سەرەکی » کەلتوور » پێنج خشته‌كی (أ-ب هه‌وری) له‌سه‌ر شیعرێکی (ئه‌خۆل)

داوای لێبووردنێک و پێنج خشتەکییەک

پێنج خشته‌كی (أ-ب هه‌وری) له‌سه‌ر شیعرێکی (ئه‌خۆل)

نامه‌وێ بۆ چیمه‌ ئاهه‌نگ به‌زم‌و ڕه‌زمی سه‌رچنار
چی له‌ مه‌ی كه‌م یا له‌ نه‌ی یا له‌ نه‌غمه‌ی عود‌و تار
من له‌ شاگردانی عه‌شقم بێنه‌واو ‌و بێ چاوی یار
«شه‌رته‌ تا ڕۆژی حه‌شر خولیایی من بێ چاوی یار
وێڵی سه‌حرابم هه‌میشه‌ ته‌رك بكه‌م خۆیش‌و دیار»

یا به‌ سۆز بۆ خۆی بناڵێ به‌خته‌كه‌ی به‌رگه‌شته‌كه‌م
وه‌ك دڵه‌ی داماوی هه‌رده‌ پشت له‌ شار‌و ده‌شته‌كه‌م
وێردی خۆشم له‌ حه‌سره‌ت سێوه‌كه‌ی پڕ مشته‌كه‌م
«شه‌رته‌ وه‌ك یه‌عقوب له‌ دووری یوسفی گوم گه‌شته‌كه‌م
دیده‌ پڕ ته‌م، سینه‌ پڕ غه‌م، تا ئه‌به‌د بگرم قه‌رار»

گه‌ر له‌سه‌ر ته‌ختی مورصه‌ع یا له‌ناو صه‌حنه‌ی ئیره‌م
دابنیشم هه‌روه‌كو شاهێكی بێ ده‌رد‌و ئه‌له‌م
خۆ له‌ قوڕ ئه‌وسا ئه‌نێم، بانگ ئه‌كه‌م من پڕ به‌ده‌م
«شه‌رته‌ یا خوێنم به‌ گریان ئه‌رژێنمه‌ صه‌فحه‌ی عه‌ده‌م
یا به‌ شمشێری ڕه‌قیبانا ئه‌بێ بتكێته‌ خوار»

لێم گه‌ڕێ ناصیح له‌به‌رچی ده‌ست له‌ شیرین هه‌ڵگرم
یا به‌ یادی چاوه‌كانی چه‌یكه‌ نه‌سرین هه‌ڵگرم
مه‌زره‌عه‌ی غه‌م تینووه‌ با جۆگه‌ له‌ ئه‌سرین هه‌ڵگرم
«شه‌رته‌ وه‌ك فه‌رهاد قوڵنگی یادی شیرین هه‌ڵگرم
تا له‌ پای كێوی فیراقا جێ ئه‌هێڵم یادگار»

مه‌رجه‌ به‌ر چیغی بولبول تاكو مردن به‌ر نه‌ده‌م
شۆڕشی شیوه‌ن له‌ بۆشی مێشك‌و كه‌لله‌م ده‌رنه‌ده‌م
بۆ ته‌داوی زامی جه‌رگم قه‌ت له‌ دوكتور سه‌ر نه‌ده‌م
«شه‌رته‌ وه‌ك بولبول به‌ شیوه‌ن قه‌ت لق‌و چڵ به‌رنه‌ده‌م
تا ده‌می خونچه‌ی ئه‌مه‌ل نه‌كرێته‌وه‌ صوبحی به‌هار»

گه‌رچی ئه‌مڕۆ من له‌ ڕێزی عاشقانا به‌همه‌نم
شێتی شێوه‌ی یه‌ك ئیشاره‌ی ئاسكێكی چه‌مه‌نم
چونكه‌ وه‌ك فه‌رهادی عه‌شقم ڕوو له‌ هه‌رده‌‌و یه‌ك ته‌نم
«شه‌رته‌ وه‌ك مه‌جنونی بێكه‌س ده‌شت‌و كێو بێ مه‌سكه‌نم
تا به‌ یادی له‌یله‌وه‌ ئه‌منێته‌ قه‌بری ته‌نگ‌و تار»

عه‌هد‌و په‌یمانه‌ هه‌تا مردن له‌ زاهید سه‌رنه‌ده‌م
یادی شیرینم هه‌تا ماوم له‌ چاڵی دڵ ده‌رنه‌ده‌م
چاكی جانانه‌ی به‌ خوێنی سوور تاكو مه‌حشه‌ر به‌رنه‌ده‌م
«شه‌رته‌ وه‌ك ئازیز مرده‌ سه‌ر له‌ ئه‌ژنۆ به‌رنه‌ده‌م
بۆ دڵه‌ی وێڵ‌و غه‌ریبم دائیما بگریم به‌ زار»

گه‌ر به‌ تاپۆ بێته‌ موڵكم هه‌ر له‌ ئێره‌ تاكو ڕه‌ی
ده‌سته‌ده‌سته‌ باخه‌وان‌و باخه‌وانی باخی به‌ی
بێته‌ له‌نجه‌‌و ناز‌و عیشوه‌، ده‌م به‌ خه‌نده‌ ده‌س به‌ مه‌ی
«شه‌رته‌ بمبێ گه‌نجی قاروون، تاجی خوسره‌‌و ته‌ختی كه‌ی
هه‌ر له‌ ده‌رگاكه‌ی ئه‌وا بمرم كه‌ساس‌و خاكسار»

سه‌د كه‌ڕه‌ت ئه‌و شۆخه‌م ڕووم تێكا به‌ چاوی قه‌هره‌وه‌
تازه‌ لام په‌شمه‌ چ ده‌ربه‌ستم به‌ زوڵمی ده‌هره‌وه‌
دائه‌نیشم ڕوو له‌ قاپی حه‌ق به‌ شوكر‌و صه‌بره‌وه‌
«شه‌رته‌ یا حه‌سره‌ت له‌گه‌ڵ خۆما ئه‌نێمه‌ قه‌بره‌وه‌
یا ئه‌بێ بمژم له‌ غونچه‌ی نه‌وشكۆفه‌ی لێوی یار»

تێبینی‌:
له‌ژماره‌ (7432)ی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌، له‌ گۆشه‌ی‌ (دیوانی‌ كوردستانی‌ نوێ‌) غه‌زه‌لێكی‌ ئه‌خۆل-ی‌ شاعیر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌هه‌ڵه‌ وێنه‌ی (ا.ب.هه‌وری‌)ی‌ شاعیری‌ له‌گه‌ڵ دابه‌زیوه‌. بۆیه‌ داوای‌ لێبوردن له‌ خوێنه‌رانی‌ هه‌ردوو شاعیری‌ گه‌وره‌و خۆشیان ده‌كه‌ین، به‌مبۆنه‌یه‌وه‌، ئه‌م پێنج خشته‌كییه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ی (ا.ب.هه‌وری‌)مان له‌سه‌ر شیعرێکی‌ ئه‌خۆل بڵاوكرده‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گوندی‌ فه‌قێ‌ مسته‌فا له‌ ئامێزی‌ ئه‌نفالدا

بارام سوبحی‌ تاڵه‌بانی‌ گوندی‌ فه‌قێ‌ مسته‌فا به‌ دووری‌ بیست كیلۆمه‌تر ...