سەرەکی » کەلتوور » گەلێكی تینوو بەهونەر‌و سینەمایەكی هەژار

گەلێكی تینوو بەهونەر‌و سینەمایەكی هەژار

مەستی

ئێمە گەلێكین تینووین بەهەموو جوانییەكان‌و گەرەكمانە جواننووس‌و جوانبێژو‌و جوانبین بین‌و خوازیاریشین لەگەڵ هەموو جوانییەكانی دونیادا رێبكەوین‌و لەكاروانی رەنگینی ئەدەب‌و هونەر‌و بیرو‌و ژیان دوانەكەوین‌و واشمان كردووە، لەگەڵ سەرەتاكانی ئەدەب‌و نووسین‌و فەرهەنگدا هاوشانی گەلانی دونیا‌و بەپێی قۆناغەكانی گەشەی مرۆڤایەتی رۆیشتیوین‌و گەر هەنگاوێك پێش نەكەوتبین لەدواوەش نەبووین، ئەگەرچی لەڕابردوودا گەلێكی بندەستی دەوڵەتان‌و چەوساوە‌و غەدر لێكراوبووین‌و لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی پۆلیسی‌و دەرگا داخراودا ژیاوین‌و هەمیشە دابڕاوو دوورخراوە بووین لەكایەكانی پێشكەوتنی دونیا لەڕووی مەعریفە‌و ئەدەب‌و نووسین‌و هونەرەوە، بەڵام بەهۆی ئەو عەشقەی كە لەگەڵماندا گەورە بووە بۆ هونەرەكان، ئەگەر لەودیووی دەرگاكان‌و لەدرزی پەنجەرەكانیشەوە بوبێت لەكاروانی هونەرەكان دانەبڕواین‌و لەڕێگەی زۆرێك لەمامۆستا‌و خەمخۆرانی هونەر‌و فەرهەنگی كوردەوە تروسكەیەكی كەمیش بووبێت توانیومانە لەگەڵ كاروانە جوانبینەكەی دونیادا رێبكەین‌و هەنگاوی گەورەشمان ناوە، گەر كاڵیش بووبێت لەڕەنگەكان‌و ئەگەر لاوازیش بوبێت لەڕووی تێگەیشتنمانەوە بۆ شتەكانی دەورووبەرمان، گرنگ ئەوەبووە كە نەتەوەكەمان لەچوارچێوەی بێدەنگی‌و بێڕەنگی نەهێشتۆتەوە بەسەرەتایەكی كەم‌و هەنگاوێكی باشەوە، لەنێو ئەم كاروانی جوانبینینەی دونیادا سینەماش یەكێك بووە لەو خەونانەی هونەرمەندو عاشقانی پیشەی فلیمسازی‌و ئەو هونەری كە هەموو كیشوەرەكانی دونیا دەبڕێت‌و زۆرێك لەنەتەوەكانی دونیا وەك پرەنسیپێكی گەورەی ناساندنی كولتوور‌و زمان‌و نەتەوە‌و سیاسەتی بەڕێوەبردن تەماشای دەكەن‌و كاریشی بۆ دەكەن‌و بە بەشێك لەسەروەتی نیشتیمانی‌و ژێرخانی گەورەی ئابووری نەتەوەكانی دەبینن. ئێمەی فلیمسازانی كوردیش بەو ئامانجەوە روومان كردووەتە هۆڵەكانی سینەما‌و بەڕۆشنبیرییەكی كەمیشەوە بێت هەنگاوەكانی سەرەتامان ناوە‌و لەم كرانەوە پیشەسازییە جیهانیەدا قاڵبوینەتەوە‌و خەونی زۆرێكیشمان ئەوەیە بگەینە ئاستی دەوڵەتە بەرهەمهێنەكانی دونیا‌و توانیویشمانە لەڕێگەی بەرهەمە هەژارەكەمانەوە سنوورەكانی وڵاتان ببڕین‌و هاوشانی دەوڵەتە گەورە‌و كۆمپانیا گەورەكانی سینەما بگەینە سەر فەرشی سووری سینەماكانی دونیا، بەهەژاری‌و شەرمەوە، بەبێكەسی‌و بێپشتیوانیەوە، بەڵام بەدەستێكی پڕ‌و بەڕوویەكی سوورەوە، بەتوانای كەم‌و هەنگاوی گەورەوە، بەمەعریفەیەكی كاڵا‌و بەڕەنگێكی تۆخەوە بەڕێكەوتوین. ئەگەر سەیرێكی مێژووی وڵاتان بكەین لەئێستاش‌و رابردووشدا زۆرێك لەدەوڵەتە تازەپێگەیشتوو زلهێزەكانیش لەڕێگەكانی هونەر‌و بەتایبەت سینەماوە هەیمەنەی خۆیان بەسەر دەوڵتانی تردا سەپاندووە‌و ئامانجە سیاسی‌و نەتەوەییەكانی خۆیان گەیاندۆتە هەموو نەتەوەكانی تر، هەتا ئەمڕۆشی لەسەربێت چەند جیلێكی ئێمە بەتەواوی شارەزای زمان‌و كولتوور‌و ئەدەب‌و ژیانی كۆمەڵایەتی میسر‌و هیند بووین، ئەمەش تەنها لەڕێگەی سینەماكەیانەوە بووە، لەمڕۆشدا هەر لەڕێگەی سینەما‌و درامای كۆرییەوە هەنگاوەكانی بوون بەدەوڵەت‌و پێكهاتنی كۆمەڵگەی كۆری‌و چینیەكان دەناسین، ئەوەتانێ‌ دەوڵەتانی درواسێشمان بەئامانجێكی داگیركارانەوە كولتوورو سیاسەتی توڕەبوونەكانی خۆیان لەڕێگەی راگەیاندنە خەمساردوو گوێرایەڵەكانی خۆمانەوە دەگوازنەوە بۆ نێوماڵەكانمان‌و ژیانمان پڕ دەكەن لەگەمەی ناسیۆنالستی‌و دژەنەتەوەیمان، كەچی جێگەی داخ‌و هەڵوەستەكردنە ئەم خەرمانە تازە سەوزبووەمان، ئەم شنەبا جوانەی هونەری سینەمامان، ئەم كاروانە بەهێزە كیشوەربڕە، ئەم تیشكە تیژەی كە دەتوانێت سنوورەكانی دەسەڵات‌و هەموو باڵەخانەكانی دیكتاتۆری ببڕێت‌و بڵێت ئەوە ئێمەش هەین‌و دەتوانین بێنە ریزی نەتەوەكانەوە‌و پەیامی ژیاندۆستی‌و غەدروو گوناهەكان بكەینە دەنگ‌و رەنگ‌و گوێی مرۆڤایەتی پێ پڕبكەین لەوتن، بەڵام ئەم كاروانی جوانیە زۆر هەژارە، بێكەسە، غەدلێكراو‌و فەرامۆشكراوە، لەپەنای دەسەڵاتێكدا لەدایكبووە كە ناهێڵت گەشە بكات، نایەوێت بیناسێت، ناشیەوێت بیبینێت، ئەم هەنگاوە سەرەتاییەمان بەشێوەیەكی هێندە هەژار‌و برسی لەدایكبووە كە دەترسم جگە لەپەشیمانی هیچیتر بەدوای خۆیدا نەهێنێت. دەسەڵاتێك هەموو شتێك دەناسێت جگە لەهونەر، هەموو كەسێك دەبینێت هونەرمەند نەبێت. سەرەڕای ئەوەش بەبڕیار رێگری دەكەن لەڕێكخستنی فێستیڤاڵی سینەما لەپایتەختی رۆشنبیری‌و ناهێڵن لەسەر گیرفانی خۆشمان لەڕێگەی سینەما تازە لەدایكبووەكەمانەوە جوانی‌و غەدرو قوربانی‌و چیرۆكەكانی مەرگ‌و عەشقە ناكامەكانی نەتەوەكەمان بۆ خۆشمان‌و دونیا حونجە بكەین، تەنانەت ناشیانەوێت بەرگێكی جوان بەباڵای شۆڕشەكانی خۆێشیاندا بكەین، ئەوەشی لێرە‌و لەوێ‌ كردبێتیان تەنها دەستگرتنێكی كەسیی بووە یان بۆ بەمێژوو كردنی خۆیان لەنێوە كایەكانی هونەردا بووە، یان بۆ مەرامێكی سیاسی‌و فرۆشتنەوەی بەهاكانیان لەنێوان كێشەكانی خۆیاندا، ئەوەتانێ‌ ئێمەی هونەرمەندان‌و رۆشنبیران‌و خەمخۆرانی مانا جوانەكانی سینەما یەكەم‌و دووەم هەنگاوی بەنێو دەوڵەتی بوونی سینەمامان ناوە بەگیرفانی خاڵی‌و بەدڵێكی پڕلە ماناجوانەكانی هونەرەوە هەنگاوەكانمان بەهێزتر دەكەین‌و راناوەستین بەو هیوایەی بگەینە كەنارێكی ئارام‌و دونیاكەمان بەخەونی رەنگاڵەیی هونەرمەندانە رەنگ بكەین ئەگەرچی لەمەش بێكەستربین، چونكە نیشتیمان‌و هونەرەكەمان خۆشدەوێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید چوارشەممە، ١٠/ ٣ /١٩٤٣ کیتی گیان! دوێنێ ...