سەرەکی » دۆسێ » کوردستانی سوور و دەنگی کوردانی یەریڤان

کوردستانی سوور و دەنگی کوردانی یەریڤان

پەیڤێک

کوردستانی سوور یان کوردستانی سۆڤێت، بەشێكی کوردستان بووە، بەڵام بەداخەوە ئێمە زۆر کەم ئاگاداری رەوشی سیاسی و ئابووریی و مێژوویی و فەرهەنگی ئەم پارچەیەی کوردستان بووین. راستە لەم چەند ساڵەی دواییدا، کۆمەڵێک هەوڵی باش دراوە بۆ ناسینی، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نەبووە.

لەم دۆسێیە تایبەتەدا کە لەلایەن جوان عومەر ئەحمەد-ەوە نووسراوە، باسی لایەنی مێژوویی و فەرهەنگی و سیاسیی کوردەکانی یەکێتی سۆڤێتی بەتایبەتی لە هەردوو کۆماری ئەرمینیا و ئازەربایجان دەکات، چۆن ئەوانیش رووبەڕووی سیاسەتی لەناوبردن و ئاوارەیی بوونەتەوە بەتایبەتی لەو دوو کۆمارەدا.

لە هەمانکاتیشدا تیشكی خستۆتە سەربەشی کوردی ئیزگەی یەریڤان، کە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بواری پێشخستنی فەرهەنگ و وێژەی کوردیدا بەتایبەتی لە یەکێتی سۆڤێتی پێشوودا.

کوردستانی نوێ

جوان عومەر ئەحمەد

سەرەتا ویستم تەنیا لەسەر رادیۆی یەریڤان و کارمەندەکانی شتێک بنووسم، بەڵام خۆ نەدەکرا ئاماژە بە کوردانی کوردستانی سوور یان کوردانی ئەرمینیا و بەگشتی کوردانی یەکێتی سۆڤێتی جاران نەددەم. هەڵبەت ساخکردنەوە و نووسین لەسەر بابەتێکی وەها هەستیار نەک هەر بەکاری خۆمی نازانم، بەڵکو رێگە بەخۆم ناددەم لەسەر نووسینێک تەنیا یەک بست لەو خاکەی ناوی خاکی کوردستانە، ببەخشمە وڵاتانی ئەو ناوچەیە یاخود بوونی کورد لەو ناوچەیە بە زادەی ئاوارەبوون و هەڵهاتن لەو جەنگە ترسناکەی تورکەکان دەرهەق بە نەتەوەی کوردیان کردووە.

کوردستانی سوور چی بەسەر هات؟
ئەم هەرێمە لە ساڵ 1923 دامەزاو تا ساڵی 1929 بەردەوامی هەبوو، واتا تەنیا شەش ساڵ توانیان بەئارامی بەرێوەی بەرن هەرێمی لاچین بەرووسی کراسنێ کوردستان و بە ئەزەری قیزل کوردستان پێ دەگوترا (Krasniy Kurdistan; bi azerî: Qizil Krdistan) پایتەخەتی کوردستانی سوور لاچین (Laçîn) بووە.

زمانی فەرمی زاراوەی کرمانجی (zaraveyê kurmancî) بەتیپی کیریلی (tîpên kîrîlî) نووسیویانە.

کوردستانی سوور پێکهاتبوو لەم ناوچانە:
کەرەکیشڵاک (قەرەقیشڵاغ)، کەلبەجار، کوباتلی (قوبادلی)، کوتورلی (قوتورلی)، کوردگاجی (کوردحاجی) و مورادخانلی.(Laçîn, Qûbadlî, Kelbajar) ئەم ناوچانەش خاکێکی دانەبراوی کوردەکان بووە و ئەو هەرێمە ئەتۆنۆمیان تیدا دامەزراند.

ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکە
ئاوایی کەرەکیشڵاک %99،7 دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ئاوایی کەلبەجار %99،8 دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ئاوایی قوتورلی %99،9 دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ئاوایی کوردحاجی %98،6 دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ئاوایی مورادخانلی %98،02 دانیشتوانەکەی کورد بوون.

ئاوایی قوبادلی %98،9 دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون.!؟

هەرێمی لاچین :دکتۆر جەبار قادر لە توێژنەوەکەی خۆیدا دەڵیت :
بەهۆی ئەوەی لە کوردستانی سووردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو نەبوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری (شوشێ) ی ئازەربایجان بووە. ئەوەی هەر ئەو دەمە مایەی پرسیاری لای زۆر کەس دروستکردبوو لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە 98، 9% دانیشتوانی ئازەری بوون و 1% تریشی ئەرمەن بوون، واتا هیچ کوردی لێ نەدەژیا. یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیاندا نزیکی سەد دەر سەد بوو.

هەروەها دەڵێت:
بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی «داڤید بابایان» ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە 100% کەم بکرێتەوە بۆ 73% دانیشتوان. قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازەربایجان کە سەد دەر سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات.

هۆکاری بە ئۆتۆنۆمیکردنی هەرێمی لاچین!
وەکیل مستەفا لە وتاری بۆچی لینین و گۆرباچۆڤ ویستیان کوردستانی سووریان لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا دابمەزرێنن؟ کە لە لایەن سوارە شاکەلی وەرگیڕانی بۆ کراوە هۆکارەکەی دەگەڕێنتەوە بۆ قەیسەرەکانی رووسیا و چەتەی (دەشناک)ەکانی ئەرمێنیا و دەڵێت :
لە ئەنجامی جەنگەکاندا، جەنگی سەد ساڵەی قەوقاز، جەنگی ڕوسی و تورکەکان، جەنگی ڕووس و ئێران. لە سەر ئه و خاکەی کە کوردەکانی لەسەری دەژیان ، لە ئەنجامی ئەم جەنگانەدا ملوێنێک ئەرمەنی، یۆنانی و ئاشووری و ئێزدی و تورکی و ئێرانی لە تورکیا و ئێرانەوە گوزرانەوە بۆ ئەم ناوچەیە و نیشتەجێ کران.

ئەمەش لەسەر بیرۆکەی قەیسەری ڕووس نیکۆلای یەکەم و قەیسەرەکانی تریش کە بەدوای ئەودا هاتنەسەر حوکم تا دەگاته نیکۆلای دووەم درێژەی هەبوو. ئەم ڕاگوازراوانە کە بوونە نیشتەجێی ئەم ناوچانە، تەنها ئەرکیان پاراستنی هێزەکانی پشتیوانی سوپای ڕووسی نەبوو بەرامبەر کوردە موسوڵمانەکان، کە لە بەرهەڵستی ڕووسە داگیرکەرەکاندا بوون لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵکو لەسەریان بوو هەموو خواردن و ئالیکی سوپای ڕووسیا ئامادە بکەن، سەرباری ئەمانەش دەبوو وەک کرێکار کار بکەن لە ناوچەی دەر هێنانی نەوتی باکۆ و شیرڤان (بەدوورو درێژی لەسەر ئەمە نوسراوە لە کتێبەکەی مینۆرسکی-دا بەناوی کورد).
لەم نیوەندەدا کریستیانەکان ناوچە شاخاوییەکانیان بۆمایەوە کە دەکاتە ئەرمینیای ئێستا، کەرەباخ و زەنگە زورە. لەگەڵ بەردەوامی هێرشی بێکۆتایی کوردەکان. هەر لەبەر خۆپاراستنیش له و هێرشانە ڕوویان لەچیاکان کرد، بەشێکی زۆریشیان سەدان هەزار کەس دەبوون ناوچەکەیان بەجێهێشت و ڕوویان لە ڕووسیا و ئاسیای ناوەراست و ئەوروپا کرد، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت له و ناوچانە نیشتەجێن.
ئو ئەرمینیانەی کەمانەوە بەهاوکاری ڕوسە کازاخەکان، زیاتر خەریکی ڕاورووتکردن و دەسترێژکردنە سەر و بەرەنگار بوونەوەی موسوڵمانەکانی ناوچەکەبوون تادەگاتە سنوری باکۆ.

لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا ئەم ڕاوڕووتکردن و تاڵانکاریە زیاتر پەرەی سەند، بەتایبەتی پارتی (دەشناک) کە پارتێکی شۆرشگیڕی ئەرمەنی بەهێز بوو، ئەمان بارودۆخی ئەو سەردەمەی بەلشەفیکەکانیان بۆ خۆیان قۆستەوه و حکومەتی دەشناکی ئەرمینیان ڕاگەیاند کە پاتیەختەکەی شاری گویمری بوو.

هەر لەم ساڵەدا بە بیانووی پاراستنی موسوڵمانانەوه لەبەرامبەر دەستدرێژی ئەرمەنەکان، سوپای تورک هاتنەناو خواروی قەفقازەوە بۆ بە دامەزراوەکردنی تورکە ڕاگوازراوەکانی سەر خاکی کوردستان لە ناو خاکی تاڵیشی و لیزگین حکومەتێکی تورکیان لەژیر دەسەڵاتی (موساڤاتدا) بۆ موسڵمانەکان دامەزراندن.

هەرچەندە لەسەردەمی بونیادنانی سۆڤیەتد،ا ئەرمینیا وئازەربایجان و نیکچان سەر بەیەکێتی سۆڤیەت بوون، بەڵام ئەم تاڵانکاروی وڕاو ڕووتکردنەی ئەرمەنەکان لەسەر دەستی دەشناک، نەک نەتوانرا کۆتایی پێبهێنرێت بەڵکو هەر دڕێژەی هەبوو بۆسەر شارو شارۆچکەکانیئازەربایجان.

لە ساڵی 1923 لینین و لایەنگیرەکانی لەوانە کیرۆڤ، ناچاربوون حکومەتی ئۆتۆنۆمی کوردستانی سور دابمەزرێنن کە دەکەوێتە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە. تەنها ئەمکارە توانی کۆتایی بەهێرشی ئەرمەنەکان بۆ سەر ئازەربایجان بێنێت.

فلادمیر لینن(Vladimir Lenin)
لەسەرەتای 1920 دا نامەیەک بۆ نەریمانۆڤ (Nariman Karbalayi Najaf) دەنووسێت کە لەو سەردەمەدا نەریمانۆڤ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان بووە لە یەکێتی سۆڤێدا، داوای لێدەکات کە هەڵسێت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی لاچین (Laçîn) لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایخان، بە دامەزراندی ئەم هەرێمەش نێوانی هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان دووکەرت دەبێت، بەم هۆکارەش تاڵانکاری (دەشناک)کەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر ئازەربایجان سنووردار دەکرێت و کۆتایی پێ دێت و نەریمانۆڤ لە رێکەوتی 07-07-1923 بە فەرمی هەرێمی ئۆتۆنۆمی لاچین دادەمەزرێنیت بەناوی (کوردستانی سوور) بە دوو ساڵ دوای دامەزراندنی کوردستانی سوور نەریمانۆڤ لە رێکەوتی 19-03-1925 لە تەمەنی 54 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.

هەندێک لە هاوسۆزانی شیوعی و چەپەکان ئەمە بە بڕیارێکی دادپەروەران دەخەمڵێنن و دەڵێن: هاوڕێ لینین هاوکارێکی بەهێزی کەمە نەتەوەکان بووە لە یەکێتی سۆڤێتیدا، بە بریاری ئەو بوو کە کەمە نەتەوەکان، کە پێشتر لە لایەن نەتەوەکانی تری ناوچەکەوە گوشاریان دەخرایە سەر و دەچەوسێنرانەوە، هەربۆیە فەرمانی داوە بۆ هەر کەمە نەتەوەیەک لە خاک و زێدی خۆیاندا ئۆتۆنۆمی وەربگرن و بەردەوامی بەژیان بددەن. هاوڕێ لینین بەم شێوەیە کەمە نەتەوەکان لە زوڵم ستەمی نەتەوەکانی ناوچەکە دەپارێزیت. بەڵام لە تەواوی بەڵگەنامەکاندا ئەوە پشتڕاستکراوەتە، جگە لە بڕیاریکی سیاسی و پەرژەوەندی سیاسی بە قووربانیکردنی نەتەوەی کورد هیچ پڕەنسیپێکی شۆرشگیرانەی لەپشتەوە نەبووە. لەساڵی 1930 دەشناکەکانی ئەرمینیا بەتەواوەتی لەناوبران و دەسەڵاتی توندی سۆڤیەت حوکمی گرتەدەست، کوردستانی سوور ئەرکی خۆی بەجێهێنا، لە کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان ئەرمەن و ئازەرباینجانیەکان، بۆیە ئیدی کەس ئیشی پێنەما، هەر لەبەر ئەمەش ستالین لەسەر داواکاری ئازەرباینجان و تورکیا و ئێران بڕیاری هەڵوەشانەوەی کوردستانی سووری دا.

لەئەنجامی هەموو ئەم شەڕانەدا نزیکەی دوو ملیوێن و سێ سەد هەزار کورد تیاچوون و دوو ملیۆن و نیو کوردی تریش خۆیان ناونوسکرد بە تورک، کە لە ئەنجامدا ڕەگەزنامەیان گۆڕاو لەگەڵ تێپەربوونی کاتدا بوون بە تورک، ئەوەی شایانی باسە لە کۆی نزیکەی پەنجا هۆزی جیاوازی کوردی لە قەفقازی خواروودا یەک کوردی تێدا نەمایەوە.

دووبارە هەوڵدان بۆ دامەزاندنەوەی کوردستانی سوور لەلایەن میخائیل گۆرباتشۆڤ لەباربردنی
لەساڵی 1988 لە ئەنجامی دووبارە بونیادنانەوەدا (پێری سترۆیکە) کە کۆتاییهات بەلادانی کۆمۆنیستە دیکتاتۆرەکان بوو. ئەرمەنە دانیشتوانەکانی کەرەباخ داوایانکرد کە جیاببنەوەو ئۆتۆنۆمی یان خستنەسەر ئەرمینیا، سەرەتا ئەمە بە خوێن ڕشتن دەستی پێکرد، کەرەباخ نەک هەر دەورەدرابوو بەئازەربایجان، بەڵکو دەوری گیرابوو بە سوپای سۆڤیتیش. لە ئازەربایجانەوە 300 هەزار ئەرمەنی دەرکران و لە ئەرمینیاش نزیکەی 200 هەزار تورک دەرکران، لەگەڵ 20 هەزار کوردی موسوڵماندا.

لەساڵی 1991 سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت گۆرباتشۆڤ گەشتە ئه و بڕوایەی کە کۆتایهێنان بە جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە بێ پێکهێنانی کوردستانی سور کۆتایی نایەت، هەرچەندە لەو سەردەمەدا بە هەوڵەکانی (بابایف محەمەد سلۆ) کە داوای لە تەواوی کوردانی رووسیا کردبوو خۆپیشاندان بکەن، لە ساڵی 1990دا بە سەرۆکایەتی بابایف محەمەد سلۆ کاتێکیش، سێ خۆپیشاندانی گەورەیان لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کرد، (کەی جی بی KGB) هەست بەوە دەکات بارودۆخەکە خەریکە لەدەست دەر دەچێت.

بابایڤ دەستبەسەر دەکەن و لە کاتی لێکۆڵنەوەدا لێ دەپرسن بۆچی داوای کورستانی سوور دەکەنەوە؟ لە وەڵامدا بابایڤ محەمەد سلۆ دەڵێت: ئێمە هەڵبژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە کوردستانی سوور، تا لە کوشتاری ئەرمنیاکان و سووتانی ماڵەکانمان رزگارمان بێت، ئێمە لەگەڵ دراوسێ ئەرمەنییەکانمان ماندووبووین، ئەوان پێمان دەڵێن ئێوە کێن؟ لە کوێوە هاتوون؟، ئێمەش دەمانەوێت بیسەلمێنین کە ئێمە کێین و ئەم خاکەش خاکی کوردانە، سەرۆکی پێشووی سۆڤیەتیش (لینین) ئەم هەرێمەی دامەزراندوە، دە بڵێن ئێوە بەرهەڵستکاریی لینین دەکەن؟

پاشان بڕیاریان دا لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندیی حزب کۆببنەوە، ئەو کاتە (بریماکۆف) بەرپرس کۆمیتەی حیزبی شوعی یەکێتی سۆڤێت دەبێت و کاتێک بریماکۆف دێتە ناو هۆڵەکەوەو بەدەنگی بەرز هاوار دەکات ئەی کوردەکان چیتان دەوێت؟ بابایڤ توڕە دەبێت یەخەی بریماکۆڤ دەگریت و دەڵێت تۆ دوژمنی کوردیت و نامەوێت لەگەڵ تۆ دانیشت بکەم.

بۆیە لەمانگی ئایاری ساڵی 1991 گۆرباچۆڤ فەرمانی کرد بەسەرۆکی ئازەربایجان موتالیبۆڤ کە لە ماوەی دوو مانگدا ئۆتۆنەمی کوردستانی سوردابمەزرێنیتەوه.

بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی تورکیا سلێمان دیمیرێل، حەیدەر عەلیەڤ-ی داوەتکرد بۆ ئەنکەرە و سەد ملیۆن دۆلاری پێبەخشی، تاوەکو خۆی بۆ شەڕ ئامادە بکات و بتوانێت زۆرێک لە سەرکردەکانی سوپای ئازەربایجانی پێ بکڕێت و کارێک بکات کە بتوانن کوردەکانی کوردستانی سوور دەربکەن و شارەکان تەسلیمی ئەرمینیا بکەن بەبێ کورد، بەم کارەش نەهێڵن فەرمانەکەی گۆرباچۆڤ جێبەجێ بکرێت و بەم هەنگاوەش مەسەلەی کوردستانی سوور لە ناو بابەتی ڕۆژ بهێنریتە دەرەوه.

بەڵام زۆری پێنەچوو ئازەربایجان شەڕێکی گەورەی دژ بە ئەرمینیا ڕاگەیاند کە توانرا، قەڵای تشوشی و لاچین و کلبەجار بەبێ هیچ بەرگریەک بگرن. هەرلە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا ،ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەت کۆتایی پێهێنرا و گورباچۆڤیش لە پۆستەکەی لابرا، پیلانەکەی دیمیرێلیش لەدژی گەلی کورد سەرکەوتوو بوو.

حەیدەر عەلیێڤ نەک تەنها ڕزگاری بوو لە دامەزراندنی کوردستانی سوور، بەڵکو پارەیەکی زۆریشی دەستکەوت کە بە هاوکاری نەخچکەڵانی و بەرەی گەل و تورکەکانی ئەرمینیا بەبێ هیچ بەرگریەکی سەرۆک و لە هەڵبژاردندا کورسی سەرۆکایەتی ئازەربایجانی زۆر بە ئاسانی بۆ چۆڵکرا و کوردستانی سوور ئەمجارەش بەپیلانی حکومەتی تورکیا لەناوبرا ئەم ململانێیە لە ساڵی 1988 هەتا 1993 بەردەوام بوو.

ڕادیۆی یەریڤان و دامەزراندنی:
لە مێژووی گەلاندا سەرەتای هەر شۆڕس و جوڵانەوەیەکی ڕامیاری لە رۆژنامەگەریەوە دەستی پێکردووە تا پەلیکێشاوە بۆ رادیۆ و تیڤی دەزگای راگەیاندو میدیا. سەبارەت بەگەلی کوردیش بەهەمانشێوە رۆژنامەگەری کوردی هاوشێوەی گەلانی ديکە بە رۆژنامەگەری چاپکراوە دەستیپێکردووە، تا گیشتۆتە ئەم ئاستەی ئێستا. ئەوەی ئاشکرایە دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردستانی بەدرخانیەکانە لەساڵی 1898، پاشان لەنێوان سالەکانی 1923-1929 واتا دوای 25 ساڵ رۆژنامەگەری بیستراوی کوردی دەرکەوتووە، ئەوکاتەی لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو. یەکەم رادیۆی کوردی زمان لەقەفقاز دەستی بە پەخشکردووە ئەتوانرێت ئەو رادیۆیە بەیەکەم رادیۆی کوردی زمان لەمێژووی کورد تۆمار بکەین.

ئەگەر زێدەرۆیی نەکەم لە باسەکەمەدا دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بەهەندێک لەو رادیۆیانە بکەم کە لەمێژووی نەتەوەی کوردا بەزمانی کوردی پەخشکراوە، جا چ لەلایەن داگیرکەرانی نەتەوەی کوردەوە دامەزرابێت یاخود لەلایەن خودی کوردەوە دامەزرابێت و بەرێوە برابێت.

رادیۆی کوردی زمان لە قەفقاز لەیەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە نێوان ساڵانی 1923-1929 دامەزرا.

بەپێی ریزبەندی مێژوویی، ساڵی(1939) بەشی کوردی لەرادیۆی (بەغداد-عیراق) کراوەتەوە، ئەم رادیۆیە بەپشتگیری راستەوخۆی دەوڵەت دامەزرا. سەرەتا تایبەت بوو بەگۆرانی و مۆزیک بێ ئەوەی تۆماربکرێن. مامۆستا (عەلی مەردان) کاری تێدا کردووە. رادیۆی بەغداد تاس اڵی(1949) دووسەعات و 45 خولەک پەخشی کوردی هەبوو، لەو ماوەیەشدا بەرنامەی ئاینی و پەروەردەیی و چیرۆک و داخوازی گوێگرانی پەخش کردووە.

فەرەنسیەکان ساڵی(1941) رادیۆیەکی کوردی زمان بەناوی(لیوانت) لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان دادەمەزرێنن و دوای پێنج ساڵ کارکردن پاش ئەوەی کاریان پێنەما پەخشی ڕادیۆکە دەوەستێن و دایدەخەن.
هەروەها ساڵی 1945 لەسەردەمی پێشەوا قازی محەمەد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەشاری تەبرێز ڕادیۆی کوردی دامەزرا، کارەکانی ئەم رادیۆیە زیاتر خزمەتی بە کۆمارەکەی پێشەوا قازی محەمەد دەکرد و دژیایەتی حکومەتی ناوەندی دەکرد، بەڵام دوای ساڵێک بەردەوامی ئەمیش لەگەڵ کۆتایهاتنی کۆماری کوردستان داخرا.

جارێکی ترو لە هەوڵێکی ديکە و بەمەبەستی کاریگەری دانان لەسەر گەلانی ژێر دەستی و سازدان و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە، حکومەتی بەریتانیا ساڵی (1942-1944) (رادیۆی رۆژهەڵاتی نزیک)ی دامەزراند، کە بەشێکی بەرنامەی رادیۆی کوردی کوردستان بوو، شاعیرو نووسەرانی کورد بەشی کوردی رادیۆکەیان بەڕێوەدەبرد لەوانە: گۆران، رەفیق چالاک، رەمزی قەزاز.
حکومەتی ئێران، لەماوەی ساڵەکانی (1955-1966) سوپای ئێران رادیۆیەکی بەزمانی کوردی دامەزراندو دوای ماوەیەکی کەم پەخشەکەیان راگرت. پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووەم لەرادیۆی (حەیفا) لە فەلەستین بەشی کوردی کردەوە کە لەو کاتەدا عەبدوڵڵا گۆران و رەفیق چالاک کاریان تێدا دەکرد.

لە رێکەوتی 01-01-1955 یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆجاری دووەم رێگەی دا بە کردنەوەی بەشی کوردی لە رادیۆی (یەریڤان)، لەهەفتەیەکدا چوار کاتژمێر بەزمانی کوردی پەخشی دەکرا.
ساڵی (1957) لەسەردەمی جەمال عەبدولناسڕ لە وڵاتی میسڕ لە رادیۆی قاهیرەی بەناوی(ئێرە کۆماری عەرەبی یەکگرتووە) 45 خولەکەی کرد بەزمانی کوردی، کە ئەوەش تەنیا بۆ دژایەتی و هێرشکردنە سەر حکومەتی عیراقی بوو لەرێگەی کوردەکان و کێشەی کوردەوە.

ساڵی (1961-1975) کوردەکانی کوردستانی عیراق بەنهێنی ڕادیۆیەکیان دژبە رژێمی عیراق دامەزراند، ساڵی 1968 و لەگەڵ هاتنی بەعسیيەکان بۆ حوکمڕانی عیراق ڕادیۆکە خرایە ژێر دەسەڵاتی ئایدۆلۆژی بەعسەوە.

هەروەها لە ساڵی 1963 ڕادیۆی (دەنگی کوردستانی ئیراق) لەلایەن (مستەفا بارزانی) یەوە دامەزرا ئەم رادیۆیە لەسەرەتادا بەشێوەیەکی نهێنی پەخشی دەکرد و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوو. هەرلەهەمان ساڵدا واتا ساڵی 1963 رادیۆی (دەنگی کوردستانی ئێراق) لەناوخۆی عیراق دامەزرا کە ئەوکاتە حزبی شیوعی کوردستان و حکومەتی ناوخۆی عیراق بەڕێوەیان دەبرد. لەڕێکەوتی 21-03-1979 ڕادیۆی (دەنگی گەلی کوردستان) دامەزراوە، بەناوی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ەوە، پاش کەمتر لە مانگێک گۆڕاوە بە(دەنگی شۆڕشی ئێراق)، پاشان لەساڵی (1984-1985)ناونراوە (دەنگی گەلی کوردستان). پەخشی بەرنامەکانی ئێزگەکە بەزمانی کوردی و بە هەردوو دیالێکتی کرمانجی ژوور و خوارووە، هەوروەها بەشێکی بەعەرەبی پەخشکردەکرا، جگە لەوەی لە ماوەی جیاجیادا بە ئینگلیزی و فارسی و تورکمانی و هەفتانە بۆ ماوەی سەعاتێک بە زاراوەی هەورامی بەرنامەکانی پەخش دەکرد.

جگەلەوانەی سەرەوە ئاماژەم پێکرد ساڵی 1992 ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا بەزمانی کوردی کرایەوە، سەرەتا پەخشە کوردیەکەی یەک کاتژمێربوو دواتر فراوانتر کرا. جگە لەوەش لەچەند وڵاتێکی ئەوروپا چەند خولەکێک بۆ کوردەکان کرایەوە بەتایبەتی وڵاتی سوید 15 خولەک پەخشی بەرنامەکانی ڕادیۆکەی بەزمانی کوردی بوو لە رۆژێکدا.

لێ ئەوەی دووبارە لەلام گرنگ بوو، کە لەم باسەدا باسی بکەم، رادیۆی یەریڤان بووە، لەگەڵ ئەم هەموو کێشە سیاسیە ئاڵۆز و قڕکردن و راگواستنی کورداندا لەساڵی 1955 لەسەر دەستی خەلیل مورادۆڤ و دەنگبێژی ناوداری کورد حەجێ ڤۆندی و ئەمین ئاوداڵ ڕادیۆی یەریڤان لەدایک دەبێت. کردنەوەی رادیۆی کوردی لەو دەمەدا لە کوردستانی سوور و ناساندنی دنیا بە ئاواز و گۆرانی و هونەری کوردی یەکێک بوو لە کارە دیارەکانی ئەم رادیۆیە دواتر خەلیل مورادۆڤ لە ساڵی 1957 هەتا 1981 بەرێوەبەری ئەو رادیۆیە بوو، هەر لەسەر دەستی ئەودا چەندین سترانبێژی کوردی وەک « گەراپەتی خاچۆو سەیدی شامەدین و مەمێ خۆدۆ و زادینا شاکر فاتیمە عیسا» و چەندینی تری بە خەڵک ئاشنا کرد. ڕادیۆی یەریڤان بە زمانەکانی تورکی و ئەرمەنی و کوردی پەخش دەکرێت و لە ساڵی 1991 کەریم سیاد و دواتریش تیتال کەریم و لەیلا کەریم کاری بەڕێوەبەری رادێۆکەیان گرتۆتە ئەستۆ. ئەم رادیۆیە جگە لە تورکی و کوردی بە 12 زمانی تر پەخش دەکرا هەتا پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت.

لێرەدا بە گرنگی دەزانم ناو و کەمێک زانیاری لەسەر کارمەندە ژنەکانی ئەم ڕادیۆیە و هەندێک هونەرمەندی دیاری کوردستانی سوور باس بکەم، ئەوەی بۆ من زۆر گرنگە دەرکەوتنی دیار و بەرچاوی ژنانی کورد بووە وەک سترانبێژ و بێژەر، لەوانەش: «ئالیسکا، فاتیمە، سوسکا و ئێزنیڤا خانمی خێزانی خەلیل مورادۆڤە.»

ئیزنیڤا رەشید
ئیزنیڤا رەشید لە 18-05-1926 لە گوندی چاموشڤان لە ئەرمەنستان لە دایکبووە و لە 16-09-2000 لە یەریڤان کۆچی دوایی کردووە. خوێندنی سەرەتایی لەهەمان گووند تەواو کردووە. لە ساڵی 1955 رادیۆی یەریڤان دەکرێتەوە هەر لەوکاتەوە ئیزنیڤا هەتا ساڵی 1982دەست بە کاری بێژەری دەکات. یەکەمین ژنە بێژەری ڕادیۆی کوردی بوو لە شاری یەریڤانی ووڵاتی ئەرمینیا، هەربۆیە بە دایکی رادیۆی کوردی ناوزەند دەکرێت. ئیزنیڤا ماوەی 27 سال بێ دابران لەو رادیۆیە کاری بێژەری کردووە، هەر لە پاڵ کاری بێژەریشدا نووسەرێکی بە توانا بووە لە بواری داواکردنی مافی ژنان و زۆرینەی نووسینەکانی لە ڕۆژنامە ئەرمەنیەکاندا بلاو دەکرایەوە لەگەل رۆژنامەی (رۆژی نوێ) ی کوردی بە زاراوەی کرمانجی. یەکێک لە پەیامە دیارەکانی کە لە 8 مارسی ساڵی 1962 پیرۆزبایی و بەرز راگرتنی خەباتی ژنان بوو لە رۆژنامەی ڕێیا تازە (تیایدا بە زاراوەی کرمانجی پشتیوانی خۆی بۆ خەباتی ژنان دووپات دەکاتەوە.

ئیزنیڤا، هاوسەرگیری لەگەڵ خەلیل مورادۆڤ دەکات و دەبنە خاوەنی 4 منداڵ و تەیموور خەلیل کە کوڕی گەورەیانە و یەکێکە لە ڕۆژنامەوانە دیارەکانی کورد لە رووسیاو خاوەنی چەندین پەرتووکەو هەروەک لە 25 سالڵەوە لە ڕۆژنامەی رێیا تازە کار دەکات و دواتریش لە دەنگی کوردی ڕادیۆی مۆسکۆ برەو بە کاری میدیای خۆی دەدات و ئەندامی دەستەی نووسەرانی مۆسکۆیە و دواتریش لە رۆژنامەی «ڕۆژی نوێ» برەو بە کارەکەی دەدات. هەروەک هەرسێ منداڵەکانی تری ئەوان بە ناوەکانی سەردار و گوڵنار و ڤایۆد لە چەندین کاری شانۆیی رۆلی گرنگیان بینیوە کە تایبەت بۆ رادێۆی یەریڤان بەشی کوردی ئامادە دەکرا.

سووسیکا سیمۆ
سووسیکا سیمۆ یەکەمین ژنە سترانبێژی کورد بوو لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا، لە ساڵی 1946 دا وەک سترانبێژ دەردەکەوێت، خاتوو سووسیکا دژی دابوونەریتی خانەوادەکەی لەگەڵ ئەڤینداری خۆی کە پیاوێکی ئەرمەنی بوو هاوسەرگیری کرد، دواتر لە رادیۆی یەریڤان بەشی کوردی کاری دەکرد وەک سترانبێژی ئەو رادیۆیە. سووسیکا خاتوون بە جوانپۆشی و سەماکردن و ستران، یەکێک بوو لە ناودارەکانی سەردەمی خۆی، خاتوو سووسیکا هەڵگری فکری چەپ بوو هەربۆیەش چەندین سترانی هەیە لەسەر دادپەروەری و داکۆکی لەسەر مافی کرێکاران و خاوەنی سترانی (لینیننی مەزنە) و(لینن رابوو مە رزگار بوون) ەمەخابن خانمە ستران بێژی ناوداری کورد لە ساڵی 1977 لە تەمەنی 52 ساڵیدا لە شاری یەریڤان کۆچی دوای کرد.

ئاسلیکا قادر
ئاسلیکا قادر یەکێکی ترە لە ژنە بوێرەکان کە لە ساڵی 1945 لە گوندی ئەخبارانێ (کە پێشتر ناوی سینۆرین بوو) لە ناوچەی ئەلەگزێ لەدایک بووە. ئەلەگزێ شارۆچکەیەکی سەر بە ئاراگسۆتنی ئەرمینیایە و لە دەوری ئەم شارۆچکەیە 11 گوند هەیە و دانیشتوانی ئەم ناوچەیە هەموو کوردانی ئێزیدین و بە کرمانجی دەئاخڤن. بۆ خوێندن لە زانکۆی یەریڤان بەشی رۆژهەلاتناسی لە ساڵەکانی 1963 بۆ 1968 روودەکاتە شاری یەریڤان و لەوێ وەک مامۆستای وێژەیی زمانی ئەرمەنی دەست بە کار کردن دەکات.

پاش ساڵانێک کار کردن لە وەزارەتی پەروەردەی ئەرمینیا، پۆستی چاودێری مامۆستایی وەرگرت وەک (میدۆدیست) کاری کردووە، پاش هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی گرووپە نەژادپەرستەکان، رووناک بیرو ناودارانی کورد کەوتنە بەر هێرشی ئەم گروپانە، هەربۆیە ئالیسکا وچەندین رووناکبیرو ناوداری کورد هەوڵی دوور کەوتنەوەیان دا لەوێ و ئالیسکاش لە ساڵەکانی 1990 ئەرمینیای جێهێشت و لە یەکێک لە ووڵاتە ئەوروپیەکان ژیان بەسەر دەبات.

فاتیمە عیسا
فاتیمە عیسا لە ساڵی 1934 لە گوندی ئەرەژەگنی ئازەربایجان لەدایک بووە و لە 15-01-2010 لە ئەرمەنستان کۆچی دوایی کردووە. دوای تەمەنی 3 ساڵی لە گوندی حەمزالی ئەرمەنستان نیشتەجێ دەبن و وەک زۆرێک لە کچانی کوردی ئەو سەردەمە لە تەمەنی 14 ساڵیدا بە فەرمانی خانەوادەکەی هاوسەرگیری کردووە.

هەر لە مناڵیەوە خاوەنی دەنگێکی پڕ سۆز و ناوازە بووە. بەڵام دەنگبێژی بۆ ژنێک و لەو سەردەمەدا ئاستەنگیەکی زۆر لەبەردەمی دروست کردووە خێزان و کۆمەڵگا یەکێکن لەو بەربەستانە کە ڕێگر بوون لە بەردەمی فاتمە هەربۆیە لە ڕێگای کۆڕ و کۆبونەوە ژنانەکان و دانیشتنە ئاینیەکانی ژناندا، دەستی بە ووتنەوەی قەسیدە ئاینیی و دواتریش گۆرانیە باوە کوردیەکانی ئەوسەردەمە کردووە.

هەتا ساڵی 1972 رادێۆی یەریڤان بەشی کوردی بە سترانی مینا لەگەڵ سووسکا خاتوون بۆ یەکەم جار دەرکەوت، ئیدی لەوێ بەدوا، بەردەوامی بە ستران چرین دەدات هەتا ووردە ووردە تەمەنی بەرەو هەڵکشان دەچێت، بەڵام هەلی سترانبێژی بۆ خاتوو فاتمە لە رادیۆی کوردی یەریڤان و رەزامەندی خێزانی وی تایبەتریش کارکردنی برایەکی فاتیمە لەو ڕادیۆیە، هۆکاری دەنگبێژی و کارکردنی فاتیمە بوو لەوێ.

فاتیمە عیسا
هەر لەسەر دەستی خەلیل مورادۆڤدا لە هەمان ڕادیۆ چەندین سترانی کوردی و ئاوازی فۆلکلۆری کوردی بە گوێی کوردستانیان و ئەرمەنیەکاندا داوە. لە هەرە سترانە ناسروا و دیارەکانی خاتوو فاتیمە : ( دینامن، شەرێ رەیا، گەدێ نرزرۆ و دەمهۆ.)

دەمهۆ چیرۆکی کچە میرێکی کورد بووە بۆ دڵخوازەکەی کە کوڕە گەدایەک بوو، داخی دڵی دڵدارێکە بۆ زوڵمی زەمانە. بۆیە بە یەکێک لە سترانە ناودار و دیارەکانی خاتوو فاتیمە هەژمار دەکرێت.
پاش شکست و لێکترازانی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات کە زیاتر لە 50 هەزار بە تەواوی لە ئەرمینیا جێگیر بوون، خانەوادەی فاتمە خاتوونیش لەو خێزانانە بوون لە کە یەریڤان جێگیر مانەوە هەتا لە 15-01-2010 لەوێ بۆ دواجار مالئاوایی کرد.

دەرئەنجام
کۆتا هێنان بە باسێکی مێژووی و تایبەتریش مێژووی پڕ تراژیدیا و کێشمەکێشی ڕامیاری ئێمەی کورد هەروا سانا نییە، لە هەر کون و قوژبنێک بڕوانین کەشکۆڵمان لە نەهامەتی و ڕەو و ماڵوێرانی پێیە، لە پاڵ ئەوانەشدا هەگبەی پڕ هونەر و ڕێچکە شکاندن و کۆت و بەند بڕینمان پڕە بە تایبەت ژنان کە هەمیشە پشکی شیریان لە کۆت و بەندی کولتووری بەر دەکەوێت. مەخابن بەهۆی وون بوون یان پەرتەوازەبوونەوە زۆرێکمان نامۆین بە ووردەکاریەکانی، هەربۆیە زۆر کەسایەتی دیار و هونەرمەندیش بە وونی ماونەتەوە، بۆیە من وەک خۆم داوای لێبووردن لە هەموو ئەو کەسایەتی و هونەرمەندانە دەکەم کە نەمتوانی بێت، لێرەدا ئاماژە بە ناوو کارەکانیان بکەم، حەتمەن لە کەمتەرخەمیم نییە بەڵکو لە نەبوونی زانیاری وورد و دروست بووە.

سەرچاوەکان:

_ ویکیوەند

_ Diplomaticmagazin; دکتۆر جەبار قادر

_ وتاری مستەفا وەکیل لەسەر دامەزراندنی کوردستان سوور

_ ڕۆژنامەی رووپێل، ئیزنیڤا

_The Red Book of the Peoples of the Russian Empire

_ وتارێکی یادگار عەلی، خوێندکاری ماستەر لە ڕاگەیاندن

_ saradistribution

_Mller, Daniel The Kurds and the Kurdish Language in Soviet Azerbaijan According to the All-Union Census of December 17, 1926. The Journal of Kurdish Studies, vol. 3, pp. 61–84.

 

print

 497 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*