سەرەکی » دۆسێ » دیالۆگی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكا دەستپێدەكات

وابڕیارە كازمی بچێتە واشنتۆن

دیالۆگی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكا دەستپێدەكات

گەشتی یەكەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان دستیپێكرد، وابڕیارە گەڕی دووەمی دیالۆگەكە لە مانگی تەمموزی داهاتوودا دەستپێبكات و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش سەردانی ئەمریكا بكات، ئەمە گەر رەوشی تەندروستی بوار بدات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

سەرلەئێوارەی 11ی حوزەیرانی 2020، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، كارنامەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عیراقی بڵاوكردەوە و بەپێی بەیاننامەكەش، كۆمەڵێك پرسی پەیوەست بە هەردوو وڵاتەوە تاوتوێكران.

ڕەشنوسی كارنامەی دیالۆگەكە كە پێشتر لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا ئاماژەی پێكرابوو، 6 بڕگەی لەخۆگرتبوو كە پێكهاتبوون لە:
9:00ی بەیانی، بۆ پێشەكییەكان و تێبینییەكان و بەخێرهاتن (30 خولەك).بەشداربووە ئەمریكاییەكان تێبینییە سەرەتاییەكان دەخەنەڕوو، پاشان تێبینییەكانی تیمی عیراقی پێشكەش دەكرێن.
9:30ی بەیانی، گفتووگۆی ئەمنی “ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ ماوەی 30 خولەك ڕاوبۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو”.

گفتووگۆكانی پەیوەست بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا و مەترسییە ئەمنییەكان ئەمریكا تەوەری سەرەتای گفتووگۆكان دەبن، دواتر بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری بەپێی پێویست ڕاوبۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو، دوای ئەوەش لایەنی عیراقی قسەوباس لەسەر لێدوانەكانی ئەمریكاییەكان دەكەن.

كاتژمێر 10:00ی بەیانی، گفتووگۆی ئابوری دەكرێت (سەركردایەتی عیراق، 30 خولەك).

عیراق ڕەوشی ئابوریی وڵات و پلانەكانی بۆ چارەسەركردنی قەرانەكە باس دەكات. بە هەمان شێوە گفتووگۆ لەسەر پلانەكانی دەكات بۆ سەربەخۆیی وزە. ویلایەتە یەكگرتووەكان جەخت لەسەر گرنگی چاكسازییە ئابورییەكان دەكاتەوە و یارمەتی و هاوكاریی خۆی بۆ عیراق پێشنیار دەكات لەڕووی هێنانەدی ئاماتجە ئاورییەكان و وزەوە.
10:30ی بەیانی، گفتووگۆی سیاسی (سەركردایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان، 20 خولەك).

ویلایەتە یەكگرتووەكان بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەخت، و دادپەروەریی لەگەڵ قوربانیانی خۆپیشاندانەكان و توندوتیژی، پرسە مرۆییەكان، عیراقییەكانیش گفتووگۆ لەسەر بیر و تێڕوانینی خۆیان دەكەن لەبارەی ئەو مەترسیانەوە.
10:50ی بەیانی بە كاتی ئەمریكا، گفتووگۆی كلتوری ( سەركردایەتی عیراق 10 خولەك).

واچاوەڕوان دەكرێت عیراق داوای گێڕانەوەی پارچە ئاسەوارە مێژوویییەكان و براوانكردنی پرۆگرامەكانی ئاڵوگۆڕ بكات. ویلایەتە یەكگرتووەكانیش رٍازیدەبێت لەسەر گەڕاندنەوەی بەڵگەنامەكانی حزبی بەعس و وتوێژ لەسەر شێوازی فراوانكردنی پرۆگرامەكانی ئاڵوگۆڕ دەكات.

دوای ئەوەی لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ناوەرۆكی یەكەمین خولی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و عیراق بڵاوكرایەوە، ئەندامێكی بەشداربووی ئەو گفتوگۆیانە بە میدیاكانی راگەیاندبوو،»دانوستانە راستەقینەكە مانگی تەمموز دەستپێدەكات و بڕیاردراوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بەیاوەری وەفدێك بچێتە ئەمریكا».

یەكەمین خولی دانوستانی نێوان ئەمریكا و عیراق بە بەشداریی نوێنەرایەتی كورد بەڕێوەچو، دواتر لە بەیاننامەیەكی وەزیراتی دەروەیی ئەمریكادا هاتبوو كە بەپـێی رێكەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی 2008 ی نێوان هەردو وڵات، وتوێژ لە نێوان هەردولا ئەنجامدرا لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە. هەریەك لە عەبدولكەریم هاشم مستەفا، گەورە بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عیراق و دێڤید هێڵ، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی، سەرۆكایەتی شاندی وڵاتەكانیان كرد.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، كە لە زاری ئەندامێكی بەشداریی گفتوگۆكان بڵاوكرایەوە،»ئەم دانوستانە بەشێوەیەكی گشتی بوو، تێیدا وردەكارییەكان نەخرانەڕوو، بەڵكو باس لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات بە هەرێمی كوردستانیشەوە كرا»

هەروەها دەڵێت، لە گفتوگۆكاندا لەسەر ئەوە رێكەوتن كراوە كە لە مانگی تەمموزی داهاتوو، بەشێوەیەكی جددی تر گفتوگۆ لەسەر تەواوی پرسەكانی نێوان هەردو وڵات، (ئاسایش، بنبڕكردنی تێرۆ، ئابوری، وزە، بابەتە سیاسیـیەكان و پەیوەندییە كلتورییەكان) بكرێن.

بە وتەی سەرچاوەكە»بڕیاردرا ناوەڕاستی مانگی تەموزی داهاتوو یان كۆتایی مانگ، وەفدێكی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بەبەبەشداری نوێنەرانی كورد، سەردانی واشنتۆن بكەن و لەگەڵ ئەمریكاییەكان بە وردی باس لەتەواوی پرسەكانی نێوان هەردوو وڵات بكەن، ئەمەش گەر رەوشە تەندروستییەكە بوار بدات بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا».
بە گوێرەی زانیارییەكان، لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەدا چەندان بابەتی گرنگ تاوتوێدەكرێن، بەتایبەتیش پرسە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەكانی نیوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
هەر لەوو چوارچێوەیەدا هیشام داود راوێژكاری تایبەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، وردەكاریی قۆناغی یەكەمی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكای ئاشكرا كرد و رایگەیاندبوو كە ئەمریكا نایەوێت بنكەی سەربلزی جێگیر لە دابمەزرێنێت.

رۆژنامەی (العربی الجدید) لە زاری هیشام داود لە 13ی حوزەیرانی 2020 بڵاویكردبۆوە»دیالۆگی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشتۆن، لە روانگەی عیراقییەوە، سەركەوتوو بوو».
ئەو راوێژكارەی كازمی دەڵێت»عیراق هیچ ڤیتۆیەكی لەسەر هەماهەنگی و ماخمەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا نییە، جگە لە ئیسرائیل كە هۆكارەكەی مەبدەئییە و پەیوەندیش لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان كراوەیە لەسەر بنەمای بێلایەنی و ئەرێنی،و بەرژەوەندی عیراق و لەسەر ئەم بنەمایەش مامەڵە و هەماهەنگی لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا دەكرێت».

داود پێیوایە»پەیوەندی نێوان بەغدا و واشتنۆن بۆ چەندان ساڵە رانەوەستاوە و بەردەوامە، بەڵام بەهۆی رەوشی نێودەوڵەتی ئەم دواییە كە هۆكارەكەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، گەشتكردن و پێكگەیشتنی راستەوخۆ لەنێوان وڵاتانی جیهان قورس بووە، نەك هەر تەنیا عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەەكان، بۆیە گەر رەوشەكە باشبوو، ئەوا چاوپێكەوتن لەسەر بەرزترین ئاست ئەنجام دەدرێت».

راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە»زۆربەی لێدوانەكانی دژ بە دیالۆگی نێوان بەغدا و واشتتۆن، دادپەروەرانە نەبوون، راستی و ناوەرۆكی ئەو دیالۆگەیان رەچاو نەكردووە، خواستی حكومەتی عیراقیان بەسەرۆكایەتی مستەفا كازكی تێبینی نەكردووە، چونكە دیالۆگەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و راشكاوانە ئاماژەی بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی دەكات لە سەروەریی عیراق و هاوكاریكردنی لە بوارە جیاجیاكان، و پشتیوانیكردنی وڵات لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكان، وێڕای كەمكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری هێزە ئەمریكاییەكان لە عیراق و تەنیا هێشتنەوەی هێزە پێویستەكان».

هیشام داود دەڵێت»ویلایەتە یەكگرتووەكان خواستی لە دامەزراندنی هیچ بنەكە و بوونی سەربازی جێگیر نییە لە وڵاكەمان، ئەمەش خاڵی سەرەكییە كە لەمڕۆ و سەبەینێ‌ لە بەرژەوەندی عیراقە».

print

 161 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*