سەرەکی » ئاراستە » شه‌هید عه‌لی‌ ته‌للخێمی‌

شه‌هید عه‌لی‌ ته‌للخێمی‌

حه‌یده‌ر مه‌نتك

مێژووی‌ به‌رخودان و تێكۆشانی‌ لادێنشینه‌كان دیارو ئاشكرایه‌ له‌ قۆناغه‌كانی‌ شۆڕش وكوردایه‌تیدا، به‌گشتی خه‌ڵكی لادێكان هاوكارو پشت و په‌نای پێشمه‌رگه‌ بوون، بژێوی پێشمه‌رگه‌یان له‌ ئه‌ستۆ گرتبوو، هه‌ندێك جگه‌ له‌وه‌ش، چه‌ند گوندێك هه‌یه‌ له‌ سنووری‌ هه‌ولێر به‌ گوندی‌ شه‌هیدان ده‌ناسرێنه‌وه‌، له‌وانه‌ گونده‌كانی‌: قه‌شقه‌، عه‌وێنه‌، ئیلنجاغ و ته‌للخێم كه‌ شه‌هیدی‌ زۆریان به‌ خشیوه‌ به‌ كوردو كوردستان.

ته‌للخێمیه‌كان له‌ شۆڕشی‌ نوێدا پێشمه‌رگه‌ی‌ ئازاو دڵسۆزیان هه‌بوو، یه‌كێك له‌و كوره‌ ئازایانه‌ی‌ ته‌للخێمییه‌كان له‌ ساڵی‌ 1984 بووه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ تیپی‌ 86ی‌ ده‌شتی‌ كه‌ ناوی (عه‌لی‌ مه‌حمود ئیبراهیم) ته‌للخێمی‌ بوو، له‌ خانه‌واده‌یه‌كی‌ شۆڕشگێڕو تێكۆشه‌ری‌ كوردایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ كرابوو، پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ گوێڕایه‌ڵ و خۆشه‌ویست و خۆنه‌ویست بوو، له‌سه‌ر شۆڕش و خه‌بات هه‌ورازو نشێوی‌ زۆری‌ بینی‌، ته‌نانه‌ت بۆماوه‌ی‌ دووساڵ له‌ زیندانه‌كان ماوه‌ته‌وه‌.

ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید عه‌لی‌ مه‌حمود ئیبراهیم حه‌مه‌د ناسراو به‌ عه‌لی‌ ته‌للخێمی‌، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1961ی (گوندی‌ ته‌للخێم)، ناحیه‌ی‌ گوێڕ سه‌ر به‌قه‌زای مه‌خمور، تا قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندووه‌.

ساڵی‌ 1983 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌، ساڵی‌ دواتر بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌رتی 2ی تیپی‌ 86ی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر.

دواتر گوازرایه‌وه‌ تیپی‌ 87ی‌ قه‌ره‌چوغ و له‌ كه‌رتی تیپی ئه‌و تیپه‌ درێژه‌ی‌ به‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ داوه‌.

رۆژی 26/12/ 1986 له‌ چالاكییه‌كی ناوشاری هاه‌ولێردا له‌ نزیك مزگه‌وتی‌ شێخ قادر كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك رووبه‌رووی‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌ هه‌ولێر بوونه‌وه‌، بریندار ده‌بێت و ده‌ستگیر ده‌كرێت، پاش دوو ساڵ و له‌ساڵی 1988 دا به‌ لێبوردنی‌ گشتی‌ ئازاد ده‌كرێت.

له‌ راپه‌ڕینی ساڵی‌ 1991 به‌شداریی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌ له‌ رزگاركردنی‌ شاری‌ هه‌ولێردا.

له‌ ته‌مه‌نی‌ پێشمه‌رگایه‌تییدا به‌شداریی‌ چه‌ندین چالاكی‌ و نه‌به‌ردی‌ سنووری‌ تیپه‌كه‌ی‌ كردووه‌ و دووجاریش برینداركراوه‌.

رۆژی 11/ 3/ 1991 له‌ راپه‌ڕینی شاری هه‌ولێردا و له‌به‌رده‌م دائیره‌ی ئه‌مندا بریندار ده‌بێت و دوو رۆژ دواتر شه‌هید ده‌بێت.

شایانی باسه‌ ئامۆزایه‌كیشی به‌ناوی (ئیبراهیم جه‌میل- شوان) شه‌هیده‌.

print

 99 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*