سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئەنجومەنی ئاسایش: راگرتنی دەستبەجێی شەڕی ناگۆرنی كاراباخ

ئەنجومەنی ئاسایش: راگرتنی دەستبەجێی شەڕی ناگۆرنی كاراباخ

دوای ئەوەی لەسەر داوای ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی ئەندام لە ئەنجومەنەكە، وەك بەلژیكا و ئیستیوانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا، سەبارەت بە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان كۆبۆوە، رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكیدا، داوای راگرتنی دەستبەجێی شەڕی لەلایەنە ناكۆكەكان كرد لە هەرێمی ناگۆرنی كاراباخ.

بەبێ دواكەوتن دەست بە دانوستان بكەن
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە بەیاننامەكەیدا، پەیامێكی ئاڕاستەی ئازەربایجان و ئەرمینیا كرد و رایگەیاند: دەستبەجێ كۆتاییبهێنن بە شەڕ و پێكدادانەكانی ئەو هەرێمە و هەوڵی كەمكردنەوەی ئاڵۆزییەكانی نێوانیان بدەن و بەبێ دواكەوتن، دەست بە دانوستانی نێوانیان بكەنەوە.

هەر لە بەیاننامەكەدا، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی ئیدانەی بەكارهێنانی هێزی سەربازییان كرد و نیگەرانیی خۆشیان دەربڕی بۆ زیانە گیانییەكان لە ریزی هاووڵاتیانی مەدەنیدا.

پشتیوانی لە بەشداربووانی كۆمەڵەی مینسك
لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا هاتووە، كە ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی تەواو لە سەرۆكە بەشداربووەكانی كۆمەڵەی مینسك (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و روسیا و فەرەنسا) دەكات سەر بە رێكخراوی ئەمن و هەماهەنگیی لە ئەوروپا و هەروەك داوای لە هەردوو وڵات كردووە تاكو كاری پێكەوەی جددییان لەگەڵدا بكەن، لەپێناوی دەستپێكردنەوەی دیالۆگ بە شێوەیەكی خێرا و بەبێ هیچ پێشمەرجێك.

ئەرمینیا و ئازەربایجان شەڕ راناگرن
ئەوەش لەكاتێكدایە كە نیكۆل باشینیان سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، رەتیكردەوە ئێستا دانوستان لەگەڵ ئازەربایجاندا بكات، یان هێزە نێودەوڵەتییەكانی ئاشتیپارێز یان هێزی روسی لەو هەرێمەدا بڵاوەیان پێبكرێت.

لە بەرامبەریشدا، ئیلهام عەلیڤ سەرۆكی ئازەربایجان رایگەیاند: تاكو یەكێتیی خاكی وڵاتەكەیان نەگەڕێننەوە، كردەوە سەربازییەكانیان لە ناوچەی ناگۆرنی كاراباخ راناگرن.

روونیشیكردەوە: دانوستانەكانی سەبارەت بە هەرێمەكە بێ ئەنجام بوون و هیچ پێویست بە داواكاریی نوێ بۆ دیالۆگ ناكات، وتیشی: كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەرمینیا لە كاراباخ، تاكە مەرجی پێشنیاركراوە لەلایەن ئازەربایجانەوە و ئەگەر حكومەتی یەریڤان ئەو مەرجە جێبەجێ بكات، ئەوا شەڕ رادەگرن.

لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە، شەڕی نێوان هێزە سەربازییەكانی هەرێمی ناگۆرنی كاراباخ كە ئەرمینیا لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە پاڵپشتییان دەكات، لەگەڵ هێزە سەربازییەكانی ئازەربایجان دەستیپێكردووە و ئەوەش لە ساڵی 2016وە، بە خوێناویترین شەڕی نێوانیانیان دادەنرێت.

سەرچاوە، ئاژانسەكان

 239 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*