سەرەکی » ئاراستە » شێخ مارف شاعیر و رەخنەگر و بیۆگرافیانووس

شێخ مارف شاعیر و رەخنەگر و بیۆگرافیانووس

عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی

شێخ مارف وەکو شاعیر، شێخ مارف وەکو ڕەخنەگر، شێخ مارف وەکو نووسەری بیۆگرافیا. شیعرەکانی شێخ مارف، چەند جۆرێکە، چەند چەشنێکی لەخۆ گرتووە، لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیدا، ھەندێک شیعری تەقلیدیی نووسیوە، بەڵام ھەر زوو وازی لێھێناوە، پەنای بۆ شیعری تازە بردووە و داکۆکی لێ کردووە لە توێژینەوە ڕەخنەییەکانی خۆیدا.

بە بۆچوونی من، ئەو شیعرانەی کە شێخ مارف نووسیونی، شیعرە نوێکانی، زۆر زۆر بەھێزتر و باڵاترن لە شیعری زۆر لە کەسانی ھاونەوەی خۆی، دوای ھاونەوەی خۆی کە ناویان دەرکردووە و ناوبانگیان پەیدا کردووە، بەڵام ڕەنگە ئەو تیشکە نەخرابێتە سەر کارەکانی شێخ مارف. بەلای منەوە شیعر لای شێخ مارف، نە زۆر بە لای ئیلهامدا لایداوە، نە زۆر بە لای سەنعەتیشدا لایداوە. ئەمە لە بۆچوونە ڕەخنەییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بەپێی قسەیەکی خۆی لە وتارێکدا دەڵێ جارێک بیرۆکەی شیعرێکم بۆ هات، دانیشتم بینووسم، بەڵام بۆم تەواو نەکرا، ساڵێک دوای ئەوە گەڕامەوە بۆ سەری تەواوم کرد.

واتا شیعر لای شێخ مارف، لەدایکبووی تەنها چرکەساتێک نەبووە، بەڵکو پێویستی بە ئەوە هەبووە کە بەدوایدا بچێت، پێیدا بچێتەوە، دەستکاری بکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە شیعر لەلای شێخ مارف هەر جۆرێکیشە لە سەنعەت. بەپێی وتەیەکی خۆی لە نووسینێکدا دەڵێ «نووسین بەگشتی و شیعر نووسین‌یش لە وەرزش دەچێت، تا نووسەر تەمرین و ڕاهێنانی لەسەر بکات، شارەزایی زیاتر پەیدا دەکات». کەواتە، بە بۆچوونی شێخ مارف شیعر نووسین نە بەتەواوەتی ئیلهامە، نە بە تەواوەتیش سەنعەتە.

بەڵکو لەم نێوەندەدا ڕادەیەکی ناوەنجی وەرگرتووە.

لە پاڵ ئەمانەدا شێخ مارف، هەندێک ژانری تر هەیە کە بە ڕای من تێیدا ڕابەرە، وەکو نووسین بیۆگرافی (سیرة الذاتیة – ژیاننامە) ی خۆی، بێگومان ڕەنگە لە سەردەمی ئەودا، یان پێش ئەو ژیاننامە بە کەمی نووسرا بێت، دوای ئەویش کەم کەم نووسراوە، بەڵام ئەوەی بیۆگرافی شێخ مارف لەوانی تر جیا ئەکاتەوە، ئەوەیە کە زۆر زۆر ڕاشکاوە، ڕاستگۆیە، زۆر بە بوێرییەوە باسی هەندێک شت دەکات کە ڕەنگە کەسانی تر نەتوانن باسی بکەن، یان نایانەوێت باسی بکەن.

ئەم لە خێزانێکی ناودارە، لەگەڵ ئەوەشدا دەکەوێتە میحنەتەوە، دەکەوێتە ژیانێکی زۆر زۆر سەختەوە، کە ڕووبەڕووی برسێتی دەبێتەوە، بەلایەوە گرنگ نییە کە زۆر زۆر بە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیانە باسی ئەم کێشانەی خۆی بکات. ئەمە ئەگەر کەسی تر بێت، ڕەنگە بیشارێتەوە، یان باسی نەکات.

ئەمەش گرفتێکە لە نووسینی بیۆگرافی لەلای کورد، کە تەنها باسی لایەنە باشەکان دەکات. بیۆگرافی، واتا نووسینی سەربووردە، یان ژیاننامە، لای کورد، لای عەرەبیش تەنانەت، زۆر جار باسی لایەنە ئەرێنییەکانی خۆمان دەکەین.

نایەین باسی لایەنە نەرێنییەکانی خۆمان بکەین، بێگومان هەموو مرۆڤێک لایەنی ئەرێنیشی هەیە و لایەنی نەرێنیشی هەیە.
دیسانەوە لە بوارێکی تردا شێخ مارف، هەر زوو دەستی داوەتە نووسینی ژانرێک، ئەویش ژانری سەجەراتی ئەدەبی، سەجەراتی ئەدەبی واتا دەربڕینی بیرۆکەی خۆت، ئەگەر فەلسەفی بێت، ئەگەر ئەدەبی بێت لە قاڵبێکی زۆر زۆر کورتدا.

لە ڕوانگەی ڕەخنەگرتنەوە، شێخ مارف ڕەخنەگرێکە ئاگای لە زمانی ڕەخنە هەبووە، ئاگای لە مێژووی ڕەخنە هەبووە، ئاگای لە زاراوەی ڕەخنەیی هەبووە.

لە خۆیەوە شتی نەنووسیوە، میتۆدیشی هەبووە کە ڕەخنەی پێ بنووسێت.

بۆ نموونە لە بواری زاراوەدا، بەڕاستی زۆر زۆر بەئاگا بووە لە هەندێک زاراوە کە ئێستا ئێمە، وردە وردە هەندێک ڕەخنەگر پێی دەگەن. بۆ نموونە، لە توێژینەوەیەکدا باسی تەفعیلە دەکات، ڕاستە تەفعیلە لە شیعری کۆندا هەیە، بەڵام لەگەڵ نەمانی (بیت) دا بە جۆرێکی تر باس کراوە لە شیعری تازەدا.

زیاد بوونی، کەم بوونی دەبێتە هۆی ئەوەی کە جیاواز بێت لە شیعری کۆن. ئەو لەو کاتەدا باسی ئەمەی کردووە لە شیعری نوێدا. دیسانەوە هاتووە باسی تۆبۆگرافیای دەق دەکات.

تۆبۆگرافیای دەق، واتا شێوەی دابەشکردنی ڕستە لەسەر کاغەز.

ئەمە ئێمە لە ساڵانی 2010 و 2012 و 2013 هاتووین لە لێکۆڵینەوەکاندا باسی دەکەین. شێخ مارف بەرزنجی لەو کاتەدا باسی تۆبۆگرافیای دەقی کردووە و جیاوازی دەکات لە نێوان تۆبۆگرافیای دەقی تەقلیدیی (بیت) دا، کە شێوەیەکی چەسپاوی هەیە ناگۆڕدرێت، لای هەموو شاعیرێک وەکو یەک وایە، هەموو خوێنەرێک بە یەک شێوە سەیری دەکات. تەنانەت جیاوازی کردووە لە نێوان تۆبۆگرافیای دەقی تازە، کە تۆبۆگرافیایەکە دەگۆڕیت، لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر، لە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی تر. بەڕاستی ئەمە بابەتێکە کە لەو کاتەدا وروژاندویەتی، دەستپێشخەرییە.

لە لێکۆڵینەوەیەکی دیکەدا باسی ئەوە دەکات کە ئێمە لەپاڵ واقیعدا، دەبێت خەیاڵکاریی بکەین، ئەو خەیاڵکارییە وامان لێ دەکات دوورمان بخاتەوە لە واقعیەتی فۆتۆگرافی. بەڕاستی ئەو شتانەی کە شێخ مارف لە لێکۆڵینەوە ڕەخنەییەکاندا وروژاندوویەتی، ئێستا ئێمە لە ساڵەکانی… ئیشکالیەتی پەیوەندیی نێوان شێوە و ناوەرۆک لە هەفتاکاندا، لە هەشتاکاندا باسمان کردووە.

سەرچاوە:
بەرنامەی دۆکیۆمێنتاریی (مارف بەرزنجی نووسەر و شەهید) ی کەناڵی KNN، ئامادەکردنی عەبدوڵڵا ئەحمەد – 2013.

print

 293 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*