سەرەکی » هەمەڕەنگ » شەقامەكان موڵكی هەمووانە

چوخم

شەقامەكان موڵكی هەمووانە

دڵبەند مستەفا

دیاردەیەك كە خەریكە دەبێتە باو ئەویش گرتنی شەقامە سەرەكییەكانە بە وەستاندنی ئۆتۆمبیل، كە بۆتە گرفتێكی گەورە بۆ هاووڵاتیان و قەرەباڵغی زۆری بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبیل دروستكردووە.

ئەم دیاردەیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بەشێك لەو هاووڵاتیانە وا هەست دەكەن ئەم شەقامە تەنها موڵكی خۆیانە، ئەوان تەنها كەسن كە مافی ئەوەیان هەیە ئەو شەقامە داگیر بكەن و چۆنیان بوێت بوەستن و بەكاری بهێنن كە ئەمەش گرفتێكی گەورەیەو ترس لەوەیە كێشەی تر بەدوای خۆیدا بهێینت.

سەیر لەوەدایە زۆربەی كات ئەو ئۆتۆمبیلانە ئۆتۆمبیلی تاكسین كە رێگا دەگرن بەناوی پەیداكردنی بژێوی ژیان كە ئەمە راستەو مافێكی سروشتییە تۆ بژێوی ژیانت پەیدا بكەی، بەس نەك لەسەر مافی گشتی و ببیتە هۆی دروستكردنی گرفتی هاتوچۆ.

پێش چەند رۆژێك لە بەردەم كلینكی پزیشكێك ویستمان نەخۆشێك بە عەرەبانە بەرینە كلینكەكە، زیاتر لە 500 مەتر دورتر رۆشتین، تا توانیمان عەربانەكە بخەینە سەر شۆستەكە بەهۆی گرتنی نیوەی زیاتری شەقامەكەوە. بەهەركەسیشت ئەوت تكایە رێگامان بكە ئەیوت بڕۆ بۆ ئەولاتر كە ئەمە زەنگێكی مەترسیدارەو پێویستە بەزوویی دەزگا پەیوەندیدارەكان چارەسەری بكەن.. هەركات باسی ئەم گرفتانە دەكەیت یەكسەر دەڵێن گوزەرانی خەڵك و نەبوونی مووچە وایكردووە لێپرسینەوە كەم بێتەوە و چاوپۆشی بكرێت، هەمووی راستە، بەڵام ئەی مافی گشتی و مافی بەرامبەر؟ بۆیە دەكرێت دەزگا پەیوەندیدارەكان لێپرسینەوە و رێنمایی و هۆشیاری هاووڵاتیان بكەن بۆ ئەم بابەتە تا لەوە زیاتر گرفت دروست نەبێت و ئەم دیاردەیە تەشەنە نەكات و وای لێبێت شەقامەكان بەتەواوی بگیرین.

 571 جار بینراوە