سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » “بەرنامەی یەکێتی، خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستانە”پەڕە 25

“بەرنامەی یەکێتی، خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستانە”

*مەلا ئاری لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین بۆ کوردستانی نوێ: خەڵکی کوردستان بە ئومێدەوە دەڕوانێتە یەکێتی

*یەکێتی بە میکانیزمێکی نوێوە پەیڕەو و پرۆگرامی داڕشتۆتەوە، کە مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموومان

*بۆ ئەم قۆناغە و بۆ داهاتووش “لامەرکەزییەت” تاکە سیستەمی گونجاوی حکومڕانییە بۆ هەرێمی کوردستان

دیداری؛ جێگر خدر

مەلا ئاری ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین-ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دیدارێکیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ، پەیڕەوکردنی “لامەرکەزییەتی کارگێڕی و دارایی” بە گونجاوترین سیستەم دەزانێت بۆ ئێستا و ئایندەی هەرێمی کوردستان، هاوکات باس لەوە دەکات کە یەکێتی بە بەستنی کۆنگرەی چوارەم، ئومێدی بەخشییەوە بە کۆمەڵانی خەڵک، لە کاتێکدا هەمووان بێ ئومێد ببوون.

کۆنگرە..گێڕانەوەی ئومێد

مەلا ئاری، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین-ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات و دەڵێت” کۆنگرەی چوارەم لە کاتێکدا بەسترا کە ماوەی دە ساڵ بوو کۆنگرە نەبەسترابوو، ئەندامان و کادران و لایەنگران، زۆر بێ ئومێد ببوون، نەیارەکانیش زۆر دڵخۆش بوون بەوەی پێیان وابوو کە یەکێتیی ناتوانێ کۆنگرە ببەستێ، بەڵام خۆشبەختانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، توانی ئومێدێکی گەورە بگێڕێتەوە بۆ هەڤاڵانی و خەونی نەیارانی لەگۆڕنا، ئەوانەی چاویان بەیەکڕیزیی یەکێتیی و یەکڕیزیی گەلی کورد هەڵنەدەهات”، وتیشی: خەڵکی کوردستان بە ئومێدەوە دەڕوانێتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

مەلا ئاری، زیاتر باس لە گرنگیی کۆنگرە دەکات و روونی دەکاتەوە کە کۆنگرە، نوێبوونەوەی یەکێتییە، ئەو دەڵێت”یەکێتی لە ئێستادا سەرکردایەتییەکی نوێ رابەرایەتی دەکات، هاوسەرۆکانی یەکێتیی سەرکردەی گەنج و بوێر و لێهاتوون و خاوەن ئەزموونن، هەروەها ئۆرگانێکی نوێ دامەزراوە بەناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان، کە ئەوانیش تێکۆشەرە بەئەزموونەکانی خەباتی شاخ و شارن، ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میکانیزمێکی نوێوە پەیڕەو و پرۆگرامی داڕشتۆتەوە، کە مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموومان”.

هەروەها مەلا ئاری پێیوایە ئەگەر” یەکێتیی ناو یەکێتیی” نەبوایە کە گوزارشتێکی سەرۆک مام جەلال-ە بۆ تەبایی یەکێتییانە، بەدڵنیاییەوە کۆنگرە ئەنجام نەدەدرا، یەکێتیی هەمیشە دروشمی یەکێتیی ناو یەکێتی و چەپکەگوڵەکەی سەرۆک مام جەلال-ی هەڵگرتووە، هەوڵەکانی ئێستای سەرکردایەتیش بە یەکوتاری و یەک ئیرادەیی، بەڵگەن بۆ تەبایی و یەکڕیزیی و پێکەوەیی کە ئەمە سیاسەتێکی روونی یەکێتییانەیە”.

“خزمەتکردنی زیاتری سنووری راپەڕین”
لە درێژەی دیدارەکەدا، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین، باس لە گرنگیی سنووری مەڵبەندەکەی دەکات و کەمێک دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، ئەو دەڵێت”هەر لەسەرەتای دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەڤەری راپەڕین، قوربانی زۆری داوە لەپێناو سەرکەوتنی گەلی کورد بەگشتی و یەکێتی بەتایبەت، وتیشی: بەرنامەی یەکێتی خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستانە و سنووری راپەڕینیش وەکو دەڤەرێکی گرنگ بەدەر نییە لەم خزمەتە و یەکێتی مەبەستێتی، یەکەم هەنگاویشی بۆ سنوورەکە ئەوە بوو کە لەکۆنگرەدا هەشت ئەندامی سەرکردایەتی نوێی بۆ دەڤەرەکە فەراهەمکرد و هەروەها بەدڵنییایەوە کام میکانیزمە گونجاوە بۆ خزمەتی دەڤەرەکە ئەوە پیادە دەکەین.

لامەرکەزییەت وەک گونجاوترین سیستەمی حکومڕانی
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی سیستەمی لامەرکەزییەت، وتی”لامەرکەزییەت دەسەڵاتی کارگێڕی و داراییە، ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتگیریی دەکەین، چی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بێت ئێمە قوربانی بۆ دەدەین”، وتیشی: بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا و بۆ داهاتووش لامەرکەزییەت تاکە سیستەمی گونجاوە، دەسەڵاتەکان شۆڕ دەبنەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە خۆجێیەکان، رۆتین کەم دەبێت و کۆمەڵێک لەمپەر لەبەردەم هاووڵاتیان لادەچێت و داهاتەکە لەسنوورەکانی خۆیان بۆ خزمەتی خۆیان بەکاردێت”.

یەکڕیزیی لەپێناو خزمەتی گەل

مەلا ئاری، لە کۆتایی دیدارەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکڕیزیی گەلی کوردی دەوێت، ئاشتی و پێکەوەژیان-یش دروشمی یەکێتییە، یەکڕیزی و تەبایی حزبەکان و لایەنەکان کارئاسانی دەکات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانمان.

 1,017 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*