سەرەکی » وەرزش » وەرزش و لاوان لەقۆناغی نوێبوونەوەی یەكێتییدا

وەرزش و لاوان لەقۆناغی نوێبوونەوەی یەكێتییدا

یادگار ساڵح

گرنگیدان و بایەخ دان بە وەرزش و لاوان لەلای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەتایبەت لای رەوانشاد سەرۆك مام جەلال جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە، قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ خەباتی سیاسی و شۆرشگێریدا گەشەی كردووە.

هەنگاوی یەكەم
وەرزش لە مێژووی قۆناغە جیا جیاكانی خەباتی یەكێتیدا بۆ هێنانەدی ئامانج و خولیای لاوان و وەرزشكاران بووە، بەر لە راپەڕین چەندین تیپ لەشاخ بوونی هەبووە، بەڵام قۆناغە گرنگەكەی گرنگیدان بە وەرزش و لاوان لەدوای راپەڕینەوە دەستپێدەكات.

یەكەم هەنگاو بەمەبەستی بایەخدان بە وەرزش و لاوان و خزمەتكردنیان، بە دامەزراندنی لیژنەی باڵای وەرزش لەمەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان دەستیپێكرد، ئەم هەنگاوەش لە كات و سات و سەردەمێكی سەختدا بوو كە هێشتا دێوەزمەی رژێمی بەعس هەڕەشەی جدی بوو بۆسەر ئەزمونی حوكمڕانی كوردستان و ئەو هەوڵەش بووە هەوێنی دامەزراندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لەساڵی 1995دا، ئەم بیرۆكەیەش راستەوخۆ بەپشتگیری و هاوكاری سەرۆك مام جەلال بوو، لەپاڵ گرنگیدان بە بواری وەرزش و چالاكییە وەرزشییەكان و دەستگیرۆی وەرزشكاران و یاریزانان، چ لەدابینكردنی پێداویستیە وەرزشییەكان و كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیی مەهامێكی تری گرنگی ئەركەكانی (ی. ن. ك) بووە.

راگەیاندنی وەرزشی
ئالەو كاتەدا و لەو سەردەمەدا لایەنێكی تری گرنگیدانی (ی. ن. ك) لە بواری میدیای وەرزشییدا بووە، هەموو لەیادمانە كە لەیەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بابەتی وەرزش هەبووە، دواتر هەر لەرۆژنامەی كوردستانی نوێ پاشكۆكانی مۆندیالی 1994 و 1998 و دواتر یەكەم پاشكۆی وەرزشی گشتی بەناوی ستادیۆم لەدایكبوو كە تائێستاش بەردەوامە.

لەكەناڵی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانی-ش كە كەناڵی دایكە، هەر لەسەرەتاوە بەرنامەو هەواڵی وەرزشی هەبووەو ئەم كەناڵە و بەشی وەرزشەكەی بۆتە سەكۆیەك بۆ پەخشكردن و گواستنەوەی چالاكییە وەرزشییە گرنگەكان.

لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان
وەك لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێدا كە لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دیاری (ی. ن. ك) بووە بۆ وەرزشكاران، كاتێك ئەم رێكخراوە گرنگەی وەرزشی كوردستان دەبێتە ئەمری واقیع و دەبێتە كۆكەرەوەی سەرجەم وەرزشكارانی كوردستان، ئالەم كات و ساتە گرنگەدا، بەردەوام هەوڵ هەیە بۆ لەباربردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێكخراوە وەرزشییە، چونكە مێژووەكەی و سەروەرییەكەی بۆ سەرۆك مام جەلال و (ی. ن. ك) دەگەڕێتەوە، ئەگەر باس لەڕابردوو بكەین و خزمەتە زۆر و گرنگیدانە پڕ بایەخەكەی (ی. ن. ك) بكرێت، ئەوا زۆری دەوێت، چونكە شوێن نییە لەم هەرێمەی خۆمان لە باشووری كوردستان بە ناوچە دابڕێنراوەكانیشەوە بە كەركوكی قودسی كوردستانیشەوە دەستی خزمەتی وەرزش و لاوانی (ی. ن. ك) ی پێ نەگەیشتبێت، نابێت ئەوەش لەیاد بكەین راستە كەم كوڕی هەبووەو گلەیی و گازنەدەش هەبووە، بەڵام خزمەتەكان لە گلەییەكان زیاتر بووە.

خزمەتەكانی تر زۆرن
ئەگەر ئاوڕێك لە خزمەتە جیاجیاكانی تری (ی. ن.ك) بدەینەوە كە پێشكەش بە توێژی وەرزشكاران و لاوانی كوردستانی كردووە ئەوا ناتوانرێت لەباسێكی وادا جێیان ببێتەوە، خزمەتەكان یەكجار زۆرن، نۆژەنكردنەوەو فراوان كردنی یاریگای سلێمانی كردنی بەم یاریگایەی ئێستا، ئەوە (ی. ن. ك) و حكومەتی ئیدارەی پێشووی سلێمانی بوو پێی هەستاو جەنابی مام جەلال خۆی بەرەسمی یاریگاكەی كردەوە، دەستگیرۆیی یانەكان بەبێ جیاوازی خزمەتێكی تری (ی. ن. ك) بووە بە توێژی وەرزشكاران و لاوانی كوردستان، هەموو لەبیرمانە پاش روخانی رژێمی بەعس یەكەمین كۆنگرەی ئۆڵۆمپی عیراقی لە سلێمانی بە ئامادە بوونی سەرۆك مام جەلال كارەكانی بەڕێكردو لەدوكان كۆنگرەی خۆی بەست، و دەیان خزمەتی گرنگی تر.

دوای كۆنگرەی چوارەم
هەر سەبارەت بە لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان نابێت ئەوە لەیاد بكەین لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بێ سەروبەرییەكی زۆر بەكارەكانییەوە دیار بووە، هەر ئەم بێ سەرەو بەرەییە و وەرزشی سنوری سلێمانی –یەوە دیاربوو، ئەمەش بەهۆی نەبوونی سەرپەرشتیار یان مەرجەعێك بۆ وەرزشی سنورەكە، بەڵام لەدوای كۆنگرەی چوار پێموایە بارودۆخەكە تەواو دەگۆرێت و دامەزراندنی بۆردی وەرزشی دەبێتە دەستپێكی نوێ بۆ سەرپەرشتیكردن و بەرێوەبردن و هاوكاری و پاڵپشتیكردنی بواری وەرزش و لاوان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا، نابێت ئەوە لەیاد بكەین هەر دەستوەردانێك لەلیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتییە وەرزشییەكان رێگە پێدراو نییە، ئەوان دەبێت مافی كاركردنی سەربەخۆی خۆیان هەبێت وەك دەزگایەكی نیشتمانی، راستە كوردستان هەرێمێكەو لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستانیش لەلایەنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كیشوەری و جیهانییەوە باوەڕپێكراو نییە، بەڵام خۆدەكرێت حكومەتی هەرێم بەرەسمی وەك دەزگایەكی نیشتمانی و پایەیەكی گرنگی دروستبوونی وڵات مامەڵەی لەگەڵ بكات، نەك بیخاتە ریزی رێكخراوە ناحكومییەكان.

بەیاسایی كردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان
پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەسمی لەرووی داراییەوە پشتگیری بكات، بەیاسایی كردنی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و جوڵاندنی دۆسیەی لیژنەی ئۆڵۆمپی لەپەرلەمانی كوردستان ئەركی ئەم دامەزراوە گرنگەی تری هەرێمی كوردستانە كە ماوەیەكی زۆرە لەوێ تۆزو خۆڵی چەند خولێكی پەرلەمانی لەسەر نیشتووە و ئەوە ماوەی چەندین ساڵە نەتوانراوە تەنیا یەك خوێندنەوەشی بۆ بكرێت، بۆیە ئێستاو پاش كۆنگرەی چوارەمی (ی. ن.ك) ئەركی بۆردی وەزرشی یەكێتی ئەوەیە لەیەكەم هەنگاویدا جوڵاندنی كەیسی بەیاسایی كردنی لیژنەی ئۆڵۆمپییە لەپەرلەمانی كوردستان و لەرێگەی فراكسیۆنی یەكێتییەوە دەبێت كار بۆ ئەم كەیسە بكرێت، ئەركی دواتری پاڵپشتی و هاوكاری سەرجەم وەرزشكاران و لاوانی كوردستان بێت.

ئەركەكانی بۆردی وەرزش
لەو ئەركە گرنگانەی كە دەكەوێتە سەرشانی بۆردی وەرزشی ئەوەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و بتوێن و هەڵەبجەو چەند شوێنێكی تر، بەدەر لە سەرجەم بوارەكانی تر، لەرووی وەرزشەوە سەرجەم ئەم شوێنانە فەرامۆشكراون، لەكاتێكدا جگە لەتۆپی پێ لەسەرجەم یاریی و چالاكییەكانی تر بەتایبەتی سلێمانی ئاستێكی بەرزی هەیە چ لەسەر ئاستی كوردستان یان عیراق، كەم هەڵبژاردەی عیراق هەیە یاریزانێكی ئەو سنورەی تێدا نەبێت، بەڵام پرسیاركە لێرەوە دەستپێدەكات، ئایا بەڕەچاوكردنی ئاست و توانای یاریزانانی ئەم شارە خزمەت و پاڵپشتیكراوە، لەوەڵامدا دەڵێین نەخێر.

بەنێودەوڵەتیكردنی یاریگای سلێمانی
جێگەی دەستخۆشییە بەردەوام هەوڵ هەبووە بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لەیاریی تۆپی پێ لەسەر یاریگاكانی هەردوو شاری هەولێرو دهۆك كە سێ یاریگای نێودەوڵەتییان تیادا هەیە، بەردەوام یاری نێودەڵەتی خراوەتە ئەو یاریگایانە و سودمەندیش بوون لێی، ئەی چی بۆ یاریگاكەی سلێمانی (مەلعەبەكە)كراوە تا وەك یاریگاكانی تری كوردستان بەنێودەوڵەتی بناسێنرێت و هیچ نەبێت بێتە یاریگایەكی باوەڕپێكراوی نێودەوڵەتی ئەگەر بەیارییەكی دۆستانەش بووێت، بۆیە یەكێكی تر لەئەركەكانی بۆردی وەرزشی دروستكردنی لینكێكی نوێی پەیوەندیە لەگەڵ وەرزشی عیراق، بەتایبەت ئامادەكاریی بكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستێك لەیەكێتی تۆپی پێی عیراق كە بریارە لەچەند مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی بۆ بكرێت، دواتر لەرێگەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عیراق و لیژنەی ئۆڵۆمپی هەوڵەكان دەستپێبكرێنەوە بۆ خزمەتكردنی زیاتر.

لەسەر ئاستی كوردستانیش بوردی وەرزشی دەتوانێت گڕوتینێكی تر بەو كادیرانە ببەخشێت كە خۆیان بەئەندام یان لایەنگیری یەكێتی دەزانن، بەپلان و بەرنامەیەكی نوێ كاربكەن و رەچاوی بارودۆخی وەرزشی هەموو شارو شارۆچكەیەك بكەن وەك ئەو رۆڵ و ئاستەی هەیەتی، یان لەرێگەی ئەو لیژنەی راوێژكارییەی بریاری دروستكردنی لێدراوە، ببێتە پاڵپشت بۆ دانان و پێشكەشكردنی بەرنامەی زانستی و ئەكادیمی بە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێڕەو و رێچكەیەكی نوێ بۆ دروستكردنی پەیوەندی و كاركردن لەگەڵ عیراق و دەرەوەی عیراقیش، هەروەها ببێتە ماڵە گەورەكەی وەرزشكاران و وەك پارێزەر لەپشتیان بێت، چ لەرووی بەشداریكردن لە چالاكییە نێودەوڵەتییەكان یان سەندنەوەی ماف لێیان كە بەردەوام وەرزشكاران رووبەڕووی نادادپەروەری و زیان دەبنەوە.

 

print

 123 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*