سەرەکی » دۆسێ » مشتومڕ لەسەر تەنگژەکانی میدیای رۆژئاوای کوردستان و بەراوردکردنی لەگەڵ ئەوەی لە باشووری کوردستان هەیە

خاكی رەش

مشتومڕ لەسەر تەنگژەکانی میدیای رۆژئاوای کوردستان و بەراوردکردنی لەگەڵ ئەوەی لە باشووری کوردستان هەیە

بەشی – ١٣-

سەرتیپ جەوهەر
رۆژی پێنجشەممەم لە كامپی هۆل بردە سەر، ئیوارەكەی زۆر ماندوبووم، پێویستم بە كەمێك پشوودان هەبوو. کە گەیشتمەوە شوێنی حەوانەوەم، بەر لەنانخواردنی ئێوارە، چایەكی پڕڕەنگ و گرانی كوردانەم خواردەوە. زەنگی مۆبایلەكەم لێیداو ئەو هەڤاڵەی هاوئاهەنگیی لەگەڵ دەكردم، وتی: “سبەی بۆ نیوەڕۆ ئامادەبە لەهەر شوێنێك بیت، دێینە دوات و دەتبەینە شوێنی مانەوەی هەڤاڵ مەزڵوم.

دیدار لەگەڵ میدیاکانی پەیەدە

ئەو هەواڵە بۆمن زۆر دڵخۆشكەر بوو، دڵنیابووم لەوەی دەتوانم دواتر بگەڕێمەوە باشوور، چونكە سەفەرێكی ئەوروپام هەبوو بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ساڵانەی كۆمسیۆنی مەدەنی (یەكێتی ئەوروپا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كورد) كە لە بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا لەسەرەتای شوباتی 2020 بەڕێوە دەچوو.

بۆ ئێوارەكەی پێویستم بەوەبوو كەمێك پشوو بدەم، دواتر سەردانێكی دامەزراوەی هاوار بكەم كە دامەزراوەی سەرەكیی میدیایی پەیەدەیە لە رۆژئاوای كوردستان و ژمارەیەك دامودەزگای راگەیاندنی تێدا كۆكراوەتەوە.
دوای پشوودانێكی كورت و چاخواردنەوەیەكی لەسەرخۆ، پەیوەندیم پێوەكردن بۆ دڵنیابوونەوە لە وادەی سەردانەكە.

ئەوانیش بەڕێوبەرو كادرە سەرەكییەكانیان حەزیان دەكرد پێكەوە گفتوگۆ بكەین لەبارەی دۆخی راگەیاندن لە باشووری كوردستان و پێویستیی هاوئاهەنگی بۆ هەوڵی پێشخستنی میدیاكەی خۆیان.

ئێوارە تەواو تاریك داهات و شۆفێرەكەی هاتووچۆی پێدەكردم ئامادەبوو، سەرباری ئەوەی برسیم بوو، بەڵام نەدەكرا لەوادەی دیاریكراو دوابكەوم، ئەگەرنا ئێوارە لەگەڵ عەبدولجەباری هاوڕێم كە كوڕێكی زۆر قسەخۆش بوو، پێكەوە بانگهێشتکرابووین بۆ خواردنێكی كوردەواریی.

گەیشتینە لای دەزگای هاوار كە هەر لە قامیشلۆیە. لە باڵەخانەیەكی چەند قاتییە و ژمارەیەك دامودەزگای جیاوازی تێدا جێكراوەتەوە.

كە گەیشتم یەكێكیان راسپاردبوو رێنوێنیم بكات بۆ چوونە ژوورەوە و بەخێرهێنان. شوێنی كۆبوونەوەكەمان لەقاتی چوارەم بوو، ئەو رۆژە بەختم نەبوو، هەم زۆر ماندوو بووم و هەمیش زۆرم برسی بوو، ئەمە وایكرد بیرم هەر لای خواردن بێت.

برسێتی تەنگی پێ هەڵچنیبووم

بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەی زانستی، بۆ خوێندنەوە و نووسین و بیركردنەوە و وتاردان، واباشترە تێر نەبیت، واتە دوای خواردن مەسەلەی دابەشكردنی رێژەی ئۆكسجین لەنێوان سەروو خوارووی جەستەی مرۆڤ جیاواز دەبێت و مێشك ئۆتۆماتیك زۆربەی ئەو ئۆكسجینەی لە سییەكان دەستیدەكەوێت، رەوانەی ناو هەناو و گەدەی دەكات، بۆئەوەی خوراكی پێ وەربگیرێت و مێشك زیاتر بەرەو هێوربوونەوە دەچێت و پێویستی بە پشوودانە. بەهەرحاڵ من زۆرم برسی بوو، لەوكاتانە ئەو بیرۆكە و ئەو قسانە لەبیر دەكەین.

پێشوازییەكی گەرمیان لێكردم و ژمارەیەك هەڤاڵی كاراو چالاكیان ئامادەبوون كە هەریەكەیان لێپرسراوی تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە و كاروباری میدیایی پەیەدە بوون. لەو باڵەخانەیەدا ئاژانسی هاوار، تەلەفزیۆنی رۆناهی، رۆژئاڤا تیڤی، رۆژنامەی رۆناهی، الیوم tv، رادیۆی رۆژئاڤا، ژمارەیەك میدیای دیكە لەو كۆكراونەتەوە.

گرفتەکانی میدیا و دۆخی ژیانی خەڵکی رۆژئاوا

لەو دانیشتنەدا بەكراوەیی لەبارەی گرفتەكانی میدیا لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان قسەمان كرد، ئەوان حەزیان دەكرد گوێ‌ لەمن بگرن سەبارەت بە میدیای باشوور قسەیان بۆ بكەم، هەروەك منیش حەزم دەكرد ئەوان لەبارەی دۆخی میدیای رۆژئاوا و گرفتەكانیان قسەی خۆیان بۆ من بكەن.

بەشێوەیەكی گشتیی من باسم لەوەكرد كە میدیای باشووری كوردستان وەكو پێویست چالاك و ئەكتیڤ نییە لە رۆژئاوای كوردستان و ئەوەی هەیە چەند میدیایەكی دیاریكراوە كە پەیامنێر و نووسینگەیان لە رۆژئاوای كوردستان هەیە و بەشێك لە راستییەكان دەگوێزنەوە.

ئەو میدیایانە بەشێكن لە بارودۆخی ململانێی سیاسیی باشووری كوردستان، بۆیە هەموو راستییەكان هەموو دیوەكانی رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان ناگوێزنەوە. بەڵکو ئەو دیوە هەڵدەبژێرن كە مەبەستیانە بیگوێزنەوە.
هەروەک باسم لەوەشكرد كە میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان چالاكترن، بەڵام تەواوی رووداوەكان و هەموو رەهەندەكانی رووداوەكان ناگوێزنەوە.

میدیای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش سستە و دەتوانین بڵێین گرنگییەكی ئەوتۆ بە رۆژئاوای كوردستان نادات، بۆیە دەبینین لە رۆژئاوای كوردستان زۆر چالاك نین.

هەروەك بۆم روونكردنەوە كە میدیای باشووری كوردستان كاریگەریی لەسەر تێگەیشتنی میدیاكاران و خەڵكیش دروستكردووە سەبارەت بە تێگەیشتن و تێڕوانینیان لەبارەی باشووری كوردستان و حكومڕانیی و ژیان لە باشووری كوردستان.

من پێم وتن: “ئێوە ژیان و حكومڕانیی باشووری كوردستان لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە دەبینن، بەڵام ئەوە راستیی ژیان نییە لە باشووری كوردستان، بۆیە پێویستە ئێوەش وەك (میدیای رۆژئاوای كوردستان) لە باشووری كوردستان چالاك بن و راستیی ژیان لە باشووری كوردستان وەك خۆی بگوێزنەوە و لەچاوی خۆتانەوە كوردستان نیشانی هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان بدەن”.

دیوێکی رووداوەکان و بێئاگایی لە دیوەکانی تر

هەروەها پێموتن: “هەروەك چۆن ئێمە لە باشووری كوردستان سەركەوتوو نەبووین لە گوێزانەوەی ژیانی رۆژئاوای كوردستان یان وەكو پێویست نەمانتوانیووە وێنەی رۆژئاوا بگوێزینەوە، ئاوهاش ئێوە سەركەوتوو نەبوون لە گوێزانەوەی وێنەی باشووری كوردستاندا”. واتە گوێزانەوەی گوزەران و ململانێی سیاسی و گرفتەكان. پێكهاتەی سیاسی و حكومەت و پەرلەمان و ژیان بەگشتیی. میدیا و دامودەزگاكانی رۆژئاوای كوردستان وەكو پێویست نەبوونەتە سەرچاوەی هەواڵ و رووداوەكانی باشووری كوردستان، بەڵكو خەڵك یان وەرگری رۆژئاوای كوردستان هەواڵ و رووداوەكان لە میدیا و دامودەزگاكانی باشووری كوردستانەوە وەردەگرێت، ئەمەش وایكردووە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان تەواوی وێنەكەی لێ دیار نەبێت و وێنەیەكی ناروون لەبارەی باشووری كوردستانەوە ببینێت.

هەروەك سەرنجی خۆمم پێ راگەیاندن كە وەك پێویست ئەوانیش نەیانتوانیووە بەشێوەیەكی گشتیی رووداوەكان و شێوەی ژیانی رۆژئاوای كوردستان بگەیننە هەرێمی كوردستان، بەڵكو جۆرە دابڕانێك لەنێوان میدیای رۆژئاوای كوردستان و خەڵكی باشووری كوردستان (وەرگری باشوور) هەیە.

سەرقاڵیی میدیاکان بە هەڕەشە ئەمنی و سیاسییەکانەوە

بەكورتی وتم ئێوە راستیی ئیدارە و ژیانی رۆژئاوا وەكو خۆی پێشانی هەموومان بدەن، ئەگەر ئێوە خۆتان باس لە كێشەو گرفت و رووداوەكانی رۆژئاوا وەك ئەوەی هەیە بكەن باشترە، ئەگەرنا حزب و لایەن و میدیای دیكە رووداوەكان وەك ئەوەی دەیەوێت پێشان دەدات و دەگوێزێتەوە، ئەوەش وادەكات تەنها دیوێكی رووداوەكان ببینرێت، نەك هەموو دیوەكان. دەشكرێت میدیای رۆژئاوای كوردستان خۆی دەست بخاتە سەر كەموكوڕیی و ئاریشەكان کە لەئارادان، هەر خۆیشی چارەسەری بكات، تا دەرفەتی باسكردنی نەبێت لەلایەن میدیای دیكەوە.

هەرچۆنێك بێت ئەوەی من تێگەیشتم، ئەو میدیایەی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە، لە بەشێك لە گرفت و دەردەكانیان لەگەڵ میدیای باشووری كوردستان هاوبەشن، واتە لەهەندێک رووەوە لێكچوونێك هەیە لەنێوان سروشتی كاری میدیایی رۆژئاوا و باشووری كوردستان.

زۆربەی ئەو دام و دەزگا میدیایانەی لەوێ‌ هەن سەربە پەیەدە-ن، چونكە حزب و لایەنەكانی دیكە ئەو توانا ئابووریی و مرۆییەیان نییە بتوانن میدیای خۆیان هەبێت. ئەوەی هەیشە میدیایەكی حزبییە و بەشێوەیەكی گشتیی هەمان ئەو مۆدێلە میدیاییە كە لەسەرەتای نەوەدەكانی رابردوو لە هەرێمی كوردستاندا هەبوو و تائێستاش درێژكراوەی هەیە.

واتە میدیایەك چوارچێوەیەكی دیاریكراوی كاركردن و ئازادیی هەیە و دەورە دراوە بە دۆخی سیاسی حزب.
لەوە زیاتر میدیای ئەوێ‌ هێشتا لەقۆناغی خەباتی چەكداریدایە كە رەنگە دۆخێكی تایبەتی هەبێت لە كاركردن.
رەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی لەچوارچێوەدانی كاركردنی میدیایی رۆژئاوای كوردستان پەیوەندیی بە ئەولەویەتی ژیانەوە هەبێت، چونكە لەوێ سەرباری خراپیی بژێوی ژیان و بوونی كەموكوڕییەكانی ئیدارەدان، بەڵام مەترسیی پەلاماری توركیا و گروپە تیرۆریستییەكان و تەنانەت هەڕەشەی رژێمی سوریاش راستەوخۆ لەسەر رۆژئاوا هەیە و ترسێكی جددیە، بۆیە هەم خەڵك و هەمیش میدیا چاوپۆشی لە هەندێک بارودۆخ دەكەن كە رەنگە پێویستی رووماڵكردنی هەبێت، بەڵام دۆخی شەڕ و ترس لەسەر خەڵك واپێویست دەكات میدیا گرنگیی بە بارودۆخی دیكە بدات.

گرفتی ئابووری و تەکنیکی

لەگەڵ ئەوەی لە دۆخێكی تایبەتی شەڕكردن و روبەڕوبونەوەدان، هاوكات ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی كە ئێستا ئەوان بەكاری دەهێنن، مۆدێلی كۆنە و دەتوانین بڵێین دۆخی مادییان لەوانەیە رێگر بێت لە پێشخستنی میدیاكەیان لەرووی تەكنیكییەوە.

ئەو تەكنۆلۆژیایەی ئێستا بەردەستە بۆ كاری میدیایی زۆر پێشكەوتووە، جگە لەوەی ئاسانكاریی زۆر بۆ كاری میدیایی دەكات، هاوكات وێنەیەكی زۆر روونتر دەخاتە بەردەستی وەرگر.

قسەی گەورە و باسكردنی بابەتی گرنگ برسێتی بیر نەدەبردمەوە. یەك دوو قاوەم خواردەوە، بەڵام هەر داڵغە و بیرم لای خواردن بوو، چونكە لەبەیانییەوە شتێكی كەمم خواردبوو. هەر لەو دانیشتنەدا كە من پێموابوو زۆر سوودم لێی بینی، ئەوانیش تێبینی و سەرنجی خۆیان لەبارەی گرفتەكانیان لەسەر مەسەلەی میدیا نەشاردەوە.

هەروەك بەشێك لە هۆكاری خراپیی بارودۆخی میدیاییان گێڕایەوە بۆ خراپیی دۆخی ئابووریی و دەستڕانەگەیشتنیان بە تەكنۆلۆژیای سەردەم تا بتوانن باشتر كاروبارەكانیان رایی بكەن.

خوانی شەو و شەوچەرە

هاتمە دەرەوە سواری ئۆتۆمبێل بووم درەنگانێك بوو، ئەو هاوڕێیەم لەشوێنی خوان چاوەڕێی دەكردم. کە گەیشتمە شوێنی مەبەست و خواردن دادەنرا، كوببەی كوردەواریی زۆر بەلەزەت بوو، عەبدولجەباری هاوڕێم لەمن زیاتر برسی بوو، هێشتا خواردن بەتەواوی دانەنرابوو، دیاربوو پەلاماری دەدا! جگە لە كوببە، نانی گەرمی كوردەواریی و زەیتێكی زەیتونی تایبەت.

من سەرباری ئەوەی زۆرم برسی بوو، بەڵام خۆم دەپاراست لە زۆر خواردن، لەبەرئەوەی دەمزانی شەو چەرە و دانیشتنمان هەیە تا درەنگان دادەنیشین و خواردنی دیكە دەخۆین، بەڵام ئەو هاوڕێیەم خۆی نەپاراست، زۆر زۆری خوارد! بۆیە دوای نانخواردن كەڵكی دانیشتنی نەما، وتی من دەڕۆم نامێنمەوە، بەڵام نەمانهێشت، چونكە ئەو بڕۆیشتبایە، ئیدی دانیشتنەكە تێك دەچوو، بۆیە ناچارمان كرد دانیشتنەكە بەجێ نەهێڵێت.

ئەو شەوە یەكێك بوو لە خۆشترین شەوەكانی مانەوەم، هەم دۆست و برادەری زۆر ئازیز لەوێ‌ بوون و هەمیش باسوخواسی كۆمەڵایەتیی و سیاسی دانیشتنەكەی گەرم كردبووین.

یادەوەریی و چیرۆك و رووداوەكانی رابردوو تێكەڵ بە دوكەڵی جگەرەیەكی زۆر تا درەنگانێكی شەوی بردین.

پرسی نەوت و زانیاریی نەبیستراو

یەكێك لەو پرسە زۆر گرنگانەی ئەو شەوە جێی سەرنجی من بوو و زۆر سودم لێی بینی، باسكردنی پرسی نەوت بوو لە رۆژئاوای كوردستان، كە رەنگە بەشێك لەو زانیارییانەی ئەوكاتە گوێم لێبوو یەكەمجاربوو دەمبیستن، دواتر بەدواداچوونم بۆكرد، توانیم لەچەند سەرچاوەیەكی نزیكەوە بۆ ئەو باسە زانیاریی گرنگ و جێی بایەخ وەرگرم، كە دواتر بەوردی باسی دەكەم.

print

 229 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*