سەرەکی » ئاراستە » ژنانی راگەیاندنکار پێشنیاریی دامەزراندنی دەزگایەکی راگەیاندنی نیشتیمانیی دەکەن

لە مێزگردێكی رۆژنامەوانیی ساڵۆنی كوردستانی نوێ دا بۆ ژنۆرناڵ

ژنانی راگەیاندنکار پێشنیاریی دامەزراندنی دەزگایەکی راگەیاندنی نیشتیمانیی دەکەن

ئامادەكردنی بۆ ژنۆرناڵ/ رێزان محەمەد و لۆڤە محەمەد

ژنانی راگەیاندنکار و مامۆستایانی ڕاگەیاندن کۆکن لەسەرئەوەی کە میدیایەکی ئەھلی بێ لایەن لە ھەرێمی کوردستان بوونی نییە و پێشنیاری دامەزراندنی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نیشتیمانیی دەکەن.
ئێوارەی 31-12-2017، لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ لە شاری سلێمانی، مێزگردێکی رۆژنامەوانی بە ناونیشانی «ڕۆڵی میدیا و کاریگەرییەکانی لەم باردۆخەی کوردستان لە تێڕوانینی ژنانەوە»، بەبەشداریی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی ژن و مامۆستای ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو.
ئاشتی عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری ژنۆرناڵ، لە سەرەتای مێزگردەکەدا وتی: سوپاستان دەکەم کە کۆبوونەوە ودڵخۆشم بە بینیتان، کە کۆمەڵێک ژنی چالاک و ڕاگەیاندنکاری بە ئەزموون لە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان، لە مێزگردێكی رۆژنامەوانیدا قسە دەکەین لەسەر کاریگەری ڕاگەیاندن و ڕۆڵی ڕاگەیاندن لەم بارودۆخەدا لە تێڕوانینی ژنانی ڕاگەیاندنکارەوە، کە دەزانین لە ڕۆژانی ڕابردوو لە مانگی ١٢ و هەروەها ساڵانی ڕابردووش کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراو لە هەرێمی کوردستان ڕوویدا، بە تایبەت ڕووداوەکانی خۆپیشاندانەكان کە لە ١٨/١٢ هەتاوەکو ڕۆژانی دوایی بەردەوامی هەبوو، هەموومان دەزانین کە ڕاگەیاندن ڕۆڵ و کاریگەری هەبوو لەسەر بارودۆخەکە.
ئاشتی عەبدوڵا، وتیشی: دنیابینی ژنان جیاوازترە بۆ کۆمەڵێک پرسی گرنگ، وەک دەزانین کە ژنان لە زۆربەی دەزگاکاندا بڕیار بەدەست نین، بەڵکو زیاتر دنیابینی پیاوان ڕەنگدانەوەی هەیە هەم بەسەر سیاسەتەوە هەم لەسەر ڕاگەیاندنەکانیشدا ئەکرێت ژنیش تێڕوانینی خۆی هەبێت، بێگومان تێڕوانینی ژن دڵنیاییترە لە ڕووی سەقامگیری و بەرەو ئاشتی.
ڕێزان محەمەدی ڕۆژنامەنووس کە مێزگردەکەی بەڕێوەدەبرد، دڵخۆش بوو بەوەی کە کۆمەڵێک ژنی ڕاگەیاندنکاری بە ئەزموون لە مێزگردەکەدا ئامادەبوون و ڕاو بۆچوونی خۆیان دەوت لەسەر تەوەری سەرەکی مێزگردەکە و وتی: ٩ لەژنانی ڕاگەیاندنکار لە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لە مێزگردەکەدا ئامادەبوون و هەریەکێک لەوان تیشکیان دەخستە سەر ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان و کاریگەریان لەسەر سایکۆلۆژیای وەرگر و چارەسەرییەکان بۆ ئەوەی میدیا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت کە گەیاندنی زانیاریی دروستە بە وەرگر.
لەسەرەتای مێزگردەكە نیاز عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، وتی: میدیا نەیتوانیوە تەواوی دیمەن و ڕاستییەکان وەک خۆی بگەیەنێت، لەبەرئەوەی کێشەیەکی بنەمایی و بناغەییمان هەیە لە کوردستان، لەبەرئەوەی گەیشتن بە سەرچاوەی زانیارییەکان کێشەیەکی گەورەیە، هەروەها میدیا لە هەرێمی کوردستان بەو ئاڕاستەیە زانیاری گەیاندووە کە خۆی ویستوێتی، لە میدیاکانەوە تائێستا بۆمان ڕوون نەبۆیەوە کە ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چۆن ڕوویدا وە کۆبونەوەکەی ١٥ی مانگی یەکێتی و پارتی لە دووکان چی بوو، وە ڕێکەوتنەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر
نیاز وتیشی: یاسای پارتە سیاسییەکان بڕگەی ١ ماددەی ١٣ ڕێگەی داوە کە حزبە سیاسییەکان کەناڵی ڕاگەیاندنی خۆیان هەبێت، بەڵام ئەو یاسایە ئەوەی دیارینەکردووە کە ئەو حزبە خاوەنی چەند کەناڵ بێت و چ جۆرە کەناڵیکی هەبێت، حزب هەیە لە هەرێمی کوردستان ٣٠ کەناڵی ڕاگەیاندنی هەیە، بە تەلەفزیۆنی ئاسمانی و لۆکاڵی، وێبسایت و ڕۆژنامە و ڕادیۆ، بە سێبەر و بێ سێبەرەوە، دەبێت یاسای پارتە سیاسییەکان هەمواربکرێتەوە یاخود مافی موڵکدارێتی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە حزب بسەندرێتەوە یاخود دەبێت مافی موڵکدارێتیان بۆ ڕاگەیاندنەکان سنورداربکرێت.
دڵپاک تاهیر، ڕاگەیاندنکار ئەزموونی 30 ساڵ كاركردن لە راگەیاندندا و ئەندامی مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت : لە دوو سەردەمدا کارم کردووە، لەسەردەمی پێش ڕاپەڕین و دوای راپەڕین، وە قورس بوو بۆ ئێمەی ژن، کە دوو ئەرکمان لەسەر شان بوو یەک چۆن پرسە نیشتیمانییەکە بپارێزین و چۆن ژنێتی خۆمان بپارێزین، بەڵام ئەمە ئەستەم بوو کە ژن بتوانێت پارێزگاری لەو دوو ئەزموونە بکات، هەروەها تێڕوانینی من بۆ کەناڵەکان ئەوەیە کە ئەوەنەی دەیەوێت بینەر بۆ کەناڵەکەی خۆی ڕابکێشێت و بیکڕێت بە کۆمەڵێ شتی قەدەغە کراو، وە هەروەها تەحەدا دەکەم کە هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر بۆ ماوەی کاتژمێرێک بە دیار کەناڵێکەوە دانیشین ناتوانین پەیامێکمان لە کۆتاییەکەیەوە دەستبکەوێت، یاخود کەناڵ هەیە مایک دادەنێت و دەڵێت ئازادی چی دەڵێیت بیڵێ، ئەمە بە ناوی دیموکراسییەتەوە دەکرێت، بەڵام هیچ شتێک نیە بەناوی دیموکراسیەتی تەواوەتی.
دڵپاک، وتیشی: ڕاگەیاندن بووەتە سەرچاوەیەک بۆ ناشرین کردنی شتە نەتەواویەتی و کۆمەڵایەتییەکان و پیرۆزییەکان، هەروەها لە ڕووی پەروەردەی منداڵیشەوە بەڕاستی خووی منداڵیان تێکداوە، من بە جۆرێک منداڵەکەم پەروەردە دەکەم بەس چوومە ژوورێکی دیکە ئاگام لێنیە منداڵەکەم خستویەتی سەر چ کەناڵێک، بۆیە من بە داخستنی کەناڵەکان ناڵێم کە ناهەقی کراوە بەڵکو دەستخۆشیان لێدەکەم، لەبەرئەو هۆکارانە.
دڵپاک، دروستکردنی گرووپێکی نێشتیمانی بۆ ڕاگەیاندنەکان بە پێویست دەزانێت، بۆ یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی ڕاگەیاندنەکان لە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان و دەشڵێت: هەروەها ڕاگەیاندنەکان بۆ ڕوماڵی ڕووداوەکان ڕێبکەون کە چۆن ڕوماڵی بکەن، نەک کەناڵێک باسی نەکات و کەناڵێک ئاگری تێبەربدات و کەناڵێک چەندین شتیتر بکات.
چرۆ شەهاب، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی، وتی: کەناڵەکانمان پەیوەستن بە کۆمەڵێک شتی خۆیانەوە، هەروەها سیاسەتی حزبەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ململانێ و ناکۆکییەکان لەنێوان سیاسییەکان قوڵ دەکەنەوە، لە وەخت و ناوەختدا پەیوەندی بە سیاسییەکەوە دەکەن کە لەوانەیە لەوکاتەدا ئەو سیاسییە میزاجی تەواو نەبێت و لە شەڕێکدا بێت لەگەڵ کەسی بەرامبەری کەناڵەکە دێت ئیستغلالی دەکات و لێدوانی لێوەردەگرێت و ئەو کەسە بەشێوەیەکی توند قسەدەکات ئەمانە هەموویان کاریگەرییان دەبێت، یاخود لە کاتی تاوانێکدا سەیردەکەین پێش پۆلیس کەناڵەکان ئیشیان لەسەر کردووە دەڵێن ڕەنگە وابێت یان وا نەبێت، یان دەڵێن سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بەڕاستی ئەم سەرچاوەیە قوڕی کردووە بەسەر میدیادا، هەروەها سەیردەکەین لە ڕوداوێکدا هەر کەناڵە و بەشێوەیەک ڕوونکردنەوە دەدات، ئەمانەش بێ متمانەیی لەنێوان هاوڵاتی و دەزگا میدیاییەکاندا دروستکردووە.
چرۆ شەهاب، وتیشی: بە دروستکردنی تۆڕێکی ڕاگەیاندن و بە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان تێیدا کۆببێتەوە، هەروەها شەخسی یەکەم و دووەمی کەناڵەکان کە گوێ لە قسەیان دەگیرێت بهێندرێتە تۆڕەکانەوە تاوەکو بەیەکەوە بابەتەکان دیاری بکەین و بڵێین کە ئەم بەرنامەیە یاخود ئەم درامایە پەخشکردنی بەم شێوەیە نابێت، هەروەها هەبوونی لێپرسینەوە لە کەناڵەکان، هەروەها کەمکردنەوەی میدیای حزبی کە هەر حزبە و دەیان میدیا و ڕادیۆ و ماڵپەڕی هەیە، هەروەها نەبوونی میدیایەکی نیشتیمانی کاریگەری گەورەی جێهێشتووە، هەروەها بە دروستکردنی ئەو تۆڕەش لۆدێکی زۆرمان هەبێت تاوەکو هەر کەناڵەو بە پێی ئارەزووی خۆی بەرنامە پەخش نەکات بەڵکو هێڵێکی سور هەبێت.
ژینۆ محەمەد، ڕۆژنامەنووس لە كەناڵی KNN و چالاکوان، لە مێزگردەکەدا وتی: لە هەرێمی کوردستاندا میدیایەکی سەربەخۆمان نیە، بەڵکو هەمووی حزبییە، حزب ڕۆژنامەنووس ئاڕاستە دەکات و باڵادەستە بەسەر ڕۆژنامەنووسان، بۆیە هەندێک کات ناتوانین ئەوە بە ڕاست و دروستی بگەیەنین بە وەرگر، لەم کاتەشدا وەرگر دەبێتە کەسێکی سەرلێشێواو، ئەمەش بێمتمانەیی لەنێوان وەرگر و دەزگاکاندا ڕوودەدات، هەروەها لە شەڕی داعشدا دوو پرسیار هەن کە تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە ئەوانیش ڕۆڵی میدیا چی بوو وە دەبوو چی بکرایە، وە هەر دەزگایە و بە پێی مەرامی خۆی ڕوداوەکانیان دەگەیاند هەندێک جاریش خزمەت بوو بە لایەنی بەرامبەر کە داعش بوو.
ژینۆ، وتیشی: هەروەها لە یاسای بەدەستهێنانی زانیاری باس لەوە دەکات کە هەر هاوڵاتییەک مافی بەدەستهێنانی زانیاری هەیە نەک تەنها ڕۆژنامەنووس، بەڵام ئەم یاسایە جێبەجێ ناکرێت، بۆیە پێش ئەوەی داوای هەموارکردنەوەی یاسا بکەین، بەڵکو پێویستە کە داوای جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بکەین، هەروەها پێویستە کە لیژنەیەک دروست بکرێت لە پەرلەمانی کوردستان و سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بکات بۆ ئەوەی سانسۆری هەندێک کەناڵ بکات کە خووڕەوشتی منداڵەکانمانی تێکداوە، ئاماژەی بەوەشدا: لەگەڵ ئەوەدام کە دەزگایەکی تەواو نیشتیمانی دروست بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو دەزگایە لە کاتی ڕوداوەکاندا تێڕوانینی خەڵک بچێتە سەر ئەو دەزگایە، نەک دەزگای ڕاگەیاندنی حزبی دیکە، هەروەها ئەو دەزگایە تەواو تەواو نیشتیمانی بێت، نەک لەژێر هەژموونی حزب.
شنۆ عوسمان، ڕۆژنامەنووس و چالاكوان، لە مێزگردەکەدا وتی: میدیا نەیتوانی لە ڕوداوەکان و قەیرانەکان ڕۆڵی هەبێت، نەیتوانی بێ لایەن بێت، نەیتوانی زانیاری بگەیەنێت، وە میدیاکان یەکسەر پێوەی دیاربوو کە ڕووداوەکانیان چۆن ئاڕاستە دەکرد، هەندێک کەناڵ لە کاتی خۆپیشاندانەکان باسی یاپراخیان دەکرد و هەندێکی دیکەشیان ئەفلام کارتۆنیان پێشکەش دەکرد، هەندێک کەناڵی دیکەش بابەتەکەی قوڵ دەکردەوە.
شنۆ، وتیشی: لە خۆپیشاندانەکانیشدا هەندێک کەناڵ وەکو وابێت کە لەم هەرێمەشدا هەر نەبوو بێت، میدیا هەبوو ڕوماڵەکانیان توندوتیژی لێدەکەوتەوە، میدیا نەیتوانیوە خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و تاک پەروەردە بکات.
فاتمە عەزیز، ڕاگەیاندنی سکرتاریەتی خوشکانی یەکگرتووی ئیسلامی، لە مێزگرتەکەدا وتی: میدیاکان دەبێت بە ئەرکی خۆیان هەستنەوە، لەبەرئەوەی لە ئێستادا بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون، نەیانتوانیوە ڕەچاوی ساکۆلۆژیای وەرگر بکات کە لە ماڵەوە دانیشتووە، چ منداڵێکە یاخود بەتەمەنێکە، وە پێویستە کە میدیایی کوردی بە بەرنامەوە ئیش بکات، وە ئێستا هەموو دەزگاکان حزبین و ئەگەر لە پێشتر کەناڵێکی بێلایەن هەبووبێت لە ئێستادا بوونی نیە.
ئەڤین ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لە گۆڤاری ژن مەگەزین، لە مێزگرتەکەدا وتی:ئازادی زۆر دراوە بە میدیا، کە دەبێت هێڵی سوور هەبێت بۆ ڕوماڵ کردنی ڕووداوەکان و بابەتەکان، تا چەند توانویمانە ئەم ئازادییە لە خزمەتی کۆمەڵگەدا سودی لێوەردەگرێت، دەبێت ڕاگەیاندن بزانێت کە ڕوماڵی ڕوداوێکی ناخۆش دەکات چ سودێک بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت، یاخود دراما دۆبلاژکراوەکان، یاخود شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان حزبەکان، من نازانم ئەمە چ سودێکی بە کۆمەڵگە گەیاندووە، میدیا لێرەدا چ ئامانجێکی پێکا، ئەم جۆرە میدیا حزبی و سەربەخۆییەکان پەیڕەوی دەکات، هیچ لایەنێکیش نەبوو لێپرسینەوە بکات، لێرەشدا بۆمان دەردەکەوێت کە میدیا ڕۆڵە ئیجابییەکەی خۆی نەگێڕاوە، هەروەها پێویستە کە ڕاگەیاندنکار پێداچوونەوەیەک بە باکگراوندی خۆیدا بکاتەوە، لە کاتی پێشکەش کردنی بەرنامە و ڕوماڵی ڕوداوەکان باکگراوندی حزبی پێوەی دیار نەبێت.
شنۆ پێنجوێنی، ڕاگەیاندنی سکرتێری خوشکانی کۆمەڵی ئیسلامی، لە مێزگرتەکەدا وتی: لەگەڵ داخستنی هەندێک کەناڵدام کە منی ژن ناشرین دەکات لە ڕێگەی دراما و بەرنامەکانیانەوە، منی ژن دەکاتە قوربانی، وە هەرچی ڕۆڵە ناشرینەکانە دەیداتە ژن، پێویستە ڕاگەیاندنکاران ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و بۆ دەرخستنی جوانییەکانی ژنان هەوڵبدەن نەک لە ڕێگەی درامایەکەوە یاخود بەرنامەیەکەوە منی ژن ناشرین بکات.
ئیلهام، لێپرسراوی ڕاگەیاندنەکانی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە مێزگرتەکەدا وتی: نەبوونی دەزگایەکی نیشتیمانی کێشەیە، لەبەرئەوەی میدیای حزبیمان هەیە یان سێبەری حزبە، هیچ میدیایەکی نیشتیمان نییە، وە هەندێک کەناڵ و ڕادیۆ هەیە ڕەوشی کۆمەڵگایان بەڕاستی تێکداوە، منداڵ قسەکانیان دەڵێتەوە، بە گشتی میدیاکان بە باش نازانم، چونکە هەر ڕاگەیاندنکارێک بە پێی سیاسەتی کەناڵەکە ئیش دەکات، ئەگەر بە پێی سیاسەتی ئەوان نەبێت ئەوا جێگەت نابێتەوە.

دەقی تەواوی ئەم مێزگردە لە ژمارەکانی داهاتووی ساڵۆنی کوردستانی نوێ دا بڵاودەبێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قازانقایه‌..قه‌ڵایه‌كی‌ قایمی‌ قاره‌مانێتیی‌

م. عه‌لی هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی ...