سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » یەكێتی جێگای ئومێدی كۆمەڵانی خەڵكە

حاكم سابیر ئیسماعیل لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵ:

یەكێتی جێگای ئومێدی كۆمەڵانی خەڵكە

دیداری، تەها عەبدوڵڵا

حاكم سابیر ئیسماعیل ئەندامی ســـــــەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵ-ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، ئاماژەیكرد بە دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی نوێبوونەوەو پلان و بەرنامەی یەكێتی بەتایبەتی لەسنووری مەڵبەندی موسڵ، كە سنوورێكی گرنگ و پڕبایەخە بۆ یەكێتی.

بەردەوامی دەدەین بە رێباز و پەیامی سەرۆك مام جەلال
لەسەرەتای دیدارەكەدا، لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵ، تیشكی خستەسەر دامەزراندن و سەرەتاكانی كارو چالاكییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و وتی: یەكێتی، لەدوای هەرەسهێنانی شۆڕش و ئاوارەیی و بێئومێدیی میللەتێكدا، هاتە بوون بەڕابەرایەتیی سەرۆك مام جەلال، كە بۆ ئەوكاتە رووداوێكی گەورەو مێژوویی بوو، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، بۆمان دەردەكەوێت یەكێتی توانیویەتی چەندین دەستكەوت بەدەستبهێنێت‌و ئومێدببەخشێتەوە بە خەڵك‌و ئەو پەیامەشی لەسەرەتای دامەزراندنییەوە هەڵیگرتووە، كە سەرتاپای بەرنامەكە لەخزمەتی خەڵكی كوردستاندایە، ئێمەش دوای كۆنگرەی نوێبوونەوە، درێژەی پێدەدەین و شان دەدەینەبەر هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان‌و خۆشگوزەرانیی خەڵك دەدرێن‌و وتیشی: یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی یەكێتی ‌و رێبازەكەی، ئازادییەو بەشێوەیەكی بەردەوامیش بڕوامان بەئازادیی هەیەو بەكرداریش ئەوەمان سەلماندووەو بەردەوامیش لەگەڵ ئەوەدابووین خەڵك ئازادانە گوزارشت لەبۆچوونەكانی خۆی بكات، هەموو ئەمانەش پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رابەرو سكرتێری گشتییمان سەرۆك مام جەلال بووەو ئێمەش بەردەوامیی پێدەدەین.

هیچ ناوچەو شارێك و پارێزگایەك نییە نوێنەرایەتی لەسەركردایەتیی یەكێتی-دا نەبێت
سەبارەت بەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتی ‌و دۆخی ئێستا، حاكم سابیر، ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر كۆنگرەی سێیەمدا، چەندین گۆڕانكاریی خێرای ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانی هاتنە ئاراوە، بۆیە پێویست بوو بەرنامەی حزبەكانی ناوچەكەش گۆڕانكاریی جەوهەرییان بەسەردا بێت، هەربۆیە كۆنگرە بۆ یەكێتی زۆر پێویست بوو، بەشێوەیەك كۆنگرەی نوێبوونەوە بێت بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان، هەر لەو روانگەیەشەوە ئەندامانی سەركردایەتی بەسەر هەموو ناوچەكانی كوردستاندا دابەشبووە‌و هیچ ناوچەو شارێك و پارێزگایەك نییە نوێنەرایەتی لەسەركردایەتیی یەكێتی-دا نەبێت، هەروەك بەشی زۆری نەتەوەو ئایین و مەزهەبەكان لەسەركردایەتیی یەكێتیدا بوونیان هەیە‌و هەمووان پێكەوە لەبڕیارداندا بەشدارین، ئەوەش وادەكات بڕیارەكان گشتگیرتربن و خوێندنەوەی باشتریان بۆ بكرێت. وتیشی: لەڕابردووداو بەبەردەوامی؛ بەبیرو فەلسەی هەڤاڵ مام جەلال، سەكردایەتی و كادیرو ئەندامانی یەكێتی لەگەڵ سەردەم و گۆڕانكارییەكاندا خۆیان گونجاندووەو بە عەقڵییەتی تازەگەریی كاریانكردووە، ئەو بەرنامەیەش لەكۆنگرەی نوێبوونەوەدا تەئكیدی زۆری لەسەر كرایەوە، بۆیە بۆ ئێستاو داهاتووش هەر بەو شێوازە كاردەكات و كاركردنەكەش هەموو ئاست و ئۆرگانەكان دەگرێتەوە لەسەر ئاستی كاری حزبی و تیمەكانی یەكێتی لە پەرلەمان و حكومەت، بۆیە كۆنگرەی چوار جێگای ئومێدی خەڵكی كوردستانە.

تەواوی پێكهاتەكان مافەكانی خۆیان بەدەستبهێننەوە
سەبارەت بەبەرنامەی مەڵبەندی موسڵ تایبەت بەسنووری چالاكییەكانی، حاكم سابیر، رایگەیاند: بەخوێندنەوە بۆ واقیعی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی ناوچەكە، كاردەكەین، بەتایبەتی كە سنووری پارێزگای نەینەوا بەتایبەتی ناوەندی موسڵ بەهۆی شەڕی داعش تووشی چ كارەساتێكی گەورە بۆوە‌و بە هەزاران كەس شەهیدو ئاوارەو دەربەدەر بوو، دوای ئازادبوونی ئەو پارێزگایەش لەدەست تیرۆریستانی داعش، تاڕادەیەك خەڵكەكەی لەڕووی دەروونییەوە ئارامبوونەتەوە، بەڵام هێشتا كاریگەرییەكانی ماوە، بۆیە ئێمە یەكەمجار كارمانكردووە بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی بۆ سەر زێدی خۆیان، ئەویش بەبێ جیاوازی لە نێوان نەتەوەو ئایین و مەزهەبەكان، ئەوەشی زۆر گرنگە كاری لەسەر بكرێت لەسنوورەكەماندا پێویستە تەواوی پێكهاتەكان مافەكانی خۆیان بەدەستبهێننەوەو بگەڕێنەوەسەر موڵك و ماڵی خۆیان، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ پێكەوەژیانی خەڵكی ناوچەكە، كە ئێمەش وەك یەكێتی كردوومانەتە بەرنامەو سیاسەتمان و كاری جددیی و تەواوەتیی لەسەر دەكەین، وتیشی: گرنگە تایبەتمەندیی هەر پێكهاتەیەك لەسنووری جوگرافیی خۆی بپارێزرێت، بۆ جێبەجێكردنی تەواوی خواستەكانی پێكهاتەكانیش پێویستە كاربكرێت و هەماهەنگی لەنێوان هەموو حزب و لایەنەكانی پارێزگاكەدا هەبێت.

لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی سنوورەكە گفتوگۆمان دەستپێكردووە
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، لێپرسراوی مەڵبەندی موسڵ، دووپاتیكردەوە كە»پێویستە هەموو ئەو ناوچانەی لەشەستەكانی سەدەی رابردووەوە خەڵكەی دەركراوەو موڵك و ماڵی زەوتكراوەو دیموگرافیای ناوچەكە گۆڕدراوە، پێویستە كاربكرێت بۆ گەڕانەوەی بۆ شوێنی خۆی و ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف، هەرچەندە كارەكەش قورسە، بەڵام ئێمە لە یەكێتی دەستمانپێكردووە‌و وەك هەنگاوی یەكەمیش لەدوای كۆنگرەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی سنوورەكەدا گفتوگۆكانمان دەستپێكردووە‌و هەموو هەوڵێكیشمان بۆ ئەوەیە جارێكی تر بەهەر هۆكارێك بێت هیچ كەسێك لەشوێنی خۆی دەربەدەر نەكرێت و موڵك و مافی لێ زەوت نەكرێت».

print

 133 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*