سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » هه‌ر وه‌رزه‌ی‌ خه‌مێك بۆ گوندنشینان

وتەی ئەمجارە

هه‌ر وه‌رزه‌ی‌ خه‌مێك بۆ گوندنشینان

32

وه‌ك هه‌ر هاوڵاتی و كه‌سێكی دیكه‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌، گوندنشینان و جوتیارانیش هه‌موو ساڵێك به‌ده‌ست خه‌م و ناڕه‌حه‌تی ژیان و كاركردنه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، كاتێك له‌ باره‌ی‌ هه‌ر بابه‌تێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌دوێیت ئه‌وه‌نده‌ی‌ خه‌میان هه‌یه‌ بیده‌نه‌ ده‌م باوه‌ هێنده‌ خه‌رمانی‌ گه‌نم و جۆ و به‌رهه‌میان له‌ ساڵێكدا نییه‌ بیده‌نه‌ ده‌م باوه‌ و ببینن له‌ ساڵێكدا چیان به‌رهه‌مهێناوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و خراپ مامه‌ڵه‌كردنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ناوخۆیی و ڕه‌نج و ماندووبوونی جوتیاری گوند و ڕه‌نجده‌ری گوندنشینان، تاكو ئه‌م دۆخه‌یش به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێت و به‌رهه‌می ناوخۆیی له‌لایه‌ك هیچ به‌هایه‌كی نه‌بێت و ڕه‌نجی جوتیاری‌ كورد له‌به‌ر چاو نه‌گیرێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی شوێنی به‌رهه‌می ناوخۆیی بگرێته‌وه‌، به‌رده‌وام جوتیاری كورد ئه‌م خه‌مه‌ی‌ هه‌یه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت به‌بێ هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌.

له‌ئێستادا كه‌ وه‌رزی دروێنه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و جوتیاران و گوندنشینان سه‌رقاڵن به‌ دروێنه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه‌، دیسان خه‌می ئه‌وه‌ یه‌خه‌ی‌ جوتیارانی گرتووه‌ كه‌ له‌كاتێكدا بڕی پاره‌ی كاتژمێره‌كانی‌ دروێنه‌ زۆره‌ و ئه‌مساڵ جوتیارانیش به‌رهه‌مه‌كانیان باش نه‌بووه‌، هاوكات وه‌ك پێویست حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش هیچ خه‌مێكی جوتیاران ناخوات و پرۆژه‌یه‌كی نییه‌ بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌و زه‌ره‌ر و زیانه‌ی‌ كه‌ جوتیاران له‌ به‌رهه‌مه‌كانیاندا ده‌یكه‌ن، ئه‌مه‌ش ساڵ دوای‌ ساڵ جوتیارانی له‌ چاندن و كشتوكاڵ سارد كردۆته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆی كه‌می به‌رهه‌م و په‌راوێزخستنی زه‌وی و گوند و پرۆسه‌ی‌ چاندن و دروێنه‌، بۆیه‌ زۆرێكی جوتیاران كاتێك ده‌زانن به‌رهه‌مه‌كانیان ماندووبوونی خۆیان ته‌واو ناكات و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن له‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ ئه‌وكات ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌نیوه‌ قیمه‌ت.

ئێستا كه‌ پرسیار له‌ جوتیاران و گوندنشینان ده‌كه‌ی هه‌ر جوتیارێك خه‌مێك ده‌گێڕێته‌وه‌، هه‌ر جوتیارێك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كشتوكاڵ له‌م وڵاته‌دا توشی چی داچۆڕان و سستبوونێك كراوه‌ته‌وه‌!، هه‌موو جوتیارێكیش مه‌بله‌غێك له‌ زه‌ره‌رو زیانی مادی‌ هه‌ژمار ده‌كات، هه‌موو جوتیارانیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌و به‌بایه‌خی نییه‌ كه‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ربكات و بیبوژێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا جوتیاران حه‌زی زۆریان بۆ كاره‌كه‌یان هه‌یه‌و نایانه‌وێت ده‌ست به‌رداری‌ ئه‌و پیشه‌یه‌یان ببن كه‌ پیشه‌یه‌كی پاك و حه‌ڵاڵی باوباپیرانیانه‌ و له‌ ئێستاشدا ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانی له‌سه‌ر به‌نده‌ سه‌ره‌ڕای خراپی به‌رهه‌م و ماندووبوونی زۆر و تێچووی زۆریش.

وه‌ك جوتیاران ده‌ڵێن ناكرێت دروێنه‌ به‌پێی میزاجی شۆڤێران و خاوه‌ن ده‌ڕاسه‌كان خۆیان بێت، به‌پێی قسه‌ی‌ جوتیاران زۆرجار حكومه‌ت خۆی نرخی كاتژمێره‌كانی‌ دروێنه‌ی‌ دیاریكردووه‌ به‌ڵام له‌زۆر شوێن و ناوچه‌ كه‌س پێوه‌ی پابه‌ند نابێت و هه‌ر شۆڤێره‌ خۆی چه‌ندی ویست ئه‌وا ئه‌و نرخه‌ جێگیر ده‌كات، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت بیسه‌لمێنێت به‌ته‌نگ به‌رهه‌می خۆماڵییه‌وه‌یه‌ و به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ هێزی كار بخاته‌گه‌ڕ له‌ گونده‌كاندا پێویسته‌ لیژنه‌ی‌ تایبه‌تمه‌ند بنێرێته‌ گونده‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری كشتوكاڵ و پرسی تێچووی به‌رهه‌می جوتیاران و زه‌ره‌رو زیانه‌كانیان ببێت و له‌ خه‌می جوتیاران تێ بگات و زیانه‌كان تۆمار بكات و هه‌وڵی دابینكردنی‌ هۆیه‌كانی‌ كێڵان و تۆ و ده‌رمانی‌ پێویست بنێرێت بۆ جوتیاران تاكو وه‌ك پاڵپشتێك هانی‌ جوتیاران بدات بۆ زیاتركردنی‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی.

ئه‌وه‌ی‌ له‌باره‌ی‌ دروێنه‌و زه‌ره‌روزیانی‌ كه‌رتی كشتوكاڵییه‌وه‌ ده‌یڵێین ته‌نها یه‌كێكه‌ له‌خه‌می گوندنشین و جوتیاران، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر وردتر و زیاتر له‌ نزیكه‌وه‌ جوتیاران بدوێنرێن زیاتر و زۆرتر گوێمان له‌ خه‌مه‌ هه‌مه‌ جۆره‌كانیان ده‌بێت. له‌وێوه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت به‌درێژایی مێژوو جوتیاران له‌سه‌ر تێچووی خۆیان كشتوكاڵیان كردووه‌، حكومه‌تیش له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می جوتیاراندا وه‌ك پێویست به‌ده‌میانه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئێستا كه‌ جوتیاران خه‌می چۆنییه‌تی به‌رهه‌مه‌كه‌یانیانه‌ هاوكات خه‌می تێچووی‌ زۆر و وه‌رنه‌گرتنی به‌رهه‌مه‌كانیشیانه‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان و سایلۆكان دا.

print

 245 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*