سەرەکی » کەلتوور » سەعدی شیرازی و کۆترە کەژی

سەعدی شیرازی و کۆترە کەژی

کەمال ئەحمەد

لە کاتی خوێندنەوەی گوڵستانی سەعدی شیرازیی‌دا، کە مەلا مستەفای سەفوەت (کوڕی حاجی مەلا رەسوڵی دێلێژە) ساڵی (1961) وەرگێڕانی بۆ کردووە. گمەگمی کۆترە کەژییەک هۆشی بردم بۆ لای خۆی. هەستام سەیرەکەم کۆترە کەژییەکی ئێسکسووک هاتۆتە ناو مەدخەلی ماڵمان ‌و بەسەر دەرگای ئاوەڵای مەدخلەکەمانەوە نیشتۆتەوە.

هەر وەک ئەوەی بانگم بکا، سێ جار گماندی.. کە چووم، ملێکی لارکردەوە و دای لە شەقەی باڵ ‌و چوو نیشتەوە بەسەر پایەی دەرگای حەوشەکەمانەوە.
تـازە ڕۆیی ..

هاتمەوە، دەستم دایەوە گوڵستانەکەی سەعدی‌. لە داخی ڕۆشتنی ئەو کۆترە کەژییە جوانە. گۆرانییەکی عوسمان هەورامیم ئیش پێکرد (سەدای لایە لایەکەت! نایە لە گۆشم! یا دەنگی تۆیە! یا من خامۆشم!). عوسمان هەورامی کۆڵی نەئەدا و ئەیوت:

«ئــارۆ تەمـاشـا و بـاڵاو تـوم کەردەن!
عەیبش نیا چەنە، دەینم بە گەردەن»

بە سۆرانیی ماناکەی ئاوایە:
(ئەمڕۆ بە دڵ، تەماشای باڵاکەی تۆم کردووە!
ئەشەهەدو بیلا، باڵات عەیبی تیا نییە!
دەینت بە گەردنم ئەگەر بڵێم خراپی).

دەیـن: لە عەرەبی‌دا (دەین)ـەو بە مانای (قەرز) دێت. مەبەسەتی ئەوەیە ئەگەر بە خراپ باسی باڵای ئەو بکات، ئەوە قەرزێکە و دەچێتە گەردنی‌و دەبێ ئەو قەرزە بداتەوە. جا یا دەبێ لە دنیا گەردنی خۆیی پێ ئازاد بکات، وە یان ئەبێ لە ڕۆژی دوایی‌دا سزای ئەو زەمکردنەی وەرگرێ.

خۆش خۆش دەیوتەوە:

«سـەدای لایە لایەکەت! نـایە لە گۆشم
یـا دەنگـەو تـون! یــــا مـن خـامـۆشم»

ئەم دێڕە دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێ. ئیلتیباسەکەش وشەی (نـایـە) دروستیکردووە. چونکە (نـــایە) هەم بە مانای (نایەت، نەهاتن) دێت، کە مانای نەرێیە‌. هەمیش بە مانای (هـاتن، بیستن، گوێ‌لێ‌بوون) دێت، کە مانایەکی ئەرێنییە.

ئەڵێن: (ئێشێک دایەتی لە قۆڵم).
هەروەها دەڵێن: (ئێشێک نایەتی «نـایە» لە قۆڵم).

لەو دێڕە شیعرەدا ئەگەر (نـایە) بە مانای (نەهاتن) بەکارهاتیبێت، ئەوا ماناکەی ئاوایە:
(دەنگی لایە لایەکەت! نایەت و گوێکانم نایبیستێ، ئەوەش یان خەتای تۆیە کە لایە لایە ناکەی! یان تۆ لایە لایە ئەکەیت‌و خەتای منە کە خەوم لێکەتووە، یان مردووم بۆیە نایبیستم).

ئەگەریش (نـایـە) مەبەست (هاتن، بیستن) بێت، ئەوە مانای دێڕە شیعرەکە ئاوایە:
(دەنگی لایە لایەکت! داویەتی لە گوێکانم. جا یان دەنگی تۆیە! یان من نەخۆشم و کەوتەی سەر جێگام و وڕێنە ئەکەم و زیندە خەو ئەبینم و گوێم لە دەنگت ئەبێتەوە).

چونکە مرۆڤ کاتێ نەخۆش ئەکەوێ بەتایبەت لە کاتێ لەرزوتادا، وڕێنە ئەکات و زیندەخەو ئەبینێ‌و گوێی ئەزرنگێتەوە.

چونکە، ئەو دێڕە شیعرە، لە گۆارنی تردا، بەم شێوازەش هاتووە:

«سەدای لایە لایەکەت! دایە لە گۆشم
یــا دەنـگی تـۆیـە! یـا من نەخـۆشم»

بەڵام، هەر نەمزانی ئەو کۆترە کەژی‌یە بۆ هاتبوو؟ ئاخۆ ماڵی ئێمەی بە کەژ ئەزانی؟ یان بە جێیەک کە دڵی پێی ئەکرایەوە.

 239 جار بینراوە