سەرەکی » کەلتوور » پەروەردەی ئایینی لای یارسانەكان لە سلێمانی‌

پەروەردەی ئایینی لای یارسانەكان لە سلێمانی‌

شاهۆ عوسمان سەید قادر

1-2

ئەوەی مەبەستمە لێرەدا وەك پێكهاتیەكی دینیی ‌و خەڵكی شاری سلێمانی بە پێی توانا قسەوباسێك لەسەر گروپێكی دانیشتوانی كوردستان‌ و شارەكە بكەم، ئەم پێكهاتەیە تەوا‌وكاری پێكهاتەی دانیشتوانی سلێمانین بێ‌ جیاوازی، كاریگەری ‌و ڕۆڵی تایبەتی خۆێان هەبووە لەژیانی شار‌ و سیمای شارستانییەتدا. لەكایەی گشتیدا بەشێك بوون لە پەروەردەی تاك ‌و خێزانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەی خزمەتی شارەكەیان كردووە بەشێوەیەكی گشتی.

گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو بیروڕایەی دەڵێت سلێمانی زۆر كۆنترە لەو مێژووەی ئێستا پێی ناسراوە ئەوا دەبینین چەندین مەزارگە ‌و شوێن هەیە كە وشەی»پیر»ی پێوەیە، كە بنەمای ئەم وشەیە دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای ئاینی ناوچەكە. كە ئەم ناوچەیە لە مێژوودا بۆخۆی كاریگەری دینی یارسان «كاكەیی» لەسەربووە.

لەو ناونەی ناوشاری سلیمانی كە تاكو ئێستا ماون بۆ نمونە «پیرمەنسوور» كەمەزارەكەی لەگەڕەكی مەڵكەندیە، كە ئەم كەسایەیتیە لەلای یارسانەكان بە «پیرمەنسووری شوشتەر»ی ناسراوە، لە بازنەی حەفتاو دوو پیرەی یارساندا. گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی نوێ ‌‌و كۆنی هەزار ساڵەی پێش ئێستا ئەوا ناتوانرێت ئاینی یارسان وەلاخرێت، دەتوانین بڵێین نووسین‌ و هۆنراوە ‌و پەخشانی كوردی لای ئەمان ماوەتەوە ‌و ڕۆڵیان هەبووە لە بڵاوبونەوەی شیعر و ئەدەبیات‌ و پەخشان ‌و دەقی نووسین بەشێوە زاری گۆرانی، هەروەها پێگەیاندنی چەندین ڕۆشنبیر ‌و شاعیری عیرفانی.

نیشتەجێی گەڕەكی سەرشەقام بوون
وەك ئاماژەیەك بۆ كۆمەڵێك كەسایەتی دیاری ناوشاری سلیمانی كە شوێن‌ و پێگەیان دیاربووە لە كایە جیاوازەكانی پیشە و ئیش و كاری ئەم پێكهاتەیە. بەتایبەتی لەم بوارەدا وەكو بنەماڵەكانی سلێمانی، بنەماڵەی خوبیلەزادە كە نەوەكانی برایم ئاغا و حەمە ئاغا و ئەحمەد ئاغای خوبیلە، مامۆستا فەریقی حەمە فەرەجی كاكەزاڵ ‌و مامۆستایان غالب ‌و تالب ‌و خزمەكانی كە نیشتەجێی گەڕەكی سەرشەقام بوون، هەروەها چەندین بنەماڵەی تری كاكەیی كە لەبوارەكانی تردا لەم شارەدا خزمەتیان كردووە ‌و لە شوێنی خۆیدا ئاماژەیان بۆ دەكەین.

بەشێوەیەكی گشتی لەڕووی دابونەرێت‌ و پیادەكردنی بۆنە ‌و یادە نەتەوەیی كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ خەڵكی شارەكە هەریەكن ‌و هیچ جیاوازیەك نیە و لە وتووێژ‌و پۆشینی جلوبەرگ‌و ئیش‌وكارو پیشەی هاوشاری دەكەن ‌و خەڵكانێكی كاسب‌ و بەرهەم‌ و ڕەنجی شانی خۆیان دەخۆن‌ و خۆژێن‌ و بێ‌ كێشەبوون لەم شارەدا.

هیچ شتێك لەكورد و كوردستانی جیانەكردونەتەوە بگرە پارێزەری كلتور‌ و ژینگە و ئەدەبیات‌ و بیروڕای… كورد ‌و كوردستانین. ئەوەی دەمەوێت بێڵێم ئەوەیە ئەم جیاوازی‌و یەكبو‌ونە بووە لە ئایدیا و بیركردنەوەی خەڵكی سلێمانیدا لە نێوان موسڵمانی سونە مەزهەب‌و تەریقەتی جیاواز‌و بوونی جولەكەو گاور‌و كاكەیی وایكردووە سلێمانی هەر زۆر زوو سیمای شار ‌و شارستانی ‌و خەڵكەكەشی خوی شاری بوونی وەرگرتووە.

هەروەك ئەوەی زانراوە كەمایەتی ئاینیی كاكەیەكان لە ناوشار‌ و دەوربەری «هەورامان، گەرمیان، خانەقین ، كەركووك، موسڵ»نیشتەجێبوون، لەكوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەورامان ‌و كرماشان، كرمان، كرند‌وگاوارە ، سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین، ناوچەی قەڵخانی، صەحەنە،… نیشتەجێن.

لە سلێمانیدا تێكەڵاوی خەڵكی شاربوون‌ و جیاوازیەكی ئەوتۆیان نەبووە كە بە ئاشكرا ببینرێت لە روكاری كۆمەڵایەتی‌و كلتوری..، بەڵام ئەوە بووە لە ژمارەدا كەمبوون‌ و بەفەرمی ئاماژە بەبوونیان نەكراوە لە دەوڵەتی عوسمانی ‌و عێراقی. ڕەنگە ئەمەش پەیوەست بووبێ‌ بەخۆیانەوە كەخۆیان دەرنەخستبێت لەبەر خۆپاراستنیان یاخود لەبەرسەختی‌ و دورەدەستی ناوچەی هەورامان لە ناوەند و فەرمانبەرانی دەوڵەتی ئەو سەردەمەدا.

ئەو هۆكارانە وایكردوە لە ڕاپۆرت ‌و خەمڵاندنی سەرژمێریەكان هەندێكجار بە راستی‌و وردی ئاماژە نەكرابێت بە كاكەییەكان، هەندێكجار لەسەرچاوەكاندا ئاماژە بە ئاینی نادیاركراوە، كە ڕەنگە مەبەستیان لەمانبووبێت، زۆربەیان لە تۆماری باری كەسی بە ئیسلام نووسراون بە بێ‌ خواستی خۆیان، لەبەرئەوەی لە وڵاتی عیراقدا ڕێگە نەدراوە بەفەرمی ئەم بیروباوەڕە بڵاوبیتەوە ‌و تاكەكانی بەرجەستەی تقوسی ئاینی خۆیان بكەن.

هەروەها لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی ڕێژەیەكی كەمبوون‌ و ژمارەیان زۆرنەبووە بۆیە نەیان توانیوە كاریگەری سیاسی‌ و ئابوری بەرچاویان هەبێت لە ناوچەكە و نەگەشتوونەتە بەشداری لوتكەی دەسەڵات، بەتایبەتی لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی‌ و حكومەتی عیراقی، ئەوەی پێیانكراوە تەنها خۆیان پاراستووە كە ئەمەش كاریكی گرنگە ‌و خۆڕاگریەكی زیرەكانەی ویستووە تاكو لەناو نەبرێن‌ و كۆمەڵكوژیان نەكەن.

لەبەرئەوەی توندوتیژی‌ و شەڕ ‌و ئاژاوە مۆركی ناوچەكە بووە لە مێژوودا بەشێوەیەكی گشتی، چەندین شەڕی مەزهەبی ‌و ئاینی روویداوە لە سنوور و ناوچەكەیان.

گەر لێكدانەوەی سەرەتای لە رووی زاراوەكەوە بكەین دیارە «كاك» ‌و «كاكە» ‌و «كاكەیی» كە مەبەست لە زاراوە دینیەكەیەتی لە ئاینی عەلی ئیلاهیەكانەوە هاتووە، كاتێك یەكێك پەیڕەوی ئەم بیروڕاو ئاینەی كردووە لەگەڵ ئەوانیتر عەلی ئیلاهی»ئەهلی حەق»كان دەیكەنە برای خۆیان، واتە هەموو یەكتری بە برای خۆیان دەزانن. وەك ئەمەش لە سەرەتای ئاینی ئیسلام لە نێوان كۆچكردوان‌ و خەڵكی مەدینەدا ڕوویداوە.

داب‌ونەریتی گشتی‌ و هەستی نەتەوایەتی ‌و كوردایەتی ‌و دڵسۆزی بۆ ئەم شارە هیچ جیاوازیەكی ئەوتۆیان نەبووە لەگەڵ خەڵكی تر، كاكەیی لە رووی ئاینی ‌و بیروباوەڕەوە یەكتاپەرستن ‌و لەبری چونە مزگەوت ‌و كڵیسا جیاوازیان هەیە‌ و بۆ شوێنی پەرستن «جەم»خانەیان هەیە، كە تیادا كۆدەبنەوە ‌و بەشێوەی بازنەی تیایدا دادەنیشن لەسەر ئەژنۆ ‌و تەمبوور دەژنن ‌و نزا ‌و پاڕانەوە ‌و سرووتی ئاینی خۆیان دەخوێنن.

لەبەرئەوەی لە سنوری پاریزگای سلیمانی زۆرترین ڕێژەی نیشتەجێبونیان لە سنووری هەڵەبجە‌ و هەورامان ‌و لە شوێنەكانی تری سلێمانی لەگەرمیان ‌و خانقین بەپەرشوبڵاوی دەژین. هەروەها لە شارەكانی كەركوك ‌و موسڵ، سەرەڕای ئەوەی جاران پەیوەندی كۆمەڵایەتی توندوتۆڵ بووە‌ و هامشۆی یەكتری زیاتر كراوە سەرەڕای كێشەوسەختی رێگەوبان.

سرووتی تیادا دەخوێنرێتەوە
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لەسەر ئەركی بەرێز مام جەلال لە هەڵەبجەی شەهید»جەم»خانەیەكیان بۆ دروستكراوە لەكۆتایی ساڵانی نەوەدەكان. بەڵام ئیستا گۆڕاوە بۆ هۆڵی بۆنەكانی كاكەیی كە پرسە و كۆڕ ‌و كۆبونەوەی كاروباری دنیایی تیادا ئەنجام ئەدرێت.

بەڵام لەبەرنەبونی «جەم»خانە بەفەرمی لەم شارەدا‌و لەشوێنی نیشتەجێبونیان، ئەوا بەزۆری لەو شوێنانەی نیشتەجێن لەماڵی یەكێك لەكەسایەتیەكانی «سەید، باوە، مام» كۆدەبنەوە ‌و ڕێورەسمی ئاینی ‌و ویردی خۆیان دەخوێنن لەو ماڵانەدا بەشێوەی نهێنی.

واتە «جەم» شوێن‌ و جێگەی هەموو جۆرە نەزر و نیازی دینییە و سرووتی تیادا دەخوێنرێتەوە، جەم وشەیەكی ئاوێستاییە‌و تاكو ئیستاش بەمانای «كۆبونەوە»دێت.

لەگەڵ ئەوەی وشەی جەم لەناو ئەهلی هەق بەمانای كۆبوونەوە‌ و جەژنی دینی دێت. وەك سرووتی ئاینی جەم دەخوێنرێت بۆ هەركارێكی دینی وەكو سپاردە‌ و نیازكردن‌و…كەتیایدا كەسایەتی سەید دوعا دەخوێنێت ‌و «جەم»نشینانیش بەدوایدا دەڵێن ئامین.

ئەم ڕێوڕەسمە لێرەدا لەبری نوێژكردنە چونكە هەم سوجدە بردنی تیادایە بۆ خودای تاكو تەنها ‌و هەم خوێندنی خشتە پیرۆزەكانی تیادایە و شوێنێكیشە بۆ پێشكەشكردنی قوربانی ‌و نیاز، كەسی بەشداربوو یان كەسێك ئەگەر خۆی ئامادە نەبوو ئەوا قوربانی لەبری خۆی بۆی دەكرێت بەخێر‌و پێشكەش دەكرێ‌، خێر‌وبێر بەشێوەیەكی یەكسانی دابەشدەكرێت بەسەر جەمنیشاناندا‌و ئەوكەسەی نەی توانیبێت ئامادەبێت، ئەوا پشك‌وبەشی بۆ دەبەنەوە بۆ ماڵەوە. پاش بەجێهێنانی ئەركە دینیەكە ئەو خواردنەی ئامادەكراوە هەموو پێكەوە دەیخۆن.

لە ڕووی بیروباوەڕەوە گوناهی گەورەیان درۆ ‌و خیانەتكردن ‌و دزی‌ و سوێندی درۆخواردنە. تۆبەكردنیش لە هەرگوناهێك كرابێت دەبێت كەسەكە نەچیتەوە سەری ‌و سرووتێكی تایبەت بڵێیت «ئەوەڵ یار، ئاخر یار…» لە سیفاتە بنچینەیەكانی كەسی كاكەیی ڕاستی‌ و پاكی ‌و خۆنەویستی‌ و بەخشەندەیی ‌و ڕازیبوونە بە قەدەری خودا.

ڕیوڕەسمی تایبەت بەخۆیان هەیە هەر لە شێوازی ئامادەكردنی خواردن‌ و دانیشتن وتنی سرووتی ئاینی‌ و نزا و پاڕانەوە…. ئەم كەمایەتیە ئاینیە كوردن ‌و خاوەنی ڕەسەنایەتی كوردستانن‌ و شوێنكەوتەی سوڵتان «سهاك»ن. كە مەزراكەی كەوتۆتە هەورامانی لهۆن لەسەر ڕووباری سیروان.

نزرگە و شوێنەوارە دینیەكانیان زۆربەی لەناوچەی هەورامانی ئەمدیو و ئەودیوە، هەروەها لە ناوچەی تاوخ لە كەركووك ‌و خانەقین ‌و دەشتی موسڵ.

ئەمان وەك كەمینەی ئاینی ڕاز‌ و نیازی ئاینی خۆیان زۆر ئاشكرا ناكەن لای خەڵكی‌ و بەشێوەیەكی نهێنی سرووتە ئاینی ‌و كۆبونەوەكانیان ئەنجامداوە.

بەسەریاندا بەیەكسانی
هۆكارێكی تر ئەوەیە كە بانگەشەیان نیە بۆ سەر ئاینەكەیان چونكە لەخشتە پیرۆزەكانیاندا هاتووە، بانگەشەكردن تایبەتە بۆ هەر ئاینێك بەو كەسەی كە خودای گەورە دەینێرێت بۆ بڵاوكردنەوەی هەر ئاینێك وەك پەیامنێر و پێغەمبەر.

لەناوخەڵكیدا كاكەیی بەچەند ناوێكی تریشەوە ناسراون وەكو»عەلی ئیلاهی، ئەهلی حەق» زیاتر ئاینەكەیان بڵاوە بەشێوەی ئەدەبیات لە شێوازی شیعری یان پەخشان، بەتایبەتی لە نێوان خۆیاندا هەیە و دەتوانین بڵێین زیاترین زارەكیە، هەروەها بەزاری گۆرانی»ماچۆ» سرو‌وتەكانیان نوسراوە وەكو»سروودی دینی یارسان».

یەكێكی تر لە كتیبەكانیان»سەرئەنجام»ە. پیرەكانیان رێبەریانن لە ئەڵقەی دینی، كەسایەتی پیر ئەرك‌ و بەرپرسیاریەتی تایبەتی خۆی هەیە. هەموو كاكەیەك ئازادە لە هەڵبژاردنی پیرەكەی.

لە ڕووی ئاینیەوە شەیتان بەنەعلەت ناكەن ‌و رۆژودەگرن و تەنها سێ‌ ڕۆژ بە ڕۆژو دەبن لە سەرەتای مانگی كانونی یەكەم ‌و ئێوارەی رۆژی چوارەم دەیكەن بەجەژن. ڕێورەسمی جەژنیش تایبەتیە و بەو شێوەیە هەر سەرۆك خێزانێك لەماڵی خۆی كەڵەشێریك ئامادە دەكات ‌و رۆژی پێش جەژن دەیبات بۆ مام ‌و ئەویش سەری دەبڕێت ‌و پاكی دەكەن ‌و دەیكوڵێنن ‌و گۆشتەكەی لە ئێسقانەكەی جیادەكەنەوە، بۆ ئێوارەی جەژن هەموو خێزانەكانیان پێكەوە كۆدەبنەوە لە شوێنی بەستنی»جەم». جا شوێنەكە ماڵی سەید یان ماڵی باوە یان مام بێت، ئەوا پێكەوە لەگەڵ برنج‌ و شیرینی یاخود میوەی شیرینی وەك «مێوژ، گوێز، میوەی وەكو سێو ‌و پرتەقاڵ…» دایدەنێن ‌و پاشان كەسایەتی باوە بەپێی سەرژمێری خیزانەكان گۆشتی كەڵەشێرەكان ‌و خواردنەكان بەسەریاندا بەیەكسانی دابەش دەكات.

ئافرەت ڕۆڵی سەرەكی هەیە
لەخوداپەرستیاندا شێوەیەكی تایبەتی خۆیان هەیە، كە بریتیە لەبەستنی كۆڕی ئاینی كەپێی دەوترێت جەم، لەو پەرستنەدا لەسەر چۆك دائەنیشن ‌و سوجدە دەبەن ‌و كەسی سەید ‌و خەلیفە ڕووەو ڕووگە، كە ڕووگەیان بریتیە لە»پردیوەر»كە شوینی دامەزراندنەوەی ئاینی یاری لەلایەن «سوڵتان ئیسحاق»وە بووە. دانیشتوان‌ و جەم نیشنان بەشێوەی بازنەیی لە ڕیزی ئەواندا دائەنیشن، ئەهلی دوعا و نزا‌ و پاڕانەوە ‌و سروتن وەك دەڵێن نیازین.

ئەم نزاو پاڕانەوەیە كەسایەتی دینی لەهەریەكە لە»سەید‌ و باوە‌ و مام» و كەسە ئیماندارەكان هەڵدەستن پێی ‌و ئافرەتانیش لەپشت ئەمانەوە دادەنیشن ‌و گوێ‌ بیست دەبن بەومەرجەی لەبەرچاوی پیاواندا نەبن.

ئافرەت ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە ئاینی كاكەیی»یارسان»دا، یەكێك لە بازنەی حەوتەمی جاویدان، كە كاروباری دین‌و دنیایان دراوەتە دەست لە لایەن خوداوە ئافرەتە بەناوی»رەمزبار». ئافرەت لەهەموو مافێكدا یەكسانە لەگەڵ پیاو.

 468 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*