سەرەکی » ئابووری » به‌رهه‌می ناوخۆی كشتوكاڵی

به‌رهه‌می ناوخۆی كشتوكاڵی

شوان كه‌ریم كابان

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ی بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كارگه‌كان ته‌ماته‌ی خۆمان وه‌رناگرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن به‌ كه‌ڵكی دۆشاوی ته‌ماته‌ نایه‌‌و ئاوی كه‌مه‌و گرانیش ده‌كه‌وێت، پارتی‌و نه‌یاره‌كانی تری یه‌كێتی هه‌م له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن‌و هه‌میش له‌ سۆشیال میدیا، قسه‌ی هه‌مه‌جۆری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

زۆربه‌ی زۆری میدیاكان‌و هه‌ركاتێك باسی كشتوكاڵ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن هه‌رێم به‌رهه‌می كشتوكاڵیی نییه‌، ئه‌ی كه‌ نییه‌تی، جووتیار بۆ كێشه‌ی ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانی هه‌یه‌؟، بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی فڕێ ده‌دات‌و كێشه‌ی به‌ بازاڕكردنی هه‌یه‌؟ بۆچی كاتێك ده‌وترێت حكومه‌ت گه‌نمی كه‌متر له‌ جووتباران وه‌رده‌گرێت ده‌بێت به‌ كێشه‌؟ په‌تاته‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، ئێستا زۆر هه‌رزانه‌، بازرگانه‌كان ده‌یكڕن‌و له‌ ساردكه‌ره‌وه‌دا هه‌ڵی ده‌گرن بۆ ئه‌وكاته‌ی وه‌رزی به‌سه‌ر ده‌چێت.

له‌هه‌رێمی كوردستاندا 23 هه‌زار خانووی پلاستیكی هه‌یه‌، كه‌ بڕێكی زۆر (سه‌وزه‌ و ته‌ڕه‌) به‌رهه‌م ده‌هێنن. برنج نزیكه‌ی 250 هه‌زار تۆن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. میوه‌ی هه‌مه‌جۆری خۆمان بازاڕی پڕ كردوه‌و ساڵانه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك پێشانگای بۆ ده‌كرێته‌وه‌. ئایه‌ هه‌موو به‌رهه‌مێك بۆ پیشه‌سازی ده‌بێت؟ ته‌ماته‌ی ئاسایی به‌ كه‌ڵكی دۆشاو دێت؟ گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی ئاسایی بۆ زه‌یت ده‌بێت؟ زه‌یتونی زه‌یت هه‌مان ئه‌و زه‌یتونه‌یه‌ كه‌ ده‌یخۆین؟ ئه‌و كارگانه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ كه‌ ژماره‌یان سێ كارگه‌یه‌ بۆچی كار ناكه‌ن؟ ئایه‌ له‌ وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌روبوومی خۆماڵیدا به‌روبوومی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم وه‌كو كاته‌كانی تر هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرێن، یان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێن؟ ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ملیار و 200 ملیۆن هێلكه‌ به‌رهه‌م دێت، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆری مریشكیش، بۆچی عیراق رێگه‌ نادات به‌رهه‌می كشتوكاڵیی هه‌رێم هه‌نارده‌ی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست‌و خواروو بكرێت؟ ئایه‌ به‌رهه‌می كشتوكاڵیی هه‌رێم ده‌توانێت پێشبڕكێی به‌رهه‌می كشتوكاڵیی ئێران‌و توركیا و ئوردن بكات؟ دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ هه‌روا ئاسانه‌؟ یاخود ده‌بێت به‌رهه‌مه‌كان به‌پێی خواستی ئه‌و بازاڕانه‌ بێت كه‌ ده‌یكڕن؟.

بۆ روونكردنه‌وه‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسیار و بابه‌تانه‌، پێویسته‌ وه‌زیرانی (كشتوكاڵ، بازرگانی، شاره‌زایان‌و پسپۆڕانی كشتوكاڵ، مامۆستایانی زانكۆ له‌كۆلێجی كشتوكاڵ‌و هه‌موو به‌شه‌كانی، بازرگان، خاوه‌نی كارگه‌كان، جووتیار و به‌ڕێوه‌به‌ری عه‌لوه‌كان) قسه‌ی خۆیان هه‌بێت‌و بێنه‌ سه‌ر هێڵ‌و راستی‌و ورده‌كارییه‌كان بۆ رای گشتی روونبكه‌نه‌وه‌.

print

 181 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*