سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » پڕۆژەیاسای قەرزی نوێ و قەیرانی بێ مووچەیی…

شەن و كەو

پڕۆژەیاسای قەرزی نوێ و قەیرانی بێ مووچەیی…

پڕۆژەیاسای قەرزی نوێ و قەیرانی بێ مووچەیی لە عیراقدا

لە پێشهاتێكی تازەدا، وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ رایگەیاند، كە ئەوان بەهۆی كورتهێنانەوە ناتوانن مووچەی تەواوی فەرمانبەران بۆ ئەم مانگە لە كاتی خۆیدا دابەش بكەن، بەڵكو تەنها مووچەی خانەنشینانیان داوە و هۆكاری دووهەفتە دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانیشی بۆئەوە گەڕاندەوە، كە پێویستیان بە قەرزە، هەربۆیە داوایان لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە تاكو پڕۆژە نوێیەكەی حكومەت بۆ قەرزكردن پەسەند بكەن، تاچیتر مووچە دوانەكەوێ.

لە بەرامبەریشدا، لیژنەی دارایی نوێنەرانی عیراق وەڵامێكی توندی حكومەتیان دایەوە، كە ئەوان تائێستا هیچ پڕۆژەیاسایەكی نوێی قەرزیان بە دەست نەگەیشتووە و ئەگەر هەشبـێ، ئەوا ناچنە ژێرباری داوایەكی لەو شێوەیە، چونكە یاساكەی پێشوو بەركارە و ئەگەر نرخی فرۆشی نەوت هەڵكشان و داكشانیش بەخۆیەوە ببینێ، ئەوا ئەم هەنگاوەی كابینەكەی كازمی جۆرێكە لە راگەیاندنی مایەپووچی حكومەت و تەنها لە ماوەی شەش مانگدا عیراق دەبێتە نێچیرێكی ئاسان بۆ كەوتنەژێرباری قەرزێكی زۆر و زەوەندەوە.

ئەم وەڵامەی لیژنەی دارایی ئەگەرچی مەترسییەكەی لەبارەی قەرزكردنەوە لە جێی خۆیەتی، بەڵام تا رادەیەك ناواقعییە، كە دەڵێم مەترسییەكە لە جێی خۆیەتی، چونكە ئەم هەوڵەی حكومەتەكەی كازمی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی پارەداركردنی وەزارەتی دارایی و دابەشكردنی مووچە، چارەیەكی كاتییە و بەدەر لەو یاسایەی لە مانگی شەشدا دەرچوێنراوە، بارگرانییەكی تری ئابووریی گەورە دەخاتە سەر شان و ملی حكومەت، بە جۆرێك پارسەنگكردنەوەی لە ئایندەدا بە داهاتی نەوت و گومرگ و باج و ناوخۆش كە ئێستا ناگاتە چوار ترلیۆن دینار، ئەستەم دەكا، لە كاتێكدا حكومەت بە 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستانیشەوە تەنها بۆ مووچە پێویستی بە حەوت ترلیۆن دیناری مانگانەیە.

هاوكات ناواقعیی و نایاساییشە، چونكە وەك روونە كە حكومەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی بە هیچ شێوەیەك رێگەی پێنەدراوە بێ گەڕانەوە و رەزامەندیی ئەنجومەنی نوێنەران، دەسەڵاتی قەرزكردنی زیاتری هەبێ لەو بڕەی كە پێشتر بە مەرجی پێشكەشكردنی پڕۆژەی چاكسازیی پێی دراوە، لە كاتێكدا هیچ چاكسازییەك لەئارادا نییە، نابێ بیریشمان بچێ كە بەهۆی دابەزینی نەوت و خەرجییەكانی پەتای كۆرۆناوە، كابینەكەی كازمی چەند مانگێكە قەرز دەكا و قەبارەی ئەو قەرزانەش گەیشتوونەتە ئەو بڕەی كە لە یاسای قەرزی پێشوودا بە پێنج ملیار دۆلاری دەرەكی و 15 ترلیۆن دیناری ناوخۆ، تاكۆتایی ئەمساڵ دیاریی كراوە.
دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەران و بەستنەوەی بە دەنگدانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر یاسایەكی تری قەرز «جا دەرەكی بێ یا ناوخۆ» پێشهاتێكی تازەیە و لەسەر ئەو هەموو خێر و بێرەی عیراقیشەوە كە لە نەوت و خاڵە سنوورییەكانەوە بە لێشاو دەڕژێتە نێوی، حكومەت هەر چاوی لە قەرزكردن بێ !

لە بچووكترین پێناسەشدا، دواكەوتنی مووچە و بێ دەربەستیی حكومەت لە چاكسازیی ئابووری و رێكنەخستنەوەی خەرجی و داهاتەكان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە ئایندەی عیراق نغرۆی قەیرانێكی سەختی داراییە و دەبێ پێشبینی خراپتربوونی دۆخەكەش بكەین، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە، سەلمێنەری راستییەكی تاڵی وتراوە لەسەر خودی مستەفا كازمی، كە تەنانەت ئەم زاتەش گۆچانی سیحریی بە دەستەوە نییە تا لەو ماوەیەی لەبەردەمیدایە، لانیكەم نەخشەڕێگەیەك پێشنیاز و جێبەجێ بكا بۆ دەربازكردنی عیراق لەو تەنگژە ئابووری و سیاسییانەی تێیكەوتووە.

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*