سەرەکی » زانست » هابل: 30 ساڵە چاوی مرۆڤە لە ئاسمان

هابل: 30 ساڵە چاوی مرۆڤە لە ئاسمان

ناسا لە یادی دەستبەكاربوونی هابلدا كارێكی نوێ دەكات و هەموو كەس بە كارەكانی ئەو تەلسكۆبە ئاشنا دەكات.

تەلسكۆبی هابل یەكێكە لەو تەلسكۆبە زۆر گرنگانەی(30) ساڵ لەمەوبەر وەك پرۆژەیەكی هاوبەشی ئاژانسی ناسا و ئاژانسی فەزایی ئەوروپی دەست بەكار بووە و یەكێكە لەو تەلسكۆبە گرنگانەی تا ئێستا ناسرابێت و زۆرترین دەستكەوتی هەبووە لەبواری گەردونناسی و دۆزینەوەی نهێنییەكانی گەردوون.

بە پێی پێگەی ڕەسمی ناسا، تەلسكۆبی هابل (24) سەعاتی شەو ڕۆژ و هەر حەوت ڕۆژەكەی هەفتە بەردەوام و بێوچان خەریكی گەڕانە بۆ ئاشكراكردنی نهێنییەكانی گەردون، كەواتە مێژووی بەدەستهێنانی دەستكەوتەكانی ڕەنگە ڕێكەوتی ڕۆژی لەدایكبوونی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی سەرزەوی بكات.

لەم سۆنگەیەوە ئاژانسی ناسا بیری لە پرۆژەیەك كردووەتەوە بە مەبەستی ئەوەی هەموو كەسێك هەست بە ئەركەكانی ئەو تەلسكۆبە بكات، بۆیە لە یادی (30) ساڵەی دەستبەكاربوونی ئەو تەلسكۆبە بەناوبانگەدا ئاژانسەكە لینكێكی ئامادە كردووە كە هەموو كەس دەتوانێت ڕۆژو مانگ و ساڵی لەدایكبوونی بنوسێت و لەوێوە بزانێت لە ڕۆژی لە دایكبوونی ئەودا هابڵ چ نهێنییەكی گەردوونیی ئاشكرا كردووەو لینكەكەش ناو
what-did-hubble-see-on-your-birthday) (ە، واتە (ببینە لە ڕۆژی لەدایك بوونەكەتدا هابل سەیری چیكردووە یان چی دۆزیوەتەوە) و هەموو كەسێكیكیش دەتوانێت بە هاشتاگی (# Hubble30) ئەنجامی دۆزینەوەكەی هابل لە رۆژی لەدایكبوونەكەی ئەودا لەگەڵ هاوڕیكانی بەش بكات.

تەلسكۆبی هابل بە بودجەیەكی (2) ملیار دۆلاری دروستكرا و لە (24)ی مانگی نیسانی ساڵی (1990)دا لە ڕێگەی كەشتی دیسكەڤەرییەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كراو لە دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی لە خولگەیەكدا جێگیر كرا و بە دووریی (563) كیلۆمەتر بە دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە و درێژیی تەلسكۆبەكە (15.9) و تیرەكەی (4.2) مەترە.

ئەم تەلسكۆبە ناتوانێت وێنەی ڕەنگاو ڕەنگ بگرێت، بەڵكو تەنها بە ڕەش و سپی وێنەكان دەگرێت، چونكە كامێراكانی ئەو تەلسكۆبە تەنها بە ڕەنگی خۆڵەمێشی و بە تۆنی جیاواز وێنەكان دەگرن و دواتر لەڕێگەی كۆمپیوتەرەوە چارەسەر دەكرێت و ڕەنگە سروشتییەكانی ئەو تەنانە دەردەكەوێت كە هابل وێنەیان دەگرێت و پاشانیش ناسا بڵاویان دەكاتەوە.

بۆ ناونراوە هابل؟
ناوی ئامێرەكە لەناوی زانای ئەمریكیی بە ناوبانگ ( ئیدوین هابل) ەوە هاتووە كە جگە لە گەلەئەستێرەی ڕێگەی كاكێشان بوونی چەند گەلە ئەستێرەیەكی دیكەشی لە گەردووندا سەلماندووە.

هابل بە درێژایی ماوەی كاركردنی چەندین وێنەی گەردونی پان و بەرینی گرتووە و وێنەی (3000) گەلە ئەستێرەی دووری گرتووە، كە بە هیچ تەلسكۆبێكی تر ناتوانرێت ببینرێت، هەروەها توانیویەتی لیكۆڵینەوە لە هەندێك ئەستێرەی تاك بكات لە قۆناغە جیاوازەكانی گەشەكردنیدا، واتە لە قۆناغی هەوری گەردو تۆز كە پێكهێنەرەكانی ئەستێرەیە.

 

سەرچاوە: الوكالة العربیة للفلك والفضا‌ء

print

 163 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*