سەرەکی » وتار » یەکێتی و ستراتیژی رابردوو و داهاتووی بۆ بادینان

یەکێتی و ستراتیژی رابردوو و داهاتووی بۆ بادینان

ئه‌یاز محه‌مه‌د سه‌لیم هه‌ركی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرلە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەشام و لەلایەن سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی، بادینانی بە ناوچەیەکی گرنگ لەڕووی جوگرافی و ستراتیژیی و شوێن پێی خەبات و تێکۆشان زانیووە، لەو قۆناغە هەستیارەدا تێگەیشتنی سەرکردایەتی یەکێتی لە جیۆپۆلۆتیکی ئەو دەڤەرە، لە هۆشیاریی پرسی کورد و ستراتیژی سەربازیی و شۆڕشگێڕییەوە سەرچاوەی گرتبوو. گرنگییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەڤەری بادینان دەڕوانێتە سەر باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەی سۆران و ئەوانە هەموو پێکەوە گرێ دەدات، ناوچەیەک کە ساڵانێک شوێنی مشتومڕی لایەنەکان بووە.

پاش دامەزراندنی ی.ن.ک و دەستپێکردنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، کۆمەڵە چالاکوان و شۆڕشگێڕێکی وڵاتپارێز لە بادینانەوە پەیوەستبوون بە شۆڕشی نوێ و رێزەکانی یەکێتییەوە، بەشداریی ئەوان نموونەیەکی دیکەبوو لە خەبات و تێکۆشان و ئازایەتی تاک بە تاکی کوردی بۆ گەیشتن بە ئامانج و خولیاکانی ئەم گەلە.

ئەوان هەر لەسەرەتای شۆڕشی نوێ و دامەزاندنی یەکەم مەفرەزەوە لە بادینان، پێشڕەوی گیانفیدایی و قوربانیدان بوون لە رێزەکانی یەکێتیدا، هەنگاوێک کە هێندەی دیکە ورەی شۆڕشگێڕانیان بۆ دژایەتی دیکتاتۆرییەت بەرزکردەوە.

سنووری بادینان و خەڵکەکەی هەر لەپێش و پاش راپەڕینەوە بە بەشێکی گرنگ و بەهێزی یەکێتی دادەنرێت، خۆشەویستی و پەیوەندیی بەردەوامی مام جەلال بۆ خەڵکی بادینان، رەهەندێکی کۆن و مێژوویی هەیە، ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە هەمووکات جێی گرنگی و سەرنجی خەباتی یەکێتی بووە، یەکێتیش کاری پێویستی بۆ چەسپاندنی مافەکانیان کردووە.

مام جەلال تایبەت بە ڕووداوەکانی ساڵی 1984 لە دانوستانەکانی ئەوکاتەی نێوان یەکێتی و بەعس لە کتێبی دیداری تەمەندا دەڵێت: « یەکێک لە خاڵە پێشنیارەکانی دانوستاندن ئەوەبوو کە قەزاکانی ئاکرێ و شێخان بخرێتە نێو چوارچێوەی سنووری ئۆتۆنۆمییەوە کە دواتر ئاکرێ کەوتە ئەو سنوورەوە».

بە پارێزگاکردنی دهۆک لەساڵی 1969 رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو کە لەسەر پێشنیازی باڵی مەکتەبی سیاسی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەڵبەت مام جەلال هەر لە دەستپێکی لاوێتی و جموجوڵە سیاسی و حزبییەکەی خۆیەوە ئەم سنوورەی بە گرنگ ناوبردووە. هەر لەو رووەشەوە لە دیداری تەمەندا ئاماژەی بەوە کردووە کە « بە هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر توانیمان بۆ یەکەم جار شانەیەکی حزبی لە ساڵی 1949 لە ئاکرێ پێکبهێنین».

لە پاش سەرهەڵدانی بەهاری 1991-یش یەکێتی دیسانەوە رۆڵی گرنگ و کاریگەری لە دەرکردنی بنکە و بارەگاکانی رژێمی سەدامدا لە بادینان هەبوو. هەروەک سەرۆک مام جەلال رۆڵی تایبەتی لە دروستکردنی زانکۆی دهۆکدا هەبووە و بڕە بودجەیەکی زۆری بۆ دابینکرد.

ئەمانە کۆمەڵە دەستکەوتێکی یەکێتین لە ناوچەی بادینان بوو لە رابردوودا و لە پاش راپەڕینیش کۆمەڵێک کەسایەتیی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر و خاوەن ئیرادە بۆ بەرەوپێشچوونی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد و بە درووشمە نەتەوەییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوونە پێشڕەوی رێکخستنەکانی ئەم حزبە لە سنوورەکە و لە ئاکامیشدا دەبینین کە لەو ماوە کەمەیەدا بەشێکی زۆر لە خەڵکی بادینان بوون بە لایەنگری یەکێتی و تێکەڵ بە سیاسەت و خەباتی ئەم حزبە بوون.

دەتوانین ئەم لایەنگریی و رۆڵە دیارەی خەڵکی بادینان لە خۆڕاگریی و بەهێزکردنی یەکێتی وەک راستییەکی مێژوویی ناو ببەین کە لەو پێناوەدا سەدان ماڵباتیان زیانی مادیی و گیانیی زۆریان بەرکەوتووە.

له‌ڕوو راگه‌یاندنیشه‌وه‌ بادینان به‌درێژایی مێژوو ناوه‌ندێكی میدیای گرنگی یه‌كێتی بووه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی هاووڵاتیانی ده‌پاراست، رۆڵێكی باشیان ده‌گێڕا كه‌ خاوه‌ن ئه‌زموونێكی راگه‌یاندنی چالاك و پڕۆفیشناڵ بووه‌ بەراورد بەو رۆژگاره‌. هاوكات، گۆڤاری هه‌ڵوێست كه‌ گۆڤارێكی ئایدیۆلوژیی فیكریی بووه‌ له‌ساڵی1983 له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی چواری ئەوکاتەوە بۆ بادینان ده‌رچووه‌.

له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ساڵی 1991، رۆژنامه‌كانی الاتحاد ،و الاعصام، و په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ گۆڤاره‌كانی سه‌رهه‌لدان و ڤولكان هه‌ر له‌بادینان ده‌رچوون. جگە لەوەش یه‌كه‌م په‌خشی ته‌له‌فزیونی یه‌كێتی هه‌ر له‌بادینان بووه‌ به‌ناوی PUK کە له ‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1991دا بۆ یه‌كه‌مجار مام جه‌لال لێدوانی بۆ دا كه‌ یه‌كه‌م لێدوانی ته‌له‌فزیونێكی كوردستان بووه‌ له‌ دوای راپه‌رین كه‌ مام لێدوانی بو دابێت.
كه‌ناڵی ئاسمانیی (بادینان سات)یش کە له ‌ساڵی 2007 دامەزرا، دیارییه‌كی تری سه‌رۆك مام جه‌لال بوو بۆ بادینان.

خەباتی یەکێتی لە بادینان بە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە، دەتوانین بڵێین کە ئەو حزبە لە شاڕێگەی خەبات و خزمەتدا، هەردەم لە بادینان ئامادە بووە. هەربۆیەش دەبینین لەساڵی 2014 و لەکاتی پەلاماردانی قەزای شەنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بەشێک لە هێزەکانی یەکێتی بوون کە شوێنەکانی خۆیان چۆڵنەکرد و بەرگرییان لە ئێزدییەکان کرد و دواتر ژمارەیەکی زۆر لەو هاووڵاتیانەیان بەرەو شاخی شەنگال رزگار کرد.
ساڵی 2015 –ش بە هەمان شێوە شوێن دەستی یەکێتی و فەرماندە حزبی و سەربازییەکانی لە ئازادکردنی ئەو قەزایە لە ژێر دەستی گروپی تیرۆریستی داعش بەروونی دەرکەوت کەئەوەش بابەتێکی ئاشکراو حاشاهەڵنەگرە کە لەلاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت.

یەکێتی ئەگەرچی بەشێکە لە دەسەڵاتی ئیداریی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی هەژموونی لایەی باڵادەستەوە لەو ناوچەیە هەرگیز بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن لەناو ئیدارە خۆجێییەکانی بادیناندا پۆست و ئیستیحقاقی خۆی بەرنەکەوتووە، هەربۆیەش لە بەرامبەر ناڕەزایی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە لە نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، پاڵپشتی لەو داواکارییانەی خەڵکی ناوچەکەی بە ئەرکێکی سەر شانی خۆی زانیووە و بەو هۆیەشەوە چەندین جار پەیامنێر وکادەرە میدیاییەکانی یەکێتی بەهۆی رووماڵکردن و گواستنەوەی دەنگی هاووڵاتیانەوە دەستبەسەر کراون.

جگە لەوەش زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی لایەنگرانی حزبەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆجێیی سنووری بادینان وایان پێباشە کە یەکێتی و ئەو حزبانە بۆ داهاتوو لیستی هاوبەش دروست بکەن تا دەنگ و رەنگی جیاواز بهێننە ناو ئیدارەی ناوچەکەوە.

یەکێتی چوارەمین کۆنگرەی کردە دەسپێکی قۆناغێکی دیکەی نوێبوونەوە و بە پڕۆژەیەکی باشترەوە گەڕاوەتەوە بادینان. هەڵبەتە یەکێتی پێویستی بەوەیە کە کادری چالاک و خاوەن ئەزموون و پەروەردەکراوی لەسەر رێبازەکەی مام جەلال بۆ ئەو ئەرکە نوێیە رابسپێرێت، هاوکات لە رووی مادی و مەعنەویشەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان و گەشەکردنی ریزەکانی پاڵپشتی بەردەوام لەو کادرە دەستەبژێرانەی ناوچەکە دەکات و بەگوێرەی نەخشەی دوای کۆنگرە چەندین سەرکردەی گەنج لە دەڤەری بادینان دروستبوون و هەموویان لەو تێکۆشەرو خەباتگێڕانەن کە لە کۆمیتەو مەڵبەند و رێکخراوە دیموکراتییەکانی یەکێتییەوە پێگەیشتوون و ئێستا بوونی ئەوانە لە کایەی بڕیاردانی سەرکردایەتیدا هەم دەبێتە مایەی بووژانەوە بەهاری یەکێتییانە لەبادینان و هەمیش دەبێتە مایەی گەیاندنی دەنگی بادینییەکان بە باوەندی بڕیاردان لەناو یەکێتیدا.

print

 189 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*