سەرەکی » ئاراستە » ئاوڕێك له‌ گه‌رمیان و كوێستانی‌ مه‌ڕداره‌كان له‌ رابردوودا

ئاوڕێك له‌ گه‌رمیان و كوێستانی‌ مه‌ڕداره‌كان له‌ رابردوودا

له‌ ڕابردوودا خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان له‌گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌چونه‌ كوێستانه‌كان بۆ له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌یان، كاتێك ناوچه‌كانیان وشكه‌ ساڵی لێ دابهاتایه‌ یان به‌رهه‌می دانه‌وێله‌و له‌وه‌ڕ كه‌م بوایه‌، ئیدی ئه‌و ساڵه‌ خاوه‌ن مه‌ڕو ئاژه‌ڵه‌كان بارگه‌و بنه‌یه‌كی زۆریان ده‌پێچایه‌وه‌ و به‌ توله‌ڕێگاو ڕانه‌ڕێگاكانی‌ گه‌رمیاندا خۆیان ده‌گه‌یاندنه‌ كوێستانه‌كان و ده‌شتی شاره‌زوور، گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و شوانكاره‌و كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نانه‌یش كه‌ به‌شداری كۆچكردنه‌كه‌یان كردووه‌ جیاوازه‌ و شوانكاره‌یه‌ك ده‌ڵێت جاری وه‌ها بووه‌ شه‌ش مانگ و زیاتر یان كه‌مترمان پێچووه‌ له‌و سه‌فه‌ره‌دا.

له‌وه‌ڕگاكانی‌ گه‌رمیان له‌ڕابردوو له‌ ئێستاشدا به‌زۆری پشتی به‌ له‌وه‌ڕگه‌ی‌ «جاڕ» به‌ستووه‌ بۆ مه‌ڕو ماڵات، به‌ڵام كه‌ باران له‌هه‌ندێك ساڵدا وه‌ك پێویست نه‌ده‌باری‌ و له‌وه‌ڕ كه‌م بووه‌ ئیتر خاوه‌ن مه‌ڕه‌كان چونه‌ته‌ كوێستانه‌كان له‌پێناو به‌خێوكردنی ڕانه‌ مه‌ڕه‌كانیان.

به‌قسه‌ی‌ ئه‌و شوانكاره‌و سه‌رقافڵانه‌ی‌ كۆچه‌رییه‌كانی‌ گه‌رمیان و كوێستان ده‌ڵێن كوێستانییه‌كان پێشوازی‌ باشیان لێكردوون و ئاماژه‌ بۆ چه‌ندان چیرۆكی خۆش و ناخۆش ده‌كه‌ن.

شێركۆ محه‌مه‌د پێیوایه‌ له‌ ئێستادا ئه‌و مۆدێله‌ی‌ گه‌رمیان و كوێستان به‌شێوه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ نه‌ماوه‌و هاوڵاتیان ڕێگای دیكه‌ ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن مه‌ڕو ماڵاته‌كه‌یان به‌خێو بكه‌ن.

شێركۆ پێیوایه‌: جاران چه‌نه‌ هاوڵاتیان ماندووده‌بوون به‌ده‌ست ئاژه‌ڵداری‌ و به‌خێوكردنییه‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ ڕۆیشتوون بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ به‌دوای‌ مه‌ڕه‌كانیاندا به‌ڵام هه‌ر ئه‌وسا سودی زیاتر بووه‌ له‌ئێستاو ئه‌وسا حه‌یوانداری‌ خۆشتر بووه‌ له‌ئێستا.

ساڵح كه‌ریم ده‌ڵێت: ئێستا هیچ شتێك وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، جاران مه‌ڕمان له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌برد بۆ كوێستان و له‌ كوێستان شه‌ش حه‌وت مانگ یان ساڵێك ده‌ماینه‌وه‌ كه‌س بێتاقه‌ت نه‌ده‌بوو هه‌ر ڕۆن و كه‌رێ و ماستمان ده‌خوارد و كه‌سیش وه‌ك ئێستا بێتاقه‌ت نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا كه‌س تاقه‌تی ئه‌و ئیشه‌ی‌ نه‌ماوه‌ و ئه‌وانه‌ی‌ خاوه‌ن مه‌ڕو ماڵاتن به‌دوای‌ مه‌ڕه‌كانیاندا ناچن بۆئه‌وه‌ی‌ تێریان بكه‌ن
ساڵح كه‌ریم ڕایگه‌یاند: به‌بیرم دێت منداڵ بووم له‌گه‌ڵ كارواندا له‌م گه‌رمیانه‌وه‌ ڕۆیشتووم بۆ شاره‌زوور، كاتێك ده‌گه‌یشتینه‌ ئه‌وێ ماڵه‌ خزمه‌كان پێشوازییان لێده‌كردین و له‌ قه‌راغ ئاوایی یان له‌ جێگایه‌كدا مه‌ڕ ده‌وه‌ستێنراو ئیتر ده‌بێت له‌لایه‌ك پشومان بدایه‌ و له‌لایه‌ك وریایی مه‌ڕه‌كانمان بكردایه‌، زۆر شه‌و هه‌بووه‌ دز و پیاو خراپ هاتۆته‌سه‌رمان و ویستوویانه‌ مه‌ڕه‌مان لێ بدزن یان چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیمان ببه‌ن.

ڕه‌سوڵ حه‌مه‌ عه‌لی له‌باره‌ی‌ كۆچڕه‌وی گه‌رمیان و كوێستانه‌وه‌ وه‌های‌ بۆ گوندستانی‌ نوێ ووت: هه‌ر كه‌س چی بڵێت بابڵێت من ده‌ڵێم ئێستا ژیان وه‌ك جاران خۆش نییه‌، جاران كه‌ له‌گه‌ڵ ڕان ده‌چوینه‌ كوێستان هه‌م له‌به‌ر حه‌یوان بو هه‌م ڕاووشكار بوو هه‌م خزمایه‌تیش بوو. چه‌ندان كوڕی گه‌نج له‌گه‌رمیانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ كوێستان و له‌ناو ئه‌و خزمانه‌دا ژنیان هێناوه‌و ژن وه‌ ژن دروست بووه‌، ئه‌و ده‌مانه‌ وه‌ك ئێستا نه‌بوو ژیان هه‌مووی ناخۆشی و بیتاقه‌تییه‌ ئێمه‌ جاران هه‌موو ساڵێك كۆچێكمان ده‌كرد به‌ره‌وژوور كه‌ پێی ده‌ڵێین گه‌رمیان نه‌ هه‌ستمان به‌هیلاكی ده‌كرد نه‌ گله‌ییشمان له‌ ئیشه‌كه‌مان هه‌بوو.

ڕه‌سوڵ حه‌مه‌ عه‌لی ده‌ڵێت : گه‌رمیان و كوێستان ڕاسته‌ له‌ پێناو به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و له‌وه‌ڕاندنی بوو به‌هۆی نه‌مانی‌ پوش و پاكژه‌وه‌ له‌ گه‌رمیاندا له‌ڵام هه‌ندێكجاریش ئه‌م كۆچكردنه‌ زۆر خۆش بووه‌و بووه‌ته‌ هه‌م سه‌ردانی‌ و هه‌م خزمایه‌تیش.

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حسێن ده‌ڵێت هه‌موو چركه‌ساتێكی ئه‌و كۆچكردن و گه‌رمیان و كوێستانه‌م له‌بیره‌ ئێمه‌ دوورترین شوێنێك بۆی بچوایه‌ین له‌گه‌رمیانه‌وه‌ تاكو ده‌شتی شاره‌زوور بوو، شاره‌زووریش بۆ ئێمه‌ غه‌ریب نه‌بوو، ئه‌وكات وه‌ك ئێستا نه‌بوو كه‌ ده‌چویته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ خزم ئیتر ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه‌ هاوكارییان ده‌كردین و سه‌ردانیان ده‌كردین، بۆیه‌ ئێستایش هه‌ندێك له‌و خزمانه‌ی‌ جاران تاكو ئێستا ماون و به‌رده‌وام سه‌ردانی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ین.

محه‌مه‌د هێمای‌ بۆئه‌وه‌ش كرد ئه‌م گه‌رمیان و كوێستانه‌ به‌وه‌نییه‌ بڵێین لایه‌نی ناخۆشیشی نییه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڕینی ئه‌و ڕێگا دورو درێژه‌ ماندووبوون و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی‌ زۆربوو تاكو ده‌گه‌شتینه‌ ئه‌وێ و ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌، زۆرجاریش توشی پیاو خراپ و دز و جه‌رده‌ ده‌بوین و ده‌بوو خۆمانی‌ لێ بێ بێده‌نگ نه‌كه‌ین.

print

 177 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*