سەرەکی » راپۆرت » “شه‌ش ملیۆن منداڵی سوری به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ ده‌ناڵێنن”

“شه‌ش ملیۆن منداڵی سوری به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌ ده‌ناڵێنن”

به‌شی هه‌واڵ ‌و راپۆرت

رێكخراوی یونسێف-ی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشداریی دا له‌وه‌ی شه‌ش ملیۆن منداڵی سوری به‌هۆی به‌ره‌وامبوونی یه‌كێك له‌ خوێناویترین جه‌نگ له‌ مێژووی نوێدا، به‌ ده‌ست ته‌نگژه‌ی مرۆییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

ته‌نها به‌ جه‌نگ ‌و ئاواره‌یی ئاشنابوون
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، یونسێف رایگه‌یاند: ئه‌و منداڵانه‌ ته‌نها به‌ جه‌نگ ‌و ئاواره‌یی ئاشنابوون ‌و به‌هۆی توندوتیژییه‌كانی سوریاوه‌، له‌ هه‌ر 10 سه‌عاتێكدا، منداڵێك دووچاری هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن ده‌بێته‌وه‌. روونیشیكردۆته‌وه‌: بەهۆی بەردەوامبوونی جه‌نگی سوریاوە زیاتر له‌ دوو ملیۆن ‌و 800 هه‌زار منداڵ ئاوارەبوون و لەگەڵ کەسوکاریاندا له‌پێناوی دۆزینه‌وه‌ی شوێنێكی سه‌لامه‌ت ‌و ئارام، روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە.

رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ راپرسییه‌كی ده‌زگای گالوپ بۆ راپرسی داوه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ سورییه‌كانی ناو سوریا ‌و ئوردن ‌و لوبنان كراوه‌ ده‌رباره‌ی كاریگه‌ریی شه‌ڕی سوریا له‌ سه‌ریان له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 ساڵی شه‌ڕدا ‌و سێ هه‌زار ‌و 500 كه‌س له‌ راپرسییه‌كه‌دا به‌شدرابوون.

تید شیبان به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌و باكووری ئه‌فریقیا ده‌ڵێت: راپرسییه‌كه‌ كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی شه‌ڕ ده‌رده‌خات له‌سه‌ر ژیانی سورییه‌كان ‌و منداڵه‌كانیان ‌و چۆنێتی رزگاربوونیان له‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین جه‌نگه‌ خوێناوییه‌كانی مێژووی نوێ.

بۆ ئاینده‌ی منداڵانی سوریا ‌و وڵاته‌كه‌شیان
به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ی یونسێف: نزیكه‌ی دوو ملیۆن ‌و 800 هه‌زار منداڵ سوری له‌ خوێندن بێبه‌شن، به‌ڵام وێڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان، به‌ هه‌وڵی مامۆستایان ‌و كارمه‌ندانی بواری فێركردن ‌و ئه‌و پاڵپشتییه‌ی لایه‌نه‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌كان پێشكه‌شی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی پێنج ملیۆن منداڵ له‌ ناو سوریا ‌و وڵاتانی دراوسێ، هه‌لی خوێندنیان بۆ ره‌خساوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌و باكووری ئه‌فریقیا ده‌ڵێت: رۆڵی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ یارمه‌تیدانی منداڵانی سوریا به‌ مه‌به‌ستی به‌رده‌وامبوون له‌ خوێندن له‌ ناو سوریا ‌و وڵاتانی دراوسێیدا، تاكو منداڵان قه‌ره‌بووی ساڵانی بێبه‌شبوونیان له‌ خوێندن بۆ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڤید19ه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندندا له‌و ناوچانه‌ پرۆسه‌كه‌ راگیراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوكارییه‌كان فراوانتر بكرێن، ئه‌وه‌ش بۆ ئاینده‌ی منداڵانی سوریا ‌و بۆ داهاتووی وڵاته‌كه‌شیان زۆر گرنگه‌.

یونسێف پێویستی به‌ 575 ملیۆن دۆلاره‌
به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی یونسێف: ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ پێویستی به‌ 575 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌ی له‌ ناو خاكی سوریا ‌و وڵاتانی دراوسێیدا، كه‌ 241 ملیۆن دۆلاری بۆ به‌رنامه‌ی فێركردنه‌.

سه‌رچاوه‌، ئاژانسه‌كان

print

 157 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*