سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » لەنێوان خواست و واقیعدا،چاوەرانییەکان…

لەنێوان خواست و واقیعدا،چاوەرانییەکان…

لەنێوان خواست و واقیعدا،چاوەرانییەکان چین لە یەکێتی؟

هەر لەسەرەتای دروستیبوونییەوە سروشتی یەکێتی بە جۆرێکە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆرترین چاوەڕوانیان لەو حزبە هەبووە، ئەمەش بەشێکی گرنگی پەیوەستە بەو راستییەی کە یەکێتی لە قۆناغێکی پێویست و بۆ ئامانجێکی گەورە دروستبوو، لەو رۆژگارەدا یەکێتی بوو بە مەشخەڵانی ئومێد و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە تا ئەم ساتەش یەکێتی هەر حزبی کۆمەڵانی خەڵک بێت و کوردستانیانیش هەر بەم شێوازە چاوەڕوانیان لە یەکێتی هەیە، بۆ داهاتووش ئەم چاوەڕوانییە ئەگەر قەبارەکەی گەورەتر نەبێت، ئەوا بچووکتر نابێتەوە.

لەڕاستیدا ئەم چاوەڕوانییە لە یەکێتی ئەرکی ئەم حزبەی یەکجار قورسکردووە، ئاخر حزبی کوردی هەیە نەک هەر کەس چاوەڕوانی هەنگاوێکی نییە، بەڵکو هیچ ئومێدێکیش بە داهاتووەکەی نییە و بوون و نەبوونی لای شەقام وەک یەک وایە.

لە رۆژانی رابردوودا کاتێک حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بۆ مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران لێبڕین بکاتە رێگەچارەی رزگاربوون ، ئەم بڕیارەی حکومەت بە چەندین شێوازی جیاجیا هۆکاربوو، کە پەیام ئاراستەی سەرکردایەتیی یەکێتی بکرێت و هەمووان خوازیاری ئەوە بوون کە یەکێتی وەک یەکێک لە پێکهێنەرانی حکومەت ئەم بڕیاری لێبڕینە رەتبکاتەوە، هەڵبەت هەمووان ئەو راستییە دەزانن ئەم خواستە زۆرەی شەقام، ئەم هەموو ئاراستەی داواکارییە بۆ یەکێتی، هەمووی هەر لەوەوە سەرچاوەکەی گرتووە کە ئەم حزبە ئەگەرچی لەناو پەرلەمان و حکومەتیشدا زۆرینە نییە، بەڵام لای هاووڵاتیان هێشتا هەر لەڕیزبەندیی یەکەمی ئومێدی خەڵکدایە. ئەم ئومێدە بە یەکێتی، وەک چۆن لەوێنە گشتیەکەیدا حزبەکەی خستۆتە بەردەم بەرپرسیارێتی، بەهەمان شێوەش سەرکردایەتی نوێی ئەوەندەی تر خستۆتە بەردەم ئەو راستییەی کە دەبێت بە رەچاوکردنی خواست و داواکاریی شەقام بڕیاربدات و هەنگاوەکانی یەکبخات.

لە واقیعدا هەموو چەشنە داواکارییەک لە سەرکردایەتی یەکێتی مافی رەوای هەموو کوردستانیانە، بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژەدا لای بەندە جێی سەرنج بوو، بەشێکی ئەو چاوەڕوانییە لە خێرایی لە هەڵوێست و زوو بڕیارداندا چڕکرابۆوە، کە ئەمە بۆ داهاتوو زیان لە هەنگاوەکانی یەکێتی دەدات.

راستە کوردستانیان داواکارییان هەیە و یەکێتیش بە ئومێدی هەمووان دەزانن، بەڵام ئەم هەموو گوشارە بۆ سەرکردایەتیی نوێ کە دەبێت لە چەند سەعاتێکی دوای هەموو رووداو و پێشهاتێک هەڵوێستی پێچەوانەی هەبێت، یەکێتی لە ئامانجە گرنگ و گەورەکان دوور دەخاتەوە، چونکە ئێمە لە هەرێمێکدا دەژین و پەیوەستین بە وڵاتێکەوە، کە خۆی گیرۆدەی دەیان گرفتە و لەوەش زیاتر دراوسێی چەند وڵاتێکین کە جگە لەوەی هەریەکەیان بەشێکی نیشتمانی ئێمەیان بەسەردا دابەشکراوە، لەهەمان کاتیشدا لە زۆر کاتدا هەنگاوەکانیان کاریگەریی بۆ سەر هەرێمیش هەیە، هەموو ئەو گرفتانە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمیش دوای نزیکەی 30 ساڵ هێشتا نەیتوانیووە وەک پێویست بەکردەیی حکومەتی هەمووان و بۆ بەرژەوەندیی هەمووان بێت. کەواتە لەناو هەموو ئەم گرفت و کێشانەدا، بۆ هەموو ئەگەرێک ئەگەر هاووڵاتیان هەڵوێستەکانی یەکێتی لەسەر ئەوە بینا بکەن کە دەبێت لە گەرماو گەرمدا هەڵوێستی هەبێت، داواکارییەکی نابەجێیە، چونکە دەبێت هەموو ئەوانەی ئەو چاوەڕوانییەیان لە یەکێتی هەیە، لەو راستییە باشتر تێبگەن، کە یەکێتی لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە ئامانجی ئەوەیە وەک حزبێکی خاوەن بڕیاری یەکگرتوو وێنا بکرێت و چیتر وەک هەندێک لایەن هەر بەیانی بێ هەڵوێست و کردار نەکات بەپیشە.

یەکێتی ئامانجی ئەوەیە بۆ هەموو پێشهاتێک دوای شەنوکەوی ورد و دروستی هەموو ئەگەرەکان، هەڵوێستی هەبێت و بەکردەییش هەڵوێستەکەی لە واقیعدا رەنگ پێ بداتەوە.

print

 149 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*