سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » رێكەوتنی هاوكاریی چارەكە سەدە

رێكەوتنی هاوكاریی چارەكە سەدە

ماوەیەکە هەریەك لە ئێران و چین خەریكی داڕشتن و تاوتوێكردنی رێكەوتنێكی ئابووری و ئەمنین و بەوپێیە بایی سەدان ملیار دۆلار بازرگانی و هاوكاریی كەرتی وزە و كەرتەكانی تر لە نێوانیاندا روو دەدات و ناویان لێناوە «رێكەوتنی هاوكاریی چارەكە سەدە».

ئەم هەنگاوە هەوڵەكانی ئەمریكا خاو دەكاتەوە كە بۆ لاوازكردن و فشار خستنە سەر ئێران دەیدات. تاران بێمنەت دەبێت لەو سزایانەی ئەمریكا كە سەپاندویەتییە سەری، وڵاتی چینیش جگە لە قازانجە ئابوورییەكەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پڕۆژەكانی دەیكات، هەژموونی فراوانتر دەبێت و لەگەڵ ئێران پێكەوە دەبنە جەمسەرێكی كارا لە دژی ترەمپ و كۆشكی سپی.

بەگوێرەی میدیای ئەمریكی: ئەو دانوستان و گفتوگۆیانەی نێوان پەكین و تاران، چوار ساڵە لە میانی سەردانی سەرۆكی چین بۆ ئێران دەستیپێكردووە و ئێستا خەریكە گەڵاڵە دەكرێ و ئیمزای دەكەن، هەرچەندە لە ناو پەرلەمانی ئێراندا بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، چونكە وەك لە میدیاكاندا باسكراوە، كاتێك ساڵی پار جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی چینی كرد بۆ پەنجە خستنە سەر خاڵە كۆتاییەكانی ئەو رێكەوتنە، لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتارەوە رەخنەی لێگیراوە، بەڵام چاودێران وایدەبینن كە لەبەرئەوەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لەگەڵیدایە، ئەوا پڕۆژەكە لە پەرلەمانیش سەردەگرێ و ئاراستەكە ئێستا لە ئێران وایە كە پێویستیان بە بووژاندنەوەی وڵات و چوونە دەرەوەیە لە ژێر قەیرانەكانی ئەمریكادا.

دەیان بوار دەگرێتەوە
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، كە رێكەوتنەكە لە 18 لاپەڕە و دەیان بەند پێكهاتووە، هەموویان تایبەتن بە بایەخدانی چین بە بواری ئابووری و بازرگانی و پەترۆكیمیایی و نۆژەنكردنەوەی هۆیەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و تەلەفۆن و هێڵەكانی شەمەندۆفێر و هاتوچۆی دەریاوانی و دەیان پڕۆژەی دیكەی گرنگ، كە بەهۆی ئابڵۆقەی سەریەوە، ئێران ناتوانێت پەرەیان پێبدات.

كۆی بەرهەمهێنانی چین لە ناو ئێراندا بایی 400 ملیار دۆلار دەبێت و ئەو گوژمە گەورەیە وڵاتەكەیان لەو قەیرانە ئابوورییە رزگار دەكات، لە بەرامبەریشدا چین بۆ ماوەی 25 ساڵ سوود لە نەوتی ئێران دەبینێ و پشكی لە دەرهێنان و بەرهەمەێنانی و پاڵاوتنیدا دەبێت.

وەك دیارە، ئێران یەكێكە لەو وڵاتە گەورانەی نەوت زۆر هەناردە دەكەن، بەڵام لە پێرارەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا و دابەزینی نرخی جیهانییەوە، نەوت لە بازاڕەكاندا كەمترین بەرهەمهێنانی هەیە، بۆیە بەو رێكەوتنە دەبووژێتەوە و بەرهەمی زیاتر دەكاتەوە و ئەگەر وەك باس دەكرێت لە سەرەتای ساڵی تازەوە نرخی نەوت بۆ نزیك 100 دۆلاری ئەمریكی بەرز دەبێتەوە، ئەوسا كێشەی نامێنێت.

لەلایەكی دیكەشەوە، چین سێ بەشی ئەو نەوتەی بەكاری دەهێنێت لە دەرەوە هاوردەی دەكات، كە رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل دەبێت، لە كاتی پراكتیزەبوونی ئەو رێكەوتنەدا، ئەویش كێشەی زۆری نامێنێ و نەوتی بە هەرزان دەستدەكەوێت.

لە رووی سەربازی و سوپاوە
لە رووی سەربازیشەوە، چین قەرەبووی لۆجیستی ئەو وڵاتە دەكاتەوە لە هەناردەكردنی چەك و جبەخانەی مۆدێرن و راهێنانی سەربازانی ئێران و دروستكردنی پەیوەندی و هاوكاریی هەواڵگریی سەربازی لە نێوانیاندا، ئەو هەماهەنگییەی نێوانیان بۆ ئەمریكا جێی نیگەرانییە و فشارەكانی سەر ئەو وڵاتە سووك دەكات، هەروەها بۆ پەكین زۆر گرنگە، چونكە ساڵانێكە بەهۆی ئەمریكاوە ناتوانێت هەژموونی بهێنێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەو رێكەوتنە پێگەكەی فراوانتر دەكات.

پێگەی تەلەفزیۆنی NTV ئەڵمانیش نووسیویەتی: ئێران و چین دەمێكە خەریكی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیانن و بەم رێكەوتنە ئێران سوودمەندترینە، چونكە بەهۆی كۆرۆنا و سزاكانی سەریەوە دۆخی نالەبار بووە و ئەم هەنگاوە دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانانەی سەری.

پڕۆژەیەكی گرنگە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكان بڵاوكراونەتەوە: جارێ ئەو رێكەوتنە نهێنییە و تەنها لە زاری بەرپرسێكەوە ئاماژەیان پێكراوە و لە ئێران رەزامەندیی پەرلەمانی دەوێ و دەبێت لە چینیش بەرپرسانی باڵا لێی ئاگادار بكرێنەوە، بەڵام وروژاندنی ئەو كەیسە و جۆشدانی لە ناو میدیادا بە تایبەتیش لەم كاتەی كە ئەمریكا بەهۆی كۆرۆناوە دۆخی باش نییە و لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نزیك دەبێتەوە، ئەمانە هەموو زەمینەیەكی باشن بۆ ئەو دوو وڵاتە تاكو تۆڵەی خۆیان لە ئەمریكا بكەنەوە و تەنگەتاوی بكەن.

رۆژنامەی ئۆیڵ پرایس ئاشكرایكردووە: ئەم رێكەوتنە ئەگەر ئیمزا بكرێت، هاوسەنگی جیۆسیاسی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكا و هەردوولایان قازانجی زۆری لێدەكەن.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

 185 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*