عه‌بدوڵڵا عه‌باس
له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوودا ره‌حمه‌تی باوكم له پێنجوێنه‌وه نه‌قڵی چوارتابوو، له‌كاتی پشووی خوێندندا بوو گه‌یشتینه چوارتا و زانیمان بینای تازه‌ی قوتابخانه‌كه به‌لای راستی گۆڕستانی شێخه‌ڵ تازه ته‌واوببوو ، به‌رله‌وه قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی چوارتا له خانوویه‌كی قوڕی گه‌وره‌دا بوو ، به‌وه‌ش به‌ختی ئه‌وه‌م بۆ ره‌خسا یه‌كه‌م ساڵ له‌و بینا نوێیه‌دا ده‌وام بكه‌ین.
به‌لای منه‌وه دووه‌م ساڵی خوێندنم بوو ، یه‌كه‌م بیره‌وه‌ری بینای نوێ بیرم ناچێ ئه‌وه‌بوو، مامۆستایه‌كی به‌ته‌مه‌ن كه جێگه‌ی داخه ناوه‌كه‌یم نایه‌ته‌وه یاد به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه بوو ، به‌ر له‌ده‌ستكردن به ده‌وام دوو سێ حیكایه‌تی عهنتیكهمان له‌سه‌ری بیست: ده‌یانوت كه ته‌ربیه‌ی سلێمانی (كه‌ئه‌وسا دائیره‌ی مه‌عاریفیان پێده‌وت) تۆپ و تێنس و شه‌به‌كه‌ی تۆپی ناردووه بۆ قوتابخانه‌كه تا نه‌قڵ نه‌بوو له‌و كیسانه‌ی تیایدا ناردبوویان ده‌رنه‌هاتووه .
قوتابیه‌كی له ئێمه گه‌وره‌تر دراوسێمان بوو بۆی گێڕاینه‌وه كه مدیری قوتابخانه وتوویه‌تی: ئه‌م ته‌له‌به لادێیانه یاری به‌و تۆپانه بكه‌ن ئهیانشكێنن ….!!!! كه‌ساڵی خوێندن دهستیپێكردو چووینه بینای نوێی قوتابخانه، مدیر جواننووسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌وسای سلێمانی (م . سه‌ی موحسین) ی هێنا بۆ ئه‌وه‌ی به‌خه‌ته جوانه‌كه‌ی چه‌ند ئامۆژگاری و قسه نه‌سته‌قی هه‌ڵبژارده له‌سه‌ر دیواره‌كانی رێڕه‌وه‌كانی قوتابخانه‌كه بهرهنگاو ره‌نگ بنووسێ .
نووسین له‌سه‌ر دیوار خوویه‌كی ناشیرینه…!!
تا ئێره ئاساییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی قوتابی بچكۆله‌ی ئه‌وسا دوایی زانیمان نائاساییه، ئه‌وه‌بوو یه‌كێ له‌و ئامۆژگاریانه له‌سه‌ر دیواره‌كه نووسرابوو بریتی بوو له‌م ئامۆژگارییه: (نووسین له‌سه‌ر دیوار خوویه‌كی ناشیرینه …!!) ،، ئه‌م ئامۆژگارییه ئه‌و ساڵه له‌سه‌ر دیوار هه‌موو رۆژێ ده‌خوێنرایه‌وه هه‌تا پشووی ساڵ هات و ساڵی نوێ قوتابخانه كرایه‌وه و مدیر گۆڕاو ژماره‌یه‌كیش له‌مامۆستاكان گۆڕان و به‌ڕێوه‌به‌ر مامۆستای كۆچكردووی نه‌مر (ئهحمهدسهعید) و له‌مامۆستا تازه‌كان: مامۆستای نه‌مر فه‌ریدون عه‌لی ئه‌مین و خوا ته‌مه‌ندرێژی بكات مامۆستا ئه‌نوه‌ر فه‌خری (كه ئه‌ویش دوایی بوو به به‌ڕێوه‌به‌ر)مامۆستا نه‌ژادی ئه‌حمه‌د شه‌وقی هاتن ، یه‌كه‌م كاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێی بۆیاخكردنه‌وه‌ی دیواره‌كانی ناوه‌وه‌ی قوتابخانه‌كه بوو به‌گشتی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی ئه‌ڵێ (نووسین له‌سه‌ر دیوار كارێكی ناشیرینه ..) و له‌جیاتی ئه‌وه كارتۆنی سپی یان هێناو ئامۆژگارییه‌كانیان له‌سه‌ر نووسی و وه‌ك مامۆستای نه‌مر فه‌ریدون عه‌لی ئه‌مین رۆژی داكوتانی ئامۆژگارییه‌كان به‌دیواره‌كاندا ئیشاره‌تی كرد‌و وتی: ئه‌مه تهربیهو فێركردنی راسته‌قینه‌یه‌و ئه‌وه‌ی لهسهردیوارهكان نووسرابوون ته‌ربیه‌ی سه‌قه‌ت بوون …!
به‌قوه‌تترین شیعاری ئیحتیتاج ….!
له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه كه له چوارتاوه هاتمه‌وه سلێمانی یه‌كه‌م شتی عه‌نتیكه بینیم و زۆرم لا سه‌یربوو ، نووسینی (رووت) ی له‌جۆری تانه‌و ته‌شه‌رو جنێو و هه‌تا (ئه‌تكردنی ناوی دیار) و تانه‌و ته‌شه‌ردان له ئابڕووی كه‌سانی سیاسی ناسراو لهسهردیوارهكانی (ئاوده‌ستخانه‌ی مزگه‌وته‌كان) ئه‌مبینین …!! له‌گه‌ڵ بینینی هه‌ر نووسینێكی ئاوده‌سته‌كان ئامۆژگارییه‌كه‌ی مدیری قوتابخانه‌ی چوارتام بیرئهكهوتهوه (نووسین له‌سه‌ر دیوار كارێكی ناشیرینه ..!!) … ده‌فه‌رموو ئه‌وه‌تا ئێستا دیوار .. دیواری ئاوده‌ستخانه‌یه …!!! رۆژان هاتن و چوون و 2009 له به‌غداوه گه‌ڕامه‌وه بۆ (شار) … به‌ته‌واوی واقم وڕما ، له‌گه‌ڵ گۆڕانی هه‌موو دیارده‌یه‌كدا لێره …. له‌دیوی ده‌ره‌وه به‌ره‌و باشتر …!! كه‌چی دیارده‌ی (ده‌ربڕینی بیروڕای سه‌ربه‌ستی بێ ره‌قیب و ده‌ربڕینی به‌قوه‌تترین ناره‌زایی) هێشتا گونجاوترین شوێن بۆ ئه‌مه ئاوده‌سته‌كانی مزگه‌وته‌كانه ….! دوا ته‌علیقی غه‌ریب له ئاوده‌ستخانه‌ی مزگه‌وتێكی (ڕاقیی) وله گه‌ڕه‌كێكی (ڕاقیی) خوێندمه‌وه ده‌قاو ده‌ق ده‌ینووسمه‌وه كه نووسراوه: (ره‌وشت جوان و خۆش نووسم // له‌سه‌ر دیوار نانووسم ..!!) له‌مه سه‌یرتر یه‌كێكی دی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و نووسیوویه‌تی: (ئه‌ی له‌وه …! ئه‌وه‌نییه نووسیوته ..؟! …) ره‌حمه‌ت له‌گۆڕی مدیرهكهی قوتابخانه‌ی چوارتا ، عیلهتهكه شاره‌زابوو ئه‌یزانی خووی له‌سه‌ر دیوارنووسین به موجته‌مه‌عی مه‌ده‌نی چارناكرێ ….!!!
پێشینان وتوویانه: قسه‌یه‌ت ، قسه ئه‌بڕێ،، یان: قسه‌ت بیر ئه‌خاته‌وه، ده‌گێڕنه‌وه و (ئۆباڵی له ئه‌ستۆی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار گێڕاویه‌تیه‌وه) گوایه ره‌حمه‌تی (تایه‌ر)ی برای شاعیری نه‌مر (بێكه‌س) هه‌وه‌سی شیعرنووسین كه‌وتۆته سه‌ری ، دێڕێ شیعری بۆ یه‌ت ، دووه‌می لێ عاسی ده‌بێ و بۆی ته‌واو ناكرێ،(پیاوچاكێ) مه‌سه‌له‌كه ئه‌گه‌یه‌نێته لای (بێكه‌س) ئه‌ڵێ: كاك تایه‌ری برات دێڕێ شیعری نووسیوه ئه‌وی دی بۆ ته‌واو ناكرێ، بێكه‌س ئه‌پرسێ: دێڕه‌كه ئه‌ڵێ چی ؟ دێڕه‌كه‌ی بۆ ئه‌خوێنێته‌وه‌و كه ده‌ڵێ:
(تاهیره كه ئه‌مڕۆ هه‌ست به ئیش و ژان ئه‌كا..!)
بێكه‌سیش ئاوا بۆی ته‌واو ده‌كات:
(حه‌ز له نانێكی زه‌ریفی گه‌رمی سه‌ر ته‌نوور ئه‌كا …!)
ده‌ڵێ: بۆی به‌رن با له گینگڵ دانی ده‌روونی رزگاری ببێ …
183 جار بینراوە