سەرەکی » ئابووری » ئۆكرانیا راستـەوخۆ بەرهەمەكانی رەوانـەی سلێمانی دەكات

ئۆكرانیا راستـەوخۆ بەرهەمەكانی رەوانـەی سلێمانی دەكات

یەکەی ئابووری

لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی، كونسوڵی فەخری ئۆكرانیا لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند، نووسینگەی كونسوڵگەریی فەخری لە شاری سلێمانی دەكەینەوەو راستەوخۆ بەرهەمەكانمان رەوانەی بازاڕەكانی سلێمانی دەكەین.

د.فەرهاد عەلی شاكر، كونسوڵی فەخری ئۆكرانیا لەهەرێمی كوردستان، سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی كردو لەگەڵ سەرۆك‌و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوورەكە كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا، كونسوڵی فەخری ئۆكرانیا رایگەیاند، نووسینگەیەكی تایبەت بە كاروباری بازرگانی‌و پیشەسازیی لەشاری سلێمانی دەكەینەوە، كە پەیوەندییەكی بەهێزی دەبێت لەگەڵ ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی بۆ راییكردنی كارە بازرگانییەكان.

وتیشی: «هەوڵ دەدەین لە ماوەیەكی كورتدا ئەو بەرنامەو پلانانەی لە بوارەكانی كشتوكاڵی‌و پیشەسازیی‌و بازرگانی هەمانە ئاڵوگۆڕی بكەین‌و بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێمە لای خۆمانەوە بە زوترین كات دیراسەی پێشنیازەكانی ئەم كۆبوونەوەیە دەكەین‌و هەوڵی جددی دەدەین جێبەجێی بكەین، چونكە دەمانەوێت بە كردنەوەی نووسینگەی كونسوڵگەریمان لە شاری سلێمانی، پردێكی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان سلێمانی‌و ئۆكرانیا دروست بكەین‌و راستەوخۆ بەرهەمەكانمان رەوانەی ئەم شارە بكەین».

لای خۆیەوە، سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، لەگەڵ كونسوڵی فەخری ئۆكرانیا، تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵیەكانمان كرد، هەوڵ دەدەین كۆمپانیا گەورەكانی ئەو وڵاتە بۆ شاری سلێمانی‌و هەرێمی كوردستان بهێنین، تا لێرە كاری وەبەرهێنان بكەن.

راشیگەیاند، كردنەوەی ئەو نووسینگەیە لەشاری سلێمانی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەكان‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا ئاسانتر دەكات، بازرگانان‌و خاوەنكارانی دەتوانن بەشداری پێشەنگا نێودەوڵەتییەكانی هەردوولا بكەن‌و هەوڵ دەدەین ژمارەیەك پڕۆژەی هاوبەش لەبوارەكانی پیشەسازی‌و كشتوكاڵی بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

print

 287 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*