سەرەکی » کەلتوور » بەسەرۆکایەتی (مەحمود زامدار) مەزاری حەزرەتی (نەزار قەبانی)مان بەسەرکردەوە

دەروازە

بەسەرۆکایەتی (مەحمود زامدار) مەزاری حەزرەتی (نەزار قەبانی)مان بەسەرکردەوە

نازم دڵبەند

بە شەمەندەفەری (ئەکادیمیای بەدرخان) گەیشتینە وڵاتە جوانەکەی (شام) ئەو وڵاتەی هەستناکەی (عەرەب)حوکمی تێدا دەکات،چونکە ئەگەر بەکۆڵانەکانی لای شەقامی(مەحەمەد عەلی عابد)دا گوزەربکەی مەحاڵە لەبۆن و رەنگی شەقامە فەرەنساوییەکان زێتر هەست بەچیتر بکەی….کە دەگەیە شەقامی (الحمرا) باڵای ئەو هەموو کچە جوانانە دەبینی دیسان سیمای کچە چاوشینە فەرەنسییەکانی قاوەخانەی لای بورژی (ئیڤڵ)ت دێتە بەرچاو….لەخۆتەوە دەچیە ناو رۆمانسیەتی شیعر کە لەدەروازەکەی (باب تۆما) دەچیە ژوورێ وا خۆت دەبینی لە(رۆما)ی قەشەنگی و لە دەرگای (فاتیکان) دەچیە ژوورەوەو راهیبە گەنم رەنگەکان لەپێشوازیتدان و هەریەکەو خاچێکی ئارامی لە ملەو دەتبا دەتبا تا دەتگەیەنێتە لای مینبەری (کەنیسە)و دەرسی لێبوردەیت فێر دەکات….ئاخر (قەبانی) گەورە ئیمپڕاتۆریەتی شیعری رۆمانسی ئەو کچە باڵا بڵندو چاو خوماری قاوەی دەستەناسکەکانی ئەو پەری-یانەی لەچاوەکانی وێنا کردوە،بۆیە هەموو سیپارە شیعرییەکانی تەنها بۆ (ژن)نوسیوەو بۆ (ژن)پێکەنیوەو بۆ (بەڵقیس)گریاوە…

(نەزار )کەچاوی بڕیوەتە ئەو چاخانانەی کە جوانی کچەکان تێکەڵی دوکەڵی (نێرگەلە)بوە ئەوسا زانیویەتی لێوی ئەو کچانە چەند جوان دڵداری لەگەڵ (ماچ) دەکەن کە قژەخاوەکانی ئەو کچانەی دیوە ئەوسا لەوە گەیشتوە کەپەڕی (تاوس)لە قژی (بەڵقیس) دەکا،بۆیە لەوقەڵەمەی دەستی پاڕاوەتەوە نەکا غەدر لەوهەموو جوانیە بکات لەشیعریش پاڕاوەتەوە نەکا دەستبەرداری عەزەمەتی وەسف بێت و لە رۆشنایی چاوەکانی خۆشبێت لەو هەست و نەستە عاشقانەش پاڕاوەتەوە سۆمای تێڕوانینیان هی تێڕوانینی نیشتمانێکی رۆمانسیانەبێ،چونکە ئەمڕۆی هەستی شیعری ئەو لەهەموو رۆژانی دیکە تیژڕەوترە بۆ نەخشاندنی ئەو قژەخورماییانەی کە لەرەنگی دارخورماکانی(ئەعزەمیە)دەچێ،چونکە ئێمەش زەمەنێکە موبتەلای ئەو جوانیانەی (نەزار)ین بە حەزەوە لەو (دیمەشق) جوانەی نیشتمانی شیعرەکانی (قەبانی)هیچ مەزارێکمان لەمەزاری حەزرەتی(قەبانی)بەپیرۆزتر نەزانی تا (فاتیحەی شیعری جوانی بۆ بخوێنین) ئەوەتا هەڵکوت هەڵکوت بەسەرۆکایەتی رەوانشاد(مەحمود زامدار) و(بەندە نازم دڵبەند و زایەر عەبدوڵلا و یوسف ئەبوبەکر) چوینە سەر ئەو مەزارەو فاتیحایەکی رۆحیمان بۆ حەزرەتی (قەبانی) خوێند و دروودێکی موریدانەمان بۆ ئیمپراتۆری رۆمانسیەت بردو گوتمان:
(پیاوە جوانەکە لەوێش تەنها شیعر بۆ فریشتەکان بخوێنەوە…)

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*