سەرەکی » کەلتوور » لە کۆڕێکی نوێی ساڵۆنی کوردستانی نوێدا بۆچی خالید دلێر،باوەڕێکی نەگۆڕ بوو؟

لە کۆڕێکی نوێی ساڵۆنی کوردستانی نوێدا بۆچی خالید دلێر،باوەڕێکی نەگۆڕ بوو؟

کەنار قاسم

لە چوارچێوەی کۆڕو سیمینارەکانی ساڵۆنی کوردستانی نوێدا، رۆژی ١٦/٩/٢٠٢٠ کۆڕی ناساندن و واژۆکردنی کتێبی (خالید دلێر، باوەڕێکی نەگۆڕ) بۆ نووسەرو توێژەر د.عەبدولواحید ئیدریس شەریف بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆڕەکە بە مەریوان مەسعود سکرتێری نووسینی کوردستانی نوێ، وەکو بەڕێوەبەری کۆڕەکە، بەناوی کوردستانی نوێ_وە ئاماژەی بە بایەخی کتێبەکە کرد، لەگەڵ ئەو شەونخونیەی توێژەر کردوویەتی بۆ ئەم کتێبە کە پێشتر وەکو تێزی نامەی دکتۆراوە پێشکەشکراوە.

دواتر د.عەبدولواحید بە کورتەیەک لەسەر ژیانی نەمر خالید دلێر دەستیپێکرد:

ژیاننامەی خالید دلێر لە زاری د.عەبدولواحیدەوە
خالید دلێری نەمر کەسایەتیەکی سیاسی هەم ئەدیب هەم شۆڕشگێر هەم ھونەرمەندێکی گەورە و کەسێکی دیاری دونیای رووناکبیری بوو. خالید دلێر ٢٠/٨/١٩٣٣ لە گەڕەکی بەحری قەندیل لە دایکبووە، لە باوکێکی خەڵکی کۆیە و دایکێکی قەلادزێیی، لە کۆیە لە دایکبووە و لە قەڵادزێ زمانی گرتووە و لە کەرکوک بۆتە ئەو خالید دلێرەی کە ناسرا. خالید دلێر تەمەنێکی کەمی هەبووە کە لە ساڵی 1953 بەرە و بەغدا رۆشتوە، دواتر گەڕاوەتەوە کۆیە و لە کۆیە چۆتە کەرکوک هەم بۆ ئەوەی کەسابەتێک بکات هەم بۆ ئەوەی درێژە بە خەباتی سیاسی بدات، لەساڵی 1952 لە دوای خەباتێک دەستگیردەکرێت و لەوێ ژیانی قورس دەبێت و دەگەڕێتەوە کەرکوک هەم کاردەکات و هەم دەخوێنێت بۆ ئەوەی نەبێت بە سەرباز. خالید دلێر هەر لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی تێکەڵ بە سیاسەت بووە، لەگەڵ )سەرۆک مام جەلال( کۆمەڵەیەکیان داناوە بە ناوی کۆمەڵەی پێشکەوتنی خوێندەواریی کە ئەو کۆمەڵەیە بنەمایەک بوو بۆ دروستبوونی یەکێتی قوتابیانی کوردستان. کۆیە لەگەڵ چەند هەڤاڵێک کۆمەڵەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال دروستبووە.

خالید دلێر وەکو ھونەرمەند بۆ یەکەم جار لە کۆیە چۆتە سەر تەختەی شانۆ و لەیادی نەورۆزدا سروودێکی وتووە. لە بەغداش لە رێگەی گۆڤاری (ژین)ەوە کە (گۆرانی نەمر) سەرنووسەری بوو کە مانگانە دەردەچوو ، برەوی بە خوێندەواری خۆیداوە. دوای ئەوەی دەگەڕیتەوە کەرکوک لەوێ هەم کاردەکات هەم دەخوێنێت لەگەڵیشیدا کاری ھونەری و ئەدەبی دەستپێدەکات، لەوێ نامیلەکەیەک بە ناوی (زنجیرە هەتاو) چاپدەکات.

دواتر لەساڵی ١٩٥٨ کۆمەڵێک گۆرانی و بەرهەمی خۆی لە ئێزگەی بەغدا تۆماردەکات، دواتر دوو کورتە چیرۆک بە ناونیشانی (خولە و بلە) و (کەوای نەکرای) دەنووسێت، هەر لەو دوو ساڵەدا چاپی کردووە. دواتر درێژە بەکارەکانی دەدات و لەساڵی 1961 ئەو وەکو کادرێکی بەرچاوی پارتی دیموکراتی کوردستان دەردەکەوێت و لەکاتی شۆرشی ئەیلول لەناو شاری کەرکوک دەستبەسەردەکرێت، تا ساڵی 1963 لە نوگرەسەلمان دەمێنێتەوە هەتاکو مفاوەزاتەکەی کوردستان و حوکمەتی بەغدای ئەو کاتە، بەڵام لە زیندانیش هەر کۆڵی نەداوە لە زیندانی تاکە کەسیدا دوو سروودی نووسیوە، «پێشمەرگەی بە هەڵمەتین پاڵەوانی میللەتین» ،» ئێمە ڕۆڵەی کوردین « کە ئازادیش دەبێت لە وێستەگەی شۆڕشی کەرکوک لە 1963 تۆماری دەکات.

خالید دلێر لەگەڵ بەرێز سەرۆک مام جەلال بۆ ماوەیەک لە کەرکوک لەیەک ماڵ ژیاوە، ئەوکات سەرۆک مام جەلال لە ماڵێک بووە لەگەڕەکی شۆڕیجە و شوێنەکەی باش نەبووە و هەڤاڵان ئەو کاتە داوایان لە خالید دلێر کردوە لەگەڵ ئەو بژی چونکە شوینەکەی ئەو باشتر بووە و کرێچی ژن و پیاوێکی مەسیحی بوون، لەوێ لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە گفتوگۆیەکدا رێناکەون و نایەوێ بەردەوام بێت لە موناقەشە دەچێتە دەرەوە پیاسەیەک دەکات، لەوکاتەدا لەناو کەرکوک شیعر و ئاوازی گۆرانی (قومرییە) دادەنێ، خالید دلێر خۆی دەڵێ: «کاڵەکێکم کڕی و چوومەوە ماڵەوە بەرێز مام جەلال هەر دەیویست درێژە بەگفتوگۆکە بدات، وتم وازم لێ بێنە من گۆرانیەکی نوێم داناوە، وتم وەرە کاڵەکەکە بخۆین و گۆرانیەکەت بۆ بڵێم»

خالید دلێر لە ساڵی1970 تا 1991 واز لە سیاسەت دەھێنێت، بەڵام بەردەوم دەبێت لە کاری ئەدەبی و چیرۆکێکی درێژی هەیە بە ناوی (دەریاش هەڵچوونی هەیە)، هەروەھا دوو دیوانە شیعری هەیە بەناوی (ئاگر و گوڵ ) و (بەرەولوتکەی خەبات). ئەو کاتە ئەو شیعرانە دەستاودەستیان دەکرد لەناو ئەو خەڵکانەی هەستی شۆیشگێرانەیان هەبووە. لەساڵی 1991 تێکەل بە سیاسەت دەبێتەوە وەکو خالید دلێر نەوەک بچیتە ناو حزبێک تەنھا ھاوکاری حزبە جەپەکان دەبێت. لە سالێ 1998 روو لە ئەوروپا دەکات بەمەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی بەلام بەداخەوە بارودۆخی خراپتر دەبێت و دەگەرێتەوە کوردستان بەنەخۆشی ژیان دەباتە سەر تا 16/11/2011 ژیانئاوای دەکات.

دەربارەی کتێبەکە (خالید دلێر، باوەڕێکی نەگۆڕ)
دواتر د.عەبدولواحید ئیدریس شەریف لەبارەی کتێبەکەشیەوە وتی: ئەم کتێبەی من نامەیەکی ئەکادیمییە لە چوار بەش پێکھاتووە، بەشی یەکەمی تایبەتە بە ژیان و بەسەرھاتی خالید دلێر، بەشی دووەم بە ناونیشانی (بەرهەم و داھێنانی ئەدەبی) کە باس لە شیعرو چیرۆکەکانی خالید دلێر دەکات لە ڕووی بنیات و زمان و ناوەڕۆکەوە، چیرۆکەکانیشم لە رووی کەسایەتی و کات و شوێن باسکردوە ، بەشی سێهەمیان (ئایدیا و بیری رەخنەیی) کە خالید دلێرهەم شاعیر و چیرۆکنووس و هەم رەخنەگربووە ، هەمیشە رەخنەگرێکی راشکاو بوو، چی راستی بووایە دەیگووت ، ئەمەش وایکردبوو لە وەستی ئەدەبیدا هەنێ کەس خۆشی نەویستبێ، چەند کتێبێکی رەخنەی هەیە هەروەک (ستەم کردن لە حاجی قادری کۆیی تاوانە) کە باس لە کتێبێکی رەخنەی خۆی ئاڕاستەی کتێبێکی مەسعود محەمەد دەکات، لەبەر ئەوەی مەسعود محەمەد لە سەرەتاوە باسی لە بنەماڵەکەی خۆیان دەکات تەنھا لەکۆتاییەکەیدا لە پەراوێز باسی حاجی قادر دەکات. کتێبێکی تری هەیە بە ناوی (ھێمن و هەڵوێست و بیر و شیعر) رەخنە لە شیعرێکی ھێمن دەگرێت ، هەروەھا کتیبی (ھێمن وهەژار دۆست و دژوار) ، ھێمن و هەژار دوو شاعیری کۆماری ئێران بوون تا رووخانی کۆمارەکەیان ئاوارەی کوردستانی عێراق دەبن، هەر چەند لەگەڵ ئەم دوو شاعیرە ھاوڕێ بوون، بەڵام بیروبۆچوونیان جیاواز بووە. هەروەھا کۆمەڵێ وتاری رەخنەیشی هەیە لەسەر رووداوەکان لەسەر پشتیوانی ژن لە گۆڤارەکان بڵاوی کردۆتەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک وتاری سیاسی کۆمەڵایەتی. بەشی چوارەم و کۆتای کتێبەکە باس لە (ھونەری سروود و گۆرانی خالید دلێر) دەکات، ١٤ سروودی تۆمار کردووە هەمووی شیعر و ئاوازی خۆیەتی، یەک دوو سروودی ھی سەرەتای ھاتنە سەر کاری عەبدولکەریم قاسمە کە خەڵک وای هەستدەکرد لەگەڵ ئەم خەونەکانیان دێتە دی ئەمیش شیعری بۆ گووتوە، بەڵام دواتر کە دژی شۆڕشی کورد شەڕی هەڵگیرساند پەشیمان بووە لەو شیعرو و سروودانە. هەروەھا چەن گۆرانیەکی بە ئاواز و شیعرەوە داناوە و داویەتی بە تیپی سلێمانی و مەولەی، خۆشی گۆرانیبێژەکەی هەڵبژاردووە لەوانە گۆرانی (وەی وەی) کە گۆرانیەکی ئاشقانەی عەباس محەمەدە، لەوەشدا تەنگ و چەڵەمەی ھاتۆتە پێش، گۆرانی( سزا) کە عەباس محەمەد دەیەوێ تۆماری بکات رێی لێ دەگیرێت، دواتر (سەڵاح مەجید ) لەگەڵ تیپی مۆسیقای کۆیە تۆماری دەکات. ھاوکات خالید دلێر هەوڵی داوە ئاواز بۆ شیعری شاعیرە کۆنە مەزنەکان دابنێت، وەکو شیعرێکی پیرەمێرد و ناڵی و حاجی قادر بۆ ئەوەی شیعرە جوانەکانیان لەگەڵ ئاوازێکی جواندا بکەوێتە سەر زاری خەڵک و بمێنیتەوە.

لە کۆتایی کۆڕەکەشدا چەند میوانێک سەرنج و تێبینی و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو کە بووە ھۆی دەوڵەمەندبوونی کۆڕەکە، دواتر لە کەشێکی ئەدەبیانەدا ، نووسەر ئیمزای لەسەر
کتێبەکەی کرد.

 216 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*