سەرەکی » دۆسێ » یۆنان:پەنای بێ پەنایان

دۆسێ

یۆنان:پەنای بێ پەنایان

پەیڤێک

یۆنان یەکێکە لە وڵاتە دێرین و جوانەکانی ئەوروپا و خاوەنی یەکێک لە شارستانییە دێرینەکانی جیهانە. ئەم شارستانییەتە خزمەتێکی گەورەی مرۆڤایەتی کردووە. فەلسەفەو هونەری یۆنانی، کاریگەری نەک بەسەر ئەوروپا، بەڵکە بەسەر هەموو جیهانەوە هەبووە.

لە ماوەی پێشووشدا یۆنان رووبەروی قەیرانێکی گەورەی دارایی و سیاسیی بۆوە، لێ خۆشبەختانە بەهۆی بوونی حکومڕانێکی ژیر و ئازا، توانی لەو قەیرانە رزگاری بێت. هەربۆیە لە رووی سیاسییەوە ئەزموونێکی نوێی سیاسی پێشکەشی جیهان کرد.

ئەم دۆسێ تایبەتەی ئەمجارەمان لە بارەی یۆنانەوەیە، کە لە لایەن کاک شۆڕش حەمید پەیامنێری کوردستانی نوێ لە یۆنانەوە بۆی ئامادەکردووین. تێیدا تیشکێکی خستۆتە سەر لایەنی جوگرافیا و مێژوو، فکرو فەلسەفە،زمان ، دانیشتوان، سیستەمی سیاسی و پەروەردەو ئابووریی و لایەنی گەشتیاریی. هەروەها پەیوەندی نێوان گەلی یۆنان و کورد.

ئامادەکردنی: شۆڕش حەمید- ئەسینا

ھەوایەکی پاک و سازگار، باخ و پارکی رازاوەو دیمەنی سەوزاییەکی فراوان و شەقامی پاک و خاوێن و میترۆی زۆر مۆدێرن و ھاوچەرخ، خەڵکێکی زۆر باش و دڵسۆز و نیشتمان و خاک پەروەر و دۆستی میوان و غەریبان، لەخەسڵەتە ھەرە دیارەکانی یۆنان و ئەسینای پایتەختە.

کۆماری یۆنان، یان “ئێلاژا”، یاخود کۆماری ئێلینیک، وڵاتێکە ئەکەوێتە باشووری خۆرھەڵاتی کیشوەری ئەوروپا، ئەسینا پایتەختی کۆماری یۆنانە، ئەسینا دەکەوێتە باشووری یۆنان و لە سێ لاوە بەدەریای سەرنج راکێش دەورە دراوە و لە نێو ئەسینای پایتەختدا چیای بڵند بەدیدەکرێت، دیارترینیان چیای یمیتۆ و پارنیپا-ن، ھەروەکو بەدرێژایی مێژوو ئاماژەی بۆ کراوە، سرووشت و جوگرافیای یۆنان بە گشتیی و ئەسینا بەتایبەتی سەرنج راکێش و لە جوانیی و سازگارییدا بەناوازە وەسف کراوە، خەڵکی ئەسینا رۆشنبیرو کۆمەڵایەتیی و میوان دۆستن و ھەردەم بە سنگ فراوانیی و مامەڵەی مرۆڤ دۆستانەیان، پێشوازییان لە میوان و بێگانەکان کردووە، ھەر بەو ھۆیەشەوە بووە کە لە ساڵی ١٩٨٥دا بە پایتەختی رۆشنبیریی و شارستانێتی ئەوروپا ھەڵبژێردراوە، ھەرەوەھا ئەسینای پایتەخت یەکێکە لەو شارە پێشکەوتووانەی کە بەدرێژایی مێژوو تاکوو ئێستاکەش بە پایتەختی مێژوویی و رۆشنبیریی ئەوروپای ھاوچەرخ وەسف دەکرێت.

زمانی یۆنانی

زمانی یۆنانی یەکێکە لە زمانە رەسمییەکانی ئەوروپای یەکگرتوو، لە جیهاندا ١٣ ملیۆن کەس بە زمانی یۆنانی قسە دەکەن و لە دوو وڵاتی ئەوروپاشدا یۆنان و کیپرۆس زمانی یۆنانی رەسمییەو گفتوگۆی پێ دەکرێت، زۆربەی یۆنانییەکان بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانیش گفتوگۆ ئەکەن، یۆنان ساڵی ١٩٨١ بووە بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا، لە ڕووی ڕامیاری و ئابووریی و بازرگانییەوە ھاوشێوەی ئەمریکا و فەڕەنسا وڵاتێکی سەرمایەدارییە، ھاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا دراوی یۆرۆ بەکاردەھێنێت، بەپێی سەرچاوەکان رووبەری یۆنان نزیکەی١٣٠ھەزار کیلۆمەتر دووجا دەبێت، کە ھاوتایە لەگەڵ ڕووبەری وڵاتانی ئوردن و فەلەستین، ھەروەھا بەپێی دوایین ئامارەکانی سەرژمێری، ژمارەی دانیشتوانی یۆنان”١١،١٢٨،٤٠٤” یانزە ملیۆن و ١٢٨ ھەزارو ٤٠٤کەس بووە کە دەکاتە ٠،١٥٪ رێژەی خەڵکی جیھان، ئاماژەش بەوە کراوە کە ٦٢٪ دانیشتوانی ئەم وڵاتە لە شارەکاندا دەژین، زۆرینەی یۆنانییەکان باوەڕییان بە ئایینی مەسیحی ئۆرپۆدۆکسییە و کڵێسای ئۆرپۆدۆکسی یۆنانی بە دایکی ئۆرپۆدۆکسییەکانی جیهان هەژمار دەکرێت. رێژەیەکی زۆری یۆنانییەکان سەرقاڵی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەریاوانی و لۆکە و ئاسن و گۆگرد و.. هتد.

وڵاتی پەنابەران
خاڵێکی گرنگی ستراتیژیشە بە بەسەتنەوەی کیشورەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا بە ئەوروپاوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە کاروان سەرایەک بۆ پەنابەران و ئاوارەو کۆچەرەکان، کە بەردەوام ژمارەیان لە زیادبووندایە. بەپێی سەرژمێریی نا فەرمی ژمارەی پەنابەرانی ئەرمەنی لەیۆناندا زیاتر لە١٠٠ ھەزار کەس دەبن، ھەروەھا پەنابەرانی بوڵگاریش٣٠ ھەزار کەس دەبن کە زۆربەیان لە ڕۆژھەڵاتی یۆنان نیشتەجێن، بەڵام پەنابەری تورکی زۆرترین ڕێژەن کەخۆی لە١٥٠ هەزار پەنابەر دەدات، جگە لەوەش کە لەوڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەفریقاوە بەردەوام پەنابەران دێنە یۆنان و ئەگەر بەھەمیشەیش نەبێت، ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر تێیدا دەمێننەوەو پاشان بەرەو وڵاتانی باکووری ئەوروپا کۆچ ئەکەن.

مێژووی یۆنان
یۆنانییەکان خاوەنی یەکێکن لە مێژوو شارستانییەتە کۆنەکانی جیھان ، یۆنان بەھۆی دەوڵەمەندیی مێژووەکەی، لەدێر زەمانەوە ، نزیکەی ٣ھەزار ساڵ لەمەوبەر خزمەتی گەورەی شارستانێتی وەکو “ھونەرو زانست و فەلسەفە”ی پێشکەش بەخودی یۆنانییەکان و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی کردووە، لەو رووەوە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لەداکۆکی و بەرگریی کردن لەخۆیانن، لەدێرزەمانەوە خاوەنی مێژوو ناسنامەیی نەتەوەیی خۆیان بوون و سەرباری ھەموو ھەوڵەوکان بۆ سڕینەوەو لەناوبردنیان، سەرەنجام نەبەردانەو دلێرانە رووبەڕووی داگیرکارانی وڵاتەکەیان بوونەتەوە.

داگیرکارێکی دڕندەی عوسمانی

زۆرتر باسی داگیرکاری عوسمانییەکان بۆسەر خاکی یۆنان دەکرێت، کە ھەرچی ھێزو تواناو لەشکرو جبەخانەی سەربازیی خۆی خستەکار، ئەوەی تورکەکان بەسەر یۆنان و خەڵکی وڵاتەکەیاندا ھێنا لەکوشتن و دەستدرێژی و سڕینەوەی زمان و مۆرکی نەتەوەییان، تاکو ئێستا دەماودەم دەگێڕدڕێتەوەو بە چاوی سووکەوە لە عوسمانییەکان ئەڕوانن، ئەوەبوو سەرەنجام، رۆژی ٢٥ی ئادار١٨٢١ یۆنانییەکان، بە سەرکردایەتی شۆڕشگێڕی یۆنانی (پێیۆژۆرۆس کۆڵۆکۆترۆنیس) و بە پشتیوانیی کلێسای ئۆرپۆدۆکسی یۆنانی، بەیەک دەنگ دژی داگیرکاریی تورکەکان راپەڕین و داگیرکاری عوسمانییان لەخاکی وڵاتەکەیان کردە دەرەوە، بەو ھۆیەوە رۆژی ٢٥ی ئاداری ھەموو ساڵێک لەیادی دەرکردنی لەشکری عوسمانی لەو وڵاتە بەڕۆژی سەربەخۆیی و ئازادی وڵات و خەڵکی یۆنان لەقەڵەم ئەدرێت.

جوگرافیای یۆنان
کۆماری یۆنان خاوەنی سروشتیی جوانیی و خەسڵەتەکانی تایبەت بەخۆیەتی و کەش و ھەواکەی سازگارو ئارام و جیاوازترە لە وڵاتانی تری باکووری ئەوروپا، وڵاتانی درواسێی یۆنان، لەباکوورەوە سنووری وشکانی بە وڵاتانی تورکیاو بولگاریاو کۆماری باکووری مەکەدۆنیا، کۆماری ئەلبانیاوە هەیە، جگە لەوەش سنووری دەریایی بە زۆرینەی وڵاتانی جیهانی دەبەستێتەوە، بۆیە پێگەی یۆنان لە رووی جیۆگرافی و جیۆئیکۆنۆمی و جیۆپۆلیتیکی و جیۆئێنێرجیەوە بە کاریگەر و گرنگ وەسف دەکرێت، لە باشوورەوە بە دەریای سپی ناوەڕاست و لە رۆژئاواوە بە دەریایی ئێیۆنیۆس و لە رۆژهەڵاتەوە بە دەریایی ئێگەیۆ(ئیجە) دەورە دراوە.

پێگەیەکی جوگرافی بەهێز
وەرزی ھاوینی یۆنان تەڕو زستانی شێدارە،لەبەر گرنگیی یۆنان لە رووی پێگەی جیۆگرافیاوە، لەلایەن خودی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە بایەخی پێدراوە ئەوەش لەبەر ئەوەی کەشی یۆنان لە ڕووی ئارامیی و ئاسایشەوە تەواو سەقامگیرە و دوورە لە شەڕو کوشتار، یۆنان بۆ خۆشی سەرچاوەی ئارامیی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، ھەر ئەو ھۆکارانەیە کە ساڵانە و بگرە بەردەوام و لە ھەموو وەرزەکاندا، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ بەسەربردنی کاتێکی ئارام و ئاسوودەیی روو لە یۆنان دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە لە ڕووی گەشتیاریی و جموجۆڵی بازرگانییەوە یۆنان لە بووژانەوەو گەشانەوەی بەردەوامدا بێت، چونکە حکومەت بە گرنگی و بایەخێکی زۆرەوە نەخشە و پلانی پێویست و شایستەی بۆ گەشەکردنی کەرتەکانی گەشتوگوزارو بازرگانی داڕشتووەو بەردەوامیش کاری جددی لەسەر دەکات تاوەکو ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی یۆنان بکەن، بە پێی ئامارەکان ساڵانە لانی کەم٣٠ ملیۆن گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشووەکانیان روو لەم وڵاتە دەکەن و زیاتر لە ١٠ملیۆن کەس بۆ ھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە،ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە زۆرترینی خەڵک، یۆنان ھەڵدەبژێرن کە گەشتی بۆ بکەن و یاخوود بەھەمیشەیی تێیدا بمێننەوە.

سیستەمی بەڕێوەبردن
سیستەمی حوکمڕانی یۆنان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی، دیموکراتییە، یۆنان و دیموکراسیی دوانەی لە یەکتر جیانەکراوەن، سەروەری یاسا، بنەمای بەردەوامیی پرسی دیموکراسییە، لە یۆنان فرە حزبیی ھەیە و چەندین حزبی سیاسیی بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا دەکەن و متمانەی هاوڵاتیانی یۆنانییان بە دەستهێناوە لە پەرلەماندا،حزبە سیاسیەکانی یۆنان بریتین لە ھەریەکە لە”حزبی نێیا دیمۆکراتییا، حزبی سیریزا، کینیما ئالاگیس، حزبی کۆمونیستی یۆنانیی، مێرا ٢٥، ئێلینیکی لیسی”، ھەریەکە لەم حزب و رێکخراوانە بەردەوام لەھەوڵ و تێکۆشاندان بۆ جیبەجێ کردن و سەرخستنی ئەو پرۆگرام و بەرنامەیەی بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەیان دایانڕشتووە، بە جۆرێ کە ھەمیشە لەرکابەری و ململانێی سیاسییدان کە بنەماکەی لێک تێگەیشتن و پتەوکردنی بنەماکانی چەمکی دیموکراسییە لە وڵاتەکەیاندا، نموونەیەکی تری بەرجەستەکردنی دیموکراسیی لە یۆنان ئەوەیە کە پەرلەمانی ئەم وڵاتە بۆ یەکەم جار ژنێکی وەک سەرۆکی وڵات ھەڵبژارد، رۆژی ٢٢ی مانگی کانوونی دووەمی٢٠١٩ پەرلەمانی یۆنان ئێکاتێرینی ساکێلارۆپولو-ی وەک سەرۆکی وڵات ھەڵبژارد بۆ یەکەم جاریشە لە مێژوودا ژنێک ببێت بە سەرۆک کۆماری یۆنان، ئێکاتێرینی ساکێلارۆپولو ، دادوەرو شارەزای یاسای دەستووری و یاسای ژینگەییە و تەمەنی٦٣ساڵە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی کۆستاس تاسولاس، سەرۆکی پەرلەمانی یۆنان، سەرۆکی نوێی وڵات لەناو پەرلەماندا لە کۆی ٣٠٠ پەرلەمانتار، ٢٦١ دەنگی پەرلەمانتاری بەدەستھێنا، لە یەکەم لێدوانیشیدا پاش ھەڵبژاردنی بەسەرۆک کۆمار، ئێکاتێرینی ساکێلارۆپولو رایگەیاند، ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە یۆنان بەرەو داھاتوویەکی گەشتر ھەنگاوبنێت.

کاریگەری حزبی سیریزا لەسەر کۆمەڵگەی یۆنان
کاتێک لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ی یۆناندا حزبی سیریزا بەسەرۆکایەتی ئەلێکسیس تسیپراس سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کۆمەڵگەی یۆنان و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە گەشبینییەوە لە ئایندەی یۆنانینان ئەڕوانیی و کۆمەڵێک هیواو ئاوات و ویست و خواستیی لەمێژینەییان بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان لەسەر هەڵچینیی بوو، بەپێی لێدوانیی لایەنگرانی سیریزا- هاوپەیمانی پێشکەوتووخواز، بەتایبەتی لایەنگرانی تسیپراس، سەرباری شکستیان لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩دا، ئێستاش هەروەکو رابردوو بەهیوان جارێکی تر دەسەڵات بگرێتەوە دەست و درێژە بدات بە کاروانی ئاوەدان کردنەوەو گەشەپێدانی کۆمەڵگەکەی وڵاتەکەیان، چونکە ئەوان لەو بڕوایەدان کە سەردەمی دەسەڵاتی تسییپراس سەردەمی زێڕینی دەسەڵات بوو، لەبەر ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە دیاردەی گەندەڵی لە یۆناندا هێنا، چاکسازیی لە هەموو جومگە ژییارییەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەدا کرد، لە کارە هەرە باشەکانی حکومڕانی سیریزا بریتی بوون لە: کاراکردن و رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەت و خەڵک، لەسەر بنەمای دادپەرەوەری کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی، هەرەها هەموو تواناکانی حزبەکەی خستەکار بۆ بەهێزکردنی سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی، پاشان یۆنانی رزگارکرد لەتەنگژەی ئابووریی و دارایی، لەپەرلەمانەوە یاسای تایبەت بە ئاسانکاریی لەوەرگرتنی مافی پەنابەریی بۆ سوودی پەنابەران داڕشت و کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، جگە لەوانەش دەرماڵەی تایبەتیی بۆ بێکارو هەژارو کەمدەرامەتی دانیشتووی وڵاتەکەی بێ جیاوازیی دابینکرد، بۆ خۆشی لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە باردۆخی هەنووکەی وڵاتەکەی رایگەیاند: بەجێبەجێ کردنی تەنها بەشێکی بەرنامەی کارەکەی، تاکی یۆنانیی رزگار کرد لەوەی کە تەنیا دەستی لەگیرفانییدا بێت، بێکارو بێ ئایندەیەکی روون بژی. وتیشی: سەرخستنی بەرنامەی کاری داهاتووی، تەنیا رێگەی رزگاریی تەواوەتی وڵاتەکەی و بەبەهێزیی مانەوەیەتی لەیەکێتیی ئەوروپاو لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێستا سیریزا نوێنەرایەتی زۆرینەی هێزە چەپ و سۆشیال دیموکراتەکانی یۆنان دەکات، لەخۆ ئامادەکردنیشدایە بۆ بەستنی کۆنگرەی سێیەمی..

یۆنان و پەتای کۆرۆنا
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسیی کۆرۆنا لە بەشێکی زۆری رووی زەویدا، ئەو پەتایە یۆنانیشی گرتەوە، بۆ بەرگرتن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە، ئەسینا هەموو رێوشوێنێکی پەیوەست بە خۆپاراستنی هاووڵاتییانی گرتەبەر، سەرەتا بە بڕیارێک هەموو خەڵکی یۆنان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ کەرەنتینە کران و ناچار کران کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، هاوکات وەزارەتی تەندروستی یۆنان پەیتا پەیتا رێنمایی پێویستی خۆ پارێزیی بڵاودەکردەوەو کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان لە مەترسییەکانی ئەو پەتا جیهانییە ئاگادار دەکرد. گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە و هەروەها پابەندبوونی خەڵکی یۆنان بە رێنماییەکانی تەندروستیی و هاوکاری حکومەتیش بۆ کەرتی تایبەتی بە پلاندانی دەرماڵەیەکی تایبەت بە کرێکاران و کرێنشینان، بوو بە فاکتەرێکی بەهێز لەوەی کە وەزارەتی تەندروستی توانی بەسەرکەوتوویی لە کاتی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ژمارەی قوربانیان و ژمارەی توشبووان لە ژێر کۆنترۆڵدا بهێڵێتەوە. بە پێی دوایین ئامار، تاێستا(٢ی تەمووزی٢٠٢٠) ٣هەزارو ٢٨٧ کەس حاڵەتی تووش بوون و ١٩٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا تۆمار کراوون.

ئابووریی
یۆنان لە سالی ٢٠٠١ەوە دراوی (یۆرۆ) کە دراوی هاوبەشی یەکێتیی ئەوروپایە بەکاردەهێنێت، یەکێتی ئەوروپا رۆڵی بنچینەیی هەیە لە هاریکاریکردنی ئەسینا لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ ئەوەی هەموو سەردەم و قۆناغێک بتوانێت بەسەرکەوتوویی قەیرانەکانی چارەسەر بکات، ساڵانە بە بڕی ٢،٤% هاوکاریی دەکات، بە پێی دوایین ئامار داهاتی ساڵانەی تاک لە یۆنان (٣١هەزارو ٧٣٦ یۆرۆیە)، خەرجی تاکیش (٢هەزارو٩٣٠ یۆرۆیە)، هەروەها خەرجی ساڵانەش (١٨٧،٤٥٦ ملیار یۆرۆیە) خەرجی ساڵانەی دەوڵەت پێش سەرهەڵدانی قەیرانەکە زیاتر لە ٤٠٠ ملیار یۆرۆ بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردن و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لە جیهان بەگشتیی و لەئەوروپا بەتایبەتی، لەیۆنان وەها ئەو رێژەیە دابەزیی کە لەهیچ وڵاتێکی جیهاندا دابەزینی بەو شێوەیە رووی نەداوەو تۆمار نەکراوە، جگە لەو کات و قۆناغانە نەبێت کە وڵاتێک رووبەڕووی جەنگ و خاپوورکردن بووبێتەوە…

بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧، بەرهەمی ساڵانەی یۆنان ١٩٤هەزارو ٢٤٨ ملیار دۆلار بووە، رێژەی بێکاریش ٧،٢١% بووە ، ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە کە یۆنان لەو قەیرانە ئابوورییە دەربازی بووە کە لە ساڵی ٢٠١٠ وڵاتەکەی گرتبۆوە، لە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵی رابردووی ئەو قەیرانەدا، کاربەدەستانی وڵات هەموو رێگەیەکیان بۆ دەربازبوون و کۆتاییهێنان بەقەیرانەکە گرتەبەر،سەرەنجام گەیشتنە ڕێرەوی رزگار بوون و تێپەڕاندنی قەیرانەکە. ئەم قۆناغەش دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە بۆ بونیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز کە ببێتە بنەما بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی کەرتی ئابووری لە داهاتوودا، لە ساڵی ٢٠١٩دا رێژەی زیادبوونی بەرهەمهێنان لە یۆنان بە گشتی ٠٢٪ بووە، هۆکارەکەشی ئەو نەخشەو پلانەیە کە لە لایەن شارەزایانەوە بۆ پڕۆژە فراوان و گەورەکان داڕێژراوە. کۆی بەرهەمی ناوخۆ ١٨٧،٥ ملیار یۆرۆیە..

گرنگترین پیشەسازییەکان لە یۆناندا بریتیین لە (چاندنی تووتن و وەبەرهێنانی کەرەستەکانی خۆراک و مەوادیی کیمیایی و بەرهەمهێنانی کانزاو دەرهێنانی نەوت) هەموو ئەوانەش رۆڵی دیارو بەرچاویان هەیە لەگەشەکردن و تۆکمەکردنی بنەماکانی کەرتی ئابووری لە یۆناندا.

ئاست و رێژەی ئابووری یۆنان بەبەراورد بەوڵاتانی دیکەی ناوچەکە، دیاری کراوەو سەرباری سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی و بەتایبەتی پەیوەست بوون بە سیاسەتی سک ھەڵگووشین کە قەرزپێدەرانی سەپاندبوویان بەسەر حکومەتدا، لێپرسراوانی باڵای یۆنان ھەموو توانایەکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە خستەگەڕو لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا بەسەرکەوتووی قەیرانەکەیان تێپەڕاند، واتا لە ئێستادا یۆنان قۆناغی گرفت و تەنگژەو قەیرانەکانی دارایی تێپەڕاندووە، دەتوانین بڵێین کە لە قۆناغی ئێستادا یۆنان لە سەرەتای گەشەی بەھێزی ئابووریدایە و خەم و مەترسییە گەورەکەی داراییەوە رەویوەتەوە، ئەو دەستکەوتەش لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەلێکسیس تسیپراس سەرۆک وەزیری پێشووی یۆنان لە حزبی سیریزا تۆمار کرا، لەئێستاشدا لێپرسراوان و شارەزایانی بواری ئابووری یۆنان شەو رۆژیان خستۆتە سەر یەک تاوەکو بتوانن رۆژ بە رۆژ بنەماکانی ئابووریی و دارایی وڵاتەکەیان تۆکمەتر بکەن و بەگیانی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتیی و نەتەوەیی و نیشتمانییەوە پلانەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگەی وڵاتەکەیان بەو جۆرە سەربخەن و پێش بخەن کە لە ئاستی خواست و ویستی کۆمەڵانی خەڵک و کۆمەڵگەی وڵاتەکەیاندا بێت و بەردەوام بن لە بەرز راگرتنی ئەو مەشخەڵە بەرزو مێژووییەی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی هەردەم بەبەرزیی و گەشی بمێنێتەوە.

کەرتی گەشتیاریی

یۆنان لە جیھاندا بە مێژووە پڕشنگدار و سەروەرییە شوێنەوارییەکانی بەناوبانگە،کەرتی گەشتیاریی و گەشتوگوزار لەسەدا ٢٠ی ئابووری یۆنان پێکدەهێنێت، ساڵانە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن کەس بۆ گەشت و بینینی شوێنەوارە ناوازەکانی سەردانی ئەم وڵاتە ئەکەن کە ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمتر لە ٢٠ ملیۆن کەسە، ھۆکاری ھاتنی ئەو گەشتیارانە بۆ چێژ بینین و بەسەر بردنی کاتێکی ئارام و ئاسوودەیی و ھەرەوەھا ئاوێتە بوونە لەگەڵ پەرستگە و شوێنەوارە دێریینەکانی ئەم وڵاتە، بەتایبەتی سەردانی مەزاری ئەکرۆ پۆلیس دەکەن لە ئەسینای پایتەخت، لە ئامارێکدا وەزارەتی گەشتوگوزاریی یۆنان بڵاویکردەوە کە وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٩ پێشوازی لە ٣٣ ملیۆن گەشتیار کردووەو بەو هۆیەشەوە زیاتر لە١٩ ملیار یۆرۆی داهاتی دەست کەوتووە، ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانەو پرسیاری لای رای گشتیی ناوخۆو دەرەوەی ئەم وڵاتەش دروستکردووە ئەوەیە، کە هۆکاری ئەو ژمارە بێ شومارەی گەشتیاران بۆ یۆنان چییە و فاکتەرەکانی پشت سەرکەوتنی وەزارەتی گەشت و گوزاری یۆنان بۆچی دەگەڕێتەوە؟.

بە بڕوای شارەزایان و وتەی بەشێکی زۆری گەشتیاران، هەرزانی نرخی گەشتیاریی بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی ترداو بەرزی کوالێتی کاڵاو پێداویستییەکان و هەروەها ئاسانکاریی هۆکارەکانی گواستنەوەو گەشتکردن لە نێوان شارو دوورگەکاندا فاکتەری سەرەکین بۆ ئەوەی ساڵانە زۆرترین رێژەی گەشتیار سەردانی یۆنان بکەن..

یۆنان و فەلسەفە
فەلسەفەی یۆنانی لە سەدەی شەشەمی پێش زایین دەست پێدەکات، ئەو کاتە دەستیپێکرد کە خەڵکی یۆنانی کۆن بۆ یەکەم جار هەوڵیان دا لە دیدگای فەلسەفەوە جیهان بینیی بکەن، وەڵامی ئەم پرسیارەش بدەنەوە: کە “تەفسیری بوونی جیهان چییە؟”، خۆیان سەرقاڵ کردبوو بە زۆر بابەتی هەمەچەشنە، بۆ نموونە ئاسترۆنۆمی، ماتیماتیک، فەلسەفەی سیاسیی، ئیتیک(رەوشت)، مێتافیسیک، بوون، لۆجیک، بایۆلۆژی، رەوانبێژی، دەرخستنی خەسڵەت و سیمای هونەری و میوزیک.

پێش ئەو ماوەیە ئەفسانە و کۆسمۆگۆنیا (بیرو بۆچوون دەربارەی سەرهەڵدانی گەردوون)‌و تییۆلۆجیای شاعیرانەیان هەیە. بەڵام ئەمانە هیچ هەوڵێک ناددەن بۆ خستنەڕووی تەفسیرێکی سروشتی بۆ شتەکان، زیاتر پەیوەندییان بە شیعر ‌و ئایینەوە هەیە، نەک فەلسەفە.
فەلسەفەی یۆنانی هەر لەسەرەتاوە کاریگەری لەسەر کولتووری رۆژئاوا درووستکردووە، هاوکات دیدو تێڕوانینی دێریینی یۆنانی کاریگەری لەسەر فەلسەفەی وئاینییش هەبووە لە ناوچەکەدا، فاکتەرێکی بەهێزوو بنەماش بووە بۆ سەرهەڵدان و لەدایک بوونی رۆشنگەریی و رێنانساز و بیری ئەوروپیی نوێ.

هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە فەلسەفەی یۆنانی کۆن کاریگەریی سۆفیگەرایی و ئەفسانەیی کۆزمۆگۆنی خۆرهەڵاتی ناوەندی دێرینی لەسەر بووە، کە هەندێک دەڵێن: مەبەست لە ناوچەی مێزیۆپۆتامیایە.

مارتین لیچفیڵد وێست-ی پڕۆفیسۆرو فیلۆلۆگیستی بەریتانی(لە ٢٣ ی سێپتامبەری١٩٣٧- لەدایک بووەو ١٣ی تەمووزی٢٠١٥ کۆچی دوایی کردووە) وتویەتی: (پەیوەندی کۆزمۆلۆگی و تیۆلۆگی ئەناتۆلی، هاوکاری فەیلەسوفە پرۆسۆکراتییەکان بووە بۆ ئەوەی دیدو فەنتازییای خۆیان ئازاد بکەن، بە دڵنییاییەوە ئایدیای باشی پێدان، بەڵام ناخی خۆیان بە مەنتیقی تر پیشان داوە)، بۆیە فەلسەفە لە دنیادا بە داهێنانێکی ژییاریی یۆنانی ئەژمار دەکرێت..

فەلسەفەی یۆنانی بە شێوەیەکی سروشتی بەسەر سێ ماوەدا دابەش دەبێت: یەکەم/ دەشێـت ماوەی یەکەم تا ڕادەیەک بە ماوەی فەلسەفەی پێش سوکرات ناو ببەین، ئەگەرچی ئەم ماوەیە سۆفیستەکان ناگرێتەوە کە لە یەککاتدا پێش سوکرات‌ و لە سەردەمی سوکراتدا ژیاون. ئەم ماوەیە ماوەی دەرکەوتنی فەلسەفەی یۆنانییە. دووەم/ ماوەی سۆفیستەکان تا ئاریستۆتێلیس، کە سوکرات‌ و پلاتۆن دەگرێتەوە، ماوەی پێگەیشتنی فەلسەفەی یۆنانییە‌ و ترۆپکە راستەقینەکەشی بەبێ هیچ گومانێک مەزهەبەکەی ئاریستۆتێلیسە. ماوەی سێیەم/ فەلسەفەی پاش ئاریستۆتێلیس، کە ماوەی داڕووخان‌و هەرەسهێنانی بیری نەتەوەییە. بێگومان ئەم دابەشکردنە دابەشکردنێکی هەڕەمەکیانە نییە، چونکە هەر ماوەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە‌ و لە کاتی خۆیدا روون دەکرێتەوە.

ئاکرۆپۆلیس – ئەسینا
شوێنەواری ئاکرۆپۆلیس دیارترین شوێنەواری یۆنانییەکانە لە ئەسینا، کە بەواتای “کەنار یان بەرزی شار دێت”، کەوتۆتە تەپۆڵکەیەکی بڵندو لە ھەموو شوێنێکی ئەسیناوە بە ھۆی بڵندیییەکەیەوە بە ئاسانی بەدی دەکرێت، ھەروەھا ناودارترین شوێن و پێگەی مێژوویی و شوێنەواری یۆنانییەکانە لە ئەسینای پایتەخت، ئەوەش وای کردووە کە زۆرتین گەشتیاری بیانیی سەردانی ئاکرۆپۆلیس بکەن و لەنزیکەوە لەو ھونەری بنیاتنان و شێوە ئەندازەییەی دێرینی یۆنانییەکان بڕوانن، ھەر لەدامێنی ئاکرۆپۆلیسدا مۆزەخانەیەکی تایبەت بەنمایشی کەرەستە و شوێنەوارە دێریینەکان لەسەر رووبەرێکی فراوانی زەوی بنیاتنراوەو، لەڕێگەی بینین و سەردانی ئەو مۆزەخانەیەوە گەشتیاران و تەنانەت نەوەکانی ئێستای یۆنانییەکانیش بۆ خۆشیان ئاشنای سەلیقەیی و ژیریی و ھۆشیاریی یۆنانی دێریین و زاناو فەیلەسوفە ناودارەکانیان ئەبن، ئەوەش بنەمایەکی پتەو تۆکمەیە بۆ چاندنی تۆوی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و نیشتمانیی و نەتەوەیی لەلایەن نەوەی ئێستای یۆنانییەکان و خۆشویستنی وڵاتەکەیان و پابەندبوون بە بنەماکانی رێزگرتن و خۆشەویستیی نیشتمانەوە.

ناوچەی پلاکا لە ئەسینا
یەکێکە لە گەڕەکە دێرین و جوان و سەرنج راکێشەکانی ئەسینای پایتەخت، ئەکەوێتە خۆرھەڵاتی شوێنەواری ئاکرۆپۆلیسەوە ، ھەروەھا ناودارترین شوێنی گەشتیاریی ئەسینای پایتەختیشە، وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئەم گەڕەکە تایبەت بووە بەشوێنی دەوڵەمەندەکانی ئەسینانی دێرین و تاکو ئێستاش نەوەکانیان لەو گەڕەک و ناوچە شوێنەوارییەدا ئەژین، لە کاتی بەسەرکردنەوەو گەڕان بەو کۆڵانە باریک و تەنگەبەرەداو لەتێڕوانین بە خانوو خانەو شوێنە کەلەپورییەکانی ئەو گەڕەکەدا، گەشتیار بە ئاسانیی خەسڵەتە جوانەکانی ھونەری بیناسازیی و رەسەنایەتی شارستانێتی یۆنانییەکانی لە دێریندا بۆ دەرئەکەوێت و بۆی دەسەلمێت کە یۆنانی ئێستا بنەماکانی لەسەر ئەو رەسەنایەتییە بنیاتناوە، بۆیە وەھا کاریگەرو سەرنج راکێشە.

سەنتەری شار
گۆڕەپانەکانی سینتاغماو ئۆمۆنیا، سەنتەری ئەسینای پایتەختن، یەکێکن لە گرنگترین دوو شوێنە قەرەباڵغ و چڕەکانی شار کە شەقامەکانی ستاژیۆ و پانێپیستیمیو پێکیانەوە دەبەستێتەوە، کە لە نێوانیشدا دووکان و مۆڵ و بازاڕە گەورەکان دەبینرێن کە بەشێوازێکی مۆدێرن بنیاتنراوون و رۆژانە ھەزاران کەس بۆ بەدەستھێنانی پێداویستییەکانیان سەردانیان دەکەن، جگە لەوەش پەرلەمان و گۆڕی سەربازی ون کە لەدامێنی پەرلەماندایە، کەوتوونەتە گۆڕەپانی سینتاغماوە، لەکاتی سەردانی سەرۆک و پاشاو لێپرسراوی باڵای وڵاتان لەئەسینا سەردانی گۆڕی سەربازی ون دەکەن و بەڕێزەوە چەپکە گوڵ لەسەر مەزارەکە دادەنێن، ئەوەی کە زیاتر سەرنج راکێشە، بوون و بینینی ئەو سەربازانەیە کە بەبەرگی تایبەتی دێریینەوە پاسەوانیی و ئێشکگریی لە مەزاری گۆڕی سەربازی ون دەکەن، رۆژانە چەندین کەس بۆ بینینی نمایشە سەربازییەکانی پاسەوانەکان بە دیاریانەوە دەمێننەوە سەیری جووڵە سەرنج راکێش و ناوازەکانیان دەکەن و بۆ بەزیندوویی مانەوەی یادگارییەکانیان ونەیان دەگرن، ھەر لەو گۆڕەپانەدا پارک و سەوزاییەکی زۆر لەسەر رووبەری ٤٠ ھێکتار زەوی بنیاتنراوە، لە باشووری تەلارەکەوە، کۆشکی زاپییۆنە، کە لە نێوان ساڵی ١٨٧٤ بۆ ١٨٧٨ بنیاتنراوە، نزیک لە کۆشکی زاپیییۆن کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمارە کە لە ساڵی١٨٩٧ی سەدەی ١٩ەیەم بنیاتنراوە، پاشان یاریگای پاناتیناکۆنە کە یەکەم خولی یارییەکانی ئۆلۆمپی لە ساڵی ١٨٩٦ بنیاتنراوە.

یاریگای پاناپینایکۆ
پێشکەوتووترین و ناودارترین یاریگایە لە جیھاندا، ساڵی ١٨٩٦ ھاوکات لەگەڵ دەستپێکی یەکەم خولی یارییەکانی ئۆڵۆمپی کراوەتەوە، مێژووی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە سەردەمی دەسەڵاتی لیکورگۆس لەسەدەی چوارەمی پێش زاینیی، شارەزایان و بەتەمەنەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لە نێو ئەو یاریگایەدا چەندین یاریی وەرزشی جراجر کراوە، تنا یاریگایە کە کەرەستەی بنیاتنانەکەی بەتەواوی پێکھاتووە لەبەردی بەنرخی پێندێلی و چیاکانی دەوروبەری ئەسینای پایتەخت، تاکو ئێستاش شوێنەوارناسان بەگرنگییەوە لەبنیاتنان و شێوازەکەی دەڕوانن و بنەمایەکیش بووە بۆ ئەوەیەی لەچەندین شوێنی جیھاندا لەسەر ھەمان شێواز یاریگای مۆدێرن بنیاتبنرێت.

مۆزەخانەی ئاکرۆپۆلیس
یەکێکە لە مۆزەخانە گەورەکانی تایبەت بە شوێنەوارییەکانی ئاکرۆپۆلیس، لە ساڵی ٢٠٠٧ بنیاتنراوە، نەخشەسازییەکەی لە لایەن بێرنارد چومی ئەندازیاری بیناسازییەوە کێشراوە، ئامانج لە نەخشەسازیی و بنیاتنانەکەی خستنەڕوو نمایشکردنی شوێنەوارە ھەڵکۆڵراوەکانە بەتایبەتی ئەو شوێنەوارە بەنرخ و گرنگانەی کەلەپەرستگەکەی ناو ئاکرۆپۆلیسدا ھەن، ئەم مۆزەخانەیە ئەکەوێتە شەقامی دیۆنیسیۆس ئارەیۆپاگیتو لە دامێنی گردۆڵکەی ئاکرۆپۆلیسی مێژووییە.

شانۆی مێژووی ییرۆدو ئەتیکو
شانۆی مێژووی ییرۆدو ئەتیکو دەکەوێتە ناوچەی مێژوویی و شوێنەواری لەئەسینای پایتەخت و دەکەوێتە نزیک گردۆڵکەی ئاکرۆپۆلیس، ئەم شانۆیە شێوازی مودەرەجییە و لە سەدەی دووەمی زاینیی لە ساڵی١٦١ی زاینییدا بنیاتنراوە و یەکێکە لە دیمەنە شوێنەوارییە نایابەکانی دامێنی گردۆڵکەی ئاکرۆپۆلیس.

دانیشتوانی یۆنان
یۆنان جێبەجێ کردنی دیموکراسیی کردۆتە بنەمای ھەموو ھەنگاوەکانی بە ئاڕاستەی پێشکەووتن و گەشەکردنی کۆمەڵگەکەیان لە ڕووی کۆمەڵاتییەوە، ھەرکەسێک تەنانەت ئەگەر بە ڕێبواریش بێت رێی کەوتبێتە ئەم وڵاتەوە ئەوا ھەرگیز ھەستی دڵسۆزیی و سنگ فراوانیی و بەسۆزیی خەڵکی یۆنان لە بیر ناکات، کاتێکیش پرسیاری ھۆکاری ئەم خەسڵەتە بەرزو دڵسۆزانەیان لێدەکەیت، ئەوا بێ یەک و دوو بنەماکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەو ھەستە نیشتمانییەی کە لە منداڵییەوە بە خۆشەویستی نیشتمان و مرۆڤ دۆستی پەروەردە کراوون، بە جۆرێک پرسی مرۆڤ بوون و خزمەتکردنی مرۆڤایەتییان کردووە بە سەرمەشقی ھەموو کارو چالاکییەکانیان و بێ جیاوازیی رەگەز و نەتەوەو ئایین و ئینتمای سیاسیی ھاوکاریی ھەر پەنابەرێک دەکەن کە بەھەر ھۆکارێکەوە بێت ھاتوونەتە نێو خاکی وڵاتەکەیانەوە، یۆنان بەوڵاتێکی ھاوچەرخی پێشکەوتوو بەناوبانگە، ویست و خواستی دۆستایەتیی و میوانداریی و پتەوکردنی بنەماکانی کۆمەڵایەتییە، ئاستی ھۆشیاریی رووناکبیریی خەڵکی یۆنان بەرزەو، زۆربەیان لانی کەم زمانی ئینگلیزی دەزانن تاکو لەگەڵ گەشتیارەکاندا گفتوگۆ بکەن و لێیان تێبگەن. خەسڵەتێکی تری سەرنج راکێشی ئەسینای پایتەخت ئەوەیە کە خەڵکەکەی شانازی بەوەوە دەکەن شەو رۆژ واتا ٢٤ سەعات بازاڕ و خواردنگە و کافتریاو قاوە خانەکانیان کراوەن و پێشوازیی لە میوانەکانیان دەکەن، سەرباری ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکاریی و چاکسازییەکانی دنیای فراوانی گەشتیاریی پێشکەوتوون ھاوکات خەسڵەتە دێرین و رەسەنایەتیەکانی کۆمەڵگەکەی خۆشیان فەرامۆش نەکردووە، کە ئەوەش سیمایەکی سەرنج راکێشتری بە جوانیی یۆنان و ئەسینای پایتەخت بەخشیوە، سەلمێنەری ئەو راستییەشە کە ئەسینا شاری ھاوچەرخی نەک یۆنان، بگرە جیھانیشە.

کەرتی پیشەسازیی
ئاشکرایە کە یۆنان ئەندامی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایە، پەیوەستە بە سیاسەتی یەکێتییەکەوە، بە تایبەتی لە ڕووی بازرگانیی و ئابووریی و داراییەوە، بەردەوامیش لە رووی وەبەرھێنان و ھەناردەکردن و کارگە و کەرتی پیشەسازییدا لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو لە رکابەریدایە، ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نرخی کاڵاکان لەو وڵاتەدا بە بەراورد بەوڵاتانی پێشکەوتووی ئەوروپا کەمترە، ئەوەش وەھای کردووە کە خەڵکی بە گشتیی بیر لەوەبکەنەوە لە یۆنان نیشتەجی بن و وەبەرھێنان بکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە یۆنان نزیکەی دوو ساڵە، واتا لە سەردەمی حکومڕانی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ئەلێکسیس تسیپراس، کۆتایی بە قەیرانی دارایی و ئەرکەکانی بەرامبەر بە قەرزپێدەرانی راگەیاندووە.

گوزەرانی پەنابەران
پەنابەران و یۆنان، تەواو ئاوێتەی یەکترن، بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە بەھەر ھۆکارێکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی بێت وڵاتانی خۆیان جێدەھێڵن و روو لەئەوروپا دەکەن، زۆربەیان بە ناچاری دێن بۆ یۆنان و خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی گەشتەکەیان ئامادە دەکەن، زۆریشن ئەوانەی کە تەنها وەکو وێستگەیەکی گەشتەکەیان بۆ باکووری ئەوروپا روویان لە یۆنان کرد، بەڵام دواتر بەھەمیشەیی و بۆ نیشتەجێ بوون تێیدا مانەوە.
کوردستانییانی یۆنان بە گشتیی و لە ئەسینا بەتایبەتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرباری ئەوەی زیاتر لە دوو دەیەیە بە ھەمیشەیی لە یۆنان نیشتەجی بوون، سەرەتا بە نیازی مانەوە نەبوون لەم وڵاتەدا، بەڵام بە ھۆی چەند ھۆکارێکەوە لەوانە”بەئاسانی پێدانی مافی پەنابەرێتیی و ھاوسۆزیی یۆنانییەکان بۆ کورد و مامەڵەی تەواو مرۆڤ دۆستانەیان، کەوەک ئاماژەی بۆ دەکەن ناچار بەمانەوەیان کردوون لەم وڵاتەدا، زۆربەشیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کەسەرباری کۆسپ و سەختییەکانی ژیان سەرەنجام، لە ئێستادا ھەموو تواناکانیان بۆ فێربوونی زمان و پەیدا کردنی کاری شایستەو یاسایی خستۆتەگەڕ.

ھەر سەبارەت بە پرسی پەنابەران لە یۆنان زۆرێک لە کوردستانیان لە یۆنان کە لەئێستادا لەم وڵاتە نیشتەجێن جەختیان لەوە کردەوە کە “کەبەراورد بەساڵانی رابردوو، بەتایبەتی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، حکومەتی یۆنان بۆ باشترکردنی گوزەران و دۆخی ئابووریی و کۆمەڵایەتی و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئەو پەنابەرانەی روو لە وڵاتەکەیان دەکەن، ھەنگاوی بەرچاویان ناوەو سەرباری دۆخی ئابووری خۆیان لەخەمی دابینکردنی شوێنی نیشتەجی بوون و دابینکردنی بڕە پارەیەکن بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بە خانەوادەیی روویان لە یۆنان کردووە، دابینکردنی خوێندن و کارتی بێ کاری و مامەڵە یاساییەکان.

ژینگەی وەبەرھێنان
بە درێژایی سەردەمی دەسەڵاتی حکومڕانی و حکومەتەکانی پێشووی یۆنان، ھەروەھا حکومەتی ئێستاش، ھەموویان رێزیان لە بنەمای یاساکانی بازاڕی ئازاد گرتووە و بەو ھۆیەشەوە گەشەی بەرچاویان بە بازرگانیی و ھاوردەو ھەناردە کردن داوە، واتا بە پێی یاسا داڕێژراوەکان گەشەیان بەبازرگانیی داوە، بڕیارێکی دیکەی حکومەتەکانی یۆنان ئەوەیە کە زەمینەسازیی فراوان کراوە بۆ ئەوەی خەڵکی بیانیی ھان بددەن تاوەکو بێن و لە وڵاتەکەیاندا وەبەرھێنان بکەن، بە پێی یاسای ژمارەکانی ٢١٩،٣٥ و٤٦ لە یۆنان وەبەرھێنان دەکەن و ھەندێک بڕگە و ماددەی تر چوارچێوەی یاسای سیاسەتی ئابووری ئاسان و ھاوچەرخ کراوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ جێبەجێ کردنی وەبەرھێنان بکرێت لەم وڵاتەدا، بە گشتی یۆنان سیاسەتی دروستی وەبەرھێنان و گەشەی ئابووری گرتۆتەبەر، کە مەبەستی سەرەکیشی لەو ھەنگاوە بەردەوامیی گەشەو بووژانەوەی بنەماکانی ئابووری وڵاتەکەیی و ھاوکاریی کردنی وەبەرھێنانیشە کە سوود لە وزەو توانا داراییەکانیان وەربگرن.

ھەوڵێکی تری حکومەتی یۆنان بۆ هاوڵاتیانی وڵاتانی جیهانی سێیەم و ھاندانی سەرمایەدارەکان، بەتایبەتی سەرمایەدارانی وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە ٢٠١٣ بە پێی یاسایەک کە لە پەرلەمانی یۆنانی دەنگی پێدرا و چووە بواری جێبەجەکردنەوە، مافی نیشتەجێبوون بۆ ٥ ساڵ، بە هەر سەرمایەدارێک ببەخشێت، کە لە یۆنان بەبڕی ٢٥٠ هەزار یۆرۆ وەبەرهێنان بکەن لە کڕینی موڵکدا، بەو ھۆیەوە دەتوانن مافی نیشتەجێبوون بۆ خۆیان کەس و کاریان بە دەستبهێنن بۆ ماوەی ٥ساڵ و بەردەوام نوێ بکرێتەوە، هەروەها چەندین دەرفەت و هەلی دیکە بۆ وەبەرهێنان لە بوارەجیاوازەکاندا.

نیشتەجێ بوون و مەرجەکانی بە دەستهێنانی مافی نیشتەجێبوون:
دەستەواژەی ناسراوی ڤیزەی ئاڵتوونی، لە واقیعدا بەدەستھێنانی مافی مانەوەی “٥” پێنج ساڵییە، بەو مەرجەی بەبڕی ٢٥٠ ھەزار یۆرۆ لە خاکی یۆناندا وەبەرهێنان لە کڕینی موڵکدا بکرێت، بەو هۆیەشەوە رێژەی وەبەرھێنان تا ئاستێکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەم مافی نیشتەجێبوونە لە دوای ٥ ساڵ تازە ئەکرێتەوە بەمەرجێک کەسەکە موڵکەکەی نەفرۆشتبێت، ھیچ مەرجێکیش نییە لەسەر مانەوەی داواکار بۆ ماوەی ٥ ساڵەکە، ھەڵگری مافی نیشتەجێ بوونی یۆنان، ئەتوانێت گەشت بکات بۆ ھەموو وڵاتانی ئەوروپای ناوچەی شێنگێن، هەروەها خاوەنی موڵکەکە ئەتوانێت داوای نیشتەجێ بوون بکات بۆ “خێزانەکەی و مناڵەکانی، بەھەمان وادەی بەسەر چوون، دایک و باوکی داواکاری سەرەکی، دایک و باوکی ھاوسەری داواکاری سەرەکی بەمەرجێک موڵکەکە بە ناوی داواکاری سەرەکی وھاوسەرەکەیەوە بێت”، لەرۆژی دوای پرکردنەوەی فۆرمی زانیاری، دوو مانگ کاتی پێ ئەچێت بۆ وەرگرتنەوەی مافی نیشتەجێ بوونەکە.

بەو ھەنگاوە ئاسانکارییە بۆ وەبەرھێنان وایکردووە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیھانەوە بێن بۆ یۆنان، ھەلی سەرنج راکێشی داھاتی بەرز، نرخی گونجاو لە شار و قەزاو دوورگەکانیش نرخی شایستەو گونجاون، بە پێی ئامارێکی رەسمی، ئاست و رێژەی وەبەرھێنان لەم وڵاتەدا لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا واتا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٩ بەم جۆرەی خوارەوە بووە:

ساڵەکان رێژەی وەبەرهێنان

٢٠١٤/ ٣٦٢
٢٠١٥ /٧٨٥
٢٠١٦ /١٢٧٣
٢٠١٧/ ٢٢٣٢
٢٠١٨/ ٤٠٦٥
٢٠١٩/ ٦٣٠٤

یۆنان و ھەرێمی کوردستان
سیاسەتمەداران و پسپۆڕانی یۆنان ھەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی مێژووی ھاوبەشی یۆنانییەکان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەدێر زەمانەوە ھەبووە و هەیە و بەردەوامیش دەبن لە پەرە پێدانی ئەو پەیوەندییانە، سەرۆک مام جەلال رۆحی شاد بێت چی وەکو سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چی وەکو سەرۆک کۆمار، چەندینجار سەردانی یۆنانی کردووەو لەگەڵ لێپرسراوان و سیاسەتمەداران و رۆشنبیرانی یۆناندا دیدارو گفتوگۆی کردووەو بەردەوامیش جەختی لە گەشەکردنی پەیوەندییەکانی خەڵکی کوردستان وعیراقی لەگەڵ یۆنانییەکاندا کردۆتەوەو ھانیداوون سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و لە نزیکەوە بە پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ئاشنا بن، رەوا حەمە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بارەیەوە پێی راگەیاندم، لە کۆنگرە مێژوویەکەی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتێرناسیۆنال کرد لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەسینا، کەتێیدا جەنابی سەرۆک کۆمار بەجێگری سەرۆکی رێکخراوەکە ھەڵبژێردرا و رایگەیاند: لەو سەردانەی سەرۆک مام جەلالی نەمردا بۆ یۆنان، داوای لە سەرۆک کۆماری یۆنان و سەرۆک وەزیرو لێپرسراوانی تری ئەو وڵاتە کرد کە بەدیدو ھزرو ھێزێکی نوێوە لە ھەرێمی کوردستان و پڕۆسەی دیموکراسیی و کاراوانی ئاوەدانیی بڕوانن و پشتیوانیی لێبکەن، رەوا حەمە ئەوەشی روونکردەوە، لە دوای ئەو سەردانەی سەرۆک مام جەلال، جگە لەوەی رای گشتی کۆمەڵگەی یۆنان بەدیدو تێڕوانینێکی نوێوە لەھەرێمی کوردستان دەڕوانن، فاکتەرێکی بەھێزیش بوو بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان و سەرمایەداران و سیاسەتمەدارانی یۆنان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و رێنمایی بەرچاویان بۆ پەرەپێدان و پێشکەوتنی کاروانی ئاوادانی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە نێوان هەردوولا بەدەستبهێنن و ئەزموونی خۆیان لە بوارەجیاوازەکانیشدا پێشکەش بەئەزموونی هەرێمی کوردستان بکەن، رەوا حەمە وتیشی: دوایین ئاکامی سەردانەکانی سەرۆک مام جەلال کردنەوەی کونسوڵگەری گشتی یۆنان بوو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا کۆماری یۆنان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کونسوڵگەری گشتیانەوە لە هەولێر نوێنەرایەتی دەکرێت و هەرێمی کوردستانیش نوێنەرایەتی لەو وڵاتە نییە.

هەروەها وتی: لەبەر گرنگی پێگەی گیۆگرافی یۆنان و سیاسەتی بێ لایەنەی لە ناوچەکەدا و نزیکیان لە هەرێمی کوردستان، دەکرێت پەیوەندییەکان پەرەپێبدرێن لە بوارەکانی شارستانی و کەلتوری و بازرگانی و سیاسیش و هەردوولاش سوودمەند بن.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە قسەکردن لە بارەی وڵاتێکی دێرین و مەزنی وەکو یۆنان، وشە و رستەی زۆری دەوێت، هەزاران ساڵە لە تەواوی جیهاندا کتێب و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم وڵاتەوە دەکرێت. یۆنان وڵاتی ” فەلسەفە، موزیک، ئەدەب، زانست” شارستانی یۆنانی هێندە گەورەو فراوانە، کە هەتا مرۆڤایەتی ماوە، قسەو باسی لەسەر دەکات.
هیوادارم ئەم هەوڵەی من تیشکێکی خستبێتە سەر ئەم وڵاتە جوانەی ئەوروپا و کەمێک زانیاریم بە خوێنەرانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەخشیبێت.

 

سەرچاوەکان:

سایتی رەسمی گەشت و گوزار
http://www.visitgreece.gr/#&slider1=2

سایتی (سی تی سی فۆر) بۆ خزمەتگوزارییەکانی وەبەرهێنان و رێنمایی گەشتیاری
http://www.ctc4.gr

سایتی رەسمی وەزارەتی کۆچ و پەنابەران.
http://www.immigration.gov.gr

کتێبی گەشتیاری گەنجینەکانی یۆنان لە جیهاندا٢٠٠٧

تاریخ الفلسفة الیونانیة، تالیف: وولتر ستیس، ترجمة: مجاهد عبد المنعم مجاهد. 1986

 

 

print

 665 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*