سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » پێكهاتەكان نوێنەرایەتیی خۆیان بكەن و نەكرێنە بەشێك لە ململانێكانپەڕە 2

پێكهاتەكان نوێنەرایەتیی خۆیان بكەن و نەكرێنە بەشێك لە ململانێكان

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: بەشداریی نوێنەری پێكهاتەكان لە ململانێكاندا، نیگەرانی لێكەوتۆتەوە.

فراكسیۆنی یەكێتی هەموو كات پشتگیریی لە مافی پێكهاتەكان دەكات
زكری ئەحمەد بڕیاردەری فراكسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە پێكهاتەكان نوێنەرایەتیی خۆیان بكەن، نەك بۆ بەرژەوەندیی فراكسیۆنێكی دیاریكراو یان مەبەستێكی سیاسی بەكاربهێنرێن ‌و كاربكەن، وتیشی: خودی پێكهاتەكان ئەو بارودۆخەیان پێخۆش نییە، چونكە ناكرێ ئەوان نوێنەری پێكهاتەیەك نەكەن و بۆ لایەنێكی دیاریكراو كاربكەن، راشیگەیاند: وەك فراكسیۆنی سەوز هەموو كات پشتگیریی مافی ئەو پێكهاتانە دەكەین.

یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە
هەروەها، سروود سەلیم ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەپێكهاتەی مەسیحی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەرچی كورسیی كۆتاكان لەهەرێمی كوردستان وەك دەستكەوت بۆ پێكهاتەكان سەیردەكەین، بەڵام بەداخەوە ئەو مافە لەدەرگا پێماندرا و لەپەنجەرەوە لێمان سەندراوەتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ كەموكوڕییەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چونكە ئەو یاسایە وایكردووە خەڵكی دەرەوەی پێكهاتەكان دەنگ بەنوێنەرەكانیان بدەن لەكاتی هەڵبژاردندا.

وتیشی: بەهۆی ئەوەی زۆربەی زۆری نوێنەرانی پێكهاتەكان بەدەنگی راستەقینەی خۆیان سەرنەكەوتوون، ئەوەش وایكردووە نەتەوەو ئایینەكان ئەو پەرلەمانتارانە بەنوێنەری خۆیان نەزانن‌و وایدەبینن ئەو پەرلەمانتارانە خاوەنی بڕیاری خۆیان نەبن لەزۆربەی پرسەكاندا لەپەرلەماندا، ئاشكراشە ئەندام پەرلەمانمان هەیە بەدەنگی شوێنی جوگرافی دەرچووە، كە هیچ پەیوەندیی بەپێكهاتەكانەوە نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە پێویستە یاسای هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە بەجۆرێك تایبەتمەندیی كورسی كۆتاكان لەبەرچاوبگیرێت‌و بپارێزرێت، بەجۆرێك پێكهاتەكان دەنگ بەنوێنەرەكانیان بدەن، لەكاتی هەڵبژاردنیشدا رۆژی دەنگدانی پێكهاتەكان سندوق‌و كارتی دەنگدانی تایبەت بەخۆیان هەبێت.

نابێت ببینە هۆكارو بەشێك لەكێشەكان
هەر لەوبارەیەوە، عیماد رەفعەت سەرۆكی پارتی ئایندەی توركمان، پێیڕاگەیاندین: وەك لایەنێكی توركمانی لەگەڵ ئەوەین نابێت هیچ كاتێك كێشە و گرفت دروست بێت لەنێوان لایەنەكاندا و ناشبـێ ئێمە وەك پێكهاتەكان ببینە هۆكارێك بۆ ئەو كێشانە، هەرچەندە زۆر جار رێكەوتنی ئەو پێكهاتانە كراوە لەگەڵ لایەنێكی سیاسی، بەڵام ناكرێ دژی لایەنێكی تر بێت.

لەبارەی كێشەی نەبوونی تۆماری دەنگدەران بۆ پێكهاتەكان، وتی: راستە زۆرجار باس لەشێوازی هەڵبژاردن و نەبوونی تۆماری دەنگدەران دەكرێت، ئێمە پێمانوایە پێویستە بۆ ئەو مەبەستە سوود لەوڵاتانە پێشكەوتووەكان وەربگرین، ئەو وڵاتانەی فرەنەتەوەو فرە پێكهاتەن، تا بتوانرێ هەر پێكهاتەیەك دەنگدەری خۆی دیاربێت‌و تۆمارێكی تایبەتی هەبێت بەدەنگدەرانی، هەروەها دەخوازین سەرژمێریی بكرێت تاهەر پێكهاتەیەك ژمارەی خۆی بزانێت.

چارەسەركردنی كێشەكان
لای خۆیشییەوە، محێدین ئەحمەد سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی كوردستان، ئەوەی خستەڕوو كە رەنگە نوێنەرانی ئەو پێكهاتانەی لەهەرێمی كوردستان دەژین‌و بەشدارن لەپرۆسەی سیاسیدا، هاوپەیمانییان لەگەڵ هەندێك لایەنی سیاسی هەبێت لەپێناو رەچاوكردنی بارودۆخی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی خۆیاندا، ئەوەش شتێكی ئاساییەو لەیاسای هەڵبژاردنیشدا مافی پێكهاتەكان دیاریكراوە، تاكو بتوانن بەشداربن لەپرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا، بەڵام دەبێت بەو پێكهاتانە خاوەن بڕیاری خۆیان بن، نەك بكرێنە بەشێك لەكێشەكان،

وتیشی: ئەو كێشانەی هەیە رەنگە پەیوەندیی بەهەڵبژاردنی كاندیدەكانی ئەو پێكهاتانەوەو نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە هەبێت، ئەوەش پێویستی بەچارەسەركردن هەیە.

 469 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*