سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » تكایه‌ به‌ (كۆتا)، كۆتایی به‌ ژن مه‌هێنن

تكایه‌ به‌ (كۆتا)، كۆتایی به‌ ژن مه‌هێنن

ده‌زانم ئه‌وه‌ بابه‌تێكی كه‌مێك هه‌ستیاره‌ و پیاوان زۆر ناوێرن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی بده‌ن له‌ ترسی ئێمه‌ی ژن نه‌وه‌ك به‌ دژه‌ژن ناویان ببه‌ین، خۆشمان نه‌ له‌میدیا و نه‌ سۆشیال میدیاش باسی ناكه‌ین، واده‌زانین له‌ توانا و پۆست و پله‌ و هه‌یبه‌تمان كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

من وه‌ك ژنێك دووه‌م جارمه‌ له‌و ده‌رگایه‌ ده‌ده‌م و رام وایه‌ دیاركردنی رێژه‌ی ژن له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك و دانانیان به‌ (كۆتا) ده‌نگ، ئه‌وپه‌ڕی ناهه‌قییه‌ ژن به‌خۆی ده‌كات، كاتێك بێ متمانه‌ به‌خۆبوون قبوڵ ده‌كات بچێته‌ ناو پڕۆسه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ وه‌ك خێرپێكردنه‌.

دڵنیام ئه‌گه‌ر ژنێك هه‌موو خاسیه‌تێكی كادری حزبیی یان ئیداریی تێدابێت، به‌ متمانه‌ی زۆره‌وه‌ وه‌ك (به‌شێك) له‌ پیاوان ده‌چێته‌ ناو پرۆسه‌كه‌ و هه‌ر پیاوێكیش دڵسۆز و كادربێت، هاوكاریی ده‌كات بۆ سه‌ركه‌وتنی.
هه‌قه‌ ژنان پشت به‌ خۆیان و رابردوو و ئه‌زموون و توانایان ببه‌ستن، نه‌ك شێوه‌ و روخسار و ناوی شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌یان و كوتله‌بازیی و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌خسییه‌كان و واسته‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پاڵپشتیی به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كان و كۆمه‌ڵێك شتی تریش.

به‌داخه‌وه‌ له‌ چواره‌مین كۆنگره‌ و هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوو په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت له‌ناو مه‌ڵبه‌ند و كۆمیته‌ و داموده‌زگا حكومییه‌كانیش ئه‌وه‌ روویدا، له‌گه‌ڵ رێزم بۆ چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌ ژنه‌ كارا و هه‌ڵكه‌وتووه‌كان.

ژن له‌ كوردستان به‌هۆی حزب و بزووتنه‌وه‌ی سیاسییه‌وه‌ زۆر ده‌رفه‌تی فراوانی بۆ ره‌خساوه‌ له‌ وه‌رگرتنی پۆستی حزبی و ئیداری، ده‌كرێت هه‌ر ژنێكی شیاو به‌ پۆستێك شوێنی بۆ بكرێته‌وه‌ نه‌ك پۆستی نه‌شیاوی بۆ دابتاشن.

ئه‌گه‌ر له‌ ئۆرگانێك یا ده‌ڤه‌رێك رێژه‌یه‌كی ته‌واوی ژن یا پیاوی شیاو به‌ پۆسته‌كه‌ نه‌بێت بۆ هاوسه‌نگكردنی رێژه‌كه‌، با به‌ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر پڕبكرێته‌وه‌، باشتره‌ له‌وه‌ی ته‌نها بۆ ناو و زۆریی رێژه‌ی ژن، له‌ خواری خواره‌وه‌ ژنی (نا) كادر هه‌ڵكێشننه‌ سه‌ره‌وه‌ و له‌ حزب یان حكومه‌ت به‌ (كۆتا) دابنرێن. به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌و ژنه‌ و ئۆرگانه‌كه‌ش ده‌شكێنن و حزب و خه‌ڵكیش سوودیان لێ نابێنێت و هه‌ردوولاش شه‌رمه‌زار ده‌بن.

له‌وانه‌یه‌ له‌م وتاره‌دا وابزانن دژی سه‌ركه‌وتنی ژنانم بۆ پۆست، له‌ كاتێكدا خۆم ژنم و چه‌ندین كادری كچ و ژنیشم پێگه‌یاندووه‌ له‌ حزب و له‌ خوێندكاران و ته‌نانه‌ت ناوه‌ندی خوێندنیش، كاتێكیش كادرێك یان خوێندكارێكی خۆم له‌ پۆستێكی باڵادا به‌ڵام (شیاو به‌خۆی) ده‌بینم، ده‌زانم كه‌ چێژی پێگه‌یاندنی كادری سه‌ركه‌وتوو له‌كوێ و له‌چیدایه‌.

به‌داخه‌وه‌، رێژه‌ی زۆری ژنی لاواز له‌ ڕووی بیر و زانست و زانیاریی و ته‌نانه‌ت شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و لێدوان و نووسین و ده‌ركه‌وتن و بێ به‌رهه‌مییان، وایكردووه‌ بڵێین ته‌نها بۆ ناو و ته‌واوكردنی رێژه‌ی ژن و رازیكردنی ژنان هه‌ڵه‌ی زۆر كراوه‌ له‌ سه‌پاندنی به‌شێكی به‌رچاو له‌ ژنی نه‌شیاو به‌سه‌ر پۆسته‌كان، كه‌ هه‌ر هه‌ق نه‌بوو ئه‌و ژنانه‌ خۆیان رازیبن بچنه‌ ژێر بارێكه‌وه‌ كه‌ بۆیان هه‌ڵناگیرێت.

هیوادارم وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌كان له‌ شێوازی ده‌ربڕین، خیانه‌تیان له‌ مه‌به‌ست و ئامانجی ئه‌م وتاره‌م نه‌كردبێت و ئێوه‌ش به‌ چاوی ره‌خنه‌ و پێشنیاز و پلان بۆ داهاتوو بیخوێننه‌وه‌، نه‌ك لێدان و شكاندن له‌ ره‌گه‌زی خۆم.

print

 431 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*