سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران رۆڵی قوباد تاڵەبانی بەرزدەنرخێنن لە نزیكبوونەوەی هەردوولایەنی هەرێم و بەغدا

پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران رۆڵی قوباد تاڵەبانی بەرزدەنرخێنن لە نزیكبوونەوەی هەردوولایەنی هەرێم و بەغدا

پەرلەمانتارانی كوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەگرنگیەوە دەڕواننە گفتوگۆكانی نێوان وەفدی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراقی فیدراڵ بۆ گەیشتن بە رێكەوتن، لەو بارەیەوە رۆڵی قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی وەفدی هەرێم بەرزدەنرخێنن لە نزیكبوونەوەی هەردوولا، هاوكات كۆبوونەوەكانی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆز و كونسول و نوێنەرایەتی وڵاتان كە لەچەند رۆژی رابردوو بەرێوەچوو بەرز دەنرخێنن، پێیانوایە ئەو جۆرە دیدارانە نیازپاكی هەرێمی كوردستان نیشاندەدا بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا.

لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیە سە‌میر هەورامی وتە‌بێژی فە‌رمی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران رایگەیاند: لە دوای گەڕانەوەی وەفدی دانوستانكاری هەرێم لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی بەتایبەت یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا دەستپێكردووە.
وتیشی: مەبەستی ئەو كۆبوونەوانە روونكردنەوەی دۆخی دانوستانەكان و هەڵوێستی هەرێمی كوردستانە لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەت پرسی شایستە داراییەكانی هە‌رێم و بەردەوامی گفتوگۆكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ.

حەسەن ئالی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق قۆناغی باشی بڕیوە و چاوەڕوان دەكرێت بگەن بە رێكەوتن، لەو پێناوەشدا رۆڵی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانوستاندكاری حكومەتی هەرێم بەرز دەنرخێنین و پێمانوایە ئەو سیاسەتە نەرمونیانەی پەیڕەوی دەكات هۆكارێك دەبێت بۆ سەركەوتنی گفتوگۆكان و لە بەرژەەندی خەڵكی كوردستان كۆتایی دێت.

حەسەن ئالی وتیشی: كۆبوونەوەی كاك قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری وڵاتان و باڵیۆز و كونسوڵەكان هەنگاوەكانی گفتوگۆكان نێوان هەرێم بەغدا خێرا تر دەكات، بەو پێیەی لەو جۆرە كۆبوونەوانە جارێكی تر هەرێم نیازپاكی خۆی نیشان دەدا لەگەڵ لایەنی حكومەتی عیراقی، نوێنەرایەتی ئەو وڵاتانەش دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە نزیككردنەوەی هەردوولا، بەتایبەتی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستاش عیراق و هەموو جیهان پێیدا تێدەپەڕێت كە بەهۆی كێشەی ئابووری و ڤایرۆرسی كۆڕۆنا تێیكەوتووە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ ئەوەی حكومەتی ئێستای كازمی مەرجی زەحمەتی بۆ هەرێم داناوە بۆ رێكەوتن ، بەڵام ئاسۆیەك هەیە بۆ رێكەوتن، چونكە وەفدی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی هەموو هەوڵێك دەدا مافەدەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان بەدەستبهێنێت و ئامادەیی خۆشی نیشانداوە لە جێبەجێكردنی بەشێكی زۆر لەداواكارییەكانی حكومەتی عیراقی ئەویش لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.

لەلایەن خۆیەوە زكری ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەرۆكایەتی كردنی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا لەلایەن قوباد تاڵەبانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نێوان هەرێم و بەغدا جێگای ئومێدی خەڵكی كوردستانە و ئەوەی تاكو ئێستا ئەنجام دراوە هەنگاوێكە بۆ رێكەوتنی كۆتایی، لەو پێناوش پشوودرێژی و دوور بینی سەرۆكی وەفدی هەرێم رۆڵی گرنگی هەبووە لە لەیەكتر نزیكركردنەوەی هەردوولایەنی حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم.

وتیشی: بۆ ئەوەی هەموولایەك لەو گفتوگۆیانەی لە نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا دەكرێت، بەرێز قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەریەتی وڵاتان لە هەرێم عیراق كۆبوونەوەیەكی کرد ئەمەش پێمانوایە هەنگاوێكی باشە و زیاتر متمانە بە وەفدی هەرێم دەبەخشی كە نیازی رێكەوتنی هەیە لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتی لەو كۆبوونەوانەی زۆربەی وردەكاری كۆبوونەوەكانی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا روونكراوەتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە: قوباد تاڵەبانی هەموو هەوڵێك دەدات پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و سەرجەم لایەنەكان لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش باش و خۆش بێت، ئەمەش پەیڕەوكردنی هەمان سیاسەتی سەرۆك مام جەلالە كە كاتێك لەبەغدا بوو نەوەك پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا باش بوو، بەڵكو كاریگەری لەسەر باشبوونی پەیوەندی نێوان زۆربەی لایەنە عیراقیەكانیش هەبوو.

print

 245 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*