سەرەکی » راپۆرت » پێشمەرگە كێوماڵی گوندەكانی شێخ بزێنی دەستپێكرد

پێشمەرگە كێوماڵی گوندەكانی شێخ بزێنی دەستپێكرد

كەركوك، كوردستانی نوێ

لەئه‌مڕۆوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان كێوماڵی گوندەكانی لە سنووری ناوچەی شێخ بزێنی لە پارێزگای كەركوك دەستپێكردووە. فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كەركوكیش رایدەگەیەنێت كە لە هەڵمەتەكانیان بەردەوام دەبن و بەبێ جیاوازی تەواوی پێكهاتەكان دەپارێزن.

لەبارەی هەڵمەتەكەوە، لیوا هیوا عەبدوڵڵا فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كەركوك، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا تیرۆریستانی داعش و گروپە چەكدارەكان لە چەند شوێنێك لە ناوچە دابڕێنراوەكان چەند پەلامارێكیان ئەنجامداو ژمارەیەك هاووڵاتیان لە پێكهاتە جیاوازەكان و هێزە ئەمنییەكانیان شەهید و بریندار كرد و بەتایبەتیش ئەو پەلامارەی كرایە سەر ناوچەی شێخ بزێنی و سێ كوردیان شەهیدكرد، كە رووداوێكی زۆر ناخۆشبوو، بۆیە بڕیاردرا كێوماڵی سنوورەكە بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد ئەو پەلامارانەی تیرۆریستان لەو ناوچانە بوو كە سنووری هاوبەشی نێوان هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەن، هەروەها ژمارەیەك پێكهاتە لە سنوورەكەدا نیشتەجێن و بەشێوەیەكی گشتیش هەماهەنگیی باش نییە تاوەكو بتوانرێ رێگریی لە پەلامارەكان بكرێت، ئەوەش وایكردووە تیرۆریستانی داعش و گروپە چەكدارە تێكدەرەكان ناوە ناوە پەلامارەكانیان بە شێوازی جیاواز ئەنجام بدەن، وتیشی: دیارە گروپە تیرۆریستییەكان هەوڵدەدەن ئەو پەلامارانەی ئەنجامی دەدەن، هەرایەكی گەورەی بەدوادا بێت، بۆیە پەلاماری ئەو ناوچانە دەدەن، كە ناوچەیەكی فراوانن و لەو ناوچانەش خەڵكانێك هەن هاوكارییان دەكەن، بۆیە پێویستە ئەو ناوەندی هەماهەنگییەی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، پەلەی لێ بكرێت و پێكبهێنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە هەوڵدەدەن وەكو هێزی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكەن تا ئەو جۆرە رووداو و پەلامارانە دووبارە نەبنەوە، بۆ ئەوەش هەڵمەتێكی كێوماڵكردنیان لە سنوورەكە دەستپێكردووەو بەرنامەشیان هەیە بەوردیی كێوماڵی سنوورەكە بكەن، وتیشی: لەبەرئەوەی ئەو سنوورانە ناوچەی دابڕێنراون، پێویستە هەوڵبدرێت هەماهەنگیی تەواو هەبێت لەنێوان سوپاو هێزەكانی عیراق و هێزی پێشمەرگەدا، بەتایبەت بتوانین ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی بكەین، بەوەش گروپە چەكدارەكان ناتوانن پەلاماری سنوورەكە بدەن.

فەرماندەی ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كەركوك، هەموولایەكی دڵنیاكردەوە «هێزی پێشمەرگە لەسنووری ناوچە جێناكۆكەكان، تا ئەوپەڕی توانا، پارێزەری دانیشتووان و پێكهاتەكان دەبێت» و وتیشی: لەهەڵمەتەكانمان بەردەوام دەبین و بەدواداچوونی بەردەوام دەكەین بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی كردەوە تیرۆریستییەكان.

 70 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*