سەرەکی » دۆسێ » خەلیفە حەفتەر خۆی بۆ سەرۆكایەتی لیبیا ئامادە دەكات

چاو لە سیسی دەكات

خەلیفە حەفتەر خۆی بۆ سەرۆكایەتی لیبیا ئامادە دەكات

لەگەڵ توندبوونەوەی تەنگژە سیاسییەكان لە لیبیا ،لیوای خانەنشین خەلیفە حەفتەر پێیوایە رێكەوتنی سوخەیرات شەرعیەتی نەماوە و نیازی خۆیشی بۆ خۆ كاندیدكردن بۆ سەرۆكایەتی وڵاتەكەی دەخاتەڕوو، ئەوەش لەكاتێكدایە غەسان سەلامە نێردەی نێونەتەوەیی لایەنەكانی لیبیا هاندەدات، پرۆسەی سیاسی لە وڵاتەكەدا نەشێوێنن.
حەفتەر رەتیدەكاتەوە گوێڕایەڵی ئەو دامەزراوانە ببێت كە هەڵقوڵاوی رێكەوتنی سیاسی سوخەیراتن، ئەوەش وەك ئاماژەكردنێك بۆ ئەنجومەنی سەرۆكایەتی حكومەتی ویفاقی وڵاتەكە كە لەلایەن فایز سەراجەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
لایەنە سیاسییەكانی لیبیا لە 17ی كانوونی یەكەمی 2015، رێكەوتنێكیان لە سوخەیراتی مەغریب ئیمزا كرد و لێوەی حكومەتی ویفاقی نیشتمانی دروست بوو كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان بیانووەكانی حەفتەر بۆ نەمانی كاریگەریی سیاسی رێكەوتنەكە لەئێستادا رەتدەكاتەوە، و داوای جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە دەكات، تا ئەو كاتەی پێكهاتنێكی سیاسی دروست دەبێت و لێوەی دامەزراوە دەستورییەكان هەڵدەبژێردرێن.
بەڵام ئەو لیوا خانە نشینە لە وتارێكیدا كە لەڕێی تەلەفیزیۆنەوە پەخشكرا، رایگەیاندبوو»ئەوەی پێدەگوترێت رێكەوتنی سیاسی لەئێستادا كاریگەریی تەواو بووە، و هەموو ئەو دامەزراوانەش كە لەو رێكەوتنەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەیەكەم رۆژی دەستبەكاربونیانەوە بەشێوەیەكی ئاسایی شەرعیەتییان لەدەستداوە».
بە گوتەی حەفتەر»وڵاتەكەی لەمڕۆدا رووبەڕووی وەورچەرخانێكی مێژوویی مەترسیدار بۆتەوە، جیهانی دەوروبەر و وڵاتە دوورەكان بە بەئاگاییەوە چاودێری رووداوەكان دەكەن لە لیبیا و ئاگاداریی پەرەسەندنەكانن».
حەفتەر پێیوایە، هێزەكانی رووبەڕووی هەڕەشە و گوڕەشە بونەتەوە، ئەوەش لەڕێی ئەو رێوشوێنە توندانەی لە دژی فەرماندەكانی گیراوەتەوە بەر، نەبادا لەدەرەوەی چوارچێوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پشتیوانیكردن لە لیبیا، هەنگاو بنێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، حەفتەر رایگەیاندبوو كە «گوێ‌ بۆ فەرمانەكانی گەلی لیبیای ئازاد» شل دەكات، ئەوەش تاوەكو ئێستا بە بۆچوونی چاودێران، دەستەواژیەكی بەهێز بۆ ئەوەی كە بەنیازە خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كاندید بكات كە چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا لەو وڵاتە ئەنجام بدرێت.

چاو لە سیسی دەكات
ئەو لێدوانانەی لیوای خانەنشین خەلیفە حەفتەر، وەك چاودێران ئاماژەی پێدەكەن، هاوشێوەی هەمان لێدوانە كە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر پێش خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆكایەتی لە ساڵی 2014دا پێشكەشی كرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە 3ی تەمموزی 2013 كودەتای سەربازی بەسەر محەمەد مورسیدا كرد كە وەك یەكەم سەرۆكی مەدەنی لەپاش روخانی دەسەڵاتەكەی حوسنی موبارەك بەشێوەیەكی دیموكراتی هەڵبژێردرابوو.
لای خۆیەوە مەنسور حەسادی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت رایگەیاندبوو، هەڵوێستەكەی خەلیفە حەفتەر شتێكی نوێ‌ نییە، بەڵام كۆمەڵی نێودەوڵەتی بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە خۆی یەكلایی كردۆتەوە و پێیوایە كە چارەسەر لە لیبیا دەبێت لەڕێی رێكەوتنی سیاسییەوە بێت، هاوكات رێگەچارە سەربازییەكان بە بۆچوونی ئەو،لەنێوخۆ و دەرەوەدا رەتدكرێنەوە.
حەسادی داوای قبوڵكردنی دەستپێشخەرییەكەی غەسان سەلامە نوێنەری نێونەتەوەیی كردبوو، دوای ئەوەی بەشێوەیەكی ئەرێنی لەلایەن هەریەك لە ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت و ئەنجومەنی نوێنەران لە تەبرق مامەڵەی لەگەڵدا كرا. داوایشی كرد رێز لە رێكەوتنی سوخەیرات بگرێت بەو پێیەی «دەبێتە مایەی كۆتاییهێنان بە جەنگ و پێكدادانی نێوان لایەنەكان».
غەسان سەلامە نێردەی نێونەتەوەیی بۆ لیبیا لای خۆیەوە، داوای لە هەموو لایەنەكان كرد، پرۆسەی سیاسی لەبارنەبەن.
لە بەیاننامەیەكیشدا، جەختی لەسەر سوربوونی نێردەی نێونەتەوەیی كردەوە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی تەكنیكی پێویست بۆ كۆمیسۆنی باڵای نیشتمانی هەڵبژاردنەكان و ئاماژەی بە چڕكردنەوەی هەوڵەكانیش كردبوو بۆ دۆزینەوەی دۆخێكی سیاسی و یاسادانان و ئەمنی گونجاو لەپێناو زەمینەسازیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن كە بڕیارە پێش كۆتایی 2018 لە وڵاتەكەدا ئەنجام بدرێت.
چەند مانگێك لەمەوبەر، گەڕێكی تری دانوستان بۆ هەمواكردنەوەی رێكەوتنی سوخەیرات بە بەشداریی نوێنەرانی ئەنجومەنی نوێنەران لە تەبرق و ئەنجومەنی باڵای دەوڵەت، بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان، لە تونس بەڕێوەچوو.

print

 55 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*