سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » کازمی لە نێو ئاگردا

کازمی لە نێو ئاگردا

بەڕێز عادل عەبدولمەھدی ساڵێکی تەواو نەکرد لە سەرۆکایەتیی وەزیرانی عیراق، گروپ و ھاوپەیمانیی و دەستەکانی نێو نەخشەی سیاسی عیراق لێی ھاتنەدەنگ و ھەندێکیان داوایان لێکرد دەست لەکار بکێشێتەوە، کە نەچووە ژێر بار، ئەندام و لایەنگرانی خۆیان خستە سەر شەقامەکان و دەرەنجام عەبدولمەھدی دەستی لەکار کێشایەوە.
لەپاش عادل عەبدولمەھدی دوو کەس راسپێردران، یەکەمیان محەمەد عەللاوی و ئەوی تریان عدنان زورفی و دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر، ھیچیان نەگەیشتنە ئەوەی متمانەی لایەنەکان بەدەست بهێنن، تا سەرەنجام مستەفا کازمی راسپێردرا و بە ئومێد و چاوەڕوانییەکی زۆرەوە بەڕێز کازمی متمانەی وەرگرت و لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا ئەرکێکی قورسی گرتەئەستۆ.
ئێستا کازمی سێ مانگی تەواو نەکردووە و رووبەڕووی گلەیی و گازاندەی ھەندێک لایەن بۆتەوە و کار گەیشتۆتە ئەوەی پەرلەمانتاران ئیمزا کۆبکەنەوە تا بانگھێشتی پەرلەمانی بکەن بۆ لێپرسینەوە لێی دەربارەی چەند مەسەلەیەک لە سەرووی ھەمووشیانەوە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کۆرۆنا کە لەراستیشدا کازمی ھیچ دەسەڵاتێکی لەم مەسەلەیەدا نییە.
لەلایەکی ترەوە کازمی کێشەی لەگەڵ حەشدی شەعبی ھەیە، ئەم دەیەوێت رێکیان بخات و بیانخاتە ژێر رکێفی دەوڵەتەوە و ئەوانیش نایەنە ژێر بار.
کێشەیەکی تر کە بەرۆکی کازمیی گرتووە، ھەڵبژاردنی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، کازمی دەزانێت ھەردووکیان بۆ عیراق پێویستن، دەستبەرداری ھەرکامێکیان ببێت، عیراق زەرەری گەورە دەکات.
گرفتێکی تری گەورە و پڕ مەترسی کە بەردەم دەرگای کازمیی گرتووە، بارودۆخی خراپ و داڕماوی ئابووریی وڵاتە کە بەھۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆناوە ھاتۆتە ئاراوە و ئەنجومەنی وەزیرانی ناچارکرد داوا لە پەرلەمان بکات مۆڵەت بە حکومەت بدات بۆ وەرگرتنی قەرز.
گرفتێکی تری بەردەم حکومەتەکەی کازمی، پەیوەندیی خراپی نێوان ھەرێم و بەغدایە کە ھەوڵێکی بەردەوام ھەیە بۆ باشکردنی، بەڵام پێ ناچێت وازوو باش ببێت.
لە نوێترین پێشھاتیشدا، جارێکی تر خۆپیشاندەران خرانەوە سەر شەقامەکانی بەغدا و لە پێکدانانی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا دووکەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون. ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە بەڕێز کازمی لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بەڵێنی دابوو بکوژانی خۆپیشاندەرەکانی چەند مانگی رابردوو ئاشکرا بکات و بیانداتە دادگا.
بە وردبوونەوەیەک لەو دۆخەی کازمی تێیکەوتووە، بۆمان روون دەبێتەوە کە کازمی لەم قرچەی گەرمایەدا، لەنێو ئاگردایە و پێدەچێت بەرلە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، ئاگرەکە ھەموو شتێک بسووتێنێت.

print

 159 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*