سەرەکی » ئابووری » كردنەوەی دەروازە سنووریەكان و كاریگەری لەسەر جموجۆڵی بارزگانی

كردنەوەی دەروازە سنووریەكان و كاریگەری لەسەر جموجۆڵی بارزگانی

عەبدوڵڵا حاجی سەعید*

لای هەمووان ئاشكرایە ماوەی نزیكەی (80) رۆژە هەردوو دەروازەی پەروێزخان‌و حاجی ئۆمەران بەڕووی بازرگانان‌و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێراندا داخرابوو، ئەم كارە هۆكارێكی كاریگەرە بۆ پەكخستنی جموجۆڵی بازرگانی‌و ئابووری تەنها بازرگانان‌و هاوردەكارانی هەرێمی كوردستان تیایدا زەرەرمەند نەبوون، بەڵكو بەپێچەوانەشەوە بازرگانان‌و هاوردەكارانی ئێرانیش بەهامان شێوە تیایدا زەرەرمەند بوون كە ساڵانێكی زۆرە پەیوەندی بازرگانی‌و پیشەسازی لەنێوان كەرتی تایبەتی هەردوولا هەیە‌و گەیشتۆتە ئاستی باڵا.

سەقامگیری ئابووری
ئەمە جگە لەوە بازرگانانی مەرزەكان لەهەرسێ دەروازەی پەروێزخان – باشماخ – حاجی ئۆمەران لەكارو كەسابەتی بەرفراواندا بوون لەهەردوو دیوی هەرێم‌و ئێران، دەتوانین مەزەندە بكەین بەسەدان ملیۆن دۆلار زیان بەهەردوولا كەوتووە، جگە لەوەی كاریگەری بۆ سەر بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەبووە لەگرانبوونی پێداویستیەكانی خەڵك‌و لاوازبوونی جموجۆڵی بازرگانی كردنەوەی دەروازە سنووریەكان بەڕووی هەرێمی كوردستان مژدەبەخش بوو بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگشتی بازرگانان‌و كاسبكاران‌و كۆمپانیاكانی هاوردە‌و هەناردە بەتایبەتی.
ئێستا دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین دوای ریفراندۆم پەیوەندی نێودەوڵەتییەكانی هەرێم ئاسایی بۆتەوە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ سەقامگیری ئابووری بەگەڕخستنەوەی بازاڕ‌و بازرگانی لەهەمان كاتیشدا دەبێتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەر‌ودراوسێ‌و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان‌و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی ئابووری‌و بازرگانی.

بەرەوپێشبردنی ئابووری‌و بازرگانی‌و گەشتیاری‌و پیشەسازی
هەرێمی كوردستان سوودمەندێكی گەورەیە لەم بوارەدا هەندێك لە حیزب‌و گروپەكان پێیان وابوو دوای كارەساتەكانی ئەم دواییە كوردستان دوچاری مەینەتی‌و سەرلێشێواوی دەبێت. بەڵام دەركەوت هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بە پشتیوانی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی زانستیانە دەڕوات بۆ چاكسازی‌و باشتركردنی ژیان‌و گوزەرانی چین‌و توێژەكانی كوردستان لەسەر‌ووی هەموویانەوە بەرە‌و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا‌و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی‌و نێودەوڵەتی بەگشتی، ئەم جارەش هەرێم بەتانیا نەمایەوە ئەو مەترسیانەی تێ پەڕێنرا كردنەوەی دەروازە سنووریەكان جارێكی تر دەبێتە هۆكارێكی كاریگەر بۆ بەگەڕخستنەوە‌و گەشە‌و بەرەوپێشبردنی ئابووری‌و بازرگانی‌و گەشتیاری‌و پیشەسازی‌و كاروكەسابەت لە هەرێمی كوردستان. هاتنەپێشەوەی حكومەتی بەغدا بۆ گفتوگۆ‌و رێكەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەری كێشە‌و گرفەتەكان لەڕێگەی گفتوگۆ‌و دایلۆكەوە دەسپێكردن بەناردنی مووچەی فەرمانبەران وەكو بڕیارە مووچە دەستپێبكات لەهەردوو وەزارەتی تەندروستی‌و پەروەردەوە، ئەم پەیامانە مژدەبەخشن بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە دوای ئەو تەم‌ومژە خەفەتبارەی لە ئەنجامی ریفراندۆم‌و كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەسەر هەرێمەكاماندا هات، ئێستا جارێكی تر ئاسۆ رووناكە بۆئەوەی هەرێمی كوردستان بەرە‌و ئاسایی بوونەوە بڕوات.

* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*