سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » خوێندنه‌وه‌ی كوژرانی كابرای كتێبفرۆش

خوێندنه‌وه‌ی كوژرانی كابرای كتێبفرۆش

ئه‌یاد جه‌میل

رۆمانی و چیرۆك له‌ عیراقی دوای كه‌وتنی دیكتاتۆر به‌گشتی گوزارشت له‌ ژیانی عیراقییه‌كان ده‌كات كاتێك ته‌قینه‌وه‌ زۆر و ترسناك و ماڵوێرانكه‌ره‌كان به‌رۆكی خه‌ڵكه‌كه‌ی گرتووه‌، له‌دوای كه‌وتنی به‌عس و هاتنی ئه‌مریكا و دروستبوونی شه‌ڕی تائیفی عیراق به‌دۆخێكی قورسدا تێده‌په‌ڕێ. شه‌ڕی تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی له‌لایه‌ك و شه‌ڕی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و ته‌سفیه‌ی حساب له‌لایه‌ك و ده‌ستێوردانی ده‌ره‌كیش له‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه‌ وای كردووه‌ ئه‌م عیراقه‌ تووشی قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ببێت. چیرۆكه‌كانی عیراقی دوای كه‌وتنی دیكتاتۆر گه‌لێك زۆرن و له‌ئه‌ده‌بیاتی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی عیراقیشدا ره‌نگیانداوه‌ته‌وه‌، زۆرێك له‌ چیرۆكنووسان و رۆماننوسانی عیراق په‌نایان بۆ ئه‌و حیكایه‌تانه‌ بردووه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكی هونه‌ریدا كار له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ عیراقی نوێدا له‌ دوای 2003ه‌وه‌ رووده‌ده‌ن، له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ن، ئه‌حمه‌د سه‌عداوی و حه‌سه‌ن به‌لاسم و عه‌لی به‌در و سه‌عید محه‌مه‌د ڕه‌حیم و چه‌ندین نووسه‌ری دیكه‌.
من لێره‌دا له‌ باره‌ی رۆمانی «كوژرانی كابرای كتێبفرۆش» ی سه‌عید محه‌مه‌د ڕه‌حیم ه‌وه‌ ده‌دوێم، كه‌ وه‌رگێڕی به‌توانا و به‌سه‌لیقه‌ سه‌باح ئیسماعیل وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ كوردی. هه‌روه‌كو وه‌رگێڕانه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م كاره‌شی به‌شێوه‌یه‌كی جوان و نایاب وه‌رگێڕاوه‌. چیرۆكی مه‌حمود مه‌رزوقی كتێب فرۆش چیرۆكی نیو سه‌ده‌ی عیراقییه‌كانه‌ له‌نێو ته‌نگه‌ژه‌ و شه‌ڕ و ناخۆشیدا، سه‌نته‌ری روداوه‌كان به‌عقوبه‌یه‌ و به‌ره‌و ئه‌وروپا درێژ ده‌بێته‌وه‌ و سه‌رێكی ده‌چێته‌وه‌ ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپا بۆ پراگ. نووسه‌ر به‌ته‌كنیكێکی جوان و گێڕانه‌وه‌یه‌كی چێژ به‌خش له‌ژیانی مه‌رزوقه‌وه‌ باسوخواسی عیراق و شه‌ڕ و كاولكارییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌. نووسه‌ری ئه‌م رۆمانه‌ روداوگه‌لێكی واقیعی به‌ ته‌ونی خه‌یاڵ و ته‌كنیكێكی جوان سه‌ركه‌وتوو چنیوەتەوە. شێوازه‌كانی گێڕانه‌وه‌ بۆ چێژبه‌خشین به‌خوێنه‌ر له‌م رۆمانه‌دا به‌جۆرێكه‌ كه‌ هه‌ر به‌شه‌ و به‌شێوازێك ده‌گێڕێته‌وه‌ و ته‌واوی ئه‌و به‌شانه‌ش كه‌ مه‌رزوق پاڵه‌وان سه‌نته‌رییه‌كه‌یه‌تی و روداوه‌كان له‌و كارئه‌كته‌ره‌وه‌ به‌خش ده‌بێته‌وه‌ بۆ روداوه‌ گشتییه‌كان. له‌به‌شێكدا شێوازی گێڕانه‌وه‌ له‌ رێگای وێنه‌كانه‌وه‌، نووسه‌ر هه‌وڵی داوه‌ له‌رێگا وێنه‌كانی مه‌رزوقه‌وه‌ به‌شێك له‌و به‌سه‌رهاتانه‌ بگێڕێته‌وه‌. له‌به‌شێكی تردا شێوازی گێڕانه‌وه‌ له‌رێگای تابلۆ شێوه‌كارییه‌كانی مه‌رزوقه‌وه‌یه‌. له‌به‌شێكی تری رۆمانه‌كه‌دا گێڕانه‌وه‌ له‌رێگای نامه‌ و ده‌ستنووسه‌وه‌یه‌. به‌شێكیش له‌گێڕانه‌وه‌كان له‌شێوه‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌وانییه‌وه‌. به‌گشتی له‌م رۆمانه‌دا چه‌ند شێوازێكی گێڕانه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ هه‌موو ئه‌و گێڕانه‌وه‌ جیاوازانه‌ خزمه‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌ساسییه‌كه‌ی رۆمانه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

چیرۆكی ژیانی په‌نجا ساڵی عیراقییه‌كان
باسوخواسی ئه‌م رۆمانه‌ چیرۆكی ژیانی په‌نجا ساڵی عیراقییه‌كانه‌ و له‌چیرۆكی چه‌په‌كانه‌وه‌ كه‌ چۆن گیراون و ره‌وانه‌ی زیندانی نوگره‌ سه‌لمان كراون، چیرۆكی هاتنی به‌عس و دیكتاتۆره‌كه‌یه‌تی چۆن ده‌ست به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌دا ده‌گرن و هه‌موو شتێك به‌ ویستی خۆیان ده‌چێت به‌ڕێوه‌ و وڵات به‌ره‌و شه‌ڕ و قه‌یران ده‌به‌ن، چیرۆكی عیراقی دوای دیكتاتۆر و سه‌رده‌می داگیركاری عیراق و شه‌ڕه‌ و ته‌قینه‌وه‌كانه‌. شوێن له‌م رۆمانه‌دا زۆرن، شوێنی سه‌ره‌كی وه‌كو سه‌نته‌ری رۆمانه‌كه‌ به‌عقوبه‌یه‌. گێڕانه‌وه‌ش له‌دوای كوشتنی مه‌حمود مه‌رزوقه‌وه‌یه‌، گێڕه‌ره‌وه‌ له‌دوای كوشتنی مه‌حمود مه‌رزوق له‌سه‌ر داوای كه‌سێك دێته‌ به‌عقوبه‌ و ده‌یه‌وێت كارێكی رۆژنامه‌نووسی له‌ سه‌ر روداوی كوشتنی مه‌حمود بكات، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ به‌رۆمان ده‌شكێته‌وه‌. نامه‌وێت بچمه‌ نێو باسی رۆمانه‌كه‌ و جارێكی تر روداوه‌كانی نێو رۆمانه‌كه‌تان بۆ بجوومه‌وه‌. به‌ڵكه‌ مه‌به‌ستمه‌ باسی ئه‌و شێوازه‌ له‌نووسینی رۆمان بكه‌م، كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌ستی بۆ بردووه‌ و كاری پێكردووه‌. وه‌ك زۆرێك له‌ نووسه‌رانی نه‌وه‌ی نوێی عیراق له‌دوای كه‌وتنی دیكتاتۆره‌وه‌ چیرۆكی ژیانی سه‌ختی عیراقییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌. لێ به‌شێوازێكی هونه‌ری و دوور له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعییانه‌، گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری وه‌ها كه‌ وه‌كو تێكستێكی ئه‌ده‌بی باڵا ده‌پێورێ. ئه‌م رۆمانه‌ نموونه‌یه‌كه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ چیرۆكی عیراقییه‌كان و ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆری وه‌ڕسكه‌ر و تۆقێنه‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ چۆن ژیانی عیراقییه‌كانی شێواندووه‌. به‌ڵام به‌ ته‌كنیكی رۆمان و چیرۆك، به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی و به‌فانتازیایه‌كی چێژ به‌خش كه‌ خوێنه‌ر راده‌كێشێت.
چیرۆكی مه‌رزوق باسوخواسی پاڵه‌وانێكی خوێنده‌واری عیراقییه‌ له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا، مه‌حمود مه‌رزوق كوڕی سه‌رده‌مێكی عیراقه‌ كه‌ سه‌رده‌می بزوتنه‌وه‌ی چه‌پ و چه‌پگه‌ریی بووه‌ و مه‌رزوق یه‌كێكه‌ له‌و نه‌وه‌یه‌ی عیراق كه‌ به‌دوای فیكری چه‌په‌وه‌ بووه‌ و پیاوێكی خوێنده‌وار بووه‌ و له‌و نه‌وه‌ خوێنده‌واره‌ بووه‌ كه‌ دوو له‌ هه‌موو حزبێكی چه‌پ بۆ خۆی چه‌پگه‌ری كردووه‌. خوێنده‌وارێكی وێنه‌كێشه‌ و ده‌یه‌وێت وڵاته‌كه‌ی به‌ ئاڕاسته‌ی رۆشنگه‌ریدا بڕوات، لێ مه‌رزوقیش وه‌كو هاوسه‌رده‌مه‌كانی به‌نائومێدییه‌وه‌ ژیان، چون عیراق به‌و ئاقاره‌دا نه‌رۆیشت كه‌ ئه‌وان ده‌یانویست. مه‌رزوق ده‌كوژرێت له‌كۆتایی دیكتاتۆردا و له‌سه‌رده‌می عیراقێكی نوێ كه‌ عیراقی ته‌نگه‌ژه‌ و ئاژاوه‌یه‌ مه‌رزوقیش وه‌ك زۆرێك له‌ خه‌ڵكی ده‌بێ به‌ قوربانی عیراقی تایه‌فگه‌ری و شه‌ڕی تیرۆر.
سه‌عید محه‌مه‌د ره‌حیم چیرۆكنووسه‌ و رۆماننوس و رۆژنامه‌نووس له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌بواری رۆژنامه‌گه‌ریی و ئه‌ده‌بیاتدا ده‌نووسێ و نووسه‌ری چه‌ندین كۆمه‌ڵه‌چیرۆك و رۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی هه‌ڵكشان به‌ره‌و كه‌لووی جمكانه‌، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی ئه‌و وده‌ریا، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی هاندان، كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی گوڵه‌باده‌م و رۆمانی گۆرانی ئافره‌تێك، زه‌رده‌په‌ڕی ده‌ریا. … و چه‌ندین به‌ره‌هه‌می دیكه‌. له‌پای ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ چه‌ندین خه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌ له‌وانه‌ خه‌ڵاتی داهێنانی رۆمانی عیراقی، خه‌ڵاتی كه‌تارای، خه‌ڵاتی باشترین ریپۆرتاژی رۆژنامه‌نووسی.
ئه‌م رۆمانه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*