سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » رێنیسانس (لەدایک بوونێکی نوێ)

رێنیسانس (لەدایک بوونێکی نوێ)

خالید مەجید فەرەج

((بزوتنەوەیەکی رۆشنبیری کاریگەریی بەهێزی هەبوو لەسەر ژیانی فیکری ئەوروپی لەکۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا. لەئیتالیا سەری هەڵداو لە سەدەی شانزەهەمدا وەکو ئاگر لەپوش بەربوبێ هەموو ئەوروپای تەنیەوە .کاریگەری لەسەر فەلسەفە وئەدەب وهونەر وموسیقا وسیاسەت وزانستەکان وئاین هەست پێدەکرا وەڵامی زۆر لەمەسەلە فیکریە بێ وەڵامەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دەدایەوە. لەهەرە خەسڵەتە دیارەکانی سەردەمی رێنیسانس ئەوەبوو زاناکانی شیوازی ئینسانیان لە توێژنەوەدا بەکار دەهێنا و هونەرمەندان بەدوای واقیعیەت و هەستە ئینسانیەکاندا لە هونەردا وێڵ بوون)).

لەسەدەکانی ناوەراستدا کە لە سەدەی پێنجەوە دەست پێدەکات تاوەکو سەدەی پانزەی زاین واتا لە روخانی ئیمپراتوریەتی رۆمانی رۆژئاواوە تاوەکو رێنیسانس (Renaissanc) کە دروست بەئیتالی دەکاتە لەدایک بوونێکی نوێ ( ( Rinascimento . خەڵكی ئەو دەمانە زانیاریەکانیان وەکو خۆی وەردەگرت بەواتا ئەگەر پرسیارێکیان دەربارەی یەکێک لەو زانیاریانە لێبکرایە کەلەمێشکیانا چەسپیوە دەیان گووت نازانین خۆی وایە. وەیان (چوزانم هەروام بیستوە).
بەڵام کاتیک خۆری رێنیسانس هەڵهات ، ئیدی ئەوە لەمێشکی خەڵک دەرهات و ئاراستەی بیرۆکەیەکی نوێ لەئەقڵە جەمعیەکەدا چەسپی کە دەیگوت ناکڕێ باوەڕ بەهیچ شتێک بکەیت تاوەکو تێی نەگەیت .

ئەقڵی خەڵک وردە وردە سەری لە تاریکی جەهلەوە دەردەهێنا و ئازاد دەبوو ئیدی خەڵکی کەوتنە رەخنە گرتن لەو بیروباوەڕانەی کە وەکو حەقیەتەکان چەسپیبوون رەخنەگرتن لەکەنیسە واتا پیاوانی ئاینی و هەتا لەدەقە ئاینیەکانیش دەگیرا. بەواتایەکی تر(هیریتیکیزم)- heretic-(هەرتەقە) سەری هەڵدا (شەریعەتی کەنیسە دەڵێ هەر مەسیحیەک ئینکاری یەکێک لەو راستیانە بکات کە پەیوەندی بەئیمانی ئیلاهی و کاپۆلیکیەوە هەیە بە هێریتیک لەقەڵەم دەدرێ. (لای موسڵمانان بەزەندیق ناو دەبرێ). ئەوان رێنمایی و وانەکانی کەنیسەیان خستە بەر رەخنەو تانە لێدان لەئاکامی ئەو بزافە ئەقڵی و فیکریەدا ریفۆرمی لاهوتی پروتستانتی لەسەدەی شانزەهەم دا لەسەر دەستی مارتن لوپەر کینگ دا سەری هەڵدا. کەبەهۆیەوە کەنیسەی پرۆتستانتی لەکەنیسەی کاپۆلیکی جیابۆوە .شایەنی باسە ئەوان شەرعیەتی پسوڵەی لێبوردن کە قەشەکان دەیان فرۆشت بەخەڵک بۆئەوەی لەوەدنیا وەکو پاسپۆرتێک بۆ چونە بەهەشت پێیان بێت پوچەڵ کردوە و وتیان لێبوردن نیعمەتێکی خوداییەو بێ بەرانبەرە تەنها مەرج باوەر هێنان وموخلیسیە بۆ یەسوعی مەسیح.لەوەش گرنگتر دەیان گووت هەموو مەسیحیەک پلەی کەهەنوتی موقەدەسی هەیە بەمەیش لەدەسەڵات (قودسیەتی) قەشەکانیان دا و گوتیان کتێبی موقەدەس تاکە سەرچاوەی زانیاریە ئاینیەکانە واتا پێویست بە راڤەکردنی ناکات لەلایەن قەشەکانەوە هەروەها
رێگەیان بەقەشەدا کە ژن بهێنێت .

جەدەلێکی زۆر لەسەر ئایا بۆچی رێنیسانس لە فلورەنسەدا لە سەدەی چواردەمیندا بەرپا بوو لەجێیەکیتر نەبوو ؟.تێبینی مێژوو نوسان و زاناکان ئەوەبوو کە فلورەنسە تایبەتمەندیەکی ناوازەی ژیانی رۆشنبیریی پێوە دەبینرا کەبوو بەهۆی ئەو بزافە رۆشنبیریە. زۆرینە پێداگریان لەسەر رۆڵی خانەوادی مەیدچی – خانەوادەیەک بوون بانکداریان دەکرد هەروەها چەند سیاسەتمەدارێکی ناوداریان تیاهەڵکەوتبوو لێشیان ببوە پاپا- لە یارمەتی دان بۆ چالاککردن وبوژاندنەوەی هونەرەکاندا حوکمداری فلورەنسە بەهێزترین سپۆنسەری رۆشنبیری رێنیسانس بوو لەئیتاڵیا . لورینزۆ دیمیدچی حوکمداری فلورەنسە یارمەتی زۆر لە هونەرمەندانی موستەحەق بەیارمەتی دەدا لەوانە لیونارد داڤینتشی وڤیلیبینو لیبی و مایکل انجلو و رافاییل و هتد.هەندێک لە زانایانی مێژوو دەڵێن فلورەنسە تەنها بە سودفە وەبە شانس بوو بە شوێنی لەدایک بوونی رێنیسانس چونکە هەرسێ عەبقەری وەکو دافینشی و بوتیچیلی ومایکل ئەنجلۆ لە توسکانا لەدایک ببوون بۆچونێکی تر دەڵی راستە ئەوانە لەوناوچەیە لەدایاک بوون بەڵام دروست بوونی بارو دۆخە رۆشنبیریەکە کە زۆر هۆکاری زاتی ومەوزوعی بەشدار بوون لەدروست کردنیا ئەوانە وای کرد کە بەهرەی خەلاقی ئەم هونەرمەند و زانایایە دەرکەوێت.

لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدێنێ ئایا تەنها یارمەتی مادی واتا بوونی سەروەت هونەر دەخولقێنێ؟ ئەگەر وایە خۆ لای ئێمەش ماوەیەک زۆر سەخیانە پارە لەسەر هونەرو ئەدەب سەرف دەکرا مخابن هونەرێکی وا بەرهەم نەهات خاڵێکی وەر چەرخان یان لانی کەم بەرەو پێش چونێکی پێوە دیار بێت.بەبۆچوونی بەندە گەر خانەوادە سەرمایە دارەکەی میدیچی یارمەتی هونەرمەندو بیرمەند و زانا راستەقینەکانیان نەدایە ئەوانیش رەنجەکەیان بەبا دەچوو و چ هونەرێکیان پی نەدەخرایە سەر هونەرەکەی سەدەکانی ناوەڕاست کەواتە دەبێ سپۆنسەریش هوشیاری هونەری ورۆشنبیری ومەعریفی بەرزی هەبێت تاوەکو هەمو کەس خۆی لێنەکات بە رۆشنبیر و هونەرمەندو لەبری ئەوەی یارمەتیەکە بگاتە دەست موستەحەقکان لەوبواردە تەخشان وپەخشانی سەر ناشایستەکان ببێ. بۆیە دەتوانم بڵێم کە بەرزی ئاستی مەعریفی خانەوادەی میدیچی هیچی کەم تر نەبووە لە هۆکارەکانی دیکەی رێنەیسانس.

هۆیەکی تر لەهۆ گرنگەکانی رێنیسانس ئەو بۆچونەیە کە دەڵێ لە ئاکامی لە دەستدانی قوستەنتینە پایتەخەتی بێزەنتە لەساڵی 1453 بەدەست سوڵتان محمد ئەلفاتح بوو بەهۆی کە زۆربەی زانا یۆنانیەکان لەوێ هەڵبێن و رووبکەنە ئەوروپا ولەگەڵ خۆیان دەستنووسە یۆنانیە بەهادارەکانیان بەرن کەبوو بەسەرەتایە بۆ دەست پێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەریان و دواتر کارا بوونی بزاڤی زانستی ورۆشنبیری .

مێژوو نووسان دەڵێن ئەو کارەساتە وێرانکاریەی کە مەرگی رەش (تاعون) بەسەر فلۆرەنسەیدا لەنێوان 1348 و 1350 دا هێنا هۆیەکی تری بەهێز بوو بۆ سەرهەڵدانی رێنیسانس وبەڵگەیەک بوو بۆ گۆڕینی تێروانینی ئیتالیەکان بۆ دنیای دەروپشتی خۆیان .چونکە تاعون زۆر بە خەستی ئیتالیای گرتەوە لەوێشەوە بۆ ئەوروپا .هەر لە فلورەنسە نیوەی دانیشتوانەکەی کوشت ئەوە وای لەبیرمەندەکان کرد لەبری بیرکردنەوە لە ئەوەدنیا واتا ژیانی دوای مردن و رۆحانیات لەدنیا نزیک ببنەوە و وکاری بۆ بکەن چونکە دەڵێن چیدی نەک هەر بیرمەندان عەوامیش ئەوباوەڕەی جارانیان بەو ئیمانداریە نەما کە کەنیسەو وەعزو ئیرشادی قەشەکان بەگویاندا دەدان لەوانە کەخەڵکی ساڵح نەک هەر لەم دنیایە دوعای گیرایە خۆشیەکانی ئەوەدنیاش دەباتەوە دەڵین سەیریان کرد ئەوانەی کە بە تاعون مردن زۆربەیان نوێژکەرو ساڵحەکان بوون ! دزو جەردەو رێگرو پیاو کوژەکانی بەدەگمەن دەکوشت!.

هۆکارێکی تری ئەو بوژانەوەیە داهێنانی چاپەمەنی بوو گۆتنبیرگی ئەڵمانی لەسەدەی پانزەهەمدا توانی ئامێری چاپکردن دروست بکا کەبەهۆیە ئەو کتێب و بڵاو کراوانەی کە پێشتر بەدەست دەنوسرانەوەو کات وتێچونێکی زۆی دەویست خێرا ترو هەرزانتر بکات و ئیدی بیروباوەڕەکانی یەکسانی و سەربەستی وعەلمانیەت (جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئاین) وگرنگی بەکارهێنانی عەقڵ و پەیرەوی زانستی بەخێرایی هەموو ئەوروپای تەنیەوە و رۆڵی کەنیسەو پیاوانی ئاینی بۆ هەتا هەتایە چووە ریزەکانی دواوە .

لەسەدەکانی ناوەراستدا تەنها زمان کەزمانی ئاین و نوسین و هەموو ئەوبابەتانەی کە ئەوکاتە ناونیشانی مەعریفەتیان هەبوو لاتینی بوون ئەوانەیشی کەلاتینیان دەزانی پیاوانی ئاینی بوون کە راڤەکردنی دەقە موقەدەسەکانیان پاوان کردبوو دیارە بەمەرامی دڵی خۆیان و بەرژەوەندی دنیایی خۆیان دەیان ئاخنیە مێشکی عەوامەوە کە بە گشتی نەخوێنەوار بوون لەزمانی دایکی خۆیان هیچ زمانێکی دیکەیان نەدەزانی بەتایبەتیش لاتینی کەزمانی خوێندنەوەو نوسین بوو .بۆیە وەرگێرانی دەقە ئاینیەکان وکتێبە زانستیەکانی ئەو سەردەمە بۆ زمانە ناوچەییەکان وەکو ئیتالی وفەرەنسی وئەڵمانی وئینگلیزی وای کرد کە خەڵکێکی زۆر ئاگاداری ئەو نوسینانە بن وبیانخوێننەوەو خۆیان بەدور لە کاریگەری پیاوانی ئاینی لەراستیەکان بگەن و زانیاریەکان وەربگرن. بزافی وەرگێران لە لاتینەوە بۆ زمانە خۆجێیەکان وای کرد ئەو موجەلەدە گەورانەی کە لە کەنیسەکان تۆزیان لەسەر نیشتبوو بەدەگمەن دەستیان بۆ دەبرا چوونکە بەزمانی یۆنانی بوون کەس نەیدەتوانی بیان خوێنێتەوە ئیتر لەبەردەستی هەموو خەڵکا بێت وبتوانن سود لەزانیاریەکانی ناویان وەربگرن و بیکەنە بنەما بەتایبەتی لەلایەن خوێندکارو ئەوانەی کە توێژینەوە دەکەن بۆ بنیاتنانی زانست هونەرو مەعریفەتێکی پیشکەوتو تر.

هۆیەکی تری سەرهەڵدانی رێنیسانس جەنگەکانی خاچ پەرستان بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە دەربەگەکانی تیا بەشداربوو کوژران دواتر هەندێک لەدەربەگەکان وازیان لەمڵكداری هێناو خەریکی بازرگانی بوون بۆیە جوتیارەکان ئازاد بوون چونکە پێشتر دەربەگ خاوەنی زەوی وجوتیارەکانیش بوو .ئەو ژمارەکەمەیشی کەمایەوە بەرگەی گۆڕانکاریە بنەرەتیەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی وسیاسی رێنیسانس یان نەگرت و لەناو چوون.
شۆرشی فیکری لە تەجلا سەرەکیەکانی کانی رێنیسانسی ئەوروپی بوو ئەو کلتوری بەئامانجی گونجاندی لەگەڵ حازردا زیندوو دەکردەوە ئاینی لە خراپ راڤەکردنی پیاوانی ئاینی سودمەند لەئاین رزگار کردوو وای کرد کە ببێ بەئامرزێک بۆ ئارامی بەخشین بەئیماندار کاتێک کە پێوستی بەئارامیەکی رۆحی دەبێ.دەتوانین بڵێین ئەوان ئاینیان ئیلغانەکرد بەڵکو لە کۆت وزنجیری پیاوانی لاهوت کە بۆ بەرژەوەندی دنیایی خۆی بەکاریان دەهێنا رزگاریان کرد .

وەکو لای سەرەوە باسمان کرد نمونەی بەرنگاربوونەوەی پسوڵەی لێبوردن لەلایەن ئوستادی لاهوت مارتن لوپەرەوە یەکێک بوو لەو دەرکەوتە رەنگینانەی ئەو بوژانەوەیە. بۆیە بەراستی دەتوانرێ ناو ببرێ بە بزافی زیندوو کردنەوەی زانیاریەکان ئەودەمە رۆشنبیرەکان سەرقاڵی جێماوو ئاسەوارەکانی ئەدەب وهونەری یۆنانی ورۆمانی کۆن بوون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرد و سودیان لێدەبینی ئەوانەی بەم لێکۆڵینەوانەوە خەریک بوون پێیان دەگوترا ئینسانیەکان چونکە ئەوان گرنگیان بە توێژینەوە لەسەر ئینسان خۆی دەدا ئەوەش لەمێژوی مرۆڤایەتیدا شتێکی نوێ بوو .چونکە لەسەدەکانی ناوەراستدا ئینسان خۆی گرنگ نەبوو تەنها گرنگی دەردرا بە پاکی رۆح بۆ ونزیک بوونەوە لەخوداوە کە دەیکردە نوێژو رۆژو و برسێتی و بەکەمێکی زۆر کەم قانع بوون واتا هەوڵنەدان بۆ باشکردنی ژیانی سەر زەمین بەهیوای پاداشتی ئەوەدنیا .نموونە بۆ ئەوە: نەدبوو قەشەکان ژن بهێنن بۆئەوەی لە لەزەتەکانی دنیا بەدوور بن. دەبوو ئەدەب وهونەرەجوانەکان وەکو وێنەکێشان وپەیکەر سازی بەدور بێت لە مرۆڤ و لەخزمەتی لاهوتدا بێت. دەتوانین بڵێین ئامانجی بزووتنەوەی ئینسانی (مرۆیی) ئەوەبوو کە مرۆڤ خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر خۆی بێت بەدەر لە بیرو باوەڕو ئیعتیقادی ئاینی دەورو بەری. لاینەگیرانی بزوتنەوەی ئینسانی دەیان گوت دەبێ مرۆڤ باوەڕی بەخۆی و بە گەورەیی تواناکانی خۆی بۆ گۆران هەبێت.

ئەوان دەیان گووت :ئینسان دەبێت هونەر مەند بێت، فەیلەسوف بێت ، ئەخلاقی بێت ، سیاسی بێت وحەزی لە فێربوون و گەران بەدوای ناوو شۆرەتدا بێت و لەئەدەبەکەی وهونەرەکەیدا داهێنەربێت. بەواتا مرۆڤێک بێت پر لەهەستی مرۆڤایەتی و شوعلەیەک بێت لەچالاکی و خۆسەلماندن ئەوەش رێک پێچەوانەی تێروانینی سەدەکانی ناوەڕاست بوو بۆ مرۆڤ.

پیترارکا فەیلەسوف وشاعیری گۆرانی کەبەیەکەمین سەرکردەی ئەو بزوتنەوەیەو بەباوکی مرۆڤایەتی دادەنرێت دەڵێ : (دەبێ مرۆڤ بەپلەی یەکەم گرنگی بەژیانی سەر زەوی بدات ژیانی دوایی واتا پاش مردن بیرو هۆشی داگیر نەکات) .دەکرێ بڵێین ئەوە فەلەسەفەی قۆناغی نوێی رێنیسانس بوو کە بوو بەپەیرەوێک هەموو ئەوروپای گرتەوەو لەبری چاوەڕوانی ژیانی خۆشی دوای مردن ژیانی سەرزەویان بە زانست پیش خست. ئەو زۆر بە راشکاویی وبەتوندی رەخنەی لەکەنیسە گرت و ئاواتی خواست کە گەلی ئیتالیا سەرکردایەتی جیهان بەرەو فەلسەفەیەکی نوێ بکات .

لەسەرەتای سەردەمی رێنیسانسەوە ئەدەب دەستی بەگەشانەوە کرد،ئەوان بەلاسایی کردنەوەی نەریتی ئەدەبی کۆن قەسیدە و نامەکانی خۆشەویستیان دەنوسی داستان و کارەسات و لاواندنەوەیان بۆ لەدەستدانی ئازیزان بە جوانی شیواز وهەڵبژاردنی جوانی ووشەکان دەنوسی بەواتایەکی تر پەنایان بۆ دەستەواژە ئەدەبیە لاتینی گریکیەکان دەبرد بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆنێکی نوێتر لەبەر هەمەکانیان دەهات ئەم ئەدەبە بەوە ناسرابوو کە چێژ و کاتی خۆش بەسەر بردنی بە خوێنەر دەبەخشی ، گرنگی نە دەدا بە فێر کردن و وەعزدانی (ئیشارەتە بۆ ئەدەبی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست کە وەعزو ئیرشادی ئاینی بوو واتا ووشک بوو تەنها فێرکردن بوو).ئەدیبەکانی رینەسانس گرنگیەکی زۆریان بەشانۆ دا شانۆی خۆشی بەخش و خەم بەخش ( مأساه‌ و ملهاه‌) کەجێگەی شانۆی ئاینی کە لەئاکارەکانی ئەدەبی سەدەکانی ناوەڕاست بوو گرتەوە .

واقیعی و نزیکتر بوو لە عاتیفەی راستیی مرۆڤەوە. بەو شیوەیە ئەدەب بوو بەگوزارش لە کەسایەتی ئەدیب و گەلەکەی واتا نزیک بوو لە خۆشی وناخۆشی ئینسان گەلێکەوە کەلە سنورێکی جوغرافی وئەتینیکی دیاری کراودا گوزەرانیان دەکرد. ئەدیبە ئیتالیەکان رابەری ئەو رێبازە بوون دەستیان تیادا باڵاتر بوو لەئەدیبانی ئەو سەردەمەی ئەوروپادا.

بەڵام لەفەرەنسا ئاراستەی ئەدیبان بەرەو داهێنان لەپەخشاندا زیاتر بوو ئەوەیش لە چیرۆکەکان و یاداشتەکان و شیکارییە دەرونیەکاندا چڕ دەبۆوە لە بەریتانیا شانۆی سەرکێشیەکان (مغامرات) و روداوە چاوەڕوان نەکراوەکان و شێکاری مرۆڤ لە ئاکارەکانیا رەنگی دایەوە.لە ئیسپانیا گرنگی درا بەئەدەبی سوار چاکیی و ئەو خەسڵەت وپێوەرە ئەخلاقیە بەرزانەی کە سوارچاک دەبوو پابەندی بێت.

لەبواری هونەریدا: رۆحی رێنیسانس بەجوانترین شیوە لە هونەرە جوانەکاندا بەرجەستە بوو دەتوانین بڵێین کە ئیتالیا لانکەی سەرەکی ئەو رابوونە هونەریە بوو هەر لەسەدەی پانزەهەمەوە لەوێ بەگرنگی دان بە هونەری کلاسیکی کۆن دەستی پێکرد لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمەوە هەندێک لە هونەرمەندان تۆزی بیرچوونەوەیان لەسەر جوانی کارە هونەریە کۆنەکان هەڵدایەوەو دەستیان کرد بە لاسایی کردنەوەیان وەکو رۆحیەت و وەکو گوزارش. بەڵام لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانە نا بەڵکو بە داهێنانەوە . بەشیوەیەک کەبەرهەمەکانیان کەسایەتی خۆیان و رۆحی سەردەمەکەی خۆیان کەتیا دەژین بنوێنێ. بابەتی سەرەکی هونەر مرۆڤ بوو گرنگیان بەجوانی لەش و هێزی و تواناکانی دا .جوانی مرۆڤیان پیشان دەدا کچەکانیان بێ پۆشاک وێنە دەکێشا. ئەوەش ئاماژەیەک بوو کە ئەوان هونەریان لە ژێر دەسەڵاتی کەهەنوت کە قاڵبێکی دیاری بۆ وێنە کێشان بۆ داڕشتبوون دەبوو لەچوار چێوەیدا بمێننەوە دەرهێنا هونەر بوو بەگوزارشتێکی سەربەست لە ئەقڵی هونەرمەند و عەبقەریەتی ئەو ئەقڵە و هیچی دیکە.

شارەکانی ئیتالیا رۆڵی بەرچاویان بینی لەپێناوی پێشکەوتنی هونەرەکاندا خۆشبەختانە حاکمەکانیان پێشبڕکێیان دەکرد لە سپۆنسەریی هونەرمەندان و هەریەکەیان دەیویست خۆی ببێ بە خاوەنی جوانترین وبەهادارترین کۆمەڵەی هونەری بەرز بەتایبەتی وینەو پەیکەرتاشین. رۆما لەوەدا پشکی شێری بەرکەوت لەوشارە بەو گوڕو نیازە هانی هونەرمەندان دەدراو باربویان دەکراو رێزیان لێدەگیرا کە بیکەن بە میحرابی هونەرەکەیان. رۆما هەر لەکۆنەوە لانکەی هونەر بووە بۆیە هونەرمەندانی سەردەمی رێنیسانس رابوردوویەکی هونەریان لەبەر دەستا بوو کە ئیلهامی لێوەرگرن و تێکەڵ بە فیکری حازری بکەن بۆئەوەی لەهەمان کاتدا کە لەجوانی ئەورابردووە سود وەردەگرن بەوفکرەی خۆیان داهێنانی تیابکەن. لەسەر دەمی هەردوو پاپا گولی دووەم و لیۆی دەهەم کە سەر بەخانەوادەی میدچی بوون کۆشکی ڤاتیکان بەشیوەیەکی عەبقەریانە بەوێنە رازێنرایەوە.

دەڵێن هەندێک لە پاپاکانی سەردەمی رێنیسانس لەهەوڵی دامەزارندنی دەوڵەتێکی عەلمانیدا بوون ئەوروپیە باکوریەکان هەستیان کردبوو کە ئەو پاپایانە وەکو میرەکان هەڵسوکەوت دەکەن بەرای ئەوان ئەوان دەیانویست دەسەڵاتی دنیایان لەسەر حسابی گرنگیدانیان بە ژیانی رۆحی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دنیای مەسیحی برەو پێبدەن. دیارە گومانەکانیان لەجێگەی خۆی دابووە هەر لەرۆما وانەبوو لەمیلان و لە فلورەنسەش هەمان شیوە ماڵەکەی لورنزو دی میدیچی گەورە دەوڵەمەندی ئەوێ وەکو ئەکادیمایەکی هونەری لێهاتبوو هونەرمەندان لیونارد دافینچی و مایکل ئەنجلۆ و رفائیل سەردانیان دەکرد ئەو هونەرمەندانە تابلۆکانیان بە رۆحێکی ئینسانی دنیایی مامەڵە دەکرد و گەیشتن بەکەماڵی هونەری وەکو گرنگی پیدانیان بەپلەی یەکەم دەهات هەرچی دەربڕینی ئایینیە کەوتبووە ریزەکانی دواوە بەرهەمەکانیان جوانی روکارو لەش ولاریان پیشان دەدا و گرنگیان بە هەستی مرۆڤانە لەبری مکور بوون لە پیشاندانی شکۆی ئاینی و سامی کاریزماو رەقی دەربڕینەکان لە وێنەکانی کەسەکاندا وەکو لەهونەری وێنەکێشان و پەیکەرسازی سەدەکانی ناوەڕاست باو بوو. بۆ نموونە وێنەی بزەکەی مۆنالیزا ی هونەرمەند لیوناردو دافینچی و پەیکەری (دێڤید) ی مایکل انجلۆ کە بەروتی دروستی کردووە رونترین بەڵگەی تێڕوانینی هونەرمەندانی سەردەمی رێنیسانسە بۆ ئەو قسەیەی لای سەرەوەمان.

لەسەدەکانی ناوەراستدا ژیانی زانستی وەیان بیرکردنەوەی زانستی نەدەبوو لەچوارچێوەی موقەدەسی کەنیسەدا زیاتر هەنگاو بنێت. دۆزینەوە و داهێنانە زانستیەکان دەگمەن بوون ئەوانەی کە سەرقاڵی ئەو بوارە بوون نەیان دەتوانی وەکو تاک بیر بکەنەوە واتا دور لەبیرکردنەوەی جەمعی موبارەک کە کەنیسەو پیاوەکانی لاهوت رابەرایەتیان دەکرد. دەبو باوەڕی تەواویان بەوەی کە باپیرانیان گوتوبویان وبەرێنمایەکانی پیاوانی لاهوت کەلەسەری پەروەردە ببون هەبێت .دەبوو زانست رەزامەندی وموبارەک بایی کەنیسەی لەسەر بوایە هەندێک لە پاپاکان زۆر بەتوندی بەرەنگاری هەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەبوونەوە ئەگەر پێچەوانەی لێکۆڵینەوە ئاینییەکە بوایە بۆ نموونە قسەکەی ئەرستۆ کە پێش زاین کردبووی گوایا زەوی جێگیرەو کەون بەدەوریا دەخولێتەوە ببوو بە یەکێک لەکۆڵەکە موقەدەسەکانی لاهوتی مەسیحی وەک وهەقیقەتێکی موتلەق سەیری دەکرا تا زانای فەلەک ناس کوبرنیکوس ئەو هەقیقەتەی لەرێگای زانستەوە هەڵوەشاندەوە ودواتر گالیلۆی لەسەر موحاکەمە کرا لەژیر فشاری حوکمی توندی کەنیسەدا دۆستانی لەراکەی پەشیمانیان کردەوە کەبڵێ من هەڵە بووم بەڵام کەلە دادگا دێتە دەرەوە بە نوکی گۆچانەکەی لەزەوی دەدا و دەڵی هەر دەخولێتەوە واتا زەوی جێگیر یان مەرکەزی کەون نییە. شایەنی ئاماژەیە لەم ساڵانەی دوایدا واتا سەدەی بیستو یەکەمین کەنیسەی کاپۆلیکی ئیعتیباری بۆ گالیلۆ گەراندەوەو داوای لێبوردنی لێکرد چوونکە زانست سەلماندی کە کەنیسە نەوەک گالیلۆ کەهەڵەبووە.دیارە پاپا بەگوێی ئەو ووتە عەرەبیەی لەوەدا کردووە کە دەڵی ( الأعتراف بالخگأ فچیله‌) واتا داننان بە هەڵەی خۆتدا کارێکی باشە.

ئەوەی کە یارمەتی کارابوونی دۆزینەوە زانستیەکانیدا جارێکی کە پەردە لەسەر لابردنی دەقە کۆنەکان و داهێنانی چاپ کەیارمەتی بڵاو بوونەوەی زانیاری وفکری بەشیوەیەکی خێراو بەر بڵاو دا دەڵێن لەو سەدەمەدا زانست وهونەر بەشیوەیەکی سەرنج راکێش ئاوێتە ببون هونەرمەندەکان رۆشنبیر بوون لیونارد داڤینچی وێنەی سەرنج راکیشی لەسەر سروشت وتوێکاری دەکێشا تاقی کردنەوەی سەرکەوتوی لەسەر توێکاری پزیشکی و دینامیکیەتی هەواو هەروەها بنەماکانی شێوازەکانی لێکۆڵینەوەی دارشت بۆیە نوسەرو فیزیایی نەمساوی (فریتوف کابرا 1939 لە نەمسا لەدیک بووە)ناوی لێدەنی باوکی زانستی نوێ .لەبواری جوگرافیاو دۆزینەوەکانیدا کریستوفەر کۆلومبوس جیهانی نوێی دۆزیەوە کەپێشتر کەس نەیدەزانی هەیە هەر لەسەدەمی رێنیسانسەوە بزافی گومان لەهەموو هەقیقەتە کۆنەکان دەستی پێکردوو ئیدی بەدوای وەڵامی نوێدا بۆ هەموو پرسەکان دەگەران . هەرچەندە ئەو سەردەمە دۆزینەوەیەکی زانستی بەو واتایەی ئێستا نەبوو بەڵام دەسپێکی گرنگ و دەروازەیەکی گەورە بوو کەلەسەر توێژینەوەی زانستی کرایەوە لەبەر دوو هۆ یەکەم: بە وەلاخستنی دەورو تاسیری پیاوانی لاهوت لەسەر زانست دوهەم: دۆزینەوەی پەیرەوی زانستی لەلێکۆڵینەوەدا و گرنگی دان بە ماتماتیک کەبوون بەبەردی بناغەی فەلەکناسی وەکو زانست و فیزیا و زیندەوەر زانی و زانستی توێکاری. بۆ نمونە (فرانس بیکون) بیرمەندی ئینگلیزی ئەو سەردەمە کە سەر بە پەیرەوی تاقیگەری (تجریبی)بوو دەیگوت ( ئەگەر مرۆڤ بە دڵنیایی دەست پێبکات بە گومان کۆتایی پێدێت بەڵام ئەگەر بە گومان دەست پێبکا بەدڵنیایی کۆتایی پێدێت).

الدکتور نورالدين حاطوم….. تأریخ عصر النهضة الأوروبية

لويس عوض…………. ثورة الفكر في عصر النهضة الأوروبية

محمد بن حماد فرنس بیکون  …….دوانەیی گومان و یەقین

کیث پاوند….. لماذا ساد العري في رسومات فناني “عصر النهضة”… وهل يعود لأسباب دينية أم شهوانية؟

بيتر وليندا موري…… فن عصر النهضة

print

 519 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*