سەرەکی » راپۆرت » هۆكاری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ به‌یروت

لوبنانی‌ هێنده‌ی‌ تر شه‌كه‌ت كرد

هۆكاری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ به‌یروت

كوردستانی‌ نوێ‌- ئیدریس جەبار

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ به‌یروت له‌ 4ی‌ ئابی‌ 2020، هێنده‌ی‌ تر لوبنانی‌ شه‌كه‌ت كرد كه‌ به‌ده‌ست چه‌ندان ته‌نگژه‌ی‌ ئابوری‌ و سیاسییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.
لوبنان كه‌ به‌ سی‌ ساڵ جه‌نگی‌ ناوخۆ و شه‌ڕی‌ حزبوڵڵا و ئیسرائیل و چه‌ندان ته‌نگژه‌ی‌ تردا تێپه‌ڕی‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ به‌یروت له‌ مێژووی‌ هاوچه‌رخی‌ وڵاته‌كه‌دا به‌ ڕووداوێكی‌ گه‌وره‌ داده‌نرێت و ره‌نگه‌ لوبنان بخاته‌ قۆناغێكی‌ نوێیه‌وه‌ له‌ڕووی‌ توڕه‌یی‌ و ناڕه‌زایی‌ میللی‌ به‌رانبه‌ر به‌ توێژی‌ سیاسی‌ وڵاته‌كه‌ كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ و خراپی‌ ئیداره‌دانی‌ وڵاته‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت.

هۆكاریی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ به‌یروت
سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن، لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئاماژه‌ به‌ چه‌ندان ساڵ پشتگوێخستتن و بێخه‌می ده‌سه‌ڵاتداران ده‌كه‌ن له‌ڕووی عه‌مباركردنی مادده‌یه‌كی مه‌ترسیدار له‌ به‌نده‌ری به‌یروت كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی تێیدا زیاتر له‌ 100 كه‌س بونه‌ قوربانی.

ئاژانسی (رۆیته‌رز) له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌: «مه‌سه‌له‌ی سه‌لامه‌تی عه‌مباركردن، چه‌ندان جار خراوه‌ته‌ به‌رده‌ست لیژنه‌كان و دادوه‌ران، به‌ڵام هیچ فه‌رمانێك ده‌رنه‌كرا بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و مادده‌یه‌ كه‌ خێرا گڕده‌گرێت، یان له‌ناوبردنی». به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌:»ئاگرێك له‌ گه‌نجینه‌ی ژماره‌ نۆی به‌نده‌ره‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ و گه‌یشته‌ گه‌نجینه‌ی ژماره‌ 12 كه‌ نیتراتی ئه‌مۆنیۆمی تێدا عه‌مباركراوه‌«.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت:»ته‌قینه‌وه‌كه‌ی 4ی ته‌مموز به‌هێزترین ته‌قینه‌وه‌بوو كه‌ به‌یروت به‌خۆیه‌وه‌ بینی، له‌كاتێكدا شاره‌كه‌ هێشتا برینه‌كانی جه‌نگی ئه‌هلی كه‌ سی ساڵ درێژه‌ی كێشا ساڕێژ نه‌بوون، سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌ ته‌نگژه‌یه‌كی دارایی تونددا تێده‌په‌ڕێت كه‌ ده‌رهاویشته‌ی ده‌یان ساڵ له‌ گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی ئابورییه‌«.

به‌ده‌ری زاهیر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی لوبنان به‌ ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاندووه‌ «گومرگ شه‌ش به‌ڵگه‌نامه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی به‌رزكردۆته‌وه‌ و هۆشداریی داوه‌ له‌باره‌ی مه‌ترسی گه‌وره‌ی مادده‌كه‌«.
به‌ وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ لوبنانییه‌ «داوامان كرد سه‌رله‌نوێ‌ هه‌نارده‌ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕوه‌ینه‌دا و هۆكاره‌كه‌شی بۆ شاره‌زایان و په‌یوه‌نیداره‌كان به‌جێده‌هێڵین».

سه‌رچاوه‌یه‌كی تر كه‌ فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ به‌نده‌ره‌كه‌ به‌ (رۆیته‌رز)ی ڕاگه‌یاندووه‌ «شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر تیمێك نیتراتی ئه‌مۆنیۆمی نێو گه‌جینه‌كه‌ی ته‌ماشاكرد و هۆشداریدا له‌وه‌ی كه‌ گه‌ر نه‌گوازرێته‌وه‌، هه‌موو به‌یروت ده‌ته‌قێنێته‌وه‌«.

به‌پێی ئاژانسه‌كه‌، دوو به‌ڵگه‌نامه‌ هه‌ن كه‌ تێیاندا گومرگی لوبنانی له‌ ساڵانی 2016 و 2017 داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی كردووه‌، تا داوا له‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ریاییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات، مادده‌كه‌ هه‌نارده‌بكه‌ن، یان ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر فرۆشتنی نیتراتی ئه‌مۆنیۆم ده‌رببڕن كه‌ له‌ڕێی كه‌شتی باری (رۆسۆس) ه‌وه‌ هێنرا و له‌ گه‌نجینه‌ی 12دا بۆ زامنكردنی سه‌لامه‌تی به‌نده‌ره‌كه‌ هه‌ڵگیراوه‌«.
یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان، ئاماژه‌ به‌ چه‌ند داواكارییه‌كی هاوشێوه‌ ده‌كات له‌ ساڵانی 2014 و 2015.

ماڵپه‌ڕی شیب ئه‌رستید. كۆم، كه‌ تۆڕێكه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سكاڵا یاساییه‌كانی كه‌رتی بار ده‌كات، له‌ ڕاپۆرتێكیدا له‌ ساڵی 2015 ڕایگه‌یاندووه‌، كه‌شتی رۆسۆس كه‌ به‌ ئاڵای مۆڵدافیاوه‌ له‌ ده‌ریادا گه‌شتی كردووه‌، كاتێك ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی ته‌كنیكی بووه‌ له‌ گه‌شته‌ ده‌ریاییه‌كه‌ی له‌ جۆرجیاوه‌ بۆ مۆزه‌مبیق، ، له‌ مانگی ئه‌یلولی 2013 له‌ به‌یروت له‌نگه‌ری گرت و 2750 ته‌ن نیتراتی ئه‌مۆنیۆمی هه‌ڵگرتبوو.

به‌پێی ماڵپه‌ڕه‌كه‌ «دوای ئه‌وه‌ی پشكنینی بۆكراوه‌، ڕێگه‌ له‌ به‌ڕێكه‌وتنی گیراوه‌، پاش ماوه‌یه‌كی كه‌میش خاوه‌نی باره‌كه‌ ده‌ستبه‌رداریی باره‌كه‌ی بووه‌، ئه‌مه‌ش دوو قه‌رزاریی ناكۆكی ناچار كردووه‌ سكاڵای ئاسایی به‌رزبكه‌نه‌وه‌«.

ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ده‌ڵێت «به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هێشتنه‌وه‌ی نیتراتی ئه‌مۆنیۆم له‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌، ده‌سه‌ڵاتداران ناچاربوون باره‌كه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ نێو گه‌نجینه‌كانی به‌نده‌ره‌كه‌«.

ته‌قینه‌وه‌ی‌ یارییه‌ ئاگرینه‌كان
له‌سه‌ره‌تاوه‌ هۆكاریی ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان به‌شێوه‌یه‌ك باسكرا كه‌ گوایه‌ ماڵی سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی وڵاته‌كه‌ی‌ كردۆته‌وه‌ ئامانج.

وه‌زیری ته‌ندروستی لوبنانیش سه‌باره‌ت به‌ هۆكاریی ته‌قیته‌وه‌كه‌ به‌ ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاندبوو «ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ نزیك به‌نده‌ری به‌یروت ڕویداوه‌ و به‌هۆی یارییه‌ ئاگرینه‌وه‌كانه‌وه‌ بووه‌، له‌ئێستاشدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیان بریندارن».

به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی لوبنان ڕایانگه‌یاند»هۆكاریی ڕووداوه‌كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی بڕێكی زۆر له‌و یارییه‌ ئاگرینانه‌ بوو كه‌ بۆ بۆنه‌كان ته‌رخانكرابوو».

ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ ده‌روازه‌ی (به‌یتولوه‌سه‌ت) له‌ به‌یروتی پایته‌خت كه‌ باره‌گای سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆكی حكومه‌تی پێشووی تێدایه‌ ڕویدا و ده‌نگه‌كه‌ی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی شاره‌كه‌ بیسترا.
له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆرێك له‌ میدیاكان به‌شێوه‌یه‌ك هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ماڵی حه‌ریری كراوه‌ته‌ ئامانج، به‌ڵام دواتر ڕاستی ڕووداوه‌كه‌ ڕوونبووه‌وه‌ و كه‌ناڵی “LBC” ئاماژه‌ی به‌ سه‌ڵامه‌تی حه‌ریری كرد و ڕایگه‌یاند”ئه‌و سه‌لامه‌ته‌ و به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانییه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌”.

سه‌پاندنی‌ باری‌ نائاسایی‌
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌، بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ باری نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌دا ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، وه‌زیری ڕاگه‌یاندنی لوبنان، ئاماژه‌ی به‌ ڕاده‌ستكردنی جڵه‌وی ئه‌منی وڵاته‌كه‌ كرد به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان، كاولكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و وه‌زیری ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌ش، ئاماژه‌ به‌ گیانله‌ده‌ستدانی 135 كه‌س و برینداربوونی نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌سی تر كرد، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌ سه‌پاندنی باری نائاسایی بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ و ڕاده‌ستكردنی دۆسێی ئاسایش به‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی كرد.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حكومه‌تی لوبنانی مانه‌وه‌ی زۆره‌ملێی به‌سه‌ر به‌رپرسانی به‌نده‌ره‌كه‌دا سه‌پاند، تا ئه‌و ده‌مه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ ڕووداوه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، ئاماژه‌ به‌و زیانه‌ گه‌ورانه‌ش ده‌كات كه‌ به‌ر عه‌مباره‌كانی هه‌ڵگرتنی دانه‌وێڵه‌ و خۆراك كه‌وتوون له‌ شاره‌كه‌دا كه‌ به‌پێی هه‌ندێك له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كان، عه‌مباری گه‌نم له‌ به‌یروت به‌شی مانگێك ناكات.

له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر شاری به‌یروتدا هات، زۆرێك له‌ وڵاتان ده‌ستییان كرد به‌ ڕوانه‌كردنی یارمه‌تی و كۆمه‌كی مرۆیی بۆ لوبنان، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نساش بۆ پشتیوانیكردن له‌ لوبنانییه‌كان، له‌ 6ی‌ ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی‌ كرد.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی باڵای لوبنان ئاماژه‌یان به‌ هه‌ندێك هۆكاریی لاوه‌كی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروت كرد به‌ڵام له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕووننه‌بۆوه‌ هۆكاریی ته‌قینه‌وه‌كه‌ و ئه‌و ته‌وژمه‌ گه‌وره‌یه‌ چی بوو كه‌ له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ ده‌ركه‌وت و بووه‌ مایه‌ی دروستكردنی كاولكارییه‌كی گه‌وره‌ و بێپێشینه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌دا.

ماكرۆن چووه‌ نێو لوبنانییه‌كان
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به‌ڵێنیدا به‌ هاووڵاتیانی لوبنانی كه‌ یارمه‌تی و هاوكارییه‌ ته‌رخانكراوه‌كان له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌ كاولكارییه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یروت، نادرێنه‌ ده‌ست دز و گه‌نده‌ڵكاران.

ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ 6ی ئابی 2020 و له‌ نێوه‌ندی هاووڵاتیانی توڕه‌ی لوبنانی و له‌ ناوه‌ڕاستی به‌یروتی پایته‌ختی كاره‌ساتبار ڕایگه‌یاند»دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌: یارمه‌تییه‌كان ناكه‌ونه‌ ده‌ست دز و گه‌نده‌ڵكاران».

ماكرۆن خواستی خۆی ده‌ربڕی بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌مه‌كه‌ره‌ سیاسییه‌كانی وڵاته‌كه‌ له‌پێناو به‌ستنی ڕێكه‌وتنێكی سیاسی نوێ‌ و پێشنیاركردنی ئه‌و ڕێگه‌چاره‌یه‌ بۆ سیاسییه‌كانی وڵاته‌كه‌.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كه‌ ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیان كرد و له‌مێزی گرتن، به‌ڵێنیدا یارمه‌تی و هاوكاریی زیاتر بۆ لوبنان ڕوانه‌ بكات، ئه‌مه‌ش له‌نێوه‌ندی خه‌ڵكێكی زۆردا بوو له‌ به‌یروت كه‌ داوایان له‌ ماكرۆن ده‌كرد سیستمی سیاسی وڵاته‌ بڕوخێنرێت و به‌رپرسیارێتی ڕووداوه‌كه‌شیان ده‌خسته‌ئه‌ستۆی.

ماكرۆن له‌ میانی سه‌ردانی بۆ ده‌رمانخانه‌یه‌كی زیانلێكه‌وتوو به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ ڕایگه‌یاند»له‌ توڕه‌یی ئێوه‌ تێده‌گه‌م، من بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتووم، تا چه‌كێكی سپی ڕاده‌ستی سیستمی حوكمڕانی بكه‌م».

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی ئه‌نجامدانی چاكسازیی سیاسی له‌ لوبنان كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند «ده‌بێت ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی سه‌رده‌مێكی نوێ‌«.

print

 623 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*