سەرەکی » وتار »  ‌شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن‌ » گێمێكی تری نێوان بەغداو كورد

راستییەکەی

گێمێكی تری نێوان بەغداو كورد

ئەگەر دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 كورد هێزی یەكگرتوو و بە ئەزموونی ئەو كاتی بەڕێوەبردنی ناو هێزە سیاسیەكانی عیراق بوو، كوردستان لانەی ئارام بوو بۆ دانیشتنەكان دوور لە تەقینەوە و كاری تیرۆرستی، ئەوە زەمەنێكی زێرین بوو. لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمە یەك لایەنەكەی سەركردایەتی كورد،لە عیراق كورد بە هاوكێشەیەكی زۆر خراپی جوگرافی و ئابووری و سیاسی و سەربازی تێپەڕیووە. پێچەوانەی ساڵی 2003 كورد لە هەموو ئەوانە بەهێزتر بوو،داكشانی گەورەی جوگرافی بەخۆیەوە بینی ئێستا عیراق بەهێز بووە، بۆیە لە داهاتوودا بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو، گێمێكی یاری سەخت لە پڕۆسەی سیاسی عیراق دەست پێدەكات.
ئەم جارەیان وەك ساڵی 2014 نابێت،چونكە ئەو ساڵە داعش لە دەروازەكانی بەغدا بوو،هێزە عیراقیەكان بەتایبەت شیعەكان هەموویان پێویستیان بە یەكگرتن و پاڵشتی كردنی یەكتر هەبوو،چونكە ئەگەر یەكیان نەگرتبایە لەوانە بوو ئەوەی هەیان بوو لە دەستی بدەن،به‌ڵام ئەمجارەیان وانییه‌، هێزی تری هەمەجۆر دروست دەبێت‌. كورسیەكانی پەرلەمان دابەشی زیاتری سەر هێز و گروپە سیاسیەكان دەبێت. كێشمەكێشی ئەمەریكا و ئێران زۆر بەهێزتر دەبێ‌،چونكە ئەمجارە قۆناغی بنیادنانەوە و رێكخستنەوەی عیراق دەست پێدەكات . ئەوەی رابردوو زیاتر قۆناغی ئەمن و ئاسایش و گێڕانەوەی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر دەستی داعش بوو،به‌ڵام كورد چی دەكات .
لە ساڵی 2014 كورد لە چاو عیراق بەهێزتر بوو لە شەڕی داعش، كەچی منەتی كوردیان نەزانی و حكومەتی خۆیان پێكهێنا،ئەمجارە دەبێ‌ كورد لە كوێی هاوكێشەكە بێت؟. كورد ئەگەر لەبەرامبەر بەغدا یەكگرتوو و یەك هەڵوێست بێت، هەروەها ئەگەر بەیەك لیستیش دابەزێ‌ باشترە، بەتایبەت بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان،تاكو دەنگی كورد نەفەوتێ‌،به‌ڵام دەبێ‌ هێزە سیاسیەكانی كوردستان چاكسازی لە خۆیان بكەن و دۆخی هەرێم باشتر بكەن،ئەگەرنا بەم شێوەی ئێستا هیچ شتێكی باشتر نایەتە دی.
هەروەها دەست نیشانكردنی كەسانی بەتواناو شارەزا لە سروشت و خەسەڵەتەكانی پێكهاتەی سیاسی عیراق،بۆ ئەوەی بتوانرێ‌ تیمێكی لێهاتوو بنێردرێتە بەغدا تاكو خەباتی دەستووری پەرلەمانی بكات،بەدڵنیایەوە ئەگەر كورد بەخۆی نەكەوێ‌ هەر وەكو ئێستای هەرێم خەریكی شەڕە دەنوك و یەكتر تۆمەت باركردن بێت، ئەوە گێمی داهاتووی یاریەكان، نە رۆڵی دەبێت نە پێكدەكرێ‌ بۆ یاری كردن . واتە دۆڕاوی سەرەكی یاریەكە كورد دەبێت،به‌ڵام ئەوەی دەبینرێ‌ كورد ئەزموون لە هیچ شكستێك وەرناگرێ‌،ئەوەی هەتاكو ئێستاش بریار بەدەستی كوردە لە عیراق، نەوەی رابردووە كە ئەزموونی زۆریان هەیە لە شكست، به‌ڵام پەندی لێوەرناگرن و هەر سوورن لەسەر سیاسەتی خۆیان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*