سەرەکی » راپۆرت » سربیا چالاکوانێکی کورد راده‌ستی تورکیا ده‌کات

سربیا چالاکوانێکی کورد راده‌ستی تورکیا ده‌کات

که‌ناڵی دۆیتچه‌ ڤێله‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌واڵێکدا رایگه‌یاند: حکومه‌تی سربیا جه‌وده‌ت ئه‌یاز چالاکوانی کوردی باکووری کوردستانی راده‌ستی تورکیا کردووه‌، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا پێشتر ئه‌یاز داوای مافی په‌نابه‌ری له‌ سربیا کردووه‌، پێشتریش لیژنه‌ی دژایه‌تیکردنی ئه‌شكه‌نجه‌دانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش، له‌به‌یانێکدا داوای له‌حکومه‌تی سربیا کردووه،‌ که‌ ئه‌و چالاکوانه‌ کورده‌، راده‌ستی حکومه‌تی تورکیای نه‌کاته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بۆته‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان.

دژی ئه‌ردۆغان بووه‌
ئه‌و که‌ناڵه‌ باس له‌وه‌ده‌کات که‌ جه‌وده‌ت ئه‌یاز، چالاکوان و سیاسه‌تمه‌دارێکی کوردبووه‌ و دژی سیاسه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکی تورکیا بووه‌. هه‌ربۆیه‌ پێشتر دادگای تورکیا، حوکمی 15 ساڵی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌.

داوای په‌نابه‌ری کردووه‌
له‌مباره‌یه‌وه‌ که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی له‌زاری ئانا ته‌رکولگا پارێزه‌ری جه‌وده‌ت ئه‌یاز رایگه‌یاندووه‌: ئه‌مساڵ جه‌وده‌ت داوای مافی په‌نابه‌ری له‌ سربیا کردووه‌، ئه‌وه‌ش پاشئه‌وه‌ی له‌ تورکیا رایکردووه‌، چونکه‌ دادگای ئه‌و وڵاته‌ حوکمی 15 ساڵی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌، ئه‌وه‌ش به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ پێشێلکاری به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستووری وڵات کردووه‌.

UN هۆشداری داوه‌
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ که‌ناڵی دۆیتچه‌ ڤێله‌ رایگه‌یاند: لیژنه‌ی دژایه‌تیکردنی ئه‌شكه‌نجه‌دانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، له‌ 18 دیدسه‌مبه‌ردا له‌به‌یانێکدا داوای له‌ حوکمه‌تی سربیا کردووه‌، که‌ جه‌وده‌ت راده‌ستی تورکیا نه‌کاته‌وه‌، چونکه‌ رووبه‌روی ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌بێته‌وه.

حکومه‌تی سربیا نکوڵی ده‌کات
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ پۆلیسی سربیا به‌و که‌ناڵه‌ی راگه‌یاندووه‌: پێشتر دادگای سربیا بڕیاری راده‌ستکردنه‌وه‌ی جه‌وده‌تی داوه‌. وتیشێ: نیلا کۆبروفیچی وه‌زیری دادیش له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای سربیا، بڕیاری راده‌ستکردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ کورده‌ی داوه‌. راشیگه‌یاند: ئێمه‌ هۆشدارییه‌که‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانمان پاش بڕیاری راده‌ستکردنه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ زۆربه‌ی رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، حکومه‌تی تورکیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، که‌ له‌ زیندانه‌کاندا، ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندانیان ده‌دات.

 593 جار بینراوە