سەرەکی » وتار » ژن و يه‌كێتی

ژن و يه‌كێتی

شاناز هيرانى

زۆر که‌س له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دان، که‌ زانستی سیاسه‌ت وه‌ک زۆربه‌ی زانسته‌کانی دیکه‌ به ‌پێی خواستی پیاوان بناغه‌کانی داڕێژراوه‌ و هه‌ر به‌و پێیه‌ش به‌ ڕێوه‌ ده‌چێ. به‌ڵام به ‌پێی بنه‌مای یه‌کسانیی دوو ڕه‌گه‌ز، پێویسته‌ ژن و پیاو پێکه‌وه‌ سیاسه‌ت و حزب ئیداره‌ بدده‌ن. هاوکاریکردن بۆ پێکهێنانی قه‌واره‌یه‌کی سیاسیی ئایدیاڵ هه‌موانی پێویسته‌ به ‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه،‌ به‌ڵام زیاتر سازدانی وه‌ها به‌ستێنێک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌تمه‌دارانێک که‌ هه‌ستیان به‌ بۆشایی له‌و خانه‌یه‌دا کردووه و ئه‌وان پێویسته‌ بۆ به‌رابه‌ریی ڕه‌گه‌زی له‌ مه‌يدانى بڕیارداندا و بردنه‌سه‌ری ڕێژه‌ی ژنانی به‌توانا و سازدانی سیمایه‌کی نۆرماڵ، ڕه‌وتێکی ڕوو به‌ هه‌ڵکشان له‌ ڕێژه‌ی ژناندا بخه‌نه ‌گه‌ڕ.

جێگای ئاماژه‌یه‌ که سیاسه‌ت به ‌گشتی و سیاسه‌تی کورديش به‌ تایبه‌تی چی دیکه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدا نییه‌، که‌ له‌ تیۆری سیاسه‌تی کلاسیکدا که‌ڵک وه‌ربگرێ. به‌و پێیه‌ که‌ ئه‌م تیۆرییه‌، شێوازێکی جیاکارانه‌یه‌ و تێیدا ژێرده‌سته‌یی ڕه‌گه‌زی مێ ده‌بێته‌ فشارێکی گه‌وره‌ بۆ سیاسه‌تكردن، چونکه‌ ئه‌م کاره‌ له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ و بنه‌ماکانی ئازادی یه‌ک ناگرێته‌وه. شیاوی باسكردنه‌ بۆ گۆڕینی هاوکێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ژن و پیاو له‌ ناو حزب و سياسه‌ته‌دا‌، نابێت ته‌نیا ژنبوون وه‌ک ڕه‌گه‌ز له‌به‌ر چاو بگیرێ له ‌پێناو مۆدێرنکردنی سیما و ڕووخساری حزب، به‌ڵکو ژنانێک پێویسته‌ بێنه ‌پێشه‌وه‌ که‌ هۆشیار و ئاگا و به‌ توانا بن.

له‌ قۆناغی دواتردا ئه‌رکی سیاسه‌تمه‌داران‌ بگێڕن و ئه‌وان ده‌بێ لێکدانه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌سوودبوونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ بکه‌ن و ڕاده‌ی قازانجی بوونی ژنان له‌ پۆسته‌ سه‌ره‌کییه‌کاندا شرۆڤه‌ بکه‌ن.
يه‌كێتیى نيشتیمانیى كوردستانيش وه‌ك هه‌ر حزبێكى سياسى له‌ كوردستاندا، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروستبوونیه‌وه‌ ژنانى خسته‌ ناو بازنه‌ى ڕێكخستنه‌ نهێنیيه‌كانى شار و له‌گه‌ڵ خه‌باتى ئه‌وانيشدا ژنانى شاخ و زيندانى سياسيشى به‌ يه‌كه‌وه‌ به‌سته‌وه‌. ئه‌و ژنانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له ‌مێژووى يه‌كێتيیدا به‌ پڕشنگدارى باس ده‌كرێن و پايه‌كى سه‌ره‌كیی سه‌ركه‌وتنى يه‌كێتيیش بوون له‌و سه‌رده‌مه‌دا، كه‌ خه‌باتكردن بۆ پياوانيش سه‌خت بوو، چجاى ژنان. بۆيه‌ ژن له ‌ناو ئه‌و حزبه‌دا خاوه‌ن مێژوويه‌كى خۆيه‌تى و هه‌ر له‌ ڕوانگه‌ى ئه‌و مێژووه‌شه‌وه‌ به‌ مافى ڕه‌واى خۆى زانيوه‌ تێكه‌ڵاوى ژيانى سياسى و حزبى بێت و داواى پێگه‌ و شوێنپێ بكات له‌ ناو حزبدا. به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌ى يه‌كێتیى له ‌چاو سه‌رجه‌م حزبه‌ كوردستانيیه‌كانى تر پشكى شێرى به‌ركه‌وتووه‌ له‌ ڕيژه‌ى به‌شداریى سياسیى ژنان، به‌ڵام به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م ژن يه‌كجار زۆرن و كه‌موكوڕیيه‌كى به‌رچاو له‌ ڕێژه‌ى ژناندا هه‌يه‌. بۆ نموونه‌ دياريكردنى له‌ 25% زۆر كه‌مه‌ به‌راورد به‌و ژماره‌ى زۆره‌ى كادرانى ژن و ڕۆڵى به‌رچاويان له ‌ناو ئۆرگانه‌كانى حزبدا.

بۆيه‌ پرسياره‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌: ئايا له ‌ناو يه‌كێتیدا، ژنانى شايیسته‌ و لێهاتوو نين بگه‌نه‌ سه‌نته‌رى بڕيار و بڕيار به‌ده‌ست بن!! ده‌بێت سه‌ركردايه‌تیى يه‌كێتیى درك به‌وه‌ بكات، كه‌ هێزى جه‌ماوه‌ریى ژنان ئه‌و هێزه‌يه‌‌ كه‌ يه‌كێتیى به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن ده‌بات. گه‌ر متمانه‌ به‌و هێزه‌ نه‌كرێت، ئه‌وا دژايه‌تیى تێزى بيركردنه‌وه‌ و تێڕوانينى خودى مام جه‌لاله‌، كه‌ هاوبه‌شيكردنى ژنانى زۆر به‌ پێويست ده‌زانى.

ژنانيش ده‌بێت درك به‌و ڕاستيیه‌ بكه‌ن، كه‌ هه‌روه‌كو چۆن كه‌مته‌رخه‌مى و خۆبواردن له‌ هه‌ر كارێكدا باجى خۆى هه‌يه‌، به‌ هه‌مانشێوه‌ش كه‌مته‌رخه‌مى و خۆبواردن له‌ به‌ده‌ستهينانى ماف و به‌شداریيه‌كى كارا له‌ ناو حزبدا باجى خۆى هه‌يه‌. داواى به‌شداريیه‌كى ڕاسته‌قينه‌ و كارا له‌ ناو حزبدا بكه‌نه‌ پێوه‌ر بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكى داهاتوويان.

ئه‌وه‌ی تێبینيش ده‌كرێت حزبه‌ سیاسیه‌كان به‌گشتى ئه‌وه‌نده‌ی پێویست بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی حزبه‌كانیان، كارئاسانی ده‌كه‌ن ژنان بێنه‌ بواری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بۆ پۆسته‌ په‌رله‌مانی و حزبیه‌كانیش، به‌ڵام كه‌متر ڕێگا ده‌ده‌ن به ‌ژنان له‌ پۆسته‌ كارگێڕیه‌ به‌رپرسیارێتیه‌كانی تر شوێنیان پێبدرێت، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ ته‌نیا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه ‌بێت پێیان وابێت به‌شێك له‌و ژنانه‌ی هاتوونه‌ته‌ پێشه‌وه‌ به‌ پشتیوانی حزب له‌هه‌ڵبژاردندا ئه‌و شوێنه‌ی پێبه‌خشراوه‌، به‌ڵام له‌ڕووی كارگێڕیه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌بن بتوانن كاری وا گه‌وره‌ به‌ ئه‌وان بسپێرن. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌ پێشكه‌وتنی ڕه‌وشی ژنان هێشتا له‌و ئاسته‌ دا نییه‌ جێگای دڵخۆشی ژنان بێت.

من لام وایه‌ ئه‌گه‌ر بە به‌راورد به‌ ڕابردوو، ڕه‌وشی ژنان له ‌هه‌رێمی كوردستان زۆر چوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا كاری ژنان نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی جێگای دڵخۆشی بێت، پێویسته‌ ژنان خۆیان په‌روه‌رده‌ بكه‌ن پشت به‌خۆیان ببه‌ستن بۆ ئه‌وه‌ی كادری لێهاتوو به‌توانایان لێ‌ ده‌رچێت و خاوه‌ن توانای خۆیان بن.

print

 479 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*