‌‌ی موشه‌کی بالیستی، هه‌روه‌ها له‌ئێستاشدا ده‌یه‌وێت له‌ناوچه‌ی جۆلانی سوریا، بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی دابنێت. هه‌موو ئه‌مانه‌ش واده‌کات، که‌ رێگا له‌ئێران بگیرێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زیاتره‌ که‌جه‌نگی داهاتوو له‌نێوان سعودیه‌ و ئێران سه‌رهه‌ڵبدات.

جه‌نگی تایه‌فی
خاڵێکی تری که‌ نووسه‌ر‌ باسی لێوکردووه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌پاش نه‌مانی داعش، ئه‌گه‌رێکی تر ئه‌وه‌یه‌، که‌جه‌نگی تایه‌فی به‌تایبه‌تی له‌نێوان هه‌ردوو مه‌زهه‌بی شیعه‌ و سوونه‌ له‌ناوچه‌که‌ به‌هێزتر بێت. پێده‌چێت مه‌یدانی ئه‌م جه‌نگه‌ش، ئه‌مجاره‌یان له‌ لوبنان بێت.
شکستی سعودیه‌
پاشتر نووسه‌ر باس له‌ سیاسه‌تی سعودیه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌ئێستادا سعودیه‌ گه‌مارۆیه‌کی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر قه‌ته‌ردا سه‌پاندووه‌، هه‌روه‌ها له‌یه‌مه‌نیش له‌جه‌نگێکی گه‌وره‌دایه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌رئه‌نجامی خراپی لێکه‌وته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ پێناچێت له‌ لوبنانیش سعودیه‌ بتوانێت سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.

ئایا فه‌ره‌نسا ده‌توانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت
له‌کۆتاییدا ئه‌و نووسه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌ باس له‌ رۆڵی فه‌ره‌نسا له‌ناوچه‌که‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌کاتێکدا ئه‌مریکا به‌وپه‌ڕی هێزو توانای خۆیه‌وه‌ له‌پشتی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ یه‌، به‌ڵام فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ سعودیه‌ هه‌یه‌ ، تاڕاده‌یه‌کیش له‌گه‌ڵ ئێرانیش په‌یوه‌دنییه‌کی ئاسایی هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌توانێت له‌م نێوه‌نده‌دا، رۆڵی نێوه‌نگیری بگێڕێت. ده‌شڵێت: راسته‌ فه‌ره‌نسا ناتوانێت جێگه‌ی ئه‌مریکا بگرێته‌وه‌، به‌ڵام فه‌ره‌نسا به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویی و کولتووری له‌گه‌ڵ ناوچکه‌ به‌گشتی و لوبنانیش ‌ به‌تایبه‌تی، ده‌توانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت.

سه‌رچاوه‌:-الانصات المرکزی. 6790.3/12/2017

print

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*