سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گوندنشینەکان لە ناو ژیانی قورسی ساڵدا

وتەی ئەمجارە

گوندنشینەکان لە ناو ژیانی قورسی ساڵدا

41

بەشێوەیەکی گشتی هیچ وەرزێک بۆ خەڵکی گوندەکان ئاسان نییە، لە هەر بەش و لایەکی ئەم وڵاتە بڕوانین و وردبینەوە لە ژیانی گوندنشینان ئەو حەقیقەتە دێتەدەست کە ژیانی گوندنشینان قورسە و بارگرانی زۆری تێدایە. لە وێنەکردنی قورسی و ئازاری ژیانی گوندنشیناندا دەمێکە قانعی شاعیری گەورەی کورد ئەم وێنەیەمان بۆ دەگوازێتەوە لە ڕێگای شیعرەوە و دەڵێت:

ژینی لادێ سەیرانە
گەرچی تۆزێک گرانە

ئەم وێنەیە نەک بۆ سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراو، نەک لەلای کەسێک و شاعیرێک، بەڵکو لەلای هەموو کەسێک هەستپێکراوە و دەزانرێت باری سەرشانی هاوڵاتیانی گوندنشین بە بەراورد بە باری ژیانی هاوڵاتیانی شارنشین قورسترە و گەلێک زەحمەتترە.

نها که وەرزەکانی ساڵ بەرەو زستان و وەرزی سەرپەڵە و باران بارین دەچێت، ژیانی گوندنشینانیش بەرەو قورسی و ناڕەحەتی زیاتر و زۆرتر دەچێت و پێ دەنێتەناو وەرزێکەوە کە لەلای گوندنشینان بە وەرزی سەرما و تەڕوتوشان ناودەبرێت و ناخۆشترە بۆ گوندنشینان بەبەراورد بە وەرزەکانی دیکە.

ئەم بارگرانییەی گوندنشینان لە دوو باردایە، لە بارێکدا بە سروشت بەهۆی پێویستی هاوڵاتی گوندنشین و کاروباری گوند هەمیشە ژیان لە گوندەکاندا قورستر بووە و وزەی زیاتری ویستووە تاکو گوندنشینان بتوانن کاروبارەکانیان جێبەجێ بکەن، لە باری دووەمیشدا بەهۆی هاوکاری نەکردنی گوندنشینان و دابین نەکردنی پێویستی وەرزی گوندنشینانەوە لەلایەن حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارەوە، وایکردووە ژیانی گوندنشینان قورس ببێت و ئیش و کارەکان بە ئاسانی نەچن بەڕێوە و ژیان قورسایی خۆی لەسەر شانی گوندنشینان کەم نەکاتەوە و ڕەوڕەوە مێژووییەکەی ژیانی گوندنشینان بەردەوام بێت و ساڵانە لەیەک شێوەی دووبارە و بەیەک گوژمەی هێز و قورسایی بەردەوام بێت و هاوڵاتیان لەناو ڕەزالەت و قورسی ژیاندا شەکەت ببن و شەکەت ببن.

ئەم ماندووبوونەی گوندنشینان لەناو ژیانی قورسی ساڵدا و لەناو بازنەیەکی دووبارەی تاقەت پڕوکێندا، لە ڕابردوودا بەهۆکاری جیاجیا و لەسەر ئاستی حکومەتە نەیار و فاشیستەکانی عێراق بەردەوام گەورە کراوە و شتێکی ویستراو بووە و بەئەنقەست ناڕەحەت و قورس کراوە، بۆیە لە دوای ئەو مێژووە و هەنوکە لە ژێر سایە حکومەتی هەرێمدا پێویستە ئیدی ئەم ژیانە قورسە تولانییە دووبارە ماندووکەرە بگۆڕدرێت بە جۆرێکی دیکەی ژیانکردن و بارودۆخێکی دیکە تاکو بتوانرێت قورسایی ژیان لەسەر شانی گوندنشینان سوک بکرێت و چی دی ئەو ژیانەی مێژوویەکە تێیدا دەژین بیگۆڕن بۆ ژیانێکی باشتر و کەمکردنەوەی ئەو قورساییەی لەسەر شانیانە.

خولانەوەی گوندنشینان لەناو ئەم بازنەی ژیانەدا و نەبوونی هۆیەکانی ئاسانکردنی ژیان، یان لانی کەم دابیننەکردنی پێویستییەکانی گوندنشینان ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەییش بێت، لێکەوتەی خراپی هەبووە بۆسەر ئاوەدانی گوندەکان و بەرهەمی ناوخۆیی و بە بازاڕکردن و هێزی کار لە گوندەکاندا و کشتوکاڵ و ئاودێری و مەڕو ماڵات، ئەمەش بووەتە هۆی چۆڵبوونی گوندەکان یان پاشەکشێی گوندنشینان لە زۆرێکی ئەو چالاکییە مرۆڤایەتییەی لە سەرەتاکانی مێژووەوە مرۆڤ لە گوندەکاندا خۆیی پێوە سەرقاڵکردووە و سەرچاوەی ژیانکردنیان بووە.

بەپێی گۆڕانکارییەکانی جیهان و ئەو شەپۆلە کرانەوەیەی بەسەر جیهاندا هاتووە، دەبوو گوندەکانیش لە وڵاتی ئێمەدا لەم دۆخەی ئێستاوە بگۆڕدرایە بۆ دۆخێکی باشتر و جیاواز بێت لە ڕابردووی خۆیان، بەڵام ماخابن ئەو گۆڕانکاریانە نەبوونەتە پاڵنەری نەرێنی بۆ گوندنشینان و لە قازانجی گوندنشینان نەشکاوەتەوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت گوندنشینان لەناو ژیانێکی قورسی کار و فرماندان. دەستکاریکردنی ئەم شێوەیەی ژیان تاک لایەنە نابێت و دەبێت هەردوولا هەم گوندنشینان و هەم حکومەت و دەسەڵات پاڵنەری ئیجابی بن لە پێناو سوودی گوندنشینان و بەرهەمی زیاتر و دابینکردنی پێویستی هاوڵاتیان.

 70 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*