سەرەکی » راپۆرت » دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی چەند تیرۆریستێک رادەگەیەنێت

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی چەند تیرۆریستێک رادەگەیەنێت

راپۆرتی، کوردۆ عەلی

لەسەر بنەمای زانیاری و چاودێریی بەردەوام و وردی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی ھەرێم، زانیاری بەدەستدەھێنن لەسەر چەند تیرۆریستێکی داعش، کە لە سنووری چەمچەماڵ بە ناوی کارکردن و کرێکاری و ناسنامەی ساختەوە خۆیان حەشارداوە و لە چەند کێڵگەیەکدا کاری باخداریی دەکەن.
دەستگیرکردنی سێ تیرۆریست

دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد، زانیاری و بەڵگەی دروست بەدەست ھات و پاش رەزامەندیی دادوەر، بە بڕیاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بە ھاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، ھەڵمەتی دەستگیرکردنی تیرۆریستانیان لە سنووری چەمچەماڵ دەستپێکرد و لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا رۆژی 4/8 تیرۆریستان ( ج.م تەمەن 26 ساڵ ، ئ.ھ تەمەن 30 ساڵ دەستگیرکران، کە ھەردووکیان خەڵکی فەللوجە)ن و لە کاتی دەستگیرکردنی تیرۆریست (م.ھ تەمەن 29 ساڵ)، لە دەست ھێزەکانی ئاسایش ھەڵھات و دواتر بە برینداری دەستگیرکرایەوە.
بەپێی دانپێدانانەکانیان، ساڵی 2014 بەیعەتیان داوە بە داعش و چەکداربوون و بەشداربوون لە چەندین تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی.

دەستگیرکردنی سێ تیرۆریستی دیکە
ھەر لەمیانی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەو دۆسێیە، ھێزەکانی ئاسایش رۆژی 5/8 لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، سێ تیرۆریستی تریان لە سنووری بەردەقارەمان و ناو شاری چەمچەماڵ دەستگیرکرد، کە پەیوەندییان بە ھەمان گروپەوە ھەبووە و ھەریەک لە تاوانباران (ع.م تەمەن31 ساڵ، ع.ع تەمەن 22 ساڵ کە خەڵکی مەحمودییە)ن، دوای ھەڵھاتنی دەستگیرکرا. ھەمان ئێوارەش لە ناو شاری چەمچەماڵ، تیرۆریست (ع.د تەمەن 29 ساڵ خەڵکی بەغدا) دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە و رووبەڕووی یاسا و دادگا کرانەوە.

تیرۆریستەکان لە خوارووی عیراقەوە ھەڵهاتوون
بەپێی زانیارییەکان، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە خوارووی عیراقەوە ھەڵهاتوون و مەرامیان بووە لە سنووری چەمچەماڵ حەشارگەیەک دروست بکەن و رێگایەکی پەیوەندی لەگەڵ چەند شانەیەکی نهێنی تیرۆرستانی داعش دروست بکەن، بۆ خۆڕێکخستنەوە و جێبەجێکردنی مەرامەکانیان، بەڵام پێش دەستبەکاربوونیان، پیلانەکەیان ئاشکراکرا و دەستگیرکران.

ئاسایش: شەونخونی دەکەین بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتیان
لە ماوەی رابردوودا ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم چەندین تیرۆریستی دیکەیان لە سنووری سلێمانی و گەرمیان و شار و شارۆچکەکانی ھەرێم دەستگیرکردووە و لەبەر سەلامەتیی لێکۆڵینەوە و ئارامی و ئاسایشی ھاووڵاتیان، زانیارییەکان پارێزراون و ھێڵراونەتەوە و دۆسێکانیان لە لێکۆڵینەوەدان و لە داھاتوودا زانیاریی وردیان لەبارەوە دەخرێتەڕوو.

دەزگای ئاسایشی ھەرێم تەئکید دەکاتەوە کە شەونخونی دەکەن بۆ پاراستنی ئۆقرەیی و سەر و ماڵی ھاووڵاتیان و روبەڕوبونەوەی ھەر پیلانێک کە ژیان لە کۆمەڵانی خەڵک تێکبدات.

print

 255 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*