سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » وانەكانی كۆرۆنا بۆ مرۆڤایەتی

وانەكانی كۆرۆنا بۆ مرۆڤایەتی

هیچ كاتێك هێندەی ئەم چەند مانگەی پێشوو جیهان تووشی شۆك نەبووە، لە كاتێكدا ڤایرۆسێك كە هێندە بچووكە لە تاقیگەكاندا نەبێت، ناتوانین بیبینین، كەچی تەواوی جیهانی خستە زیندانەوە، دەرگای بازاڕ، خوێندنگەكان، كارگەكان، فەرمانگەكان، شوێنە گشتییەكانی داخست و هەموومانی لە كونجی ماڵەوە زیندانیی كرد.

لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا شتی وا رووی نەداوە، هەرئەمەش وادەكات كە هەوڵ بدەین شرۆڤەیەك بۆ ئەم دۆخە سەختە بكەین و كاریگەرییە باش و خراپەكانی دەربخەین.

بە بڕوای من كۆرۆناش وەكو هەموو رووداوێكی تری جیهان لایەنی باش و خراپی هەبوو، هەرچەندە هێشتا زووە باسی كاریگەرییە باش و خراپەكانی ئەم كارەساتە بكەین، چونكە هێشتا ڤایرۆسەكە ماوە و جیهانیش هەتا ئێستا نەیتوانیووە ڤاكسینێك لە دژی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە بدۆزێتەوە، بەڵام دەتوانین باسی چەند خاڵێك بكەین، كە لەوانە بێت یارمەتیمان بدات لەوەی كە بەرەو كوێ هەنگاو دەنێین، هەرچەندە بۆ ئێمەی رۆشنبیرانی كورد زۆر زەحمەتە شرۆڤەی ئەم رووداوە جیهانییە بكەین، چونكە ناتوانین زانیاریی تەواوەتیمان بەردەست بكەوێت، بە پێچەوانەی رۆشنبیرانی جیهانەوە، لێرە تاڕادەیەك زانیارییەكان ئاسانتر دەست نووسەر و بیرمەندان دەكەوێت.

بەهەرحاڵ دەتوانم من لەم وتارەدا ئاماژە بە چەندە خاڵێك بكەم، كە هەستی پێدەكەم و ئەگەریشی هەیە پێشبینییەكانم راست یان چەوت دەربچن.

لایەنی باشی كۆرۆنا
لایەنی باشی ئەوەبوو جۆرە هاوسۆزیی و هاوكارییەكیی لەنێوان گەلانانی جیهاندا دروستكرد، كە پێشتر ئەمجۆرە هاوسۆزییە نەبوو، بە واتایەكی تر ئەم نەخۆشییە دووبارە بە ئاگای هێناینەوە و پێی وتین، پێش هەموو شتێك هەموومان مرۆڤین، چەندە لە یەكتریی جیاواز بین و دوژمنایەتیی یەكتر بكەین، بەڵام دواجار چەند شتێكی هاوبەش، هەموو مرۆڤایەتی ێكەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش دەتوانم بە خاڵێكی باشی دابنێم.
هەروەها لە تەواوی جیهانیشدا جۆرە هەڵمەتێكی گەورە لە دژی چەند دابونەریتێكی خراپ بەرپابووە، كە پێشتر لای خەڵكانێك هێندە گرنگییان پێ نەداوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە پاك و خاوێنییەوە هەیە.
خاڵێكی گرنگی تریش مرۆڤایەتی لە ترسی جەنگی ڤایرۆسەكان بەئاگا هێنایەوە، دیارە پێشتر مرۆڤایەتیی ترسی لەمجۆرە جەنگە هەبوو، بەڵام پێدەچێت لە داهاتوودا ئەمەش ببێتە جەنگێكی نوێ لەنێوان وڵاتانی جیهاندا.

هیوادارم هیچ كاتێك دەوڵەتە فاشیستەكان دەستیان نەگاتە تەكنۆلۆژیای دروستكردنی چەكی ڤایرۆسی، چونكە یەكەمجار هەموو نەیارە نەتەوەیی ‌و ئاینییە ناكۆكەكانی ناو وڵاتی خۆیان و پاشان گەلانی تریش لەناودەبەن.

ئاشتكردنەوەی كتێب
لەلایەكی تریشەوە خاڵێكی باشی تری ئەم ڤایرۆسە ئەوەبوو، بەهۆی كەرەنتینە كردنی خەڵكەوە، دووبارە خەڵكی بە كتێب ئاشناكردەوە، ئەمەش دەستكەوتێكی باش بوو، چونكە بەهۆی تەكنۆلۆژیای مۆدێرنەوە، خەڵكێكی زۆر پشتی لە كتێب خوێندنەوە كردبوو.

من زۆر كەس دەناسم كە لە ژیانیدا كتێبی نەخوێندۆتەوە، بەڵام لەكاتی كەرەنتینەكەدا داوای كتێبی لێ دەكردم. چەند كەسێكیشم بینیووە، باسی ئەوەی بۆ كردووم كە كتێبێك یان دووانی خوێندۆتەوە، دیارە ئەمە نەك لای ئێمە، بگرە لە تەواوی جیهانیشدا وا بوو. هیوادارم ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت و دووبارە خەڵكی حەزی كتێب خوێندنەوەیان لەلا ببووژێتەوە. بۆیە ئەمە كارێكی باشی كۆرۆنا بوو، كە خەڵكی لەگەڵ كتێب ئاشتكردەوە.

لایەنە نێگەتیڤەكان
لایەنی نێگەتیڤی ئەم رووداوە ئەوەیە، ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە دەبێتە هۆی نەخۆشخستن و مردنی خەڵكانێكی زۆر لە جیهاندا. بەپێی دوایین ئاماربێت زیاتر لە 4.5 ملیۆن كەس تووشی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە بوون و رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەكە زۆرتر دەبێت.

هەركەسێك تووش بووبێت، رووبەڕووی كۆمەڵێك ئازاری قورس بۆتەوە، بەشێكیشیان بەداخەوە بەرەو مەرگ چوون، ئەمەش قورسترین و خراپترین و پڕ ئازارترین كاریگەریی ئەم ڤایرۆسە بووە، چونكە بۆتە هۆی لە دەستدانی كۆمەڵێك دۆست و هاوڕێی ئازیزمان.

ئەم ڤایرۆسە هێندە دڵڕەقیش بوو، تەنانەت رێگەی نەداین پێكەوە بۆ ئازیزەكانمان بگرین و پرسەی لێ قەدەغە كردین. هەروەها لە رووی بەخاك سپاردنیش، مەراسیمی بە خاكسپاردنی لەبیر جیهان بردەوە، مردووەكان وەكو شتێكی كوشندە سەیر دەكران، كەسانی وا بەڕێزی تێدابووە، كە لەتەواوی ژیانیدا ئازاری بچووكترین گیانەوەری نەداوە، بەڵام كاتێك بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانی لەدەستدا، وەكو كەسێكی دڕندە یان كوشندە بۆ كۆمەڵگا سەیردەكرا و بە ناشیرینترین شێوە فڕێ دەدرایە قووڵایی زەوییەوە. ئەمەش بۆ خزم و دۆستانی كەسەكە، لە ئازاری مەرگەكەی ناخۆشتر بوو.

جگە لەوەش لەماوەی كەرەنتیەنەدا، تەنانەت ئازیزترین كەسیشمان بمردایە، نەماندەوێرا سەردانی كەسو خزمەكانیشی بكەین.

فۆبیای گەورە
ئەگەر سەیری ئەم چەند مانگەی پێشوو بكەین، جۆرە فۆبیایەكی گەورە تەواوی جیهانی گرتەوە، هەموو جیهان ترسێكی گەورەی لە دوژمنێكی ترسناك، مەرگهێنەر، زاڵم ، كوشندە هەیە، كە ئەویش ڤایرۆسێكە، كە تەنها لەناو تاقیگە گەورە و مۆدێرنەكانی جیهاندا دەبینرێت. لەماوەی پێشوودا بەتایبەتی لە سەدەی نوێدا، هیچ كاتێك جیهان وا مۆبیلیزە نەكراوە لە دژی دوژمنێكی گەورە، كە بەنیازە ژیانی ملیۆنان كەس لەناوبەرێت.
بە بڕاوی من ئەم ترسە گەورەیە لە ئێستا و داهاتووشدا كاریگەریی خراپی بۆ كەسایەتی هەموو مرۆڤەكان دەبێت.

تەشەنەكردنی رۆحی راسیزم
خاڵێكی نێگەتیفی تری ئەم رووداوە لەوەدایە جۆرە راسیزمێكی نوێی لە دژی ئەو گەلانە هێنایە كایەوە كە نەخۆشییەكەیان تێدا بڵاوبۆتەوە، بەتایبەتی چینییەكان كە ئێستا لە تەواوی جیهاندا جۆرە راسیزمێكی كوشندە لە دژی چین وەكو گەل و دەوڵەت و كەلتوور بەرپابووە، ئەمەش لە ڤایرۆسەكە ترسناكترە، چونكە ئامانجی سەرەكیی بزووتنەوە فاشیستەكان، ناشیرین كردنی گەلانی ترە و بە شەیتانكردنی ئەوانی دیكەیە.
بەداخەوە ئەم رووداوە هێندەی تر رەوتە پۆپۆلیست و راسیزمەكانی لە جیهاندا بەهێزتر كرد.

زیانی ئابووریی
لە رووی ئابووریشەوە بەپێی بۆچوون و راپۆرتی زۆربەی چاودێرانی ئابووریی و دەزگاكانی لێكۆڵینەوە بێت، كۆرۆنا زانی زۆر گەورەی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە كە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، چونكە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، تەواوی جیهان بە مانگ و دوو مانگ لە ماڵەوە زیندانی كران، بازاڕ، كارگە، كۆمپانیا ، دوكان، ریستۆرانت، فڕۆكەخانە ، سینەما ، قاوەخانە و هەموو شوێنە گشتییەكان داخران، ئەمەش جگە لە لایەنی ئابووری، زیانێكی تری كۆمەڵایەتیشی هەبوو، چونكە بەهۆی ئەم داخستە گەورەیەوە، هەژاریی و بێكاری بۆ ملیۆنان كرێكاری جیهان هێنا.

هەژاریی و بێكاریی
بەدڵنیاییەوە كاریگەریی كۆرۆنا لەسەر ژیانی خەڵكی كریكار و هەژار و دەستكورت تەواو كوشندە بوو، وەكو كرێكارێكی هیندی دەڵێت: «ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆناش نەمانكوژێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە برسێتیی و هەژاریی دەمانكوژێت».

لاوازبوونی كەرتی گەشتیاریی
خاڵێكی تر كە دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم مەسەلەی گەشتیارییە. دیارە لەم چەند ساڵەی دواییدا كەرتی گەشتیاریی لە تەواوی جیهاندا پێشكەوتووە، ئەمەش سوودێكی ئابووریی زۆری بە وڵاتان دەگەیاند و هەلی كاری بۆ ملیۆنان كەس دابینكردووە. لەپەنا ئەمەشدا جۆرە پەیوەندیی و ناسینێكی گەلانی بە یەكتریی دروستكردبوو، رێگەی بە دیالۆگی نێوان كەلتوورە جیاوازەكان دەدا. بەداخەوە كۆرنا كەرتی گەشتیاریی تەواو لاوازكردووە، كەسیش نازانێت كەی ئەم كەرتە گرنگە ئابوورییەی جیهان، دەتوانێت دووبارە بكەوێتەوە سەر پێی خۆی .

ئەمریكا و چین
پەیوەندیی ئاڵۆز و پڕكێشەی ئەمریكا و چین-یش، یەكێكی ترە لە دەرهاویشتە خراپەكانی كۆرۆنا. هەرچەندە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە، پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتە ئاڵۆزبوو، بەڵام لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە كە ئێستا ئەمریكا زۆرترین تووشبووی تێدایە، هەروەها زەرەرمەندی یەكەمیشە لە جیهاندا، هەرئەمەش وایكردووە كە بەشێكی زۆری سیاسەتمەدار و میدیاكارانی ئەمریكا، چین بە بڵاوكردنەوەی ئەم ڤایرۆسە تۆمەتبار بكەن.

ئاڵۆزبوونی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهانیش، كاریگەریی یەكجار خراپی بەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاشتیی جیهانەوە دەبێت، لەكاتیكدا جیهان خۆی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە رووبەڕووی قەیرانی گەورەی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەتی بووە و بەرگەی جەنگی ئەم دوو زلهێزەش ناگرێت.
گەڕانەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی

ئەم كارەساتە بووە هۆی ئەوەی كە دووبارە هەموو سنوورەكان دابخرێن و هەركەسە و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، لە كاتێكدا ماوەی چەندین ساڵە هەوڵ دەدرێت سنوورە نیشتمانییەكان بكرێنەوە، بەتایبەتی لە ئەوروپا، دووبارە سنوورەكان لە نێوان دەوڵەتاندا داخرانەوە.

لەلایەكی دیكەشەوە دووبارە هەژموونی دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێزتر بۆوە و گرنگیی پشت بەستن بە خۆت سەریهەڵدایەوە، بەتایبەتی بەرهەمی ناوخۆیی، چونكە كاتێك سنوورەكان داخران، لەزۆربەی وڵاتاندا ترسی نەمانی شمەك، خەڵكی تووشی پشێویی گەورە كرد، هەربۆیە هەندێك لە بیرمەندان پێیانوایە ئەم ڤایرۆسە دووبارە هەژموونی دەوڵەتی نەتەوەیی بەهێزتركردەوە، نەك ئەوەش بگرە گرنگیی و پێویستی دەوڵەتی نەتەوەیی هێنایەوە پێشەوە.

دەرەنجام
ئێستا تەواوی بیرمەندان و فەیلەسووفەكانی جیهان بە چەپ و بەشێكی راستیشەوە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە سیستمی سەرمایەداریی كێشەی گەورەی تێدایە و هەندێكیش زیاتر دەڕۆن دەڵێن: «سیستمی سەرمایەداریی لەناودەچێت». هەندێكی تریش وەكو فەیلەسوفی ئەڵمانی هابەرماس پێیوایە كە «ئەم ڤایرۆسە ئەوەی پێ راگەیاندین كە ئێمە هیچ زانیارییەكی تەواومان بەرامبەر بە خۆمان و دەرووپشتمان نییە، تەنانەت زانیاریمان لە بارەی ئەو شتانەشەوە نییە كە دەیزانین».

لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا مرۆڤایەتی دەتوانێت سوود لە هەڵەكانی لەم كارەساتەدا وەربگرێت بۆئەوەی دووبارە ئەو هەڵانە نەكاتەوە؟ یان ئەمیش وەكو هەموو كارەساتەكانی تر، وەكو یادگارییەكی ناخۆش لامان دەمێنێتەوە؟ هەروەها ئایا دووبارە دەوڵەتان دەتوانن كەرتی تەندروستییان باشتر بكەنەوە؟ چونكە ئەم ڤایرۆسە ئەوەی دەرخست، كە تەواوی دەوڵەتانی جیهان، كێشەی گەورەیان لە كەرتی تەندروستیدا هەیە؟ كەسیش نازانێت تاچەند ئەم كارەساتە جەنگ و ململانێی نێوان دەوڵەتان سارد یان گەرمتر دەكاتەوە. هەموو ئەمانەش لە داهاتوودا بۆمان دەردەكەوێت.

print

 399 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*