سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەم جارە نۆرەی سودانە

ئەم جارە نۆرەی سودانە

لەساڵی 1967 لەدوای سەركەوتنی ئیسرائیل لە شەڕێكی شەش رۆژەدا بۆ گرتنەوەی بەرزاییەكانی جۆلان و كەرتی غەززەو رۆژئاوا ، هەشت وڵاتی عەرەبی، لەنێوانیاندا سودان، لە خەرتومی پایتەخت كۆبوونەوەو ئیدانەی ئەو هەڵمەتە سەربازییەیان كردو بەداگیركارییان وەسفكرد.

لەكۆبوونەوەكەیاندا، هەشت وڵاتە بەشدارەكە، بڕیاریاندا هەرگیز لەگەڵ ئیسرائیل نەكەونە گفتوگۆ تا ئەو ناوچانە بەجێنەهێڵێت، ئوردن و میسر هەرزوو لەو پەیماننامەیە كشانەوەو لەمێژە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان ئاساییكردۆتەوە، بەڵام سودان لەدوای 53 ساڵ لە ململانێ و دڕدۆنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئێستا بە رابەرایەتیی ئەمریكا لەدوای پێكهاتنەوەی ئیمارات و بەحرێن وا خەریكە دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی كە بەستەڵەكی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دوژمنەكەیان دەتوێننەوە، سەرەتاكانی ئەو مەیلەش هەرزوو لەدوای ئیمزاكردنی پەیماننامەكەی ئیمارات-ئیسرائیل دەركەوت بەوەی وەزیری دەرەوەی سودان پیرۆزبایی وڵاتەكەی راگەیاندو بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفی كرد.

كۆبوونەوەیەكی گرنگ بەڕێوەیە
زانیارییەكانی میدیا دەڵێن لەم رۆژانەدا بەرپرسانی ئەمریكی و ئیماراتی و سودانی بەنیازن لە ئەبوزەبی كۆببنەوەو قسە لەسەر ئەو پرسە بكەن، بەپێی لێدوانی سودانییەكان بێت وڵاتەكەیان پلانی ئەوەی هەیە هەندێك مەرج بكاتە ئیمزاكردنی رێكەوتننامەكە، لەوانە سڕینەوەی ناوی وڵاتەكەی لە لیستی ئەو وڵاتانەی كە هاوكاریی تیرۆر دەكەن، هەروەها ئەمریكا لە قەرزەكانی سەریان خۆش بێت. بەپێی سەرچاوە شیكارییەكانیش ئەگەر ئەمریكاو ئیمارات رازی بن لەسەر دەستگیرۆیی حكومەتی سودان و هاوكاریی دارایی، ئەوا كارەكە سەردەگرێ.

داوای پارە دەكەن
ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردۆتەوە: لەو كۆبوونەوەیەدا، كە بڕیارە عەبدوڵڵا حەمەدۆك سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتیی وەفدی سودان بكات، داوا لە ئەمریكا دەكەن سێ ملیار دۆلاریان پێبدرێت بۆ بوژاندنەوەی ئابووری وڵاتەكەو چاككردنەوەو ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی كە بەر لافاوە گەورەكە كەوتوون، هەروەها بەردەوامبوونی ئەمریكاو ئیمارات لە هاوكاریی دارایی ئەو وڵاتە تا ماوەی سێ ساڵی داهاتوو، ئەو داوایانە دەخرێنەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان هەر سێ وڵات و هیچ لەم داواكاریانە بە زەحمەت نابینرێ و پرۆسەی پێكهێنانەوەی ئەو دوو وڵاتە زۆر لەوە گەورەتر دەبینرێت، چونكە سودان یەكێكە لە وڵاتە هەرە گەورەكانی ئەفریقیا لەناو وڵاتانی عەرەبی، كە جگە لەبایەخە مەعنەوییەكەی، شوێنێكی ستراتیژیشی هەیە.

چۆن سودان لە لیستی تیرۆر دەردەهێنرێت؟
ئەم داواكارییە، یەكێكە لەو داواكارییانەی كە سودان دەیەوێت لەو لیستە بێتە دەرەوە، ئەمەش بە چەند هەنگاوێك دەكرێت، لەوانە بژاردن و قەرەبووكردنەوەی 300 ملیۆن دۆلار بۆ ئەو خێزان و خانەوادانەی كە لەكردەوەی تیرۆریستیدا لە نایرۆبی و داروسەلام لەساڵی 1998 بوونەتە قوربانی، دوای ئەوە دەبێ كۆشكی سپی داوا لە ئەنجومەنی پیران «كۆمارییەكان و دیموكراتەكان» بكات كە بەئەرێنی دەنگ لەسەر پڕۆژەی لابردن و سڕینەوەی سودان بدەن لەو لیستەو لەداهاتووشدا تووشی هیچ كێشەیەكی یاسایی نەبێتەوە.

دیمەنی گشتیی هەوڵەكان
لەدوای كۆبوونەوەی سەرەتای ئەمساڵی نێوان بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سەروەریی سودانی، ئیسرائیل بەخەستی چاودێریی هەوڵەكان دەكات و مشوری پێكهاتنەوەكە دەخوات، بەتایبەتیش ئێستا هەوڵێك لەئارادایە بۆ دروستكردنی جەمسەرێكی گەورەو كارا لەدژی هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا، هەروەها كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان ناتانیاهۆ و مایك پۆمپیۆ لەواشنتۆن دیسان ئەمەش پێداگریی ئەمریكا دەردەخات لەسەر تەواوكردنی بەپەلەی پرۆسەكە بەر لەتەواوبوونی خولی سەرۆكایەتیی ترەمپ، بۆ ئەوەی بتوانن سوود لەو دۆسێیە وەربگرن لە بانگەشەی هەڵبژاردن، لەلایەكی تریش پۆمپیۆ رازی بووە لەسەر داواكەی سودان بە لابردنی ناویان لەلیستی تیرۆرو ماوەی تا كۆتایی مانگی تشرینی یەكەمیشی داناوە بۆ تەواوبوونی ئەو پرسە.

دوو هەڵوێستی جیاواز
لەناو لایەنی سودان و حكومەت و نێوەندی سیاسیدا، دوو هەڵوێستی جیاواز هەیە لەسەر پرۆسەی ئاشتبوونەوە، یەكەمیان: باڵی سەربازیی وڵاتەكە كە عەبدولفەتاح بورهان رابەرایەتی دەكات، پێیانوایە هەرچی زووە پرۆسەكە تەواوبكرێ و دەست بە جێبەجێكردنی بكرێ، هەرچی سەرۆك وەزیران و باڵەكەشێتی؛ لەبەر دەستپێكردنی ناڕەزایی شەقام و رای گشتی، ناوێرن بەئاشكرا مەیلی پێكهاتنەوەكە بەیانبكەن، بەڵام لەم رۆژانەدا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردووە.

ئاژانسەکان

 145 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*