سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم…

نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم…

نوێبوونەوەی یەكێتـی لە نێوان مێژوو و دروشم و واقیعدا

بەشی دووەم

ئەم نوێگەرییە خۆی لە خۆیدا تازە بوو، لەسەر دار و پەردووی هیچ بزووتنەوە و دامەزراوەیەكی تر بنیادنەنراوە، بەڵكو لە نوێوە دامەزراوە، بەڵام لە قۆناغێكی زۆر كاریگەردا، ئەویش قۆناغی دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول بوو، بۆیە یەكێتی-ش وەك زۆرێك لە حزبەكانی دونیا چەند قۆناغێكی بڕیوە، نموونە قۆناغی شاخ، واتە ئەو قۆناغەی كە لە ساڵی 1975 -ەوە دەستپێدەكات ‌و لە ساڵی 1991 كۆتایی دێت.

لەم قۆناغەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی بەرەنگاری و شەڕی چەكداری بوو، قۆناغی رووداوی تراژیدی وەك كیمیاباران و ئەنفال و سووتمكاك كردنی كوردستان و راگواستنی خەڵكەكەی بوو بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان، مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد لە سەد ساڵی رابردوودا، هیچ حزبێك نەیتوانیوە بە قەد ئەم قۆناغە لە خەباتی چەكداریدا داهێنان بكات، هەر لە گرتنەدەستی سەركردایەتیی شۆڕش لە لایەن دەستەبژێرێكی وردە بۆرژوای خوێندەوار و رۆشنبیر و شاریی كوردستان، هەروەها گۆڕینی جۆری شەڕ و گورزوەشاندن لە دوژمن.

داهێنانی مۆدێلی فرەئاراستەیی لە بیروباوەڕی سەردەم هەم لە چەپەوە بیگرە تاكو كۆنسێرڤاتیڤەكانی كۆمەڵگای كوردی، كەوا تەنها بیر و باوەڕێكی نەتەوەیی دەیجووڵاندن، هەمووشی لە چوارچێوەی یەك رێكخراوی نیمچە بەرەییدا، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا یەكێـتی كەوتە شار و ئیدارەی حوكمڕانی كەوتە دەست، لەم قۆناغەشدا یەكێتی توانی چاكسازی و نوێبوونەوە بكات و خۆی لەگەڵ دونیای سەردەمدا گونجاند.

كاتێ لە ساڵی 1992 یەكەم كۆنگرەی خۆی بەست و هەموو رێكخراوەكانی هەڵوەشاندەوە و كردنی بە یەك حزب، بیر و باوەڕی سۆسیالیست دیموكراتی وەك رێباز و فكری خۆی كردە بنەمای كاری سیاسی و رێكخراوەیی خۆی، كە بیر و باوەڕێكی سەردەمییانەی كۆمەڵگا پێشكەوتووخوازەكانە و بیر و باوەڕێكی نەرمی مام ناوەندە لە نێوان چەپی رادیكاڵ و كۆنسێرڤاتیڤی چەپڕەو، ئەو كۆمەڵگایانەی لە ژێر تەوژم و ئاراستەی سۆسیالیست دیموكراتەكاندان، هەمیشە كۆمەڵگەی خۆشبەخت و مرۆڤ دۆست و ژینگەپارێز و دیموكراتن و دادپەروەری كۆمەڵایەتی لە ئاستێكی باڵادایە.

هەر یەكێـتی بوو خاوەنی داهێنانی بیرۆكەی هەڵبژاردن و پاشان دامەزراندنی حكومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی تری بوو بۆ بەڕێوەبردنی خەڵكی كوردستان، لەسەر ئاستی میدیاشدا یەكەم تەلەفزیۆن و یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی كوردی رەسەنی دامەزراند و چەندین كاری تری كرد، كە بەشێك بوون لە پێویستییەكانی قۆناغەكە. یەكەم كۆلێژی سەربازی دامەزراند بۆ بە ئەكادیمی كردنی هێزی سەربازیی كوردستان، یەكێتی هەمیشە ئەو شانازییەی هەبوو كە حزبێكی گەنجە و هەمیشە خۆی لەگەڵ سەردەمەكان دەگونجێنێ، لەو قۆناغەی كە پێی دەوترێ‌ شەڕی ناوخۆ و یەك ئیدارەیی، یەكێـتی لەویشدا لە داهێنان نەكەوت، ئەوە بوو بۆ یەكەمجار هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی كرد و چەندین حزب و لایەنی تری سیاسی بەشداربوون و لە هەندێ شوێنیشدا سەركەوتنیان بەسەر پاڵێوراوانی یەكێتیدا بەدەستهێنا.

هەر لەو سەردەمەدا پاڵاوگەی نەوتی دامەزراند و گەشەی بە پیشەسازی نەوت دا وەك سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ زیادكردنی داهات لە كوردستان و گەشەپێدانی پیشەسازیی گەورە، واتە سەرەڕای گەمارۆكان ئیدارەیەكی بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئیدارەیەكی سەركەوتوو بوو.

یەكێتی بەردەوام بوو لە داهێنان و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمدا، تاكو رژێمی بەعس رووخا و ئیدارەی كوردستان یەكیگرتەوە و گەمارۆی ئابووری لەسەر عیراق و كوردستان هەڵگیرا و بارودۆخی ئابووری گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات. لەگەڵ كرانەوەی كوردستان بە رووی جیهاندا و رژانی پارە بۆ بازاڕەكانی كوردستان، دیارە گەندەڵی و مشەخۆریش یەكسەر زیادیكرد و زیاتر بڵاوبۆوە، لەو كاتەدا ئاراستەی ریفۆرم لەناو یەكێتی سەریهەڵدا و كۆكردنەوەی ئیمزا دژ بە سكرتێری گشتی و پاشان رێكەوتن لە نێوان ئیمزا كۆكەرەوەكان و سكرتێری گشتی، هەموو ئەمانە وایكرد لەسەر فۆرمێك بنیشێتەوە بە ناوی هەڵبژاردن لە ئۆرگانەكانی یەكێتیدا.
رای خۆم ئەوكات زۆر بە راشكاوی نووسی لە هەفتەنامەی هەواڵ لە گۆشەی بە راشكاوی و لە نووسینێكدا بە ناونیشانی پێریسترۆیكا.

لەو نووسینەمدا بە تەواوی پێشبینی خۆمم نووسیبوو كەوا كام لا سەردەكەوێ و كام لا دەیدۆڕێنێ، هەرواش دەرچوو، بۆیە زۆر لەسەر ئەم قۆناغە نادوێم، تەنها ئەوە نەبێ ئەم بابەتی ریفۆرمە نەبڕایەوە تاكو ئەو رۆژەی كاك نەوشیروان چووە سەر گردێكی ناو جەرگەی شاری سلێمانی ‌و بەناوی ئەوەی پڕۆژەی میدیا و رۆشنبیری دروست دەكات، تاكو حزبێكی بۆ خۆی لەسەر حیسابی یەكێتی دروستكرد.

*ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی

print

 513 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*