سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت!پەڕە 25

ڕوونتر

ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت!

لە چەند ساڵی رابروودا ئەگەرچی قەیرانی دارایی بە قووڵی دەبینرا و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش لە دۆخێكی سەختی ئابووریدا بوون، بەڵام هەمیشە ئومێدێك هەبوو كە لە لوتكەی نیگەرانیدا دەیتوانی هەمووان بگەڕێنێتەوە سەر ئەو شاڕێیەی، كە سەرەتایەكی تری باشتر لە چاوەڕوانی هەموواندایە، چونكە ئەو كات هەرێم لە جەنگی داعشدا بوو، خەمی هەمووان پاراستنی خاك و هێشتنەوەی ناسنامەی كوردبوون و بە بەرزی هێشتنەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان بوو، بۆ ئەم قۆناغە كە سەرەتاكانی قەیرانی داراییش بوو، ئەو هاووڵاتییەی كە بە قووڵی نیگەران بوو، بەڵام هێشتا ئەو پاساوەی بڕیاربەدەستانی حكومەتی قبوڵبوو كە هەرێمی كوردستان لە قەیراندایە و بەشێكی گرنگی قەیرانەكەش لە پاڵ نەبوونی رێكەوتنێكی پێویست لە نێوان هەولێر و بەغدا، لە هەمان كاتیشدا جەنگێكی نەگریسە كە هەمووانی وەك یەك خستۆتە بەردەم مەترسییەوە، كە بێگومان روبەڕوبونەوەشی پێویستی بە هیمەت و هەماهەنگی هەمووان هەیە.

ئێستا دوای ساڵانێكی زۆر لە قەیران و دۆخی سەختی هاووڵاتیانی هەرێم و خۆڕاگری زۆری كوردستانیانیش كە هەموو جۆرەكانی قەیرانیان لە بڕین ‌و دواكەوتنی مووچە بینی، ئێستا دەبێت ئەوە بپرسین كە ئەم دۆخە تاكەی بەردەوام دەبێت؟ پلانی حكومەت بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە چییە و بڕیاربەدەستانی هەرێم بۆچی بە دوای چارەسەرێكی پێویستدا ناگەڕێن و تاكەی ئەم قەیران و برسیكردنەی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت؟ ئاخر مەترسی هەرە سەرەكی لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێم پێیانوایە حكومەت بە مەبەست و بۆ مەرامێكی تایبەت هەوڵی برسیكردن و خاڵیكردنەوەی گیرفانی هاووڵاتیان دەدات، بۆ دەبێ حكومەتێك كە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە و یەكێ لە دەسكەوتە زۆر گرنگەكانی ئەم بەشەی نیشتمانە، گەیشتبێت بە ئاستێك كە كوردستانیان بەم شێوازە سەیری بكەن و پێیانوابێت لە بری سیاسەتی دروست و هەنگاوی بەجێ و رێ، سیاسەتی برسیكردن بووە بە ئەولەویتی حكومەت و هەر لەو چوارچێوەیەشدا قەیران لە دوای قەیران بینا دەكرێت.

پرسیاری گرنگی هاووڵاتیان هەمیشە هەر ئەوەیە، كاتێك حكومەتی هەرێم رێگای رزگاربوونی لەم قەیرانەدا هەیە، بۆچی پیایدا تێپەڕ نابێت؟ كاتێك لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی بە درێژایی ساڵێك حكومەتی فیدراڵ ئامادەبوو بڕە پارەیەكی زۆر بۆ هەرێم بنێرێت، بۆچی ئەو كات حكومەتی هەرێم لەو ساڵەدا هەوڵی رێكەوتنی نەدا؟ ئێستاش كاتێك بەغدا لە بەرامبەر بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم داواكاری هەیە، بۆچی هەرێم و بەغدا ناگەنە رێكەوتن؟ هەڵبەت كاتێك باسی رێكەوتن و گەیشتن بە دواخاڵی سازانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێتو هەمووان باش لەو راستییە تێگەیشتوون كە رێگای رزگاری و دەرچوونی حكومەتی هەرێم لەم قەیرانە، بە تەنها رێكەوتنە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و بەبێ ئەمە ناتوانرێت ژیانێكی ئاسایی بۆ كوردستانیان فەراهەم بكرێت.

هەرچۆنێك بێت، ئێستا بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو هاووڵاتیان لە دۆخێكی خراپتردان و بێئومێدیش زیاتر لە هەر كاتێكی تر لە هەموو شەقامێكی ئەم وڵاتەدا دەبینرێت و ئەگەر بە شێوازێكی دروستیش بڕیاربەدەستانی هەرێم هەوڵی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو نەدەن، رەنگە داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو كەنارێكی تری نائارام هەنگاو بنێت و سەرەتای ئەمەش لەوەوە زیاتر دەبینرێت، كاتێك لە نێوانی حكومەت و هاووڵاتیدا كەمترین متمانە هەست پێدەكرێت، ئەم قەیرانی متمانەیە زیانی زۆر لە داهاتووی ئەم نیشتمانەش دەدات.

 456 جار بینراوە