سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » لاوانی كورد له‌ رۆژی جیهانیی لاواندا

لاوانی كورد له‌ رۆژی جیهانیی لاواندا

لاوان وه‌ك توێژێكی بزۆز و چالاك له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا پراكتیزه‌ی ئه‌و تیۆرانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن تیۆرسین و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانی خاوه‌ن ئه‌زموونه‌وه‌ وه‌ك پلان بۆ چاكسازیی ‌و ریفۆرم له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیان ‌و سیاسه‌ت ‌و كارگێڕیدا داده‌ڕێژرێن، مێژووی مرۆڤایه‌تیش شایه‌تی ئه‌وه‌ن كه‌ زۆربه‌ی گۆڕانكاریی ‌و شۆڕشه‌ سیاسی ‌و چه‌كداریی ‌و ریفۆرمیستییه‌كان و بگره‌ به‌شێك له‌ كوده‌تا سه‌ربازییه‌كانیش كاراكته‌ری سه‌ره‌كی تێیاندا توێژی لاوان بوون.

دوێنێ 12/8 له‌ جیهاندا به‌ رۆژی لاوان دیاریكراوه‌، جێی خۆیه‌تی هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر رۆڵی لاوان بكرێت له‌ كوردستاندا و ئه‌و راستییه‌ له‌به‌رچاوبگیرێت كه‌ ئه‌گه‌رچی لاوانی باشووری كوردستان به‌هۆی دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌كانی 29 ساڵی رابردوو له‌ بواره‌ جیاجیاكانی ئیداریی ‌و سیاسی ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و ئابووریدا زۆر نائومێد كراون، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و راستییه‌ش فه‌رامۆش بكرێت كه‌ هێشتاش هه‌ر جڵه‌وی له‌سه‌رپێ مانه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته‌ به‌هێزی شان ‌و بازووی ئه‌وانه‌وه‌.

له‌ڕووی سیاسی و كارگێڕییه‌وه‌

زۆربه‌ی حزب ‌و رێكخراوه‌ سیاسی ‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی دروشمه‌كانیان وه‌سف و سه‌ناو پیاهه‌ڵدانه‌ به‌ لاواندا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ دیمه‌نی گشتیی تابلۆكه‌دا لاوان له‌ بینینی رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ چینینه‌وه‌ی به‌رهه‌می ماندووبوونیان نائومێد كراون، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و نائومێدكردنه‌ش كه‌ بووته‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵگرتنی هه‌زاران گه‌نج ‌و لاو، به‌ڵام هێشتاش ده‌سته‌بژێرێكی لاوان هه‌ن كه‌ كۆڵناده‌ن ‌و پێداگریی له‌سه‌ر چاكسازیی سیاسی ‌و ئیداریی ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئاڵای گۆڕانكاریی ریشه‌ییان له‌ سیستمی سیاسی ‌و ئیداریدا به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه‌ و نائومێدیی نائومێده‌ له‌ئاستیاندا.

ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌نموونه‌ وه‌ربگرین، وه‌ك حزبێك كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرێك له‌ گه‌نجان ‌و لاوانی خوێنده‌واره‌وه‌ دامه‌زرێنراوه‌ له‌قه‌ده‌ر حاڵی ئه‌و رۆژگاره‌، به‌درێژایی زیاتر له‌ 45 ساڵ ته‌مه‌نی ئه‌و رێكخراوه‌، هه‌میشه‌ گه‌نج داینه‌مۆی زیندووێتی ‌و له‌سه‌رپێ مانه‌وه‌ی بووه‌، چ وه‌ك سه‌ركرده‌كانی، كه‌ قۆناغ به‌ قۆناغ نوێبوونه‌وه‌ و ده‌ستاوده‌ستی نه‌وه‌كانی به‌خۆوه‌ بینیووه‌، چ وه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی، چ وه‌ك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی، چ وه‌ك كادری رێكخراوه‌یی ‌و میدیایی ‌و…هتد.

له‌ قۆناغه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌كانی ژیانی ئه‌و حزبه‌دا لاوان چ وه‌ك رێكخستن چ وه‌ك پێشمه‌رگه‌، چ وه‌ك رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان رۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بووه‌ له‌ به‌زیندوویی مانه‌وه‌یدا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند قۆناغێكیشدا به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ناوخۆیی حزبه‌كه‌وه‌ مه‌نگییه‌ك دروست بووبێت و نائومێدیی هێنابێته‌ كایه‌وه‌ له‌ ریزه‌كانیدا و به‌شێك له‌ لاوان له‌ریزه‌كانی حزبه‌كه‌ ته‌وه‌للابووبن، ئه‌وا به‌گشتی لاوان ‌و گه‌نجه‌كانی دیكه‌ سووربوون له‌سه‌ر مانه‌وه‌و پێداگیریی له‌سه‌ر به‌لاوی مانه‌وه‌ی حزب ‌و ئۆرگانه‌كانی.

چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نموونه‌یه‌كی زیندووه‌ كه‌ به‌ پێداگریی ‌و مانه‌وه‌ی لاوان له‌ كایه‌ سیاسییه‌كه‌یدا و بڕوابوونیان به‌و دیدگا‌و تێڕوانینه‌ی كه‌ بۆ ئاینده‌ی حزبه‌كه‌ هه‌یانبوو، توانیی به‌گشتی یه‌كێتی نوێ بكاته‌وه‌ و به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی هه‌ڤاڵانی دێرین ، ئاڵای نوێبوونه‌وه‌ راده‌ستی ده‌سته‌بژێرێك له‌ سه‌ركرده‌ و كادری گه‌نج بكات له‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ خۆیان راده‌ستی ره‌شه‌بای نائومێدیی نه‌كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو له‌ رێی كۆنگره‌وه‌ توانرا لوتكه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كه‌ راده‌ستی دوو سه‌ركرده‌ی گه‌نج و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌نج ‌و لاوی قاڵبووی نێو ریزه‌كانی خوێندكاران ‌و لاوانی باوه‌ڕدار به‌ رێبازی سیاسیی یه‌كێتی بكرێت.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جگه‌ له‌بڕوابوونی به‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ وتراوه‌ خوێندكاران داینه‌مۆی نوێبوونه‌وه‌ و سه‌ركردایه‌تیی ئاینده‌ن، هه‌میشه‌ پێی وابووه‌ كه‌ لاوانیش پایه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ئاینده‌یه‌ن، چونكه‌ به‌شێك له‌ لاوان دۆخی رابردووی كوردستان وه‌ك پێویست هه‌لومه‌رجی ته‌واوكردنی خوێندنیان بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، به‌ڵام لاوانێكی هۆشیار ‌و لێهاتوون، بۆیه‌ ناكرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی كایه‌ی كاری رێكخراوه‌ییدا فه‌رامۆش بكرێن، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ رێكخراوێكی وه‌ك رێكخراوی ئازادیی لاوان بۆته‌ كایه‌ی له‌خۆگرتنی لاوانێك كه‌ خوێندنیان ته‌واوكردبێت یان نا، به‌ڵام ده‌توانن چالاكانه‌ له‌كایه‌ی سیاسی ‌و رێكخراوه‌ییدا هه‌ڵسوڕێن، چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن كه‌ به‌شێك له‌و چالاكوان ‌و كادره‌ رێكخراوه‌ییانه‌ی له‌ رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستانه‌وه‌ پێگه‌یشتن، ئێستا له‌ناو سه‌ركردایه‌تیی نوێی یه‌كێتدا سه‌ركرده‌ی دیارو چالاكن.

له‌ڕووی ئیداریی ‌و ئه‌منییه‌وه‌

له‌ دۆخێكدا كه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد سیستمی حوكمڕانیی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا جۆرێك له‌ نائومێدی باڵی به‌سه‌ر لاواندا كێشاوه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌سته‌بژێرێك له‌ لاوانی كوردستان هه‌ن له‌ كایه‌كه‌دا كه‌ سه‌ره‌ڕای نائومێدییش، به‌ڵام ته‌سلیم نه‌بوون ‌و له‌ چه‌ندین فه‌رمانگه‌ ‌و كایه‌ی خزمه‌تگوزاریدا پێشه‌نگن، ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخی كۆرۆنایه‌ش به‌ نموونه‌یه‌كی زیندوو وه‌ربگرین، ئه‌وا ده‌بینین كه‌ چه‌ندین كچ و كوڕی لاوو گه‌نج خۆبه‌خشانه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌تا نه‌گریسه‌ ده‌كه‌ن ‌و له‌ پێناوی خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا شه‌وو رۆژیان خستۆته‌ سه‌ریه‌ك له‌ كه‌رتی ته‌ندروستیدا رووبه‌ڕووی ئه‌و په‌تاو ڤایرۆسه‌ ده‌بنه‌وه‌، سه‌رباری نه‌بوونی مووچه‌ و خراپیی گوزه‌رانیان.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ چه‌ندین گه‌نج ‌و لاوی كوردستان له‌ كایه‌كانی به‌رگریی ‌و ئه‌منیدا به‌رده‌وامن له‌ خزمه‌ت و پاراستنی هه‌رێم ‌و شه‌ونخونی ده‌كه‌ن به‌دیار ئارامیی ‌و ئاسایشی هاووڵاتیان له‌سنووره‌كان ‌و ناوخۆ و جێبه‌جێكردنی یاسادا كه‌ ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی هاووڵاتیانی دیكه‌ به‌ده‌ست نه‌بوونی ‌و خراپیی دۆخی داراییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

له‌م یاده‌ جیهانییه‌دا جێی خۆیه‌تی كه‌ چه‌نده‌ تووشی نائومێدیی ده‌بین له‌به‌رامبه‌ر نائومێدبوونی لاوانی كوردستان ‌و سه‌رهه‌ڵگرتنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ‌و كزبوونی ئینتیمایان بۆ گه‌ل ‌و نیشتمانه‌كه‌یان به‌هۆی بێ دادیی ‌و خراپیی ئه‌دای سیاسی ‌و ئیداریی هه‌رێمه‌وه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌و زیاتریش ئومێدمان به‌و لاو و گه‌نجانه‌ی كوردستان هه‌بێت كه‌ ته‌سلیمی ئه‌و دۆخه‌ نه‌بوون ‌و خزمه‌تی گه‌ل ‌و نیشتمانیان خستۆته‌ خانه‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نادادیی ‌و گه‌نده‌ڵییان خستۆته‌ خانه‌یه‌كی دیكه‌وه‌و له‌هه‌ردوو كایه‌كه‌شدا ئاڵای چاكسازیی ‌و گۆڕانكاریی ریشه‌یی و راستكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌ی حوكمڕانییان به‌ده‌ستی خۆیانه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌.

 436 جار بینراوە